ناونیشانی بابەت: کۆمیونیکەیشن
نووسینی: #ئارس سەعید#
$“پێشەکی”$
کۆمیونیکەیشن لە دوو گۆشەنیگادا مانا دەکرێت: لە نیگای یەکەمیدا، بەمانای پەیوەندیکردن دێت. لەنیگای دووەمیدا بەمانای ڕاگەیاندن دێت. ئەم دیاردەیە دەکرێت وەک هەر دیاردەیەکی تری نێو مێژووی کۆمەڵگەی مرۆیی ببرێتەوە بۆ مێژوویەکی دوور. دەرکەوتنی ئەم دیاردەیە هاوکاتە لەگەڵ پەیدابوونی ژیان لەسەر ڕووی زەوی. ئەم دیاردەیە تەنیا دیاردەیەکی مرۆیی نییە، بەڵکوو کۆی بوونەوەرانی گرتووەتەوە. بۆ نموونە: ئاژەڵەکان دەقیژنن و دەلورێنن، باڵندەکان دەجریوێنن، ڕووەکەکان سیس دەبن. هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ گەیاندنی ناوەرۆکی شتێک. لە ڕێگەی دەنگ و جووڵە و خۆنمایشکردنەوە. وەلێ وەک دیاردەیەی مرۆیی هاوکاتە لەگەڵ پەیدابووۆی ژیانی بەکۆمەڵ. مرۆڤی سەرەتایی بۆ ئاویتەبوونی ژیان و دابینکردنی پێویستییەکانی پەنایی بردە بەر درووستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئەوانی تر. دەکرێت بڵێن، کۆموینیکەیشن وەک هەر دیاردەیەکی نێو مێژووی مرۆڤ، دەگەڕێتەوە بۆ کۆنترین پنتی کۆمەڵگەی سەرەتایی. چۆن گەشەکردنی کۆمەڵگەی مرۆیی هاوکاتە لەگەڵ گەشەکردنی تەکنیکەکانی بەرهەمهێنان، گەشەکردنی کۆمیونیکەیشن هاوکاتە لەگەڵ گەشەکردنی میدۆمەکان. ئەم تێکستە بەردەستان چەمکی کۆمیونیکەیشن و مێژووی پەیدابوون و قۆناغەکانی گەشەکردنی میدۆمەکان شرۆڤە دەکات.
$“چەمک و پێناسە”$
وشەی “communication” وشەیەکی ئینگلیزییە و سەرچاوەی ئەم وشەیە، لەوشەی”common” یان (Communness)زمانی ئینگلیزی کلاسیکەوە وەرگیراوە. بە مانای (پەیوەندیکردن یان هاوبەشکردن) بەکاردێت. لە فەرهەنگی یۆبستردا communication بەم شێوەیە شرۆڤەکراوە:- کرداری پەیوەندی درووستکردنە یان دەکرێت چەند دەستەواژەیەکی جیاوازی بۆ بەکاربهێنین وەک: گەیاندن یان بڵاوکردنەوە یان گواستنەوە.
کۆمیونیکەیشن لە نیگای یەکەمدا بەمانای پڕۆسەی گەیاندنی پەیام دێت. بەمانەیەکی تر؛ کردەی ئاڵوێرکردنی پەیامە لەنێوان جەمسەرەکانی گەیاندندا، دەکرێت وەک هەردیاردەیەکی دی، ڕیشەکەی ببرێتەوە بۆ مێژوویەکی دوورتر. زانستی ئارکۆلۆژیا و ئەنترۆپۆلۆژیا کۆمەکمان دەکات ڕیشەی کۆمیونیکەیشن لەسەردەمانێکی تری نێو مێژووی مرۆڤ دا بدۆزینەوە.
تەمەنی مرۆڤ پتر لە حەفتا هەزار ساڵە، زانایانی بواری بایەلۆژی و ئەنترۆپۆلۆژی پیان وایە، ئەم تایپە لە مرۆڤ، سەرەتا جۆرە گیانلەبەرێکی چکۆلەبووە لە شێوەی مشک، بە “پڕۆکۆنسۆڵ _ proconsul” ناسراوە و لە چاخی دەینەسوورەکاندا ژیاوە. دواتر ئەم گیانلەبەرە بەهۆی پڕۆسەی پەرسەندنەوە لەگەڵ گیانەوەرانی وەکوو شامپازی و گۆریلا لەیەک بنچەی تایبەت گەشەیاندکردووە، زاناکان ناویان لێناوە “dry opiyhecus”. ئەم گیانلەبەرە لە سەگێکی ئاسایی گەورەتر نەبوو، وەلێ دەست و پێ و لاقی هەبوو. ئەم شێوەیەش هاوشێوەبوو لەگەڵ خێزانی مەیمونەکان کە ئێستا دەیان ناسین. لە کۆتاییدا یەکێک لە بنچەکانی مرۆڤ پەیدابوو کە زاناکان ناویان لێنا”homohabilis” ئەو گیانلەبەرەی خۆی دادەپۆشێت. لێرە بەدواوە ئیدی مرۆڤ توانیتی ژێری خۆی بەکاربهێنی و لەبەروبوومی درەختەکان کەڵک وەربگرێت بۆ تێرکردنی غەریزە فیسۆلۆجیەکانی. دواتر مرۆڤی “نیاردەرتاڵ” پەیدابوو ئاگری دۆزییەوە و کەڵکی لە ئەشکەوتەکان وەرگرت بۆ مانەوەو پارێزگاریکردن لە خۆی.
پەرەسەندن مرۆڤی گەیاندە ئەو قۆناغەی ئیدی کەڵک لە ژیری خۆی وەربگرێت. مرۆڤ بۆ ئەوەی بە پارێزراوی بمێنێتەوە کەڵکی لە هاوبەش پێکردنی ژیان و پەیوەندیکردن لەگەڵ ئەوی تر وەرگرت، لێرەوە ژیانی بە کۆمەڵ و گرووپ بوو بە سرووشتی کۆمەڵگەی مرۆیی. هەر بۆیە زۆربەی فەیلەسووفان گوتویانە: (مرۆڤ کائینێکی کۆمەڵاییەتییە). مرۆڤ بۆ ئەوەی ژیانی لەگەڵ هاوجۆرەکانی خۆیدا هاوبەش بکات پێویستی بە میدۆمێک یان ئامڕازێک بوو تا ناوەرۆکی هزر و بیرکردنەوەی خۆی بۆ ئەوانی تر بگوازێتەوە، بەمەش دەگوترێت: پڕۆسەی گەیاندن. پەرەسەندنی مرۆڤ بەپێی ئەو قۆناغە مێژووییەی بەسەر هۆیەکانی بەرهەمهێناندا هاتووە، هۆکارێک بوو بۆ سەرهەڵدانی کاری بەکۆمەڵ و هەرەوەزی، بۆیە ئاسان نەبوو مرۆڤ بەبێ بوونی ئامڕازی کۆمیونیکەیشن بوونیادی پەیکەربەندی سیستەمی کۆمەڵایەتی دابڕێژیتەوە. لە ڕوانگەی زانستی کۆمەڵناسییەوە کۆمیونیکەیشن ئامڕازی درووستبوونی ژیانی کۆمەڵەکی و ڕێکخستنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانە. بە دەربڕینێکی دیکە، کۆمیونیکەیشن بەشە ڕێکخستەیەکی نێو ڕکێخستنێکی گرووپێکی کۆمەڵایەتییە لە پێناو ڕاپەڕاندنی ئەرکێک دا پەیدا بووە، کە بریتییە لە گواستنەوەی پەیام لەنێوان جەمسەرەکانی گەیاندندا، لە نێرەرەوە بۆ وەرگر.
کۆمیونیکەیشن وەکوو تێمایەکی نێو فەرهەنگی زانستەمرۆڤایەتییەکان پتر لە پێناسەیەک چەندین پێناسەی بۆ کراوە. (چارلز مۆریس) دەڵێت: (زارەوەی کۆمیونیکەیشن کاتێک بە شێوەیەکی فراوان و بەربڵاو بەکاردەهێنین، ئەو کاتەیە بەشداریکردنی ژمارەیەک کەس لە کارێکی دیاریکراو لەخۆدەگرێت)[3]. واتا: پڕۆسێسکە ژمارەیەکی بەرفراوانی خەڵک لەنێو یەکەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا بەشداری دەکات، بەڕۆڵێکی دیاریکراو. هەروەها (ولبر شرام) بەم شێوازە کۆمیونیکەیشن پێناسە دەکات: (ئەو ئامڕازەیە کە لەیەک تێگەشتن لەنێوان کۆمەڵگەکاندا مسۆگەر دەکات، ئەمەش بە سرووشتی خۆی کۆمەڵگەکانی مرۆڤایەتی خۆی لە کۆمەڵگەکانی تر، جیا دەکاتەوە). دەتوانین ئەم پێناسەیە بەمجۆرە شرۆڤەبکەین؛ کۆمیونیکەیشن میدیۆمێکە ناوەرۆکی هزر و بیرکردنەوەی تاک دەگوێزێتەوە بۆ ئەوی تر، ئەمەش دەبێتە هۆی لێکتێگەیشتن لەنێوان تاکەکانی کۆمەڵەگەدا.
(کاڕڵ هۆفڵاند) بەم شێوازە کۆمیونیکەیشن پێناسە دەکات: (پڕۆسەیەکە کە تێدا تاک “نێرەر” ئاگادارکردنەوەیەک (هێمایەکی زمانەوانی یان جووڵە یان ئاماژەیەک) دەنێرێت-ڕەوان دەکات تا ڕەفتاری تاکەکان هەمواربکات). لەم پێناسەوە ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە، کۆمیونیکەیشن پڕۆسێسێکە کە تاک_نێرەر زانیارییەک لە ڕێگەی میدۆمێکەوە دەگوێزێتەوە بۆ وەرگر، بە پێچەوانەشەوە.
$“میدیۆم وەکوو ڕەگەزی سەرەکی کۆمیونیکەیشن”$
ڕەگەزەکانی کۆمیونیکەیشن بەو ڕەگەزانە دەگوترێت لە کردەی کۆمیونیکەیشن بەشدار دەبن. وەک نێرەر، پەیام، میدیۆم، وەرگر. مارشاڵ مەک لۆهان 1911_ 1980 بیرمەند و تیۆریستی بواری ماس کۆمیونیکەیشن پێ وایە جیهانی مرۆڤ بەهۆی گەشەکردنی میدیۆمەکانی کۆمیونیکەیشنەوە گەشەی کردووە. میدۆم بەمانای ئامڕاز یان پەیام دێت. بەدەربڕینێکی تر، بەمانای هەموو ئەو کەناڵانە دێت، کە لە مێژووی ژیانی مرۆڤدا شتەکانیان گەیاندووە بە یەکتر. میدیۆم گرنترین ڕەگەزی کۆمیونیکەیشنە و بەبێ بوونی میدیۆم پڕۆسەی گەیاندن هیچ مانایەکی نییە. لە کۆمەڵگە بەراییەکانی مێژووی ژیانی بە کۆمەڵدا، کەرەستەکانی بەرهەمهێنان سەرەتایی بوون، گەشەکردنی میدیۆمەکان هاوکاتە لەگەڵ گەشەکردنی هۆیەکانی بەرهەمهێنان. کۆمەڵگەی سەرەتایی لە کاتی هەر مەترسییەک بۆ سەر هۆزەکەیان لە ڕێگەی ئاگرکردنەوە و دووکەڵەوە پەیامەکانیان بۆ یەکتری گواستووەتەوە. مرۆڤی سەرەتایی پێش ئەوەی فێری زمان بێت، بەنێو دارستانەکاندا قێژاندوویەتی و بە هاوارکردن پەیامەکانیان بۆ یەکتری گواستووەتەوە. مرۆڤ پتر لە هەزاران ساڵی پێویستبوو، تا فێربوو زمان بەکارهێنێت بۆ گواستنەوەی ناوەرۆکی هزر و بیروبۆچوونەکانی. مەک لۆهان قۆناغە مێژووییەکانی کۆمیونیکەیشن پەیوەست دەکات بە گەشەکردنی میدۆمەکانەوە، ڕای وایە گەشەکردنی کۆمەڵگەی مرۆیی پەیوەستە بەگەشەکردنی میدیۆمەوە.
$“قۆناغە مێژووییەکانی کۆمیونیکەیشن”$
مارشاڵ مەک لۆهان (کۆمیونیکەیشن) لە سێ قۆناغی مێژوویدا دیاریدەکات. هەر قۆناغێکیش پەیوەست دەکات بە میدیۆمێکەوە و گەشەکردنی هەر قۆناغێکیش بە پەیوەستە بە پەیدابوونی میدۆمێکەوە. بەپێی مەک لۆهان قۆناغەکانی مێژووی کۆمیونیکەیشن بریتییەلە ( قۆناغی زارەکی و قۆناغی چاپەکی و قۆناغی مایکرۆیی).
قۆناغی زارەکی:- ئەم قۆناغه لە سەرەتایی ژیانی بەکۆمەڵەوە دەستی پێ کردووە و تا دۆزینەوەی نووسین بەردەوام بووە. لەم قۆناغەدا گوفتار ئامڕازی سەرەکی کۆمیونیکەیشن بوو. زمان ئەو داهێنانەبوو کە مرۆڤ توانیتی لە ڕێگەیەوە خۆی بناسێت و ناوەرۆکی هزر و بیرکردنەوەی بگوازێتەوە بۆ ئەوی تر. لەم قۆناغەشدا پڕۆسەی کۆمیونیکەیشن بریتییە لە هاوارکردن، هەستی سەرەکی بریتی بووە لە (بیستن) واتا: پڕۆسەکە ڕاستەوخۆ لە دەمەوە بۆ گوێچکە بووە. ئەمەش بووە بە هۆکاری سەرەکی درووستبوونی کۆمیونیکەیشن. لەم قۆناغەدا زمان ئەو میدۆمە بووە لە ئاستە سەرەتایی و خۆڕسکەکەیدا میدۆم و کەناڵی درووستکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بووە. (دو سۆسێر) لە لێکۆڵینەوە زمانەوانییەکانیدا جیاوازییەکی خستووەتە نێوان دوو پێکهاتەی لێکچووەوە، کە لەلای زمانەوانەکان وەکوو یەکدین. ئەو دووپێکهاتەیەش بریتییە: لە زوان _ language) و ( ئاخاوتن _ parlole) ئەویش لەسەر بنەمای ئەوەی زوان لە بنچینەدا سیستمێکی کۆمەڵایەتییە، کەچی ئاخاوتن چالاکییەکی تاکەکەسییە، لە بواری سیستمی کۆمەڵایەتیدا پڕۆسەی گەیاندن ئەنجام دەدات.
بەپێی گەشەکردنی پەیڕەوی ئاخاوتنی مرۆڤ ئەندامەکانی ئاخاوتن و گەشەکردنی بەکارهێنانی زمان لە سیمبۆلی جووڵەیی و ئاماژەیییەکانەوە بۆ دەنگەکان و چۆنێتیی لێکدان و ڕیزکردنیان لە ئاستی دەنگسازی، وشەسازی و ڕستەسازیدا، کە ئەندامانی کۆمەڵەیەکی زمانی لەسەر هەموویان ڕێک کەوتوون. ڕێزمان و کۆی وشەکان، وەک هۆکاری زمانی، لە ڕوانگەی (نوام چۆمسکی)یەوە دەبێتە هۆی بەدیهاتنی میدیۆمی زمانیی بۆ گەیاندن _پەیوەندیکردن.
نۆبڵ و دەیڤیدسن (1996: 214) لەسەر ئەو بڕوایەن کە زمان بەرهەمی دۆزینەوە ڕەفتارییەکانە، نەک ڕووداوە بایۆلۆژییەکان. واتە زمان بەر لەوەی بەرهەمی ڕووداوە بایۆلۆژییەکان بێت، ئەنجامی دەرکەوتە ڕەفتارییەکانە. گۆڕانی بایۆلۆژی (گەشەکردنی ئەندامەکانی ئاخاوتن) زەمینەی بۆ پێکهاتنی ئەو ڕەفتارە زمانییەی کە ئەمڕۆ هەیە، بەدیهێنا: بەکارهێنانی کەناڵەکانی وتن-بیستن لەگەڵ کاتی درێژخایەن لە قۆناغی ساوایەتیدا لە دەوروبەرێکی کۆمەڵایەتیدا. بۆ ڕوونکردنەوەی بیردۆزییانەی بەدیهاتنی تاکی (ontogenesis) و بەدیهاتنی جۆری (phylogenesis)ی زمان و بیر، لە ڕووی دەروونییەوە پشت بە ڕێبازەکەی “ڤیگۆتسکی (1896-1934)”، دەروونناسیی کولتووری–مێژوویی، دەبەستین. لە ڕوانگەی “ڤیگۆتسکی”یەوە، چالاکیی هۆشەکی و ئاخاوتن، ڕیشەی بەدیهاتنی جیاوازیان هەیە و لە ڕەوتی جیاوازیشدا گەشە دەکەن و دەگۆڕێن. مرۆڤی ژیرمەند، لە پڕۆسەی پەیوەندیکردنی دوولایەنە و بزێوی نێوان چالاکییە هۆشەکی و زمانییەکاندا پێک دێت. لە بەدیهاتنی تاکییانەدا، دەکرێت قۆناغێکی پێش ئەقڵانی (preintellectual) لە گەشەکردنی ئاخاوتندا و، لە گەشەکردنی بیریشدا قۆناغێکی پێشزمانی (prelinguistic) دەستنیشان بکرێت. لە قۆناغێکی دیاریکراودا، ئەم دوو ڕەوتەی بەدیهاتن تێکەڵ دەبن و لە ئەنجامی ئەوەدا، بیر دەبێتە زمانی و، ئاخاوتنیش دەبێتە ئەقڵانی. لەڕوانگەی زانستی کۆمەڵناسییەوە زمان کردەی سەرەکی دەربڕینی ناوەرۆکی فیکر و بیرکردنەوەی تاکە بەواتایەکی تر: زمان ئامراز و کەناڵێکە بۆ گواستنەوەی هزری تاک.
زمانی نووسین:- لەم قۆناغەدا مرۆڤی سەرەتایی هەست و کاردانەوەکانی لە بەرانبەر دەوروبەر، بە وێنە دەربڕیوە کە گەلێک لێتۆژینەوەی ئەنترۆپۆلۆژی و ئارگۆمێنتی ئارکۆلۆژیی سەلماندوویانە کە مێژووی گەشکردنی زوانی سیمبۆلی و هێڵی نووسین لە چەند ھەزار ساڵێک تێناپەڕێ، ئەمەش لە چاو ھونەری نیگارکێشان ماوەیەکی زۆر نییە. تەنانەت پاش جێگیر بوون و دۆزینەوەی کشتوکاڵ لە چاخی بەردینی نوێدا (نیۆلۆسیک) و پاشان سەرھەڵدانی شارستانییەتی سۆمەرییەکان و ھەموو ئەو لایەنانەی لە دەوڵەتە شاردا دەرکەوتن لە ڕووی زمان و هێڵی پێنووسین (هێڵی بزاماری) کە تا دەورو زەمەنی دۆزینەوەی چاپخانە، بەردەوام بوو.
بەبێ سەرچاوە ئارکۆلۆژییەکان سۆمەرییەکان یەکەمین کۆمەڵگە بوون، کە نووسینیان داهێناوە. نزیکەی سێ هەزار و شەسەد ساڵی بەر لەزاین توانیویانە لەسەر تاتە قۆڕەکان بنووسن. بێگومان پڕۆسێسی نووسین بە چەندین قۆناغدا تێپەڕیوە. هەر لە نیگارکێشانەوە تا فۆنەتیک و نووسین لەسەر بنەمای دەربڕین. هەروەها هێڵکاری و نیگاری ئاژەڵان و ڕاوکردن نموونەی ئەم جۆرانەن. پاشان پیتەکانی نووسین خراونەتە سەر ئێسک و تەختەدار. سەردەمانێک کۆتری نامەبەر بەکارهێنراوە بۆ گەیاندنی پەیامەکان. فینیقی و میسری و چینییەکانیش بەشداربوون لە داهێنانی شێواز و تەکنیکی نوێی نووسین تا ڕۆژگاری پەیدابوونی یەکەم کارگەی درووستکردنی کاغەز لە سەمەرقەند. دەکرێت بڵێن: لەم قۆناغەدا زمانی نووسین میدۆم بووە لەنێوان جەمسەرەکانی کۆمیونیکەیشندا. بەدەربڕینە لۆهانییەکەی نووسین میدۆمە و خۆشی دەبێتەوە بە میدیۆمی زمان.
قۆناغی چاپەکی:- بەپێ دابەشکردنەی مەک لۆهان دۆزینەوەی چاپ قۆناغی دووەمی کۆمیونیکەیشنە. ئەم قۆناغە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی 1450 کە یۆحەنا گۆتەنبەرگ چاپخانەی داهێنا. ئەمەش بەسەرەتایەک دادەنرێت بۆ پەیدابوونی ژۆرنالیزم. ساڵانی 1600 یەکەمین ڕۆژنامەی کاغەزی چاپکرا. داهێنانی چاپ بە وەرچەرخانێکی گرنگ دادەنرێت لە پڕۆسێسی گەیاندنی جەماوەریدا، ئیدی بەرهەمە ڕۆشنبیرییەکان، ئەدەبییەکان، سیاسییەکان، زانیارییەکان لە ڕێگەی (ڕۆژنامە و گۆڤار و پەرتووک و بڵاوکراوەکان) چاپکران. ئەمەش بەگەشەکردن و درێژبوونەوەی میدیۆم دادەنرێت، لەم پەڕی زەوییەوە بۆ ئەوپەڕی زەوی. بەدەربڕێنیکی تر، میدیۆم لەمپەڕی زەوییەوە جەمسەرەکانی گەیاندن بەیەکتری دەگەیەنێت.
قۆناغی مایکرۆیی:- بەپی لۆهان ئەم قۆناغە لەگەڵ دۆزینەوەی داهێنانی ڕادیۆ دا دەست پێ دەکات ئەویش. بریتییە لە دابەشکردنی ناوەرۆکی دەنگ ئەلکترۆمەگناتیسی (شەپۆلی ڕادیۆ)، لە مۆدێلێکی یەک بۆ-زۆر. پەخش کردن بە ڕادیۆی ئەی ئێم دەستی پێ کرد، کە لە دەوروبەری ساڵی 1920دا بە بڵاوبوونەوەی فڕینتەری ڕادیۆی بۆری بۆشایی و وەرگرەکان هاتە بەکارهێنان. پێش ئەمە، هەموو شێوەکانی پەیوەندی ئەلکترۆنی (ڕادیۆ، تەلەفۆن، تەلەگرافی سەرەتایی) یەک بۆ یەک بوون، لەگەڵ ئەو پەیامەی کە بۆ تاکە وەرگرێک دانرابوو. زاراوەی پەخشکردن لە بەکارهێنانییەوە گەشەیکرد. پاشان داهێنانی tv و پڕۆگرامەکانی تەلەگراف و کۆمەڵێک سیمبۆل و هێمای ئەلیکترۆنی دەبینێتەوە، بەشێوەیەکی فیزیکی لە ڕێگەی تۆڕەکانی ئینتەرنێت لە خاڵێکەوە بۆ خاڵێکی دیکە، یان لە خاڵێکەوە بۆ کۆمەڵێک خاڵی جیاواز. لۆهان پێی وایە: ئەم جۆرە لە کۆمیونیکەیشن توانیویەتی جیهان بکاتە گوندێکی بچوک. هەروەها تەکنەلۆژیای پەیوەندییەکان و کۆمیونیکەیشنی دیجیتاڵی توانیویەتی کۆمەڵگەی تیۆری درووستبکات، کە گواستنەوەی پەیوەندییەکان تێدا ئاسانە. میدیای دیجیتاڵی هەموو میدیۆمەکان دەگرێتەوە وەک ( کەناڵی ئاسمانی، سۆشیاڵ میدیا، ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی، تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان). بەبڕوای مەک لۆهان میدۆمەکان دەبنەوە میدیۆم و کۆمەڵگەی میدیای پێکدەهێنن.
$“ئەنجام”$
1. کۆمیونیکەیشن وەک هەر دیاردەیەکی تری نێو مێژووی مرۆڤ، دەگەڕێتەوە بۆ کۆتنرین پنتی کۆمەڵگەی مرۆیی. بە بەشە ڕێکخستەیەکی نێو ڕێکخستێنکی کۆمەڵایەتی دادەنرێت، لە پێناو زەرورییەتێکی کۆمەڵایەتی بەدیهاتووە، کە بەمانایی کردەی ئاڵوێرکردنی پەیام دێت، لە ڕێگەی میدۆمێکەوە، لەنێوان جەمسەرەکانی گەیاندندا.
2. بەپێ (مەک لۆهان) قۆناغەکانی گەشەکردنی کۆمیونیکەیشن، پەیوەستە بە گەشەکردنی میدۆمەوە. ئەو پێی وایە، جیهانی کۆمیونیکەیشن بریتییە لە گەشەکردن و کشانی میدۆمەکان. بەمجۆرەش قۆناغەکانی کۆمیونیکەیشن دابەش دەکات بەسەر سێ قۆناغدا. ئەم قۆناغانەش پێکهاتوون لە (قۆناغی زارەکی، قۆناغی چاپەکی، قۆناغی مایکرۆیی)
3. میدۆم خۆی دەبێتەوە بە میدۆم. لۆهان پێی وایە، کە میدۆمەکان جگە لەوەی ڕایەڵە و کەناڵی بەیەکگەیشتنی جەمسەرەکانی گەیاندنن، هاوکات هەر میدیۆمێک دەبێتەوە بە میدۆم. بۆ نموونە نووسین زمانەو چاپ میدیۆمی زمانە. یەکگرتنی (میدۆمەکان) کۆمەڵگەی دیجتاڵی پێکدەهێنن.[1]
$سەرچاوەکان:$
1.ئیسماعیل عوسمان: کۆمیونیکەیشنی دیجیتاڵی. چاپخانەی کارۆ، چاپی یەکەم، 2022.لا 21
2. w howelss “neanderthal man; facts and figures ” in proceedings of the ninth internatoinal congress of Anthoprological and Ethnographical sciences, chicago 1967 . see also E.Trinkhaus and w.w howelss, neanderthal scienctific American 241 _ 1979 . 118 _ 133.
3. تەها حسێن: پێشەکییەک بۆ زانستی ڕاگەیاندن. وەرگێڕانی حەبیب کەرکووکی. دەزگای موکریان، چاپی یەکەم 2008 لا 5
4.هەمان سەرچاوەی پێشوو: لا 6
5.هەمان سەرچاوەی پێشوو:لا 8
6.Marchal mcluhan, quetin fiore، the mediumis the massage . An Invetory of Efectects, produced by Jermo Agel.
7.فريدنان دوو سوسير؛ محاضرات في السنية عامة. ترجمة يوسف غازي. المؤسسة الجزائيرية للطباعة 1986. ص 23.
8.بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر ئەم بابەتە بڕوانە وتاری “مەترسییەکانی سەر زمانی کوردی و وەک زمانی زگماکی” لە پەرتووکی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکدا، 2013، هەولێر: ئەکادیمیای کوردی.
9. ڕەحیم سوورخی: زمان و کەلتووری پەیوەندییە مرۆییەکان. بابەت نووسین و وەرگێڕان.ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی پێنووس. http://penus.krd/index.php/ckb/2018-04-02-19-11-33/item/235-2018-09-02-18-56-38
بۆ زانیاری زیاتر بنواڕە. ماڵپەڕی کوزولین، الکس1999، ڕوانشناسی ڤیگۆتسکی: سیر تحول اندیشەها؛ ترجمە حبیباللە قاسمزادە، تهران: آگاه1381.
10.بنواڕە: http://akherelakhbar.net/%D9%81%D9%86-%D9%88%D8%AB%D9%82%D8%A7%D9%81%D9%87/%D8%A7%D9%84%D9%83%D9%88%D9%84%D8%A7%D8%AC-%D9%81%D9%86-%D9%88%D8%A5%D8%B9%D8%A7%D8%AF%D8%A9-%D8%AA%D8%AF%D9%88%D9%8A%D8%B1/