ناونیشانی بابەت: ویستی ملکەچبوون و خۆچەماندن و خۆڕادەستکردن!
ناوی نووسەر: #فرسەت سەید شکور#
حکوومەتی ئێراق، بە قسەی بەرپرسە باڵاکانی خودی ئێراق، لە سەرەتای دروستبوونی و دوای ساڵی 2003وە بەردەوام غەرقی گەندەڵی و دزی و نادادی و لە تەواوی سێکتەرەکانیدا تووشی شکستی گەورەی ئیدارەدان دەبێتەوە، ملیۆنان ھاووڵاتیی ئێراقی بەھۆی خراپ ئیدارەدانی حکوومەتەکانیان لەژێر ھێڵی ھەژاریدان، بەھۆی بۆشایی ئەمنی و نەبوونی سیستمێکی سەربازیی بەھێز، خەڵکی ئێراق ھەمیشە لە ترسی مردن و کوشتن، گرتن و ڕفاندندان، ئەمە جگە لەوەی ھیچ خزمەتێک نەکراون، بچووکترین خزمەتگوازریی سەرەتاییان ناگاتە خەڵک.
ئەوان بەو ھەموو پارە زەبەلاح و خەزێنە پڕەی کە لە داهاتی نەوتەوە دەست دەکەوێت و گرووپە میلیشیاکانی ناوخۆ و دەرەوەی ئێراق دەیبەن، ناتوانن دڵی ھاووڵاتییەکی بەغداش ڕازی بکەن، کە پایتەختە، چ جای شارە پەراوێزخراوەکانی وەک بەسڕا و سامەڕا و ناسڕییە و سەماوە، کە لەسایەی حکومداریی خراپ و گەندەڵی و نەزانیدا، وەک وێرانەیان لێ ھاتووە و بەپێی ستاندارە نێودەوڵەتییەکان بۆ ژیان شیاو نین و خراپترین ژینگەی گوزەرانیان هەیە.
بە هەرحاڵ، ئامار و داتا خراپەکانی ئێراق و شکست و پاشەکشەی حکومڕانی و ئیدارەدان پێویستیان بە دەیان کتێب و توێژینەوە هەیە، هێندە نەبڕاوەن، ڕەنگە ڕیزبەندی خراپ و شەرمهێنی ئێراق لە ئاستی گەندەڵترین وڵاتان و خراپترین پاسۆرت و خراپترین گوزەران و نائەمینترین وڵاتانی دونیادا، باشترین وەڵامدانەوە بێت بۆ ئەو کەسانەی کە ئێراق لە چاوی هاووڵاتییانی کوردستاندا وەک سویسرا! پیشان دەدەن.
ئەوەی جێگەی لێڕامانە، خەڵکی تێنەگەیشتوو و تەسلیمبوو، ئەوانەی بە پیلانی نەیاران سەما دەکەن، ھەردەم لە ھەوڵی ئەوەدان، سیاسەتەکانی حکوومەتی ئێراق بەسەر ھەرێمی کوردستاندا زاڵ بکەن، کە ئەمە ھەروەک پیلانە شوومەکانی پێشووتر دەچێتە قاڵبی خیانەتەوە، ھەر ئەمانە کاتێک دۆخ خراپ دەبێت، دەکەونە بڵاوکردنەوەی تۆمەت و بوختان بە حکوومەت و ھەرێمی کوردستان، ھەموو ھەوڵی ئەمانە ناشرینکردن و بچووکردنەوەی ئەو قەوارەیەی ھەرێمی کوردستانە، کە بە خوێنی ھەزاران شەھید و قوربانی ھاتووەتە دی، بە درێژایی مێژووی کورد لە ئێراقدا خەڵکانی خۆفرۆشی وەهای تێدا هەڵکەوتووە کە تەڕەفگیری نەیار و داگیرکار بووە، چ لە ڕووبەڕوونەوەی چەکداری، چ لە قۆناغی نوێ، کە بە قۆناغی گفتوگۆ و دایەلۆگ هەژمار دەکرێت.
پارتی، ئەو لایەنەی تەسلیم نابێت لە تەواوی ئەو ئاڵنگارییانەی کە هاتوونەتە پێش ئەزموونی ئیدارەدانی کورد، پارتی دیموکراتی کوردستان بە ڕابەرایەتیی (سەرۆک بارزانی) هەوڵی ئەوەی داوە، کە سازان و گفتوگۆ و پێشمەرجی وەدیهێنانی مامفی کوردستانیان، هەوێنی (ڕێککەوتن)بێت، نەک (تەسلیمبوون)بە زار و کرداری یەکیتی و بەشێک لە حزبە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان، کە ئەوان بەردەوام و ھەمیشە ئەزموونیان لەگەڵ تەسلیمبوون و خۆڕادەستکردندا ھەیە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان، حکوومەتێکی خۆڕاگرە و بە هێز و ئیڕادەی بەرزەوە ڕووبەڕووی قەیرانەکان دەبێتەوە، سێ ساڵانی ساڵی ڕابردوو بەڵگەی ئەو ڕاستیەیە، هەموو خەڵکی کوردستان بینییان هەرێمی کوردستان لەم سێ چوار ساڵەدا ڕووبەڕووی چەند قەیرانی گەورە بووەوە، بەڵام هەموانیش بینییان مەسرور بارزانی و حکوومەتەکەی، چەند بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە ڕووبەڕووی ئەو قەیرانانە بوونەوە. بینیمان ساڵانی پێش ئەم کابینەیەش چەند گرەو لەسەر ڕووخاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تەسلیموونی کوردستانیان و هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێم کرا و بینیمان چۆن ئەو خەونە نەزۆکانە لەگۆڕ نران. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=