بەڕێوەچوونی فیستیڤاڵی ساڵانەی کولتوور میکس
ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی#02-11-2024#، لە شاری لیلەسترۆمی وڵاتی نەرویژ، فیستیڤاڵی کولتووری گەلان لەژێر ناوی “کولتوور میکس”بە ئامادەبوونی بەرپرسانی ئەو شارە و بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە نەتەوە جیاوازەکانی دانیشتووی ئەو پارێزگایە لە هۆڵی کولتوورمەڵبەندی لیلەسترۆم بەڕێوەچوو.
کولتوور میکس ڕێوڕەسمێکی ساڵانەیە کە لە وڵاتی نەرویژ و شاری لیلەستڕۆم بەڕێوەدەچێت و ژمارەیەکی بەرچاو لە نەتەوە جیاوازەکان وەک: کورد، پاکستانی، عەرەب، سۆماڵی ئەفغانی و… تێیدا بەشداری دەکەن. مەبەست لە پێکهێنان و بەڕێوەبردنی ئەم شێوە بەرنامانە لەلایەن کۆمونی لیلەسترۆم، ئینتیگرێرینگ و ئاشنا بوونی نەتەوە جیاوزەکانە بە کولتوور و شێوەی ژیان و هونەر و بەها گرینگە کۆمەڵایەتییەکانی یەکتر.
ئەمساڵیش هەر وەک ساڵانی پێشوو ڕێوڕەسمەکە لە ڕۆژی2ی نۆڤەمبەر لە لیلێسترۆم بەڕێوەچوو.
کۆمیتەکانی دەرەوە و کومیتەی یەکێتی ژنانی دێموکراتی ڕوژهەڵاتی کوردستان لە وڵاتی نەرویژ وەکوو ساڵانی پێشوو بۆ نیشاندانی کولتووری بەرزی نەتەوەیی بە گۆرانی، هەڵپەرکێ و خواردنی کوردی بەشدار بوون.
ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی یەکییەتیی ژنان و کوردانی دانیشتووی ئەم ناوچەیە بە جلوبەرگی کوردی بەشدار بوون.
سەرەتا لەلایەن بەڕێوەبەرانی بەرنامەکە کە خاتوونێکی پاکستانی و لاوێکی نەرویژی بوون، وێرای بەخێرهاتنی بەشداربووان، ڕیزی بەرنامەکانیان پێشکەش کرد.
ڕێوڕەسمەکە لە چەندین بڕگە و بەرنامەی جیاواز پێکهاتبوو، بە پێشکەشکردنی چەند وتەیەک لەلایەن شارەداری لیللەسترۆم دەستی پێ کرد. ناوبراو لە توێی قسەکانیدا، بوونی نەتەوە جیاوازەکان بە کلتور و بەها جیاوازەکانیانەوە لە وڵاتی نەرویژ بەرز نرخاند و ئاماژەی کرد کە کۆمونی لیللەسترۆم، یەکەم کۆمونە کە توانیویەتی بەرنامەیەکی لەم شێوەیە و بە بەشداری زۆربەی نەتەوە جیاوازەکان بەڕێوە بەرێت، کە ئەمەش هەوڵ و هیمەتی نەتەوە جیاوازەکانە. هەروەها بەڕێزیان وتی: بەڕێوەچوونی ئەم جۆرە بەرنامانە لە لیللەسترۆم دەتوانێت گۆڕانکاری زیاتر و لێک نزیکردنەوەی زیاتر لەنێوان نەتەوەکاندا پێک بهێنێت.
دواتر هەر نەتەوەیەک لە کاتی دیاری کراوی خۆی دا بە شێوازی تایبەتیی کولتووری خۆی بە شێوەی جۆراوجۆر وەکوو موزیک، گۆرانی و هەڵپەرکێ پێشکەش کرد. کۆمەڵێک لاو و منداڵی بە توانا و بەهرەمەند بە شێوەیەکی جوان و لێهاتووانە هەریەکە و کولتووری نەتەوەکانی خۆیان نیشاندا.
کۆی بەرنامەکان جێی ڕەزامەندی و خۆشحاڵی ئامادەبووانی ڕێوڕەسمەکە بوو و هیواخواز بوون کە لەم شێوە ڕێووێنەانە بۆ ئاشنایی زیاتر لەگەڵ یەک پێک بێت و ببێتە مایەی زیاتر پەرەدان بە فەرهەنگی لێکتێگەیشتنی ویەکتر قەبوڵ کردن بە هەمووڕەنگە جیاوازەکانەوە.[1]