بەشدار موزەفەر
کۆمەڵێک ڕێکخراوی ئەمریکی لەبارەی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سووریا ناسراو بە سوپای نیشتمانیی سووریا بۆ سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) نامەیەک ئاڕاستەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دەکەن.
ڕۆژی سێشەممە،
07-01-202507-01-2025 ، هەریەکە لە کۆمەڵەی دۆستانی ئەمریکا -کوردستان، یەکێتیی سریانیی ئەمریکی، هاوپەیمانیی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی ئەمریکی بۆ دیموکراسی، کۆمیتەی نیشتمانیی ئەرمەنیی ئەمریکا، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی هیلینی ئەمریکا، دامەزراوەی بەرگریکردن لە کریستییانەکان، تۆڕی چالاکیی مەدەنی ئیسرائیلی-ئەمریکی و کۆڕبەندی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست نامەیەکیان ئاڕاستەی بایدن کرد.
ڕێکخراوەکان لە نامەکەیاندا باسیان لە دۆخی شاری
کۆبانێکۆبانێ کردووە و نیگەرانیی خۆیان لەبارەی جموجووڵی گرووپە چەکدارەکانی ناسراو بە سوپای نیشتمانیی سووریا لەو سنوورە دەربڕیوە.
لە نامەکەدا هاتووە: داوا لە ئیدارەی بایدن دەکەین هەنگاو بنێت بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی سوپای نیشتمانیی سووریای پاڵپشتیلێکرا و لەلایەن تورکیا بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر.
ڕێکخراوە ئەمریکییەکان داوا دەکەن، ئەگەر تورکیا لە پێشێلکارییەکانی بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بەردەوام بێت، ئەمریکا سزای بەسەردا بسەپێنێت؛ هەروەها ئاماژە بەوەش دەکەن، سوپای نیشتمانیی سووریا تاوانی جەنگ و پێشێلکارییان ئەنجام داوە.
ڕێکخراوە ئەمریکییەکان کۆپییەکی نامەکەیان بۆ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا و جەیک سوڵیڤان، ڕاوێژکاری ئاساییشی نیشتمانی ئەمریکا ناردووە.
لە نامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە: هەژموونە ئیمپیریالیستییەکانی تورکیا لە سووریا متمانەپێکردنی ئەو وڵاتە وەک هاوبەشێکی ناتۆ تێکدەدات و پرسیار دەخاتە سەر پابەندییە نێودەوڵەتییەکانی؛ هەروەها دۆخی حەلەب و منبجیش لە نامەکەدا باسیان لێوە کراوە و ئاماژە بەوە کراوە کە بۆردوومانکردن و تۆپبارانکردنی ئەو ناوچانە بووەتە هۆی ئەوەی زیاتر لە 100 هەزار کەس ئاوارە و دەربەدەر ببن.
ڕێکخراوە ئەمریکییەکان لە نامەکەیاندا داوا دەکەن، ئیدارەی ئێستای ئەمریکا دەستبەجێ ئەم چەند خاڵە جێبەجێ بکات.
1. ئاگربەستێکی بەردەوام فەراهەم بکات کە تێیدا دان بە پێگەی خۆبەڕێوەبەری و یەکپارچەیی خاکی بەڕێوەبەرایتی خۆسەر بنێت؛ هەروەها کۆتایی بە بەهێزکردن پێگەی سەربازی تورکیا لە دەوروبەری کۆبانێ و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بهێنێت.
2. پاڵپشتییەکانی بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات بەردەوام بێت و لەڕووی هەواڵگری، سەربازی و ڕاوێژپێدانەوە یارمەتییەکانی بۆ هەسەدە بەردەوام بێت.
3. سزای تووند بەسەر تورکیا بسەپێنێت، ئەگەر سوور بوو لەسەر ئەوەی هێرش بکاتە سەر کۆبانێ و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کورد.
4. پارێزگاری لە پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی سووریا بکات، لەنێویاندا عەلەوییەکان، دروزەکان، کوردەکان، تورکمان، ئێزدییەکان و کریستییانەکان.
5. بەردەوام بێت لەوەی دەستەی تەحریری شام وەکوو گرووپێکی تیرۆریستی بناسێنێت، تاوەکوو دەستەکە پابەند دەبێت بە دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنان و مافەکانی پێکهاتەکان.
[1]