هاوار عەبدولڕەزاق
سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاند کە وڵاتانی ڕۆژاوا نابێت ساویلکە بن لەبارەی دەسەڵاتی نوێ لە سووریا لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، بەڵێنیش دەدات کە وڵاتەکەی پشت لە شەڕڤانانی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان ناکات.
دوای ئەوەی لە ڕۆژانی کۆتایی ساڵی ڕابردوودا ڕژێمی بەشار ئەسەد لەلایەن هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریاوە کۆتایی پێهێندرا، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ئەمڕۆ دووشەممە #06-01-2025# لە وتەیەکیدا بۆ دیپلۆماتکاران و باڵیۆزەکانی وڵاتەکەی ئاماژەی بەوە کرد، نابێت ساویلکانە بڕوانینە گۆڕانی ڕژێم لە سووریا.
هاوکات لەبارەی شەڕڤانانی کورد لە ڕۆژاوای کوردستانیش قسەی کردووە و بە جەنگاوەرانی ئازادی ناوی بردوون و دەڵێت: فەرەنسا پشت لە جەنگاوەرانی ئازادیی وەکوو کورد ناکات، کە شەڕی دژی گرووپە تووندئاژۆکان لە سووریا دەکەن.
ئەم قسانەی سەرۆکی فەرەنسا لە دوای سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بۆ سووریا دێت لە ڕۆژی 3ی ئەم مانگە. وەزیرە فەرەنسییەکە لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەسەڵاتی نوێی سووریا لە دیمەشق، ڕایگەیاند، پێویستە لە باکووری سووریا چەکەکان بێدەنگ بکرێن و چارەسەری سیاسی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی فەرەنسا بکرێت، کە کوردن. وتیشی، پێویستە ئاگربەستێکی بەردەوام لە باکووری سووریا جێبەجێ بکرێت.
لەبارەی پرسی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ماکرۆن ڕایگەیاند، ئێستا، ئێران ئاڵنگاریی سەرەکی و ستراتیژییە بۆ فەرەنسا، بۆ ئەورووپییەکان و تەواوی ناوچەکەش.
هەروەها ماکرۆن ئاماژەی بەوەش دا، پرسی ئێران بابەتێکی سەرەکیی وڵاتەکەی دەبێت لەگەڵ ئیدارەی نوێی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا.
بڕیارە ئەم مانگە لە شاری پاریسی فەرەنسا لووتکەیەکی تایبەت بە دۆخی سووریا و داهاتووی ئەو وڵاتە ڕێکبخرێت، تێیدا نوێنەرانی وڵاتانی دراوسێی سووریا و وڵاتانی پەیوەندیدار بە پرسی سووریا بەشداری بکەن.[1]