ناو: عەبدوڵڵا
نازناو: حاجی عەبدوڵڵا زروف
ناوی باوک: ئیسماعیل
ناوی دایک: خورشید
ساڵی لەدایکبوون: 1917
شوێنی لەدایکبوون: #هەڵەبجه#
$ژیاننامە$
بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی حاجی دەبێت بگەڕێنەوە بۆ سەرەتاکانی سەدەی ڕابردوو، دەگەڕێینەوە بۆ سەدەیەک بەر لە ئێستا و بۆ شاری #هەڵەبجە#، هەڵەبجە وەک شارە دێیەک دەهاتە بەر چاو ژمارەی خانووەکانی چەند سەد ماڵێک بوو، سەوزایی دەوری دابوو ڕووت لە هەر شوێنێکی بکردایە کانییەک لەژێر پێت دەتەقی سرووشتێکی هێندە جوانی هەبوو مرۆڤی سەراسیمە دەکرد، لەم سرووشتە جوانە و لە نزیک گەڕەکی جوویەکان خێزانێکی بەختەوەر دەژیان، کە سەیرت دەکردن دەتزانی ئەم دووکەسە تازە ژیانی هاوسەرگیریان پێک هێناوە خۆشی و ئاسوودەییەکی وا باڵی بەسەر ئەو ژن و پیاوەدا کێشا بوو وێنەی نەبوو، پیاوەکە ناوی ئیسماعیل بوو، لە شاردا بەسمایلە فەنی بەناوبانگ بوو، هەر کەس فەرمانبەر بوایە لە داموودەزگای میریدا پێیان دەوت ئەفەندی، کە تورکە عوسمانییەکان بەکاریان دێنا.
سمایلە فەنی فەرمانبەر بوو لە (مالییە) خێزانەکەشی ناوی خورشیدە بوو لای خۆمان پێی ئێژن خورشە.
خورشەخان کەسێکی ئاسایی نەبوو ئەو کۆمەڵێک بەهرەی هەبوو بەتایبەتیی باسی لێهاتووی خورشەخان دەکەین.
جەنگی جیهانی یەکەم هەڵگیرسا و نەهامەتییەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، سەرەڕای ئەو برسێتی و هەژارییە ماڵی سمایلە فەنی پڕ بوو لە سۆز و خۆشەویستی، خورشەخانی خێزانی سمایلەفەنی دووگیان دەبێت و لە کۆتاییەکانی جەنگی جیهانی یەکەمدا لە ساڵی 1917 دا یەکەم منداڵیان دەبێت و ماڵەکە پڕ دەکات لە خۆشی، منداڵەکەیان ناودەنێن عەبدوڵڵا، خورشەخان ڕوو دەکاتە ئاسمان و دەستەکانی بەرزدەکاتەوە نزای دواڕۆژێکی باشتر بۆ نەوەکەی دەکات.
وەک ئەوەی بزانێت منداڵەکەی ڕۆژێک دێت ببێتە کەسێکی ناسراوی شار، بەڵێ عەبدوڵڵا وردەوردە گەورە دەبێت ڕۆژبەڕۆژ وەک کەسێکی جیاواز دەردەکەوێت و نزاکانی خورشەخانی دایکی گیرادەبێت.
سمایلە فەنی وەک هەر منداڵێکی ئەو سەردەمە عەبدوڵڵای کوڕی دەخاتە حوجرە و دەیخاتە بەرخوێندن، لە حوجرەدا فەقێیەکی زرنگ و فێری زمانەکانی فارسی و عەرەبی دەبێت و کەمێکیش ئاشنای زمانی تورکی دەبێت، لە حەڵقەی ڕۆژانەی فەقێکاندا دوای تەواو بوونی وانە ئایینیییەکان، فەقێکان خۆیان بەخوێندنەوەی هۆنراوەی کلاسیکی کوردی سەرقاڵ دەکرد و زۆرجار دەبووە شەڕە هۆنراوە لەنێوان فەقێکاندا، لەنێوانیاندا فەقێ عەبدوڵڵا زۆر شەیدای هۆنراوەی کلاسیکی کوردی و هۆنراوەی حافیز و سەعدی شیرازی بوو، زۆر لە هۆنراوەی ئەو کەڵە شاعیرانەی لەبەر بوو و توانای شیکردنەوەی هۆنراوەەکانیشیانی هەبوو.
عەبدوڵڵای منداڵ لە حوجرەدا هێندە بەردەوام دەبێت تا فێری خوێندەوارییەکی زۆر باش دەبێت، تەمەنی عەبدوڵڵا ڕۆژبەڕۆژ هەڵدەکشێت و خەونی ئەو ئەوە نییە ببێت بە مامۆستای ئایینیی، بڕیار دەدات ئەم ڕاستییە بە باوکی بڵێ و واز لە خوێندنی حوجرەکان بێنێت، ئێوارە بە خۆی و پەرتووکە ئایینییەکانییەوە خۆی دەکات بە ماڵدا و بێتاقەتییەکی زۆری پێوە دیارە، کە سمایلە فەنی باوکی بەم جۆرە ڕووخساری کوڕەکەی دەبینێت زۆر نیگەران دەبێت ڕووی تێدەکات و دەڵێت: چییە عەبدوڵڵا زۆر غەمبار و بێتاقەت دیاریت؟ خۆ هیچ نەبووە؟ ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت: باوکە گیان هیچی وا نییە، تەنیا شتێک کە منی بێزارکردووە کە ڕەنگە گەر بیڵێم ئێوە بێتاقەت بکات، سمایلە فەنی ناوچاوانی دێنێتە یەک و زۆر بەپەرۆشەوە دەڵێت: کوڕم چیت هەیە بیڵێ دڵم هێندەی بەبەرەوە نەماوە، عەبدوڵڵا دەڵێت باوکە گیان دەمەوێت واز لە حوجرە و خوێندن بێنم وهەوڵدەدەم کارێک بۆ خۆم بدۆزمەوە، سمایلە فەنی کەمێک نیگەرانییەکەی دەڕەوێتەوە و بزەیەک دەکەوێتە سەر لێوەکانی و دەڵێت وەرە لامەوە کوڕم.
دەستێک دێنێت بە سەریا و دەڵێت: خوێندن هەرگیز بەزۆر نییە، بەڵام کە واز لە خوێندن دێنیت دەبێت کارێک بکەیت، لەسبەینێ زووتر نییە دەبێت بچیتە لای (شێخ مەجیدی شێخ ئەمینی) خاڵت لای ئەو ببی بە شاگردی دەلاکی بەڵکوو ئەمە خوایە ببیتە باشترین وەستای دەلاکی شار.
عەبدوڵڵا بەم بڕیارەی باوکی زۆر دڵخۆش دەبێت و بۆ سبەنێ زۆر زوو دەچێتە دوکانی خاڵە شێخ مەجیدی، هەر زوو بە وریایی و لێهاتوویی خۆی فێری پیشەکە دەبێت و خاڵیشی متمانەی پێدەکات و مەقەست و شانەی دەداتە دەست.
بەم جۆرە دەبێت بە وەستا عەبدوڵڵا.
وەستا عەبدوڵڵا پیاوێکی ڕووخۆش و قسەخۆش و زیرەک بوو، بڕیار دەدات دوکانێکی تایبەت بە خۆی دابنێت، پاش گەڕانێکی زۆر لە مەڵبەندی شاردا بەرانبەر چایخانەکەی حاجی ڕەشی حاجی عەبدوڵڵا لەسەر سووچەکەی ئەوبەری دوکانێک دەگرێ بەکرێ دەیکات بە دەلاکخانەیەکی زۆر جوان و سەرنجی زۆربەی گەنجانی شار بۆ خۆی کێش دەکات و، ئیدی لەوەو دوا دوکانەکەی وەستا عەبدوڵڵا دەبێتە شوێنی کۆبوونەوە و دانیشتنی گەنجانی شار.
وەستا عەبدوڵڵا بە جۆرێک ناوبانگ دەردەکات زۆربەی خوێندەوار و ئەفەنی و کاربەدەستی شارە لای وەستا عەبدوڵڵا سەر دەتاشن.
تەنانەت قایمقام و حاکم و بەڕێوەبەری پۆلیس، دەنێرن بەدوایدا کە سەریان بۆ بتاشێ، ئەویش جانتاکەی دەپێچایەوە و دەچووە ماڵەکانیان و سەری دەتاشین.
بەم جۆرە وەستا عەبدوڵڵا هەر بەگەنجی ناوبانگێکی باشی بۆ خۆی لەناو شاردا پەیداکرد.
ڕۆژێک وەک ڕۆژە ئاساییەکانی تر خێزانی سمایلە فەنی کۆبوونەتەوە و، خورشەخان ڕوودەکاتە کوڕەکەی و دەڵێت عەبدوڵڵا گیان لە خوا بەزیاد بێت وا تەمەنت گەورە بووە و وەختی ژنهێنانت هاتووە و سوپاس بۆ خوا لە هیچت کەم نییە و کارێکی زۆر باشت هەیە، منیش کچێکی باشم بۆ دیاری کردوویت کە کچی کاک ئەحمەدی مستەفایە و ناوی فاتمەیە، من و باوکت لەسەر ئەوە ڕێک کەوتووین، تۆ دەڵێیت چی؟ وەستا عەبدوڵڵا ماوەیەک بێدەنگ دەبێت و هیچ ناڵێت، وەک ئەوەی هەواڵەکە شتێکی زۆر لەناکاودا بووبێت، دواتر وەستا عەبدوڵڵا دەڵێت: دایکە باوکە ئێوەچی بڵێن منیش پێی ڕازیم.
بەم جۆرە وەستا عەبدوڵڵا بەشێوازێکی نوێ خێزانەکەی مارەدەبڕێ، لە ساڵی 1941 دەچێتە بەردەم دادوەری ئەو کاتە کە مامۆستا #ئیبرایم ئەحمەد# ی شاعیرە و ئەو مارەیان دەبڕێ، بەڵێ مارە بڕینی ژن لای حاکم بۆ ئەو دەمە شتێکی نوێ بوو، زۆربەی خەڵکی لای مەلا مارەی ژنەکانیان دەبڕی، هەندێک تا ئێستاش لەبەر هۆکاری جیاوازجیاواز لای دادوەر مارەی نابڕن، بەو جۆرە هاوسەرگیری کردبوو. [1]