دیار سلێمان
سەرۆکی پارتی زافەر گفتوگۆکانی پەیوەست بە پرسی کورد و پڕۆسەی چارەسەریی بە پڕۆسەی ئیمراڵی ناوبرد. هەروەها دەشڵیت، ئەوەی ئۆجەلان دەیەوێت، بە تەنیا ئازادکردنی خۆی نییە، بەڵکوو ئازادکردنی هەموو پەکەکەییەکانە.
ئومیت ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی زافەر ئەمڕۆ دووشەممە
13-01-202513-01-2025 بەشداریی لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا کرد و لەبارەی چەند پرسێکەوە قسەی کرد.
لەسەر هەنگاوەکان بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد، ئۆزداغ ڕەخنەی لە حکومەتی تورکیا گرت و ڕایگەیاند، سەرەتا هەڵوێستی تووند و دانانی قەییووم، دواتر تەوقەکردن، سەردانی یەکدی، پاشان دیسان هەڵوێستی تووند. بەم جۆرە سەر لە کۆمەڵگەش دەشێوێنن، پڕۆسەکە بەو شێوەیە بەردەوام دەبێت.
لەبارەی دەوڵەت باخچەلییەوە، سەرۆکی پارتی زافەر وتی، ئێستا مەهەپەییەک هەیە دەڵێت: ئاشتی بۆ هەمووان دەستکەوتە. ڕەوایە باسی ئاشتی لەگەڵ ڕێکخراوی تیرۆریستی بکرێت؟ نابێت شەڕ لەگەڵ تیرۆر بکرێت، با ئاشتی لەگەڵ تیرۆر بەرقەرار بێت.
ئۆزداغ جەختیکردەوە کە دژی پڕۆسەکەیە و ڕایگەیاند، دەبێت تیرۆر لەگەڵی ڕووبەڕوو ببیتەوە. دەبێت تیرۆر خۆی ڕادەست بکات، ئەو ئاشتییەی باسی دەکەن، شتێکە پەکەکە داوای دەکات، ئەویش لە چوارچێوەی مەرجەکانی خۆی، لەنێو دوو کەوانە (پڕۆسەی ئاشتی)، ئەمە لە بەرژەوەندیی ڕێکخراوی تیرۆریستییە، لە بەرژەوەندیی ئیمراڵییە.
سەرۆکی پارتەکە ئاماژەی بەوە دا، گفتوگۆکان لەبارەی ئاشتییەوە تا ئێستا هیچ ناوێکی لێ نەنراوە، باسی لەوەش کرد، ئێمە پێی دەڵێین پڕۆسەی ئیمراڵی.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئۆزداغ ئاماژەی بەوە کرد، ئۆجەلان پڕۆسەیەک قبووڵ ناکات تەنیا باس لە ئازادکردنی خۆی بکات. ئەوەی ئۆجەلان دەیەوێت، ئازادکردنی هەموو پەکەکەییەکانی گرتووخانەکانە.
سەرۆکی پارتی زافەر پێیوایە، ئەوەی لەسەر ڕێکخراوی تیرۆریستی پێویستە، بەبێ هیچ مەرجێک خۆیان ڕادەست بکەن، چەکەکانیان ڕادەست بکەن.
ئەوەش لە کاتێکدایە
01-10-202401-10-2024 هەنگاوێک لەلایەن حکومەتی تورکیاوە لەبارەی چارەسەرکردنی پرسی کورد نرا.
شاندی دەم پارتی ڕۆژی شەممە،
28-12-202428-12-2024 سەردانی ئیمراڵی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان -پەکەکە کۆبووەوە. ڕۆژی دواتر شاندەکە پەیامێکی لەسەر زاری ئۆجەلان بڵاوکردەوە، کە تێیدا جەختی لە بەهێزکردنی برایەتیی کورد و تورک کردەوە.
دوای ئەوە شاندەکە سەردانی بەشێک لە پارتە سیاسییەکانی پەڕڵەمانی تورکیای کرد و لەگەڵیان کۆبووەوە.
ڕۆژی شەممە،
11-01-202511-01-2025 شاندەکە سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپەی لە لە گرتووخانەی ئەدیرنە کرد، پاڵپشتیی دەمیرتاشیان لەبارەی پڕۆسەکە بۆ ڕای گشتی ڕاگەیاند.
شاندەکە بۆ ڕۆژی دواتر سەردانی فیگەن یوکسەکداغی لە گرتووخانەی کاندرا لە کۆجائەلیی تورکیا کرد. یوکسەکداغ لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لە پەیامێکدا پاڵپشتیی خۆی بۆ پڕۆسەکە ڕاگەیاند، جەختی لە گرنگیی ڕۆڵی ئۆجەلان لە پڕۆسەکە کردەوە.
[1]