ڕەخنەی سەرکردەکانی ئەوروپا و ئێڵۆن مەسک بەرانبەر یەک چڕبوونەتەوە. مەسک ڕەخنە لە سیاسەتی سەرکردەکانی ئەوروپا دەگرێت و دەپرسێت، ئایا دەکرێت ئەوەی بەسەر ئێزدییەکاندا هات، ڕۆژێک بەسەر ئەوروپاشدا بێت؟
ڕۆژی سێشەممە،
07-01-202507-01-2025 ، ئیلۆن مەسک، بەربژێری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا بۆ بەرپرسی فەرمانگەی توانستی حکومەت لە وەڵامی نووسینێکی ژیریی دەستکردی (گرۆک) لەبارەی دەستدرێژی و تووندوتیژییەکانی
داعشداعش بۆ سەر ئێزدییەکان لە ساڵانی ڕابردوو دەپرسێت: ئایا دەکرێت ئەوەی بەسەر ئێزدییەکاندا هات، ڕۆژێک بەسەر ئەوروپاشدا بێت؟
ژیریی دەستکردی گرۆک، لەلایەن کۆمپانیای ئێکسی تایبەت بە مەسک دامەزراوە و پەرەی پێدراوە.
گوتەکانی مەسک دوای ئەوە هاتن ڕەخنەکانی ئەو و سەرکردەکانی وڵاتانی ئەوروپا بەرانبەر یەکدی چڕبوونەوە.
دوێنێ دووشەممە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا و پێشتریش کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و ژمارەیەک سەرکردەی دیکە ڕەخنەیان لە مەسک گرتبوو بەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی بۆ پاڵپشتی پارتە ڕاستڕۆ تووندڕۆکان بەکاردەهێنێت و لەو ڕێگەیەوە کاریگەریی لەسەر ڕووداوە سیاسییەکانی ئەو وڵاتانە درووست دەکات.
پارتە ڕاستڕۆ تووندڕۆکانی ئەوروپا دژی کۆچبەری نایاسایین و مەسکیش هەمان هەڵوێستی هەیە. دوای بردنەوەی ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییدا پاڵپشتیی مەسک بۆ ئەو پارتانە بە لێدوان و لە ڕێگەی بەدەرستخستنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی بۆ ئەو پارتانە زیادی کردووە.
هەفتەی ڕابردوو مەسک ڕایگەیاند، لە لایڤێکدا میوانداری ئەلیس ڤیدل، هاوسەرۆکی پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا کە پارتێکی ڕاستڕۆی تووندڕۆیە دەکات. ئەوەش ناڕەزایەتی بەشێک لە سیاسەتڤانانی ئەوروپا و ئەڵمانیای لێکەوتەوە، بەهۆی ئەوەی بڕیارە ڕۆژی 23ی شوبات هەڵبژاردنی پەڕڵەمانی لە ئەڵمانیا بەڕێوەبچێت.
کۆمیسیۆنی ئەوروپا لە ڕاگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لێکۆڵینەوە دەکەن کە ئایا مەسک لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەیەوە دەستوەردانێکی نادادپەروەرانە لە سیاسەتی وڵاتان، بەتایبەت ئەڵمانیا دەکات یان نا.
کۆمیسیۆنەکە دەڵێت: ئەگەر بسەلمێندرێت مەسک ئەو کارەی کردووە، ئەوا ئەگەری هەیە کۆمپانیاکەی ڕووبەڕووی ژمارەیەک ڕێکار یان سزا ببێتەوە.
مەسک هاوشێوەی ترەمپ کۆچبەران بە مەترسی بۆ سەر ئاساییشی ئەمریکا دادەنێت، ئەوە بۆچوونی پارتە ڕاستڕۆ تووندڕۆکانی ئەوروپایە بۆ کیشوەرەکەیان.
ئێڵۆن مەسک، چی لە ژیریی دەستکردی (گرۆک) پرسیوە؟
ئێلۆن مەسک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی (ئێکس) لەبارەی ئێزدییەکان گفتوگۆی لەگەڵ ژیریی دەستکردی (گرۆک) کردووە.
مەسک لە گرۆکی پرسیووە، چی بەسەر ئێزدییەکان دا هات؟
گرۆک لە وەڵامدا ئێزدییەکان دەناسێنێت و دەڵێت: ئێزدییەکان کەمینەیەکی ئایینی -نەتەوەیین کە لە باکووری ئێراق دەژین و ڕووبەڕووی تووندوتیژی و چەوساندنەوەیەکی زۆر، وەک ڕوونە لە ڕووداوەکانی
2014 بوونەوە.
لە وەڵامی ئەوەی چی بەسەر ئێزدییەکان دا هاتووە، گرۆک باس لەوە دەکات، ئابی
2014 داعش هێرشێکی دڕندانەی کردە سەر کۆمەڵگەی ئێزدی لە ناوچەی شنگالی ئێراق و ئەوەش بەشێوەیەکی گشتی بە جینۆساید دادەندرێت. هێرشەکە بووە هۆی کوژرانی خەڵکێکی زۆر، گۆڕینی ئایین بەزۆر بۆ ئیسلام، کۆیلایەتیی سێکسی و ڕفاندنی هەزاران ژن و منداڵی ئێزدی؛ هەروەها نزیکەی 50 هەزار کەسیش ئاوارەی سەر چیای شنگال و ناوچەکانی دیکە بوون.
گرۆک هەروەها باسی لەوە کردووە، شەش بۆ حەوت هەزار ژن و منداڵی کوردی ڕفێنران و هەزاران پیاویش کوژران. تاوەکوو ئێستاش چارەنووسی دوو هەزار و 700 ژنە کوردی ئێزدی دیار نییە.
ژمارەیەک لە چەکدار و ئەندامانی داعش دوای تێکشکاندنی ڕێکخراوە پەڕگیرەکە لە باشووری کوردستان و ئێراق لە ساڵی
2017 و لە ڕۆژاوای کوردستان و سووریا لە ساڵی
2019 چوونە ئەوروپا. هەروەها ژمارەیەک لە چەکدار و ئەندامانی ڕێکخراوەکە خەڵکی ئەوروپا بوون و هەندێکیان گەڕاونەتەوە. ئەمە بەگوێرەی وەڵامی گرۆک بۆ مەسک.
مەسک دواتر وەڵامەکەی گرۆکی تویتکردووەتەوە و پرسیویەتی: ئایا دەکرێت ئەوەی بەسەر ئێزدییەکان دا هات، ڕۆژێک بەسەر ئەوروپاش دا بێت؟.
[1]