هێمن عەساف
سەرۆککۆماری تورکیا لە ئاماژەیەکدا بۆ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت: لە ڕێگەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیانەوە ئەو قەوارەیان نەهێشت کە دەیانویست لە باکووری سووریا دابمەزێت. لە هەموو لایەکەوە تێکمان شکاند و شکستمان پێهێنا. بەوەش ڕێگەمان نەدا ڕێکخراوی تیرۆریستیی جوداخواز بە پاڵپشتیی ئیمپریالیزمە ئاغاکانیان لە باشوورەوە تورکیا گەمارۆ بدات.
دوای نیوەڕۆی ڕۆژی هەین #10-01-2025# ، #رەجەب تەیب ئەردۆغان# بەشداریکرد لە هەشتەمین کۆنگرەی ڕێکخستنەکانی ئاکپارتی لە پارێزگای ئایدن و وتارێکی پێشکەش کرد.
لە باسی دۆخی سووریا، سەرۆککۆماری تورکیا ڕایگەیاند، دوای ئەوەی چەکدارانی دەستەی تەحریری شام چوونە نێو دیمەشق، ئێستا بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کە ئەو بە جوداخواز ناوی دەبات، گیری خواردووە و بە دوای خاوەن و سەردەستەى نوێدا دەگەڕێت و وتی: تەنیا دوو بژاردەیان لە بەردەمدایە؛ یان تۆبە لە تیرۆر دەکەن و چەک دادەنێن یان بە چەکەکانیانەوە لەنێودەبرێن.
ئەردۆغان باسی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە باشووری کوردستانیش کرد و وتی: بە ئۆپەراسیۆنی چنگ-قوفڵ لە باکووری ئێراق، دیوارێکی پتەومان لەنێوان قەندیل و وڵاتەکەمان درووستکرد. بەو ئۆپەراسیۆنانەی لەودیوی سنوورەکان کردمان.
ئۆپەراسیۆنی چنگ-قوفڵ لە بەرەبەیاندا لە ڕێکەوتی #18-04-2022# لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستی پێ کرد.
یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کە پێکهێنەری سەرەکیی هەسەدەیە، لەلایەن تورکیاوە بە لقێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دادەنرێت.
تورکیا تاوەکوو ئێستا سێ ئۆپەراسیۆنی زەوینی کردووەتە سەر ڕۆژاوای کوردستان و سووریا. دووانیان بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان بوون لە ساڵەکانی 2018 و 2019 و لە ئەنجامدا هەرێمی عەفرین و سنووری گرێ سپی و سەرێ کانی داگیرکردن.[1]