سیپان ڕۆژهەڵاتی
سەرۆکی #هوداپار# دەڵێت: دەبێت دەستووری تورکیا بگۆڕێت. لەبارەی ڕەوشی سووریاش ئاماژە بەوە دەدات، دەبێت بە گفتوگۆ پرسەکان چارەسەر بکرێن و هەموو کەسێک بە مافی خۆی بگات.
ڕۆژی سێشەممە، #07-01-2025# ، زەکەریا یاپیجیۆغلو، سەرۆکی هوداپار لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ی تۆڕی میدیایی ڕووداو بەشداریکرد کە شەهیان تەحسین، پێشکەشی کرد.
زەکەریا یاپیجیۆغلو لەبارەی پرسی کورد لە تورکیا و سووریا قسەی کرد.
سەرۆکی پارتی هوداپار وتی، پێویستە دەستووری تورکیا بگۆڕێت، و پێویستە دیباجەش بگۆڕێت. هەروەها بەربەستی بەردەم زمانی کوردی لابرێت، پێویستە ئەو پێناسەی هاووڵاتیبوونە، کە هەموو کەسێک وەک تورک ناودەبات، ئەویش بگۆڕدرێت.
زەکەریا یاپیجیۆغلو باسی لەوە کرد، لەسەر ناسنامەی هاووڵاتییانی تورکیا دەبێت ناوی تورک لاببرێت، یان ناوی هەموو پێکهاتەکانی لەسەر بنووسرێت.
سەرۆکی هوداپار لەبارەی سووریاش ئاماژەی بەوەدا، دەبێت گەلانی سووریا بەیەکەوە دابنیشن و کێشەکانیان بە گفتوگۆ و بەشێوەیەکی سیاسی چارەسەر بکەن.
زەکەریا یاپیجیۆغلو هەروەها وتی، ئێمە دەڵێین پێویستە ئەو کوردانەی لەوێ کۆچیان کردووە، چ هاتوونەتە تورکیا، چ چوونەتە کوردستان (هەرێمی کوردستانی ئێراق)، پێویستە ئەوانیش بگەڕێنەوە سەر خاکی خۆیان. ئەو پێکهاتانەی لە سووریا چی دەبن، هەر کەس بچێتەوە سەر موڵکی خۆی، خاکی خۆی، گوندی خۆی، بگاتە مافی خۆی و ڕژێمێک بەو شێوەیە دابمەزرێت.
دەقی پرسیار و وەڵامەکانی ڕووداو و زەکەریا یاپیجیۆغلو
ڕووداو: واتە یەکەم هەنگاو بۆ گۆڕینی دەستوور، گۆڕینی دیباجەیە؟
زەکەریا یاپیجیۆغلو: بەڵێ، پێویستە دیباجەش بگۆڕدرێت، پێویستە بەربەستی بەردەم زمانی کوردی لابرێت، پێویستە ئەو پێناسەی هاووڵاتیبوونە، کە هەموو کەسێک وەک تورک ناودەبات، ئەویش بگۆڕدرێت.
ڕووداو: ئێوە شتێکتان هەیە لە جێگەی ئەوە دابنرێت؟ تەنیا تورکی لێ دەربچێت یان ناوی هەموو پێکهاتەکان بگوترێت؟
زەکەریا یاپیجیۆغلو: نا ئێمە دەڵێین پێویست ناکات ناوی هیچ پێکهاتەیەک تێدا جێگیر بکرێت، ئێمە دەڵێین لەسەر ئەم خاکە کێ دەژی هەموویان هاووڵاتین و لە بەردەم یاسادا وەک یەکن، کەس لە کەس نە زیاترە و نە کەمتر. ئەگەر هەر دەڵێن دەبێت ناوی هەندێک پێکهاتە لەوێدا بنووسرێت، ئەگەر ناوی پێکهاتەی تورک دەنووسرێت، پێویستە هیی کوردیش بنووسرێت. بەڵێ گەلانی تریش هەن پێکهاتەی تریش هەن 26 هەن.
ڕووداو: ئایا ئێوە وای دەبینن کە ئەمە ڕێگەیەکی باشە بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە یان بیروڕای دیکەتان هەیە، چۆن کێشەی کورد چارەسەر دەکرێت؟
زەکەریا یاپیجیۆغلو: هەندێک هەنگاو پێویستە بنرێن کە دەستوور بگۆڕێ، پێویستە هەندێک یاسا بگۆڕدرێن. هەندێک هەنگاوی کارگێڕی هەن ئەگەر بنرێن، گۆڕینی دەستووریش پێویست نییە، وەک چی؟ بۆ نموونە بە یەک بڕیار کە وەزارەت دەتوانێت بیدات، بۆ نموونە هەندێک ناوچە هەبوون کە ناوەکانیان گۆڕدراون. یان هەندێک کەسایەتی وەک شێخ سەعید کە وەک خائین ناودەبرێت، لەناو میللەتی کورد خاوەن ڕێزێکی گەورەیە. لە ساڵی 1925 ڕاپەڕینێک ڕوویدا دوای ئەوە، شێخ سەعید و هاوڕێکانی لە ئامەد لە سێدارە دران. ئێمە دەڵێین پێویستە لێبووردن هەم لە بنەماڵەکەی و هەم لە گەلی کورد داوا بکرێت و ئیعتیباری بگەڕێندرێتەوە.
ڕاستە ساڵی 1938، یاسایەک دەرچووە ئەو کەسانەی کە لە دادگاکانی ئیستیقلال، مەحکوم بوون و لە سێدارە دراون، ئەو حوکمە لەسەریان هەڵگیراوە، بەڵام هێشتا لەو پەرتووکانەدا کە باسی مێژووی تورکیا دەکات، باسی کۆماری نوێ دەکات، پێویستە ئەو نووسینانەی کە لەو پەرتووکانەدا هەن ئەوانیش بگۆڕدرێن. واتە ئەو وشانەی کە کورد پێی دڵگرانن دەبێت دەربهێنرێن. واتە گەلێک هەنگاو هەن هێدیهێدی ئەگەر ئیرادە هەبێت ئەگەر درووستی هەبێت هەنگاوبەهەنگاو ئەم بابەتە دەکرێت چارەسەر بکرێت.
ڕووداو: باشە، دەمەوێت پرسیارێکیش سەبارەت بە ڕۆژاوای کوردستان لە ئێوە بکەم، گرووپەکانی سوپای نیشتمانیی سووریا کە تورکیا پشتگیرییان دەکات، بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر بەنداوی تشرین و دەوروبەری کۆبانێ. بە بۆچوونی ئێوە، دەبێت ئەم هێرشانە ڕابگیرێن؟
زەکەریا یاپیجیۆغلو: بە ڕاستی ئێمە دەڵێین 13 ساڵە لە سووریا شەڕێکی ناوخۆیی هەیە، لەوانەیە زۆر دەوڵەتی دوور و نزیکی دراوسێ و ئەوانەی لە دوورەوە هاتوون وەک ئەمریکا، وەک ڕووسیا، وەک هەندێک دەوڵەتی ئەوروپایش بەشداری ئەم شەڕەیان کردووە، ئێمە دەڵێین نزیکەی 14 ساڵە، ئەم مانگی ئازارەی داهاتوو 14 ساڵ تەواو دەبێت ئەم شەڕە بەردەوامە، ئێمە دەڵێین گەلانی سووریا چ کورد، چ عەرەب، چ تورکمان و چ هیی دیکە، چ موسڵمان و ناموسڵمان چ عەلەوی و چ شیعە، هەموویان بە ئەندازەی خۆیان ئازاریان چەشتووە و خوێنیان ڕژاوە.
پێویستە، گەلانی سووریا هەرکەس هەیە دانیشن پێکەوە، بە دیالۆگ، بە شێوەیەکی سیاسی، هەموو لایەک لەسەر مێزێک دانیشن گفتوگۆ بکەن کە لە داهاتوودا لە سووریا دەوڵەتێکی چۆن درووست دەکرێت، ماف و ئەرکی کێ چییە ئەوە جێبەجێ بکرێت و بە شێوەیەکی ئاشتییانە بابەتەکانی خۆیان بە گفتوگۆ و دیالۆگ چارەسەر بکەن و دەستوورێکی نوێ دابنرێت کە هەر کەسێک خۆی لەناو ئەو دەستوورەدا ببینێتەوە.
بەڵام پێش ئەوەی ئەم دانیشتنە بکرێت، پێش ئەوەی دەستوور بنووسرێت، لایەنەکانی کە ئەمڕۆ چەک لە دەستیاندایە، بەدوای ئەوەدا دەگەڕێن کە لە مەیدانەکەدا لەسەر خاکی سووریا دەتوانن پێگەیەکی چۆن بەدەست بهێنن کە دەستیان بەهێز بکەن. بەڵام پێویستە هێزی هەرە گەورە، هێزی ئەو کەسە بێت کە خاوەن مافە، واتە کێ مافدار بێت ئەو بەهێزە، دەبێت لەسەر خاکی سووریا یەکسانی هەبێت. تەنانەت چەند ساڵ پێشتر، لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا بەشێک لە کوردەکان خاوەنی ناسنامەش نەبوون و وەک هاووڵاتی نەدەناسران. مافی موڵکدارییان نەبوو، مافی خوێندنیان نەبوو، لە زۆر ماف بێبەش بوون.
بەڵام دوای ئەوەی کە شەڕی ناوخۆی سووریا دەستی پێ کرد، PYD و PKK هێرشیان کردە سەر ئەو کوردانەی دیکەی وەک PDK و بەشەکانی دیکەی ENKS، بەشێکیان لە سووریا دەرکرد، دەستدرێژییان کردە سەریان. ئەمڕۆش واتە هەم لەو سەردەمەی کە هێرشی داعش لەسەر کۆبانێ داوای یارمەتیی لە هەموو کوردان کرد. وتیان، وەرن یارمەتیمان بدەن، داعش کۆبانێی گەمارۆ داوە، دەیەوێت کوردان لەناو ببات، کۆمەڵکوژییەکی گەورە ڕوودەدات. بەڵام دوای ئەوەی کە پێشمەرگە هات، یارمەتیی کوردانی کۆبانێی دا، دوای ئەوەی کە کۆبانێ لە دەستی داعش ڕزگار کرا، دووبارە گەڕایەوە سەر ڕێگای پێشووی خۆی. گەڕایەوە سەر ئەسڵی خۆی و دیسان کوردانی دیکە، ئەو کوردانەی کە سەریان بۆ نەنەواند، بوونیان قبووڵ نەکرد.
دوای ئەوە کوردانی سووریا، پێکەوە بە هەموو جۆرە لایەنە سیاسییەکان، پێکەوە، لەسەر خاکی ڕۆژاوا دەیانتوانی بەڕێوەبەرییەک درووست بکەن، ئەمڕۆ هەلومەرجی ڕۆژاوا بەو شێوەیەی ئێستا نەدەبوو. بەڵام PKK و PYD وتیان با بچووک بێت بەڵام هیی من بێت و ئەمڕۆ باجی ئەوە دەدات.
ئێمە دەڵێین پێویستە ئەو کوردانەی کە لەوێ کۆچیان کردووە، چ هاتوونەتە تورکیا، چ چوونەتە کوردستان (هەرێمی کوردستانی ئێراق)، پێویستە ئەوانیش بگەڕێنەوە سەر خاکی خۆیان. ئەو پێکهاتانەی لە سووریا چی دەبن، هەر کەس بچێتەوە سەر موڵکی خۆی، خاکی خۆی، گوندی خۆی، بگاتە مافی خۆی و ڕژێمێک بەو شێوەیە دابمەزرێت.
کێ بڕیار دەدات؟ مافی ئێمە نییە کە بڕیار لەسەر سووریا بدەین، تەنیا ئەگەر لە دەستمان بێت ئێمە یارمەتییان دەدەین و دەستیان دەگرین، بەڵام دەوڵەتێکی چۆن درووست بکەن و چۆن خۆیان بەڕێوە ببەن، ئەوە بڕیاری گەلی سووریا دەبێت و ئەوان سیستمی خۆیان درووست دەکەن.
ڕووداو: تورکیا دەبێت چۆن مامەڵە لەگەڵ ڕۆژاوای کوردستان بکات؟
زەکەریا یاپیجیۆغلو: بە ڕاستی نەک تەنیا تورکیا، ئێمە دەڵێین ئەمڕۆ ڕژێمی بەعس ڕووخا، بەڵام گەلانی سووریا بە گشتی لەژێر ستەمدا بوون ئەو ستەمە کۆتایی هات، ئێمە بۆ ئەمە سوپاسگوزارین و دەڵێین ئینشاڵڵا ستەمێکی وەها جارێکی دیکە نایەتە سەر هیچ کەسێک. ڕاستییەکەی ڕژێمی بەعس لە ئێراق چۆن ستەمی کرد هەمان ڕژێم لە سووریاش ستەمی لە هەموو گەلی سووریا دەکرد. ئەو دەوڵەتانەی دەوروبەری سووریا کە دراوسێی سووریان، چ تورکیا و چ ئێراق و چ ئوردن و ئەوانی دیکە، دەبێت یارمەتیی گەلی سووریا بدەن.
نەک تەنیا وەک نموونە بڵێین تورکیا تەنیا پشتگیری تورکمان بکات یان حکومەتی بەغدا تەنیا پشتگیری عەرەب یان حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنیا خاوەندارێتی لە کورد بکات. ئێمە هەموومان مرۆڤین و وەک یەکین، پێویستە هەر کەس یارمەتیی هەموو ستەملێکراوان بدات. تورکیا ئەگەر دەستی برایەتی و دۆستایەتی بۆ هەموو پێکهاتەکانی سووریا درێژ بکات، لە ماوەیەکی درێژدا لە بەرژەوەندی تورکیادا دەبێت.
لە ناوچەکەدا هیچ دەوڵەتێک نییە کە تەنیا لە یەک پێکهاتە، لە یەک گەل، لە یەک نەتەوە، یان لە یەک ئایین، لە یەک مەزهەب پێکهاتبێت. واتە لەوێ چی هەبێت، لەم لای سنووریش هەیە، لە بنخەت چی هەبێت، لە سەرهێڵیش هەیە، پێویستە دەوڵەت ئەمە لە بیر نەکات کە ئەو کەسانەی لەوێ هەن هەر چ نەتەوەیەک بن، لە چ باوەڕێک بن، کەسوکاریان، مرۆڤەکانیان، دۆستەکانیان و تەنانەت براکانیان، لەم لای سنووریش هەن، پێویستە هەموویان وەک یەک ببینن، دەستی برایەتی، دەستی دۆستایەتی، دەستی ڕەحمەت و بەزەیی بۆیان درێژ بکەن.[1]