ناونیشانی بابەت: بۆ کاک مەزڵووم.. سبحان مغير الاحوال!
ناوی نووسەر:
جەمال عەبدوڵڵاجەمال عەبدوڵڵا
لە گەرمەی نووسینی زنجیرە وتارێکدا بووم لەسەر ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسی سووریا، بەڵام (فەرھاد عەبدی شاھین) ناسراو بە
مەزڵووم عەبدیمەزڵووم عەبدی، کە لای خۆیان پێی دەڵێن فەرماندەی ھێزەکانی سووریای دیموکرات (
هەسەدەهەسەدە)، پەیامێکی بڵاو کردەوە، بۆیە منیش زنجیرە وتارەکەم بە شێوەیەکی کاتی ڕاگرت، بۆ ئەوەی بیروڕایەکی خۆم لەسەر ئەم پەیامەی مەزڵووم عەبدی دەربڕم، ئەگینا دواتر دێمەوە و درێژە بە زنجیرە وتارەکەم دەدەمەوە.
پوختەی پەیامەکەی ئەم کاک مەزڵوومە ئەوەیە، داوای یەکڕیزیی نیشتمانی لە لایەنە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکات و دەشڵێت: ”با لایەنە کوردییەکان بەپیر داوای خەڵکەوە بچن و واز لە بەرژەوەندییە حزبیەکان بێنن!“
ئێ، ئێ بەڕێز مەزڵووم... بەڵام:
جارێ بەر لە ھەر شتێک، وەک ناوەڕۆک ھیچ کێشەیەکم لەگەڵ ناوەڕۆکی پەیامەکەت نیە، ئەو وشانە خۆت نووسیبێتت، یان بۆت نووسرابن، وەک وشە و دەستەواژە و بەگشتی باشن و خراپ نین، بەڵام:
1 - تۆ، کە ئێستا بەئاشکرا لە پەیامەکەتدا باسی کورد و لایەنە کوردییەکان دەکەیت، بۆچی بەر لە ڕووخاندنی ڕژێمەکەی بەعسی سووریا نە خۆت و نە خۆسەرەکەتان و نە ساڵح موسلیم و نە ئاڵدار خەلیل و نە ئیلھام ئەحمەد، وشەی کورد و کوردستانتان بەسەر دەمدا نەدەھات؟
2 - بۆچی بەر لە ڕووخاندنی ڕژێمەکەی بەعسی سووریا، ئەوەی لە ڕۆژئاوای کوردستان ئاڵای کوردستانی لە بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانییەکاندا ھەڵبکردایە و بەرز ڕایبگرتایە، ھەر وەک ھێزە دەمامکدارەکانی بەعسی ڕووخاو لە سووریا، تێیان بەردەبوون و ئاڵای کوردستانیان دەدڕاند و دەسووتاند؟ تەنانەت ئەم بێحورمەتیکردنە بە ئاڵای کوردستان لای ئەو خۆسەر و جوانێن شۆڕشگەڕێ!ی لای خۆتان پەڕێنرابووەوە بۆ ھەرێمی کوردستان و ھەروەک (تەڤگەرا جوانێن شۆڕشگەرێ سووریێ)-ی لای خۆتان لە ھەرێمی کوردستانیش ھەندێک جەوانی خوێنگەرم و تەنانەت پەرلەمانتاری خۆفرۆشیش فێری بێحورمەتیکردن بە ئاڵای کوردستان کرابوون و دەیانگوت جا ئاڵای کوردستان چیە؟ پارچە پەڕۆیەکە!
3 - بۆچی بەر لە ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسی ڕووخاو لە سووریا، ھەر ھێز و کەسێکی کورد و کوردستانیی نەیارتان بوونایە و ڕەخنەیان لە سیاسەتەکانی ئیدارەی خۆسەرەکانی سەر بە پەکەکە سپۆنسەرەکانی ھەبوایە، ھەر وەک پیاوکوژەکانی بەعسی ڕووخاو شتێک ھەبوو بە ناوی (تەڤگەرا جوانێن شۆڕشگەرێ سووریێ) واتە (حرکة الشبيبة الثورية السورية) پەلاماریان دەدان و بێجگە لە مۆلۆتۆف و نارنجۆک ھەڵدان بۆ ناو بارەگاکانیان، ئنجا دواتر ئەندامەکانیان زیندانی دەکران و ھەروەک جەلادەکانی ناو زیندانی سێدنایا، ئەشکەنجەی دڕندانەیان دەدرا؟
4 - کاک فەرھادی عەبدی شاھین، باشە پێم بڵێ بەر لە ڕووخاندنی
ڕژێمی بەعسڕژێمی بەعسی سووریا، چ ئاھەنگێکی نەورۆزی ڕۆژئاوای کوردستان ھەبووە، کە ئەگەر تیایدا ئاڵای کوردستان بەرز کرابێتەوە و ھەندێک دروشمی کوردانە و نەتەوەییانەی تیا گوترابێتەوە، ئەو خۆسەر و جوانێن شۆڕشگەرێ سووریێ-ی لای خۆتان، بەعسئاسا پەلاماریان نەدابن و ئاھەنگی نەورۆزیان لێ تێک نەدابن و لەجیاتی ئاڵای کوردستان، ئاڵای پەکەکەی تیا بەرز نەکرابێتەوە؟ کاک مەزڵووم ئایا تۆ دەزانیت، کە ئاڵای کوردستانت داگرت و ئاڵای یەک حزبت خستە شوێن ئاڵای کوردستان، ھەر خۆی ئەمە بە مانای ئەوەیە ھەموو کوردستان دەکەیت بە قوربانیی پەکەکە؟ کەچی ئێستاش لە پەیامەکەتدا بۆ لایەنە کوردستانیەکان دەڵێیت: ”با لایەنە کوردییەکان بەپیر داوای خەڵکەوە بچن و واز لە بەرژەوەندییە حزبیەکان بێنن!“ (سبحان مغير الاحوال!)
5 - ئێستا و لەناو وتارێکی ڕۆژنامەوانییدا جێگەی خستنەڕووی ھەموو وردەکارییەک نابێتەوە، بەڵام کاک مەزڵووم تۆ کە ئێستا باسی یەکڕیزیی نیشتمانیی نێوان لایەنە کوردی و کوردستانییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەکەیت، با بیرت بخەمەوە، خۆ ڕێککەوتننامەی
دھۆکدھۆک لە 23ی 10ی
2014 لەنێوان حزبە کوردستانییەکانی ناو ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا (ئەنەکەسە) و تەڤدەمەکەی لای خۆتان، بە ھەوڵی بێوچان و ماندووبوونی سەرۆک بارزانی کە ئەوکاتە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بوو و سەرکردایەتیی شەڕی دژی
داعشداعشیشی دەکرد، ئیمزا کرا و بە گوێرەی ئەو ڕێککەوتننامەیەی دھۆک، دەبوایە ھەموو لایەنەکان بە ھاوبەشی ئیدارەی ڕۆژئاوای کوردستانیان بدایە و ئنجاش ڕێگە بە ھێزەکانی دیکەی ڕۆژئاوای کوردستان بدرایە، بۆ ئەوەی لەسەر خاکی خۆیان بەرگری لە ھەر ھەڕەشە و مەترسییەک بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان بکەن، بەڵام تەڤدەمەکەی لای ئێوە، لەبەر مەیلی دیکتاتۆری و تاکڕەوانەی خۆی، ئەو ڕێککەوتننامەیەی زیندەبەچاڵ کرد!
بە ھەرحاڵ، ئێستاش ھەر باشە و نەچووە بچێ، وەک خۆت دەڵێیت با ھەموو لایەنە کوردییەکان بەیەکەوە بن، بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی کوردی ڕۆژئاوای کوردستان لەناو سووریایەکی دیموکراسیدا، بەڵام بە مەرجێک، زۆر بە ئاشکرا و ڕاشکاوانە و لە پەیامێکی دیکەی فەرمیی خۆتدا بۆ ڕای گشتیی ناو سووریا و ناوچەکە و نێودەوڵەتیی ڕابگەیەنە، کە دوورونزیک ھیچ جۆرە پەیوەندییەکتان لەگەڵ پەکەکە نامێنێت، چونکە بەڕاستی بارودۆخەکە گۆڕاوە و دەبێت لەنێوان خورما و مێوژ یەکێکیان ھەڵبژێریت و زەمانی (سیاسەتی خورمژ) بەسەر چووە!
[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!