بەشدار موزەفەر
دۆناڵد ترەمپدۆناڵد ترەمپ باس لە پەیوەندی نزیکی خۆی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەکات و دەڵێت: ئەردۆغان لەسەر داوای ئەو هێرشی نەکردووەتە سەر ڕۆژاوای کوردستان.
ڕۆژی سێشمەممە،
07-01-202507-01-2025 ، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژاردراوی ئەمریکا لە شوێنی مانەوەی خۆی لە مارالاگۆی فلۆریدا کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەڤانی ئەنجامدا و تێیدا باسی لە دۆخی سووریا و ڕۆژاوای کوردستانیش کرد.
ترەمپ لە کۆنفرانسەکەدا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیای بە هاوڕێی خۆی ناوبرد و وتی، ئەردۆغان لەسەر داوای ئەو لە ساڵی (2019)دا وازی لە هێرشکردنە سەر ڕۆژاوای کوردستان هێنا.
ترەمپ وتی: سەرۆک ئەردۆغان هاوڕێمە و کەیفم پێدێت. پێم وایە ئەویش ڕێزم دەگرێت. ئەو، ئەو کەسەیە کە وازی لە هەندێک کەسی دیاریکراو هێنا دوای ئەوەی داوام لێی کرد وازیان لێبێنێت، ئێوەش دەزانن باسی کێ دەکەم، کوردەکان.
ترەمپ ڕاشیگەیاند، نازانێت تاوەکوو کەی ئەو دۆخەی ڕەخساندوویەتی بۆ ئەوەی تورکیا هێرش نەکاتە سەر ڕۆژاوای کوردستان بەردەوام دەبێت و وتی: نازانم ئەوە تا کەی بەردەوام دەبێت، چونکە ئەوان [کورد و تورک] دوژمنی سرووشتی یەکدین، ئەوان ڕقیان لە یەکترییە، بەڵام ئەردۆغان تاوەکوو ئێستا ئەوەی نەکردووە [هێرشەکەی نەکردووە]، هەروەها لە ڕابردووش ئەوەی نەکرد. ئەو دەستی پێ کرد، بەڵام پێی وتم، تکایە ئەوە مەکە و ئەویش نەیکرد.
لەبارەی ڕووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن دەستەی تەحریری شام، ترەمپ وتی: ئەگەر سەیری ئەوە بکەیت لە سووریا ڕوویدا، ڕووسیا بێهێز کرا، ئێران بێهێز کرا. هەروەها ئەویش [ئەردۆغان] کەسێکی زۆر زیرەکە و خەڵکی بە شێوە و ناوی جیاواز ڕەوانەی سووریا کرد. ئەوانیش چوونە ناوەوە و دەستیان بەسەردا گرت و شتەکە بەوشێوەیە بوو.
ترەمپ ڕەتیکردەوە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەڤانان لەبارەی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بداتەوە و وتی، ئەوە بەشێکە لە ستراتیژیی سەربازی.
ترەمپ لەبارەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا و ڕۆژاوای کوردستان لە سەردەمی سەرۆکایەتیی خۆیدا زیاتر قسەی کرد وتی: سەربازەکانمان سووریا و تورکیایان دەپاراست. ئێمە لەنێوانیان بووین [نێوان تورکیا و سووریا]. پێنج هەزار سەربازمان هەبوون، لەوێ لەنێوان دوو سوپادا سەرگەردان دەبووین. سوپایەکیان 300 هەزار کەسی بوو، ئەوی دیکەش 500 بۆ 600 هەزار کەسی بوو کە لە ئامادەباشیدابوون. ئێمە پێنج هەزار سەربازمان لەو نێوانەدا هەبوو.
ترەمپ وتی، بە جەنەراڵێکم گوت، پێنج هەزار کەس [سەرباز] لەو دۆخەدا دەتوانن چی بکەن؟ جەنەراڵەکە سەیری کردم و وتی، باش نییە، گەورەم، باش نییە. منیش سەربازەکانم کشاندنەوە. دەزانن چی ڕوویدا؟ هیچ شتێک. ڕەخنەم لێگیرا. ئەوەی ڕاستی بێت ژیانی پێنج هەزار کەسم ڕزگار کرد. ئێمە کارێکی نایابمان کرد و کاری نایابتریش دەکەین، چونکە ئێستا ئێمە ئەزموونێکی زۆر باشمان هەیە و خەڵکمان هەن کە دەتوانم پشتیان پێببەستم.
مانگی 10ی ساڵی
2019 دۆناڵد ترەمپ بڕیاریدا بەشێک لە هێزەکانی ئەمریکا لە هەندێک ناوچەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر نەهێڵێت و زووش سوپای تورکیا هێرشی کردە سەر سنووری سەرێ کانی و گرێ سپی و داگیری کردن.
ئەو کارە ڕووبەڕووی ڕەخنەی بەشێک لە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا و بەرپرسانی پارتی کۆماری و دیموکراتیش بووەوە.
دواتر بە بڕیاری ئیدارەی ترەمپ ئاگربەست ڕاگەیێندرا.
دەقی قسەکانی دۆناڵد ترەمپ
دۆناڵد ترەمپ: تورکیا دوو هەزار ساڵە بە ناو و شێوەی جیاواز بەدوای ئەو وڵاتە [سووریا]یەوەیە. ئەو کەسانەی چوونە نێوەوە، لە تورکیاوە چوون. سەرۆک ئەردۆغان هاوڕێمە و کەیفم پێی دێت، پێم وایە کە ئەویش ڕێزم دەگرێت. ئەو، ئەو کەسەیە کە وازی لە هەندێک کەسی دیاریکراو هێنا دوای ئەوەی داوام لێی کرد وازیان لێبێنێت، ئێوەش دەزانن من باسی کێ دەکەم، کوردەکان. نازانم ئەوە تا کەی بەردەوام دەبێت، چونکە ئەوەی ئەوان [کورد و تورک] دوژمنی سرووشتی یەکدین، ئەوان ڕقیان لە یەکترییە، بەڵام ئەردۆغان تاوەکوو ئێستا ئەوەی نەکردووە [هێرشی نەکردووەتە سەر کورد]، هەروەها لە ڕابردووش ئەوەی نەکرد. ئەو دەستی پێ کرد، بەڵام پێی وتم، تکایە ئەوە مەکە و ئەویش نەیکرد. ئەگەر سەیری ئەوە بکەیت کە لە سووریا ڕوویدا، ڕووسیا بێهێز کرا، ئێران بێهێز کرا. هەروەها ئەویش [ئەردۆغان] کەسێکی زۆر زیرەکە و خەڵکی بە شێوە و ناوی جیاواز ڕەوانەی سووریا کرد. ئەوانیش چوونە ناوەوە و دەستیان بەسەردا گرت و شتەکە بەوشێوەیە بوو.
[1]