دیار سلێمان
سەرۆکی ژووری پیشەسازی و بازرگانیی ئامەد ڕایگەیاند، پڕۆسەی ئاشتی کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر ئابووری و گەشەپێدانی باکووری کوردستان دەبێت. ئاماژە بەوەش دەکات، تورکیا لە ڕابردوودا بەڕوونی بۆی دەرکەوتووە، کاتێک هەنگاو بۆ پڕۆسەی ئاشتی دەنرێت، زۆرترین سوودی بۆ ئابووری، دۆزینەوەی هەلی کار و گەشەپێدان دەبێت.
محەمەد کایا، سەرۆکی ژووری پیشەسازی و بازرگانیی ئامەد ڕۆژی هەینی #10-01-2025# میوانی بووڵتەنی کاژێر 15:00ی ڕووداو بوو، لەبارەی سەردانەکەی#ڕەجەب تەیب ئەردۆغان# ، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ ئامەد، پەیوەندییە بازرگانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان لەگەڵ ڕۆژاوای کوردستان و سووریا، کاریگەریی پڕۆسەی چارەسەریی پرسی کورد لەسەر گەشەپێدان و ئابووریی باکووری کوردستان قسەی کرد.
لەبارەی سەردانەکەی ڕۆژی شەممەی ئەردۆغان بۆ ئامەد و پەیامەکانی سەبارەت بە پڕۆسەی چارەسەری، محەمەد کایا وتی، ئەوەی لە سەرۆککۆمارمان چاوەڕێ دەکرێت، ئەوەیە لێدوانەکانی ببنە مایەی بەهێزترکردنی پڕۆسەکە. هەروەها متمانە بە خەڵک بدات بەوەی دەبێتە گەرەنتیکاری ئەم پڕۆسەیە و پشتگیریی لێ دەکات.
سەرۆکی ژووری پیشەسازی و بازرگانیی ئامەد باسی دوایین پێشهاتەکانی ڕۆژاوای کوردستان و سووریای کرد و وتی، ئێستا حکومەتێکی نوێ لە دیمەشق درووستبووە و کەشێکی جیاواز هەیە. ئێستا گرنگترین شت گەشەپێدانی سووریایە و پێویستە شارەکانی ناوچەکە (باکووری کوردستان) کەڵک لەم گەشەپێدانە وەربگرن.
دەقی پرسیار و وەڵامەکان:
ڕووداو: ئەگەری پڕۆسەیەکی نوێی ئاشتی، لەنێو بازرگانەکاندا چۆن لێکدانەوەی بۆ دەکرێت؟
محەمەد کایا: ئەگەر سەیری ئامارەکانی ساڵانی 2013 و 2015 بکەین، دەستکەوتە ئابوورییەکانی ئەو پڕۆسەیە دەبینین. لەگەڵ ئێراق و بە تایبەتیی لەگەڵ هەرێمی کوردستان ئاستی بازرگانیمان لە ساڵی 2014 نزیکەی 14 ملیار دۆلار بوو. ئێمە تەنیا لە 2022 توانیمان ئەو ئاستە بازرگانییەی ساڵی 2014 بەدەستبهێنینەوە. هاوکات هەر لەو ساڵەدا بەرهەمی نێوخۆی تورکیا گەیشتە زیاتر لە 900 ملیار. واتە تورکیا لە ڕابردوودا بەڕوونی بۆی دەرکەوتووە کاتێک هەنگاو بۆ پڕۆسەی ئاشتی دەنرێت، زۆرترین سوودی بۆ ئابووری، دۆزینەوەی هەلی کار و گەشەپێدان دەبێت. لەبەر ئەوە هەنگاوێکی وەها و چارەسەرکردنی پرسی کورد بە ڕێگەیەکی ئاشتییانە، لە ڕووی ئابوورییەوە کەڵک بە هەموو وڵاتانی ناوچەکە دەگەیێنێت. نەوەک تەنیا کاسبکارانی ناوچەکە، کاسبکارانی تورکیا، کاسبکارانی کوردستان و کاسبکارانی سووریاش ئەمە بە باش دەزانن. لەبەر ئەوەی لە ڕابردوودا ئەزموونێکمان هەبووە. ئەو ئامارانە بەئاشکرا نیشانی دەدەن کە ئاشتی چۆن ئابووری پێشدەخات.
ڕووداو: باسی سووریاتان کرد. دەمەوێت لەوێوە بەردەوام بم. پەیوەندییە بازرگانییەکانتان لەگەڵ ڕۆژاوای کوردستان و سووریا لە چ ئاستێکدایە؟ ئێستا لەوێ هەوڵ بۆ دامەزراندنی حکومەتێکی نوێ هەیە و لەوانەیە ڕەوشی کورد لەوێ باشتر بێت. ئاستی بازرگانیتان ئێستا چەندە و لە داهاتوودا چەند دەبێت؟ ئایا پەیوەندیتان هەیە لەگەڵیان؟
محەمەد کایا: کاڵاکانمان دوای ئەوەی لە هەرێمی کوردستانەوە دەچنە نێو ئێراق، دەبرێنە ئەوێ. زیاتر لە 10 ساڵە دەروازەی سنووری نووسەیبین نوێکراوەتەوە، بەڵام بە داخەوە داخراوە. واتە بازرگانیی شارەکانمان، ئامەد، مێردین و باتمان (ئێلیﮪ) لەگەڵ ڕۆژاوا و سووریا لە ڕێگەی دەروازەی سنووری نووسەیبینەوەیە. تاوەکوو دەروازەی سنووری نووسەیبین نەکرێتەوە، ناتوانین بازرگانیمان لەگەڵ سووریا و ڕۆژاوا بگەیێنینە ئەو ئاستەی دەمانەوێت. ئێمە ئەم ماوەیە وەک ژوورەکانی بازرگانیی ناوچەکە کۆدەبینەوە و سەبارەت بە کردنەوەی دەروازەی نووسەیبین لەگەڵ بەرپرسانی حکومەت گفتوگۆدەکەین. بەداخەوە کێشەکە لە تورکیایە. ئێمە لە تورکیا لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی کۆدەبینەوە. ئێستا حکومەتێک (لە سووریا) درووستبووە و کەشێکی نوێ هەیە. ئێستا گرنگترین شت گەشەپێدانی سووریایە و پێویستە شارەکانی ناوچەکەش کەڵک لەم گەشەپێدانە وەربگرن. کاسبکارانی ناوچەکە، کاسبکارانی تورکیا و کاسبکارانی ئێراقیش دەتوانن سوودی لێ وەربگرن. بەڵام لە ئەنجامی شەڕ و گرژییەکانی چەندین ساڵ، ئەم ناوچەیە لەلایەنی ئابوورییەوە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە. پێویستە کاسبکارانی ناوچەکەش سوودی لێ ببینن. ئێمە بەهاوبەشی ئەمە بە حکومەت دەڵێین. دوای ئەو هەموو زیانە، پێویستە کاسبکارانی ناوچەکە لە بنیاتنانەوەی سووریادا دەستپێشخەری بکەن، بە تایبەتیی ئەوەی کە پێویستە، دەستبەجێ دەروازەی سنووری نووسەیبین بکرێتەوە. تاوەکوو ئەو دەروازەیە نەکرێتەوە، بەداخەوە دەرفەتمان نییە کە لە کیلیس یان هاتایەوە بازرگانی بکەین. بۆ ئەوەی ئێمە پەرە بە بازرگانیمان بدەین، پێویستە دەروازەی سنووری نووسەیبین بکرێتەوە.
ڕووداو: واتە با بڵێین ئەگەر لەبەر ئاڵۆزی و ناکۆکییە سیاسییەکان نەبێت، توانای بازرگانیتان لەگەڵ ڕۆژاوا و سووریا چەند دەبێت؟
محەمەد کایا: سەیر بکەن، بەداخەوە تورکیا لە دۆخێکدایە، با هەرگیز لەبیری نەکەین. واتە ئەو شتانەی ئێستا وەک مەترسی تایبەت بە ڕۆژاوای کوردستان سەیردەکرێن، 10 بۆ 15 ساڵ لەمەوپێش بۆ هەرێمی کوردستانیش بەو جۆرە بوو. بەڵام چی ڕوویدا؟ ئەگەر سەیربکەین، هەرێمی کوردستانی ئێراق نەوەک تەنیا لەگەڵ ئامەد، بەڵکوو لەگەڵ هەموو شارەکانی تورکیا بازرگانیی خۆی پێشخستووە. ئێراقیش هەمیشە لەنێو ئەو پێنج وڵاتە سەرەکییانەدایە کە زۆرترین بازرگانی لەگەڵ دەکەین. بەگوێرەی ئامارەکانی ئەم ساڵ، لەگەڵ ئێراق بە بڕی 15 ملیار دۆلار، بازرگانی و هەناردەمان هەیە و ئەم ژمارەیەش لە زیادبووندایە. واتە کاتێک ئەو ترس و نیگەرانییانە نەمان، بازرگانی پێشدەکەوێت. ئێمە هەمیشە دەڵێین، بە ڕێککەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان، هەروەها کردنەوەی دەروازەی دووەم و سێیەم و کردنەوەی دەروازەی وەک نووسەیبین، تورکیا لەگەڵ دراوسێکانی لە باشوور، بەئاسانی دەتوانێت ساڵانە زیاتر لە 50 ملیار دۆلار هەناردە بکات. کاتێک ئەمە کرا، دەردەکەوێت کە ئەو نیگەرانی و بابەتانەی کە وەک مەترسی دەبینرێن، لە جێی خۆیاندا نین. لەبەر ئەوەی ئێمە لە مێژوودا ئەمەمان تاقیکردووەتەوە. بەڵام ئێستا وەک چۆن لەگەڵ هەرێمی کوردستانی ئێراق، پەیوەندییەکی دۆستانە درووست بووە، بە هەمان شێوە دەکرێت پەیوەندییەکی دۆستانە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەک کە لەوێ (ڕۆژاوای کوردستان) درووست دەبێت، درووستبکرێت. لەو ڕێگەیەوە دەتوانرێت پەیوەندییە ئابوورییەکان بەخێرایی بەرەپێشەوەبچن.
ڕووداو: ئەمە دەتوانێت لە سەدا چەندی کێشەی بێکاری لە باکووری کوردستان چارەسەر بکات؟ زیادبوونی هێزی ئابووری و بازرگانی لە سەدا چەند کێشەی بێکاری چارەسەر دەکات؟
محەمەد کایا: سەیر بکەن، ئێستا لە ناوچەکەمان بەپێی ئاماری ناوەندی وڵاتانیOECD ، دوو هێندە زیاتر گەنجی بێکارمان هەیە. ئێستا گرنگترین سەرمایە لە جیهاندا سەرمایەی مرۆییە، واتە چینی گەنج و ئەو گەنجانەی پەروەردە دەکرێن. بەداخەوە ئەم گەنجانەمان بۆ ئەوروپا، ئەمریکا و وڵاتانی دەرەوە کۆچ دەکەن، لەوێ کار دەکەن و هەلی کار بۆ خۆیان دەرەخسێنن. چونکە ئیدی ئەوروپا پێویستی بە چینی گەنج هەیە. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات، ئێمە لێرە دەگەینە ئاستێک کە ناتوانین کرێکار پەیدا بکەین. لەبری ئەوەی ڕێگە بدەین گەنجەکانمان بڕۆن بۆ ڕۆژاوا، پێویستە لێرە هەلی کاریان بۆ بڕەخسێنین. بنچینەی ئەمەش ئەوەیە، ئەگەر لەگەڵ دراوسێکانی باشوورمان بازرگانییەکی باشمان هەبێت، پیشەسازیی ناوچەکە گەشەدەسێنێت.
ڕووداو: سبەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پەیوەست بە کۆنگرەی ئاکپارتی دەچێتە ئامەد. ئێوە وەک ژووری پیشەسازی و بازرگانیی ئامەد، پێتان وایە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان چ پەیامێکی لەبارەی گەشەسەندنی ناوچەکە لەڕووی ئابوورییەوە دەبێت؟
محەمەد کایا: لە کاتێکی وەهادا کە باسی پڕۆسەی چارەسەری دەکرێت و بەڕێز باخچەلی، سەرۆکی پارتی نەتەوەپەرست بانگەوازی لە ئۆجەلان کردووە، بەڕێز سەرۆککۆمار تاوەکوو ئێستا بەڕوونی هەڵوێستێکی لەسەر پڕۆسەکە نەنواندووە و لێدوانێکی وەهای سەبارەت بە پشتیوانیی بۆ پڕۆسەکە نەبووە. بەڕێز سەرۆککۆمار زیاتر لەسەر بابەتی تیرۆر و چەکدانان قسەی کردووە. بێگومان هەر کاتێک دێتە ئامەد، چاوەڕێی ئەوەی لێدەکرێت قسە لەسەر پڕۆسەکە و کاریگەریی ئەرێنیی پڕۆسەکە لەسەر ناوچەکە بکات. چاوەڕێی ئەوەی لێدەکرێت، سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە شەڕ و بەرقەرارکردنی ئاشتی لە ناوچەکە، قسەبکات. لەبەر ئەوە دوای پڕۆسەیەکی شکستخواردوو، لەبارەی پڕۆسەیەکی نوێ دێتە ئامەد و ڕووها کە دوو ناوەندی گرنگی ناوچەکەن، ئەو پەیامانەی لەم شوێنانە دەیاندات، زۆر بایەخدارن. خەڵک لە پڕۆسەی چارەسەریدا بابەتی متمانەیان بە پێشینە وەرگرتووە. سەیر بکەن یەکەم جار سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) کە پاڵپشتیی لایەنە نەتەوەپەرستەکانی بەدەستهێناوە، لێدوانی دا، لەلایەکی دیکەوە عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەیامێکی نارد، کە ئەویش متمانەی کوردی بەدەستهێناوە. ئەمەش وای کردووە چەواشەکاری و بەلاڕێدابردن لەنێو کۆمەڵگەدا کاریگەریێکی ئەوتۆیان نەمێنێت، ئەمە گرنگترین شتە کە لەنێو ئەم پڕۆسەیەدا بەدەستهاتووە. لێرەدا ئەوەی لە سەرۆککۆمارمان چاوەڕوان دەکرێت، ئەو گوتانەی دەیانکات، ببنە مایەی بەهێزکردنی پڕۆسەکە، بەو جۆرەش متمانە بە خەڵک بدات کە دەبێتە گەرەنتیکاری ئەم پڕۆسەیە و پشتگیری لێ دەکات. ئەمەیە کە خەڵک چاوەڕێی دەکات.[1]