#یانەی وەرزشی زانکۆی جیهان# ئەم وەرزە بە تیپێکی تۆکمە و جیاواز لە وەرزەکانی ڕابردوو توانی بێتە نێو کێبڕکێیەکانی خولی یانە پلە دووەکانی کوردستان، هەر لە سەرەتای خولەکە کارگێڕیی تیپەکە پاڵپشتی تەواوی تیپەکەیان کرد بۆ ئەوەی بتوانن ئامانجە گەورەکەیان بپێکن بۆ گەیشتن بە خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان، کارگێڕیی یانەکە ئەم وەرزە بە ستافێکی ڕاهێنەری تازە و کارگێڕییەکی جیاواز چوونە نێو کێبڕکییەکانی خولەکە و توانیان شەڕی سەرجەم تیپەکان بکەن و بە شایستەیی بە پلەی یەکەمی کۆمەڵەکەیان سەربکەون و دوای سەرکەوتنیان بە سەر یانەی سەنگەسەریش خۆیان گەیاندە ڕیزی یانە پلە یەکەکانی کوردستان، لەم بارەشەوە ئەندازیار (بورهان سابیر) سکرتێری یانەی وەرزشی زانکۆی جیهان بۆ گۆڤاری گوڵان وتی: ئێمە هەر لە سەرەتای دەستپێکی خولی یانە پلە دووەکانی کوردستان ئامادەکارییەکی زۆر چڕمان ئەنجامدا بۆ ئەوەی بتوانین ئامانجی خۆمان بپێکین و یاری بۆ یاری تیپەکە دەچووە قۆناغێکی باشتر و ئێمەش وەکوو سەرۆکی یانە و سکرتێر و کارگێڕیی تیپەکە بەردەوام لە نزیکەوە چاودێری تیپەکەمان کرد بۆ ئەوەی سەریبخەینەوە بۆ خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان، هەر چەندە گەیشتین بە یاری کۆتایی و لە بەرانبەر #کفری# بە لێدانی سزا دووچاری شکست بووین و باشتریش یاریمان کرد، بەڵام لە یاری کردنمان بەرانبەر سەنگەسەر توانیمان یارییەکە بە سوودی خۆمان بە کۆتایی پێبهێنین وەکوو نوێنەری یانەکانی پارێزگای هەولێر بگەینە ڕیزی یانە پلە یەکەکانی کوردستان، ساڵی داهاتوو دەبینە یەکێک لە تیپە بەهێزەکانی خولی پلە یەکی یانەکانی کوردستان، بەرنامەی تایبەتیشمان هەیە تیپەکانی تریش گرنگی پێ بدەین و بیان بەینە قۆناغێکی باشتر.[1]