ناونیشانی بابەت: هەنگاوە کردارییەکانی چوار ساڵی حکومڕانی مەسرور بارزانی
ناوی نووسەر: #فرسەت سەید شکور#
کە سەرۆکایەتیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی وەرگرت، بەڵێنی خزمەتکاربوونی بە خەڵک دا، دووپاتی کردەوە کە گۆڕانکاری دەکات و لەپێناو چاکسازیدا ورد و رژد هەنگاو دەنێت، هەوڵ دەدات گەندەڵی بنبڕ بکات و بەرەو حوکمڕانیی شەفاف ھەنگاو بنێت .ئەگەر ناوێکی تەواو و دروست بە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بدەین و بە کابینەی “شکاندنی تەنگژەکان” خوێندنەوەی بۆ بکەین، ئەوا زێدەگۆیی ناکەین. بینیمان سەڕەرای تەنگژە بەردەوامەکانی ناوخۆ، کۆرۆنا و لێکەوتەکانی، داشکانی نرخی نەوت، کورتھێنانی داھات، بەفیڕۆ چوونی بەردەوامی بەشێک لە داھات، نابەرپرسیارێتیی بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان، کۆسپ و تەگەرە دەست ئەنقەستەکان، لەگەڵ ھەموو ئەمانەش، “مەسرور بارزانی” بە کۆمەڵێک قۆناغی سەخت و دژواردا توانیی حکوومەتێکی باش، لەسەر بنەمایەکی ڕێکی دادپەروەرانە بەدی بھێنێت.
سەڕەڕای ئەوە، بوێرانە بەرامبەر فشاری لایەنە دەسەڵاتدارەکانی بەغداد و ناڕەوایی دادگەی نادەستووریی فیدراڵیی ئێراق و دەست و پێوەندەکانیان وەستایەوە و، بە روونیش لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد دوا و بەردەوامیش ئامادەی گفتوگۆ بوو. ئەوەشی سەلماند کە ھەرێمی کوردستان لە ھەموو کات زیاتر پەرۆشی پەیوەندیی دروستە لەگەڵ حکوومەتی ئێراق، بە مەرجێک لەسەر بنەمای شکاندنی ئیرادە و جێبەجێکردنی مەرامی سیاسی نەبێت. ئەم میتۆدە لە حوکمڕانی و خەسڵەتە بەرزەی “مەسرور بارزانی” رێک ئەوە پەندە دەیگرێتەوە، کە دەڵێت: “ئەوەی پەرێزی پاکە، لە لێپێچینەوە بێ باکە”
لە ڕوانگەی نێودەوڵەتییشەوە؛ ھەرێمی کوردستان ئەگەرچی دەوڵەتێکی سەربەخۆ نییە و لە چوارچێوەی ئێراقدایە، بەڵام بەھێزیی پێگەی ھەرێمی کوردستان لە جیھان و ناوچەکە و بە دیاریکراوی ڕۆڵی “مەسرور بارزانی” لە ڕووی سیاسی- ئابووری و یەکلاییکردنەوەی کێشەکان و چەقی گفتوگۆ و ململانێ سیاسی و ئابوورییەکان و زەمینە ڕەخساندن بۆ بەھێزکردنی ئاساییش و ڕووبەڕوونەوەی تیرۆر، هۆکارن بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بەشداریی سەرەکیی کۆبوونە جیھانییەکان بێت، مانۆڕە دیپلۆماسییەکانیشی بە وڵاتانی ڕۆژئاوا و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە، گەواھیدەری ئەو ڕاستییەن.
ئەگەرچی پیلانەکان دژ بە هەرێمی کوردستان و قەوارە دەستوورییەکەی لە ناوخۆی کوردستان و ئێراق و هەتا وڵاتانی ئیقلیمیش بەردەوام هەبووە، بە هەر شێوەیەک بێت، هەوڵ دراوە سنوور بۆ سەرکەوتن و پێشڤە چوونەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتیش کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دابنرێن، بەڵام ئەوەی بۆ هەموان لەم قۆناغەدا یەکلایی بووەتەوە؛ ئەم حکوومەتە بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە بناغەیەکی پتەو و جێگیری هەگبە پڕ لە پرۆژە و خزمەتگوازی و کارئاسانیی ژیانی هاووڵاتییانی هەیە و ئاڵنگارییەکان دەشکێنێت.
کابینەی نۆیەمی حکوومەت، بە سەرۆکایەتیی “مەسرور بارزانی” لە سەرەتای کارکردنیەوە ڕووبەڕووی ئاریشەی زۆر بووەوە، بەو پێیەی، دروشمی چاکسازیی کردە کردار، ئەمەش وای کرد کە هەندێک هێزی سیاسی لەپێناو ئاشکرانەبوونی تاڵانی و ئەو سەرپێچییە دارایی و سیاسی و ئەمنییانەی هەیانبووە، هەموو ڕێگەیەکی ناشەریفانە بگرنە بەر، بەڵام سەرەڕای تاقیکردنەوەکانی هەموو کەتنەکانیان لە لاوازکردنی کابینەی نۆیەم شکستیان هێنا.
وێڕای هەموو ئەو ئالنگارییانە، (کابینەی نۆیەم) لە پرۆژە گرنگە ژێرخانییەکانی بەردەوامە و سڵی لە بۆمب و بەربەستەکان نەکردووەتەوە، چونکە سەرۆک وەزیرانێکی بەهێزی هەیە، تەنیا لە دە پازدە رۆژدا (کارگەی شیرەمەنی لە بارزان، هەفتەی تەندروستیی کوردستانی-ئوردنی، پێشانگای تەکنۆلۆژی لە هەولێر، بەدیجیتاڵکردنی کارەکانی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، کردنەوەی بانکی جیهان، گۆڕانکاری و ئاسانکاری لە تۆمارکردنی کۆمپانیاکان….هتد) راگەیاندنی ئەو هەموو پرۆژە گرنگە لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان، لە هەموو ئەمانەدا “مەسرور بارزانی” ئامادە بووە یان سەرپەرشتیی کردووە و هەریەکەیان لە بوارێکی جیاوازدان و پرۆژەی گرنگی ستراتیژی و ژێرخانییان تێدایە.
ئەگەر بە کورتی سەرکەوتنە سەرەکی و هەرە گرنگەکانی ئەم کابینەیە بە نموونە وەربگرین:-
– لەکاتێکدا تەواوی جیھان بەدەست کۆرۆنا و لێکەوتە تەندروستی و ئابوورییەکانییەوە دەیناڵاند، کابینەی نۆیەم، زۆر بە بەرپرسیارانە توانیی خۆی لەگەڵ کەشە جیھانییەکە بگونجێنێت، ھەر لە خزمەتگوازیی تەندروستی و چاودێریی وردی نەخۆشخانەکان و دابینکردنی دەرمانی پێویست لە خزمەتی تووشبووانی نەخۆشییەکەدا بوو.
– لە کابینەی نۆیەمدا، هەوڵی جدی دراوە بۆ گەڕاندنەوەی منداڵانی سەرشەقام بۆ هۆڵەکانی خوێندن.
– سەرەڕای سزادانی بەردەوامی ناڕەوای دەسەڵاتدارانی ئێراق، کەچی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان یەک پرۆژەی نەوەستاند، خەرجییەکانی کەم کردەوە و داھاتیشی زیاد کرد، تەنانەت بەشێک لە قەرزە کەڵەبووەکانی ڕابردوویشی دایەوە، کە بە (ملیارێک و 500 ملیۆن دۆلار) مەزەندە دەکرێت، جگە لەوەش، سەدان ھەلی کار بۆ بێکاران دۆزرایەوە، کە چەندین ساڵ بوو بەدەست کەمی، یان نەبوونی دەرفەتی کار گیرۆدە بووبوون، لەپاڵ ئەوەش، گەورەترین خواستی خەڵک بەدی ھات، کە ڕووبەڕوونەوەی گەندەڵی بوو، کە هەنگاوی زۆر باشی بڕی ڕێکارەکانی بە ئێستاشەوە بەردەوامە.
– لە بواری بازرگانییدا هەنگاوێکی کابینەی نۆیەم، کە ئابووریی هەرێمی کوردستان دەبووژێنێتەوە، بووە مایەی خۆشحاڵیی هاووڵاتییان، بە شێوەیەک، بۆ تۆمارکردنی کۆمپانیا بە ئۆنلاین، دەتوانرێت سەردانی پۆرتاڵی تۆمارکردنی دامەزراوە بازرگانییەکان بکرێت.
– داخستنی کۆگاکان و بازاڕەکانی چەک و دانانی سنووری تەواو بۆ بارزگانیکەرانی چەک، بۆ ڕێگەگرتن لە کوشتن و تاوانکاریی زیاتر، لە بڕیارە بوێرەکانی “مەسرور بارزانی” بوو، ئەمەی دوایی بە ئێستاشەوە بەردەوامە، کە داخوازیی سەرەکیی خەڵکی کوردستانە. لەگەڵ ئەوەش، ڕێنمایی نوێی یاسایی بۆ داماڵینی چەک، لەژێر چاودێریی “مەسرور بارزانی” دایە، کە ئەوەشیان لەپێناو پاراستنی خەڵکی کوردستاندایە.
– گوێگرتن لە میدیاکاران لەلایەن “مەسرور بارزانی”، میتۆدێکی گرنگە لە خوێندنەوە بۆ بۆچوون و دیدگای ڕۆژنامەنووس و میدیاکاران، مۆدێلێکی نوێی تێگەیشتنی دیموکراسییانەی دروستە، بەتایبەت بۆ پرسێکی گەورەی وەک میدیا، کە وەک دەسەڵاتی چوارەم لە ئاراستەکردنی کۆمەڵگە و وڵات ھەژمار دەکرێت.
– پیشاندانی پێگەی ھەرێمی کوردستان بە دونیای دەرەوە، بەتایبەت لە ڕووی ئارامی و ئاوەدانی و خوێندنەوەی لۆژیکییانە بۆ پێکەوە ژیان و ئاشتی، لە سیاسەت و ستراتیژییەت و دونیابینیی “مەسرور بارزانی” و کابینەی نۆیەمدا ڕەنگی داوەتەوە.
– سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆری بە پێشانگا نێودەوڵەتیەکان داوە، نەخاسمە تەکنەلۆژییەکان، ئەو کارئاسانییە بووە هۆکاری کردنەوەی چەند پێشانگایەکی تەکنەلۆژیا و زانیاریی ئابووری و بوارەکانی دیکە.
لە ڕاستیدا ئەگەر بنکۆڵکاریی ئەم دۆخە بکەین، بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە چەندە قورس و هاوکات مایەی دڵخۆشییشە حکوومەتی کوردستان لە بوونیادنان و ھەنگاونان بەرەو جیھانیبوون بەردەوام بێت، نەیارانیش لە پیلان و پیلانگێڕی. کوردستان بەرەو ئاوەدانی و نەیارانیش بەرەو تێکدانی. ھەرێم بەرەو چاکسازی و پاکسازی، خەڵکێکیش بەرەو تاڵانکردنی داھات و تیرۆر! حکوومەتی ھەرێم بەرەو پاراستنی یەکگرتوویی نێوماڵی کورد، خەڵکێکیش گرەو لەسەر دابەشکردنی نێوماڵی کورد دەکات!
گرنگترین خاڵیش کە تاوەکو ئێستا هۆکاری سەرکەوتنەکانی کابینەی نۆیەمە، بەرگەگرتنی بەرپرسیارێتییە، ھەروەک “مەسرور بارزانی” خۆی دەڵێت: (ئەگەر بە تەنیاش بم، تەحەمولی بەرپرسیارێتیی دەکەم). مێژووش سەلماندوویەتی، ئەوەی لە بەرپرسیارێتیی نەترسابێت، لە ھەڕەمی سەرکەوتن و لەئاست متمانەی خەڵکیشدا بووە.
ئەزموونی تێکەڵبوونی “مەسرور بارزانی” بە دونیای سیاسەت و سەربازی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1985 لە تەمەنی 16 ساڵیدا، وەک بەشێک لە شۆڕشی گوڵان و تۆمارکردنی نەبەردییەکانی داستانی خواکوڕک لە ساڵی 1988، دژ بە ڕژێمی #بەعس#، وەک تۆماری فیلمێک تۆمار کرووە. “مەسرور بارزانی” لە قۆناغە دژوارەکانی کوردستان، ڕۆڵی بەرچاوی لە ھاوکاریکردنی ھێزەکانی پێشمەرگە ھەبووە، لە ڕووی ئەکادیمیشەوە خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە وڵاتی ئەمریکا لە بواری زانستە سیاسییەکان و زمانەکانی (کوردی- ئینگلیزی- فارسی) بەباشی دەزانێت و یەکێکە لە دیپلۆماتکارە سەرکەوتووەکانی ئێراق و ناوچەکە.
“#مەسرور بارزانی#” گرنگییەکی زۆر بە پرۆسەی بەھێزکردنی کاریگەریی ناوەندەکانی خوێندن بەسەر کۆمەڵگەی کوردستانەوە دەدات و دامەزرێنەر و سەرۆکی فەخریی بۆردی زانکۆی ئەمریکی- کوردستانە لە شاری #دھۆک#.
لە بواری چالاکیی مرۆییشدا؛ “مەسرور بارزانی” دامەزرێنەر و سەرۆکی بۆردی (#دەزگای خێرخوازیی بارزانی#)ە، کە بەبێ رکاربەر چالاکترین رێکخراوی خێرخوازی و مرۆڤدۆستییە، نەک هەر لەسەر ئاستی کوردستان و ئێراق، بەڵکوو لەسەر ئاستی ناوچەکەش. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=