دیار سلێمان
هاوسەرۆکی دەم پارتی ڕایگەیاند، لەبارەی پڕۆسەی چارەسەری، دوو ڕێگەیان لەپێشە، یان ئاشتی یان بە غەززەبوونی تورکیا، ئەم قسەیەش لە شەقامی تورکی کاردانەوەی بەدوادا هات.
تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی دەم پارتی، ڕۆژی یەکشەممە،
05-01-202505-01-2025 لە
ئامەدئامەد وتارێکی پێشکەشکرد. لەبارەی چارەسەرکردنی پرسی کوردەوە ڕووی دەمی کردە حکومەتی تورکیا و وتی، ''یان بەشێوەیەکی ئەرێنییانە دۆخێکی چارەنووسساز ڕوودەدات و ئاشتی بنیاد دەنێین، یان بە شێوەیەکی نەرێنییانە دۆخی چارەنووسساز ڕوودەدات و هەموو شوێنێک دەبێتە غەززە''.
ئەم وتەیەی هاتیمئۆغوڵڵاری لە تورکیا، مشتومڕی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و وەک ''هەڕەشەیەک'' بۆ تورکیا لێکدانەوەی بۆ کرا.
سری سوورەیا ئۆندەر، کە ئەندامی شاندی دەم پارتییە بۆ سەردانی ئۆجەلان لە ئیمراڵی، ڕایگەیاند، ئەحمەد داودئۆغڵو، گوتەکەی هاوسەرۆکی دەم پارتی بەلاڕێدابراوە و وتی، ''ڕوانگەی گشتیی ئێمە بۆ پڕۆسەی ئاشتی، گوزارشکردن نییە لە بەڵا، ئاشتی شتێکی ئاسان نییە. جوانترین شتی دونیایە''.
هەروەها ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئاییندە، سەرکۆنەی گوتەکەی هاوسەرۆکی دەم پارتی کرد و وتی، ''هەر کەسێک بابەتی غەززە لەگەڵ کێشەی کورد لە تورکیا بەراورد بکات، شارەزای مێژوو نییە، شارەزای جیۆپۆلەتیک نییە، شارەزای یاسای نێودەوڵەتی نییە. چونکە تورکیا دەوڵەتێکی داگیرکەر نییە. کورد خەڵکانێک نین هاوشێوەی غەززەییەکان لەژێر داگیرکاریدا بن. ئەوەی لە غەززە ڕوودەدات، کۆمەڵکوژییە. گەلی کوردی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، زیاتر لە هەمووان بەم کۆمەڵکوژییە نیگەرانن''.
دەم پارتی لە هەژماری خۆی لە ئێکس، پەیامێکی لەسەر زاری تولای هاتیمئۆغوڵڵاری بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ''هیچ کەسێک ناتوانێت گوتە و پێداگریمان لەبارەی ئاشتییەوە بەلاڕێداببات. هەموو خەباتێکمان بۆ ئاشتییەکی شەرەفمەندانەیە''.
هاتیمئۆغوڵڵاری گوتوویەتی، ''ئێمە پارتێکین لە ڕێگەی ئەزموونەکانمانەوە دەزانین، لە دۆخێکی وەهادا زمانی کاردانەوە و هەڕەشە هیچ شتێک چارەسەر ناکات''.
ئەو لێدوان و ڕاگەیێندراوانەی بەرپرس و پارتە سیاسییەکانی تورکیا لە کاتێکدایە ڕۆژی
01-10-202401-10-2024، لەلایەن دەسەڵاتی تورکیاوە هەنگاوێک بۆ پڕۆسەی چارەسەری نرا.
هەر پەیوەست بە پڕۆسەی چارەسەری لە تورکیا، ڕۆژی شەممە،
28-12-202428-12-2024، شاندێکی دەم پارتی سەردانی ئیمراڵی کرد و لەگەڵ ئۆجەلان کۆبووەوە.
ڕۆژی دواتر، شاندەکە لەسەر زاری عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەیامێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا جەختی لە بەهێزکردنی برایەتیی کورد و تورک کردەوە.
[1]