ناونیشانی بابەت: ئەوەی دوو جار لە 2002 تێنەگات، ھەر دەبێ بڕووخێت!
ناوی نووسەر: #جەمال عەبدوڵڵا#
ئەم وتارەی ئەمڕۆم بەشی حەوتەمی زنجیرە وتارێکە کە ناونیشانە سەرەکییەکەی لە بەشی یەکەمدا بریتی بوو لە (بەعسی سووریا 33 ساڵە ڕووخاوە، بەڵام دوو ڕۆژە بەفەرمی ڕاگەیەندراوە).
لە بەشی یەکەمەوە ھەتا بەشی پێنجەم، ئەوەندەی بۆ وتاری ڕۆژانەی ڕۆژنامەوانی دەست دەدات، بە ھەندێک نموونەی ساکار باسی ھۆکارە ناوخۆییە سەرەکییەکانی ڕووخاندنی یەکێتیی سۆڤێتی پێشوو و بەعسی سووریام کردووە. لە بەشی شەشەمەوە ھاتوومەتە ناو ھۆکارە دەرەکی و نێودەوڵەتییەکانی ڕووخاندنی بەعسی سووریا و ئەمڕۆ بەم شێوەیە دەست بە بەشی حەوتەم دەکەم:
1 - لە مانگی 9ی ساڵی 2002، ئیدارەی ئەوکاتەی سەرکۆماری پێشووتری ئەمەریکا جۆرج بووشی دووەم، ستراتیژی ئاساییشی نەتەوەیی ئەمەریکای داڕشت. ئەو ستراتیژە گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی بەسەر چەمکی ئاساییشی نەتەوەیی ئەمەریکادا ھێنا، کە ھەتا ئەوکاتە گۆڕانکاریی بەو جۆرە ڕیشەیی و بنەڕەتی بەسەر چەمکی ئاساییشی نەتەوەیی ئەمەریکادا نەھاتبوو. چەند خاڵێکی زۆر گرنگ و سەرنجڕاکێش لەو ستراتیژەدا ھەبوو، من تەنیا ئاماژە بە یەک خاڵیان دەکەم، چونکە بۆ مەبەستی ئەم بەشە لە زنجیرە وتارەکەم گونجاو و پێویستە، ئەویش بریتییە لەوەی، کە لەناو ئەو ستراتیژەدا، ئەمەریکا (ئیستیبداد و تیرۆر)ی بەیەکەوە بەستبووەوە و ئاماژەی ڕاستەوخۆی بەوە کردبوو، کە (لە یەک کاتدا) ئەمەریکا شەڕی دژی ڕژێمە سیاسییە ئیستیبدادییەکان و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان دەکات.
جا ئەمە بە مانای ئەوە بوو، کە ئیتر ئەمەریکا لەو ڕژێمانە قبووڵ ناکات کە لەبەر ترس لە تیرۆر و شەڕی دژی تیرۆر، ئەمەریکا خاتریان بگرێت و ھەتا ئەو کاتەی شەڕی دژی تیرۆر تەواو دەبێت چی دەکەن با بیکەن! بەڵکوو لەو کاتەی ئەمەریکا شەڕی دژی تیرۆر دەکات، لە ھەمان کاتدا شەڕی دژی ڕژێمە ئیستیبدادییەکانیش دەکات، چونکە بە گوێرەی ئەو ستراتیژە نوێیەی ئەمەریکا، کە بۆ ئاساییشی نەتەوەیی خۆی دایڕشتبوو، ئەوە ڕژێمە ئیستیبدادییەکانن کە بەھۆی دیکتاتۆریی خۆیان و نەبوونی ئازادی و دادپەروەری و ئنجا گەندەڵی، بارودۆخێکیان لەناو وڵاتانی خۆیان خوڵقاندووە، کە بووەتە ھۆی ڕەخساندنی زەمینەی دروستبوونی تیرۆریست و توندڕەوی، بۆیە ڕژێمە ئیستیبداییەکان بەقەدەر ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان تاوانبارن.
ئا لێرەدا ئیتر دەبوایە ھەموو ڕژێمە سیاسییە ئیستیبدادییەکان، بەتایبەتی ئیستیبدادەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، وەک بەعسی سووریا و ئەوانەیشی کە وەک بەعسی سووریا بوون، زۆر باش ئەو خاڵەی ناو ستراتیژی ئاساییشی نەتەوەیی ئەمەریکایان شی بکردایەتەوە و بەوردی لێی تێبگەیشتنایە، کە ئیتر ئیستیبداد سەرەولێژ دەکرێتەوە، تەنانەت ئەگەر بە بەکارھێنانی ھێزی سەربازییش بێت، بەڵام بەعسی سووریا لەمە تێنەگەیشت و فەرموو ئەوەتا لە یەک کاتدا بەعسی سووریایان ڕووخاند و لێدان لە داعش و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانیش بەردەوامە، واتە شەڕی دژی ئیستیبداد و تیرۆر لە یەک کاتدا.
2 - ھەر لە ساڵی 2002 و لە مانگی حوزەیرانی ئەو ساڵەدا، دیسان جۆرج بووشی دووەم لە گوتارێکیدا، کە تایبەت بوو بە کۆتایی پێھێنانی ململانێی نێوان فەلەستین و ئیسرائیل گوتی: ”دامەزراندنی دەوڵەتێک بۆ فەلەستینییەکان بەستراوەتەوە بە وەستاندنی کاری تیرۆریستییانە لەلایەن فەلەستینییەکانەوە، ئنجا گۆڕینی سەرکردایەتی و گۆڕینی بنەڕەتی لە سیستمی سیاسی و ئیداریی فەلەستین.“ ئەویش لە ڕێگەی بنیاتنانی دامەزراوەکانی حوکم بە ھەڵبژاردن، دانانی دەستوورێکی نوێ، بوونی دەسەڵاتی دادوەریی سەربەخۆ، نەھێشتنی گەندەڵی.
فەرموون لێرەشدا سەرنج بدەن، ئەمەریکا دامەزراندنی دەوڵەتێکی بۆ فەلەستینییەکان بەستووەتەوە بە چی؟ بە وەستاندنی تیرۆر و ئنجاش گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە سیستمی سیاسی و ئیداریی فەلەستین. واتە دیسان شەڕی دژی ئیستیبداد و تیرۆر بەیەکەوە و لە یەک کاتدا! جا ھەرچەندە ئەم وتارەی جۆرج بووشی دووەم، ڕاستەوخۆ ئاراستەی فەلەستینییەکان کرا، بەڵام وەک دەڵێن (بووکێ لەگەڵ تۆمە و خەسوو گوێت لێ بێت!) ئەمە بۆ ھەموو ڕژێمە سیاسییە ئیستیبدادییەکانی ناوچەکە بوو، بە ئیستیبدادی بەعسی سووریاشەوە.
بەڵام نە بەعسی سووریا و نە ڕێکخراوە فەلەستینییەکان لە مانا و ناواخنی وردی سیاسیی ئەم گوتارەی جۆرج بووشی دووەم تێنەگەیشتن و وایان دەزانی گوتارەکانی سەرۆک و بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا، فشە گوتارەکانی خۆیانن! دە فەرموون سەیری ڕێکخراوەکانی فەلەستین و ڕژێمە ئیستیبدادییەکەی بەعسی سووریا بکەن و بزانن لە یەک کاتدا و ھەموویان پێکەوە چییان لێ ھات!
کەواتە:
ئەوەی دوو جار لە ساڵی 2002 تێنەگات، ھەر دەبێت وەک بەعسی سووریا و ڕێکخراوە تیرۆریستییە فەلەستینییەکان و سپۆنسەرەکانیشیان لە ناوچەکەدا بڕووخێن! ھەر بۆ بیرخستنەوەش، جورج بووش لە حزبی کۆمارییەکان بوو، ترەمپیش کۆمارییە! [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=