هاوار عەبدولڕەزاق
وەزیری بەرگریی ئەمریکا، ڕایگەیاند پێویستە ئەمریکا هێزەکانی لە سووریا بهێڵێتەوە تاوەکوو ڕێگە لە بەهێزبوونەوەی داعش لەو وڵاتە بگرێت، هەروەها دەڵێت #هەسەدە# ، هاوبەشێکی باشیان بووە لە سووریا و ڕەنگە لە داهاتووشدا تێکەڵی سوپای سووریا بکرێن.
لۆید ئوستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئەسیۆشەیتد پرێس (AP) ڕایگەیاند، هێشتا هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا پێویستن، بەتایبەتیی بۆ دڵنیابوون لە پاراستنی ئاساییشی کەمپەکانی ڕۆژاوای کوردستان و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، کە بە هەزاران چەکدای پێشووی داعش تێیاندا دەستبەسەرن.
بەگوێرەی نوێترین خەمڵاندنی بەرپرسانی ڕۆژاوا، 8 بۆ 10 هەزار چەکداری پێشووی داعش لەو کەمپانە دەستبەسەرن، کە دوو هەزاریان بە چەکداری زۆر مەترسیدار تەماشا دەکرێن.
لەبارەی داهاتووی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا، ئۆستن لە قسەکانی چوارشەممە (#08-01-2025# )یدا وتی، ئەگەر سووریا نەپارێزرێت، پێم وایە چەکدارانی داعش، دەگەڕێنەوە. پێشموایە هێشتا ئێمە هەندێک کارمان ماوە، تاوەکوو بتوانین فشارەکانمان لەسەر داعش بمێنێت.
ئەمریکا نزیکەی دوو هەزار سەربازی لە سووریا هەیە. پێشتر پێنتاگۆن ڕایگەیاندبوو تەنیا 900 سەربازیان لە سووریا دا هەن، بەڵام لە دوای ڕووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، ئەمریکا بە فەرمی دانی بە زیادبوونی هێزەکانیان لە سووریادا نا.
لە ڕۆژاوای کوردستان و سووریا، هێزەکانی ئەمریکا کاریان لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و لەبارەی ڕۆڵی داهاتووی هەسەدە، وەزیری بەرگریی ئەمریکا دەڵێت هەسەدە هاوبەشێکی باشمان بووە، بەڵام لە خاڵێکدا ڕەنگە هەسەدە تێکەڵی سوپای سووریا بکرێت و دواتریش سووریا کۆنترۆڵی سەرجەم کەمپەکان دەکات و هیوادارین بتوانێت بیانپارێزێت. بەڵام بۆ ئێستا پێم وایە دەبێت ئێمە پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانمان بکەین. [1]