ناونیشانی بابەت: هەڵاوسانی ئابووری لە ڕێگەی پرۆژەکانی نیشتەجێبوونەوە قەیرانەکان قووڵتر دەکاتەوە
ناوی نووسەر: #بەهرۆز جەعفەر#
کاتێک بەهەڕەمەکی و بێ پلان پرۆژەی نیشتەجێبوون درووست بکرێ؛ بێ ئەوەی بپرسن کێ دەیکڕێ؟ هەڵئاوسان درووست دەکات. لەکاتێکدا زیادەیەکی ئێجگار زۆر لە شووققەو ڤیەللا لە هەرێمی کوردستان بەگشتی و پارێزگای سولەیمانی زۆر بەتایبەت دا هەیە. وتەبێژی وەبەرهێنان وتی “لێتان ناشارینەوە، ئێمە چەند ساڵە شووققە بۆ عەرەب درووست دەکەین”، ئێستا لە بەسرەوە بۆ بەغدا گۆڕانکارییەکی گەورەو خێرا لە ئاوەدانکردنەوەو درووستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون دا بەڕێوەیە؛ بەجۆرێک مانگانە سەدان ماڵی عەرەب سولەیمانی بەجێدەهێڵن و دەگەڕێنەوە؛ لە بەغدا شەش شاری نیشتەجێبونی نوێ درووست دەکرێ؛ چەندین بەرزە پردی گەورە لە تەواوبووندایە. دەبێ پپرسین؛ ئێوە بۆ کێ یەکەی نیشتەجێبوون درووست دەکەن؟
سادەترین هاوکێشەی ئابووریی بریتی یە لە “خستنەڕوو- عرض” و ” خواست- طلب”، کاتێک خستنەڕوو زیاد بێ (کە لەسولەیمانی زۆر زیادە) ئەوا هەڵئاوسان درووست دەبێ، هەڵئاوسانیش دەردێکی کوشندەی ئابوورییە، سەرچاوەی بێ نرخ بوونی کارو بێکاری و چەندین کارەساتی کۆمەڵایەتیە. خاڵێکی سەرەکی دیکە ئەوەیە، ڕاستە تۆ ملیاردێری، یان ملیۆنێری، بەڵام دواجار ئەو پارەیە پارەی هەموو وڵاتە، سەرمایەیەو هی هەموو بازاڕە، دواجار تۆ کوردیت و لە چوارچێوەیەکی ئابوورییدا ئەو پارەیەی بە تۆیە هەرچۆنێک مامەڵەی پێوە بکەی زیان و قازانجی خۆی هەیە بۆ وڵاتەکە (ئەمە یەکێکە لەو خاڵانەی لە فەلسەفەی ئابوورییدا لە کۆنەوە جەختی لێ کراوەتەوە.
کۆمپانیا یان گرووپێک کۆمپانیا دەبێ لە پێش دا، ئیش لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی هێزی وڵاتی دایک بکاتەوە؛ لە کوردستاندا دەیان کەرت و بواری دیکە هەیە کە تۆ سەرمایەگوزاریی تیا بکەیت؛ لە پێش هەموویانەوە لە ڕووی پیشەسازییەوە، چوونکە یەکێک لە توخمە پێکهێنەرەکانی “ناسیۆنالیزم” بریتی یە لە “پیشەسازیی بوون”، ئەگەر تۆ هەرێمێک یان وڵاتێکی پیشەسازیی نەبیت، دەبێ پشت بەوانی دیکە ببەستی و، بەوەش هەرگیز ناتوانی کێبڕکێی لەگەڵ وڵاتان یان گەلانی دیکەدا بکەی. پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان هزری سیاسیی و سامانی ئابوریی دا هەیە: یەکێک لە پێشەنگەکانی قوتابخانەی ڕیالیزم لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا “فریدریچ لیست –Friedrich List” ە ساڵی (1841) لە ئەڵمانیا کتێبی (The National System of Political Economy) نووسی، باس لە سیستەمێکی نیشتیمانی دەکات لە ئابوریی سیاسی دا، لەبارەی ئەوەی چۆن نەتەوە- نیشتیمانێک دەتوانێت ئاستی سامان و هێزی خۆی بەرزبکاتەوە؟.
لیست، بانگەشەی ئابوورییەکی کۆزمۆپۆلیتی ئەکات (کۆزمۆپۆلەتیک یانی ئایدۆلۆجیایەکە کە هەموو مرۆڤایەتی بە ڕابردوو، بە ئایندەوە، بە هەر نەتەوایەتی و ناسنامەیەکی جیاوازەوە ئینتیمایان بۆ یەک کۆمەڵگه و یەک بازنە هەبێت، بەمانایەکی تر هەموو ئەخلاقیاتێک لەیەک سەرچاوەوە بێت، بە کورتیەکەی سەرمایەداری بەهای هاوبەشە؛ ئابووری دەبێت لەناوخۆدا گرێ نەدرێ بە باج ەوه و قازانجی ئابووری بۆ هەموو کۆمەڵگەی بەشەرییە). لەسەر ئەمە ئەڵمانیا زیندانی کردو ناچاریان کرد واز لە ناسنامەکەی بهێنێت. فریدریچ لیست، زۆر هێرش دەکاتە سەر لیبراڵیستەکان، ناسیۆنالیزمی ئابووری گرێ دەدا بە مانیفاکتۆر ” وەرشەی بچووک” ەوە، بەجۆرێک ئەگەر دەوڵەت یان کۆمپانیا ناوخۆییەکان بوون بە خاوەنی کەرەستەی بچوکی خۆیان یان پیشەسازییەکی سەرەتایی، ئیتر دەتوانن خۆیان بەهێز بکەن و کێبڕکێ بکەن لەگەڵ ئەوانی تردا بکەن، بۆ ئەمەش دەکرێ بەریتانیا وەک لانکەی شۆڕشی پیشەسازی وەرشە و پیشەسازی بچووک هەناردەی ئەڵمانیا بکات، ئەڵمانیەکانیش خۆیان بەهێز بکەن و کێبڕکێی ئەوانی تری پێ بکەن.
دوای دووەمین جەنگی جیهانی، واقعییەت کەوتە خۆی لە فۆڕمی جیاجیادا، یابان بوو بە وڵاتێکی گەشەکردوو، به و ئایدیایەی کە “حکومەت پاڵپشتی سێکتەری مانیفاکتۆر” کرد، یابان بوو بە وڵاتێکی پیشەسازی. لێرەدا، هەرێمێکی بێدەوڵەتی وەک هەرێمی کوردستان، پێگەیەک نییە بۆ پیشەسازی و، هەموو کەرەستە سەرەتاییەکانی لەدەرەوە هاوردە دەکات، هەموو کرێیەکی وەبەرهێنان خۆی دەیدات، نەیتوانیوە سێکتەری وزە و پیشەسازی نەوت و غاز لە چوارچێوەی سیستەمێکی نیشتیمانی دا بەرجەستەبکات. تۆش لەبری دەست بۆ بە پیشەسازیی کردنی وڵات ببەی، دوو دینارت لە پڕێکدا دەستکەوتوەو بووی بە سەردەستە و بەناوی بە بەرهەمهێنانەوە دێیت؛ هەڵئاوسان و جیاوازیی چینایەتی درووست دەکەی!
کەواتە سەرمایەدار، وەکو حکومەتی هەرێم یان وەکو حکومەتی ئێراق، یان وەکو حکومەتی وڵاتەکەی ئەرکی گەورەی لەسەرە کە ڕاست بیر بکاتەوە و، نیشتیمانییانە بیر بکاتەوە. گازپرۆم و ڕۆس نەفت ڕاستە کۆمپانیان و ئیش لەسەر کەڵەگەکردنی سەرمایە بۆخۆیان دەکەن، ئەکسۆن مۆبیلی ئەمریکی و ئینی-ENI ی ئیتاڵی ڕاستە کۆمپانیان، بەڵام دواجار ناتوانن “حەددیان نییە” یەک هەنگاو دژی سیاسەتی نیشتیمانیی وڵاتەکەیان بجوڵێنەوە؛ بەڵکو هێڵی پێشەوەو سەرە-ڕمی دروستکردنی بەرژەوەندیین بۆ ئاسایشی نیشتیمانیی و بەرز ڕاگرتنی ئاستی خۆشگوزەرانی لە وڵاتەکەی خۆیان.
ڕاستییە زانستییەکە ئەوەی سەرەوەیە. ئنجا یان ئەو برادەرانە نایزانن و بە هەڕەمەکی وا دەکەن (ئەمەیان کارەساتە)، وەیان ئەوەیە دەیزانن، بەس ماوەیەکە بەهۆی سزاو چاودێرییەکانی ئیدارەی ئەمریکاوە لەسەر ئێراق، ناتوانن جمووجووڵ بە پارەکانیان بکەن بۆ دەرەوە، هاتوون بەڕێگەی دەیان پرۆژەی نیشتەجێبوون و وێرانکردنی ژینگەو سرووشتەوە، بە پەلە ئەو پارانە سپی دەکەنەوەو، لەناوەوە ساخی دەکەنەوە. هەڵاوسان ڕوویداو، پارەکانیش بەهەدەر چوون، بە دەیان هەزار کەس لە هەرێمی کوردستاندا، شووققەو ڤیەللای کڕیوە بە 300 هەزار و 400 هەزار و 500 هەزار دۆلار و زیاتریش، ئیمرۆکە هەریەک لەوانە لە باشترین حاڵەتدا (80) هەزار و (60) هەزار دۆلار ناکەن، کە بیفرۆشنەوە! دەشوترێ پارە و سامانی نیشتیمانی کوردستان بۆ کوێ چوو؟! [1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!