ناونیشانی بابەت: کە ئازادی نەبوو نانیش هەبێ تامی ژەهر دەدات
ناوی نووسەر: #ئەسرین عاسی شوانی#
لە مێژووی ئێراق و رەفتاری دەسەڵاتەکانی ئێراق لەگەڵ کورد، رەنگە نەشزانن نانی سەرشۆڕی و ژێردەستەیی چەند بێتامە. بەرەی دووەم پێیانوایە ئازادی لە نان گرنگترە و مرۆڤ بە لەتەنانێکی نێو ماڵی خۆی قەناعەت بکات زۆر باشترە لە خوانە چەورەکەی ماڵی دوژمن و داگیرکەر و نەیار.
لە ڕاستیدا نان و ئازادی دوانەی پێکەوە گرێدراون، هەر یەک لەو دوانە نەبێت، لێڕەوار دروست دەبێت، بەڵام ئەگەر بپرسین چارەسەر لەم نێوانەدا چییە؟ وەڵام ئەمەیە: بە ڕای من دەستەبەرکردنی ئازادی زۆر گرنگترە لە دەستەبەرکردنی نان، چونکە ئەو نانەی لەسەر خوانی دوژمن و داگیرکەرە، ملکەچی و سەرشۆڕیی لەگەڵدایە، ماوەیەک هەناوت دەحەسێنێتەوە و رەنگە رۆژێک و دە رۆژ تێرت بکات، بەڵام دەبێ ئەوەش بزانیت کە ڕۆژێ دێت، هەمان ئەو دوژمنە سەرچاوەی نانەکەت لێ وشک دەکات و وەک چۆن ئازادی و سەرفرازیی لێ زەوت کردیت، ئاوهاش نانەکەت لێ دەبڕێت، کورد لەمێژە گوتوێتی: گۆشتی لاڕانی خۆم بخۆم، لە منەتی قەساب باشترە.
گەلۆ دەبێ ئەوە بزاندرێ کە دوژمن و داگیرکەر لە ئێراق، تەنیا شوناسی دەگۆڕێت، دەنا رەفتارەکان هەر وەک یەکن، لە شاوە دەبێتە سەرکۆمار و لە عەرەبی سوننەوە دەبێتە عەرەبی شیعە، ئەویان کیمیابارانت دەکات و ئەمیان مووشەکباران، ئەویان گەمارۆت دەخاتە سەر و ئەویان مووچە و بودجەت دەبڕێت.
بیرتان نەچێ، سەرجەم دەسەڵاتدارانی ئێستای ئێراق، کاتێ لە دەسەڵاتدا نەبوون و ئۆپۆزسیۆن بوون، دۆست و هاوسەنگەری ئێوە بوون، کەچی ئێستا کە لە دەسەڵاتدان بە چاوی دوژمن سەیرتان دەکەن. کەواتە ئەقڵی داگیرکاریی برا چاوڕەشەکانمان! هەمان ئەقڵییەتی دەیان سەدەی داگیرکارییە و هەرگیز بیری پێشکەوتن و دەستهەڵگرتن لە داگیرکردن و زەوتکردنی مافی گەلانی ژێردەستە لە فەرهەنگیاندا نییە.
بۆیە باشترین بژارە لەبەردەمماندا، سەرەتا پاراستنی ئەم ئازادییەیە، ئەویش لەڕێی وازهێنانی ناپاکان لە ناپاکی و هەنگاونان بۆ ئاشتبوونەوەی نیشتمانی، دەبێ هەموان بگەڕێنەوە سەر رێچکەی کوردایەتیی راستەقینە و دەستبەرداری بەرژەوەندیی تەسکی حزبی بن و بۆ وەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان کە یەکێکیان گوزەرانی باشە بۆ هاووڵاتیان، هەنگاو بنێن، گەڕانەوە بۆ باوەشی دوژمن لەپێناو نان و مووچە، رێک وەک ئەو باڵندەیە وایە کە لەبن تەپکەیەکدا گەنمی بۆ رۆ کراوە و هێدی هێدی دەچێتە بن تەپکەکە و ئیدی راوچیەکە پەتەکە رادەکێشیت و دەکەوێت بەسەر باڵندەکەدا و ئیتر باڵندەکە بۆ هەتا هەتایە، نەک ئازادی، ژیانیش لەدەست دەدات. [1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!