ناونیشانی بابەت: وزەو گەشەپێدانی بەردەوام لە ئێراق: ئایا دیدگایەک بۆ هەستانەوە هەیە؟
ناوی نووسەر: #بەهرۆز جەعفەر#
پەیمانگەی ئێراقی بۆ حیوار لەگەڵ زانکۆی بەغدا، کۆنفرانسێکی جیهانی لە 1 ی نۆڤەمبەری 2023 بەناونیشانی”التغير المناخي.. انعکاسات الأمن والتنمية” دەست پێکرد. بەنزیکەیی هەموو وەزیرەکانی کابینەی سودانی وتەو پلانی کاری خۆیان لەمەڕ پرسە ژینگەییەکان و ئاسایشی وزەو خۆراک خستەڕوو. باڵوێزەکان، سەرۆک کۆمار، یۆنامی، نوێنەری ئۆپیک، ناوەندەکانی توێژینەوە ئامادەبوون. ئەمە دەرفەتێکی سێ ڕۆژەیی لە بار بوو، تا بە پراکتیک بەدوای ئەوەدا بگەڕێی ئایا ئێراق توانای ئەوەی هەیە ڕووبەڕووی قەیرانە ژینگەیی و داراییەکان ببێتەوە، کە بەهۆی سووتانی گازو نەوتەوە تووشی دەبێت؟ بە واتایەکی تر ئایا ئەوانەی وڵاتەکە بەڕێوە دەبەن، دیدگایەکیان هەیە بۆ ئەوەی قەیرانەکە وەک خۆی ببینن و چارەسەرییەکانی بە ئامانج بگرن؟
کێشەکە هەناردەکردنە نەک بەرهەمهێنان
جارێکی تر، وەزیری نەوتی ئێراق «د. حەیان عەبدولغەنی» باسی ئاستی بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی نەوتی کرد. ئێراق (4.23) ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە بەرهەم دەهێنێ و (3.5) سێ ملیۆن و نیو هەناردە دەکات. لێرەدا گرفتەکەی ئێراق بەرهەمهێنان نییە، بەڵکو هەناردەکردنە، ئێراق نەک چوار ملیۆن و نیو دەتوانێت ئاستی بەرهەمی ڕۆژانەی نەوت بگەیەنێت بە حەوت ملێۆن بەرمیل. بەڵام نایانەوێ «نا-ویسترێ» ببیندرێ، کە گرفتەکە لە هەناردەکردندایە:
– ئێراق، بەتایبەتی سۆمۆ یەکێک لە عەیبە سەرەکییەکانیان ئەوەیە هەر نەوتی خاو هەناردە دەکەن، لەبری ئەوەی پاڵیوگە و پیشەسازیی نەوت بینا بکەن و پێکهاتە نەوتییەکانی دیکەش هەناردە بکەن، بە پێچەوانەوە هەموو ساڵێک لە بودجەی عێراقدا ملیارەها دۆلار تەرخان دەکرێ و کراوە بۆ هاوردەکردنی پێکهاتە نەوتییەکان و پێداویستییەکانی لە هیند و ڕووسیاو چین و… تادوایی. دەبوایە ئێراق ساڵانە ڕێژەیەکی زۆر لە بەرهەمە نەوتییەکان بفرۆشێت نەک بکڕێت!
– ئێراق خۆی خستۆتە ناو گێژەنگێکی جیۆپۆڵەتیکییەکەوە، کە هەناردەکردنی نەوتی لە ڕێگەی دەریای ناوەڕاست (بەندەری جەیهان) ەوە خستۆتە مەترسییەوە. لە ساڵی (1977)ەوە عێراق تووشی ڕووداوی وەها نەبووە (ماوەیەکی کەمی جەنگی کەنداو نەبێت). ئەوەش ڕۆژانە ڕێگیریی کردوە لەهەناردەکردنی (500) هەزار بەرمیل نەوتی کەرکوک و هەرێمی کوردستان.
– ئێراق تووشی گۆڕانێکی ژینگەیی ترسناک بۆتەوە. لە ئێستا بەدواوە کەشوهەوای خراپ چ لە ئێراق و چ لە دەوروبەری، کاریگەریی دەخاتە سەر هەناردەکردنی نەوت.
– ئێراق دەبێ پابەند بێ بە بڕیاری ئۆپیک پڵەسەوە، کە وڵاتانی ئەندام ملیۆنێک و 200 هەزار بەرمیل کەمتر بخەنە بازاڕەوە. بەتایبەتی ئۆپیک لە ئێراق دامەزراوە و ئێراق پێویستە پابەندێتی هەبێت هەر نەبێت بۆ ئەوەی نیشانی بدات توانای سەرکردایەتیی کردنی پرسی نەوتی هەیە.
سەرباری هەموو ئەمانە، نەک هەر ئێراق تەنانەت وڵاتانی وەک چین، ئێران و هیندیش، کە نەوت یان هەر کاڵایەکی دی دەفرۆشن، لەبەرانبەردا دۆلار وەردەگرن! کێ کۆنترۆڵی بەسەر دۆلاردا هەیە؛ بێگومان بانکی ناوەندی و خەزێنەی ئەمریکا. کەواتە هاوسەنگ ڕاگرتنی بازاڕ نەک لە دەست ئێراق بەڵکو لە دەستی ئۆپیکیشدا ڕێژەییە.
تەوەرەکە بەهێز بو… وەڵامەکان لاواز بوون
تەوەری ئاسایشی خۆراک، ئاسایشی ئاو، ئاسایشی ژینگە پێکەوە بوون. لێرەدا وەزیری ژینگە ئەندازیار نزار ئامێدی وتی «کۆنفرانسی نێودەوڵەتی کەشوهەوا بەرجەستەی پەیوەندییە نزیکەکانی نێوان ناوەندە ئەکادیمییەکان و دامەزراوە دەوڵەتییەکانی ئێراقە» ئەم وتەیە دەرخەری بابەتێکی پێچەوانەیە، چوونکە هەر خۆی هەبوونی ڕێژەیەکی زۆری بێکاریی، قەیرانی خۆراک، قەیرانی ئاو و کارەساتە ژینگەییەکان لە ئێراقدا، مانای ئەوەیە کە ناوەندە ئەکادیمییەکان و دامەزراوە دەوڵەتییەکانی ئێراق لەیەکەوە زۆر دووربوون. وەزیر وتیشی، بە پشتبەستن بە ڕێنماییەکانی سەرۆکوەزیران، وەزارەت کۆمپانیایەکی تایبەتمەند دادەمەزرێنێت کە پەیوەندی بە بازاڕەکانی کاربۆن و بازرگانییەوە هەیە، هەروەها بانگهێشتنامەیەک بۆ سەرجەم کۆمپانیا نێودەوڵەتی و نیشتمانییەکان دەنێردرێت کە لەم کەرتەدا کاردەکەن بۆ کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لە یەکەمدا چارەکی ساڵی داهاتوو کە تیشک دەخاتە سەر ڕەوتی نیشتمانی لە وەبەرهێنانی داهاتی کاربۆن و پێشخستنی داهاتی کاربۆن و پشتیوانیکردنی ئابووری سەوز.” ئەمە هەڵەیەکی بنچینەییە، وەک ئەو هاوکێشەیەی ماتماتیک ئەگەر لەسەرەتاوە بە هەڵە هات، ئیتر شیکاری هاوکێشەکە تا کۆتایی لەسەر هەمان هەڵە دەڕوات.
بە پێی ڕاپۆرتی بانکی جیهانی لە (2022) دا، ئێراق بە پلەی چوارەم دێت لە سوتاندنی گازدا! ڕووسیاو ئەمریکاو چین و هیند گاز ئەسوتێنن چونکە پیشەسازیی گەورەو کارخانەی گەورەیان هەیە، ئێراق بۆچی؟ ئەمەش کارەساتی ژینگەیی بەدوای خۆیدا هێناوە. پیسبونی ژینگەو گۆڕانی کەشوهەوا لێکەوتەی ترسناکی وەکو بێ ئاویی و بێ خۆراکی بەدوای خۆیدا هێناوە. بۆیە ئەم پرسە یەکێکە لە هەرە تۆپیکە سەرەکی و مەترسییدارەکانی جیهان، ئێستا لە (2022) دا (40٪) خاکی ئێراق تووشی بە بیابانبون بوەتەوە.
جیهان بەدوای ئەوەوەیە پشت بە کاربۆن نەبەسترێ (ئەگەرچی جەنگی ئۆکراین و قەیران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەمەی ڕاگرتوە) پلانی یەکێتی ئەوروپا بۆ (2050) ئەوەیە بگاتە سفر پشت بەستن بەکاربۆن (Net Zero Carbon)، واتە هیچ دەردانی کاربۆنێک لە بەرهەمێک یان خزمەتگوزارییەکەوە بەرهەم ناهێنرێت. زیاتر لە حەفتا ساڵە گڕی ئاگری زەمبور و باباگوڕگوڕ دەچێ بە ئاسماندا، بە بەهای سەدان ملیار دۆلار گورزی لە ئابوریی ئێراق وەشاندوە، لایەنە ژینگەییەکەشی لەولاوە بوەستێ. چۆن چۆنی پاڵپشتی لە وزەی سەوز -Green Energy دەکرێ، لەکاتێکدا تەکنەلۆژیای ژینگەیی لە ئیراق نییە. تەنانەت لە ڕووی تەکنیکی دەرهێنانی نەوتیشەوە، دوای سەت ساڵ لە تەمەنی دەوڵەتی ئێراق، هێشتا پشت بە کۆمپانیاو دەوڵەتانی بیانی دەبەستێ؛ لە نۆڤەمبەری 2016 داعش بۆڕییەک و سێ بیری نەوتی لە کێڵگەی گەیارەی موسڵ تەقاندەوە، بەوهۆیەوە (21) بیرى تەواوەتى لە کێڵگەکەدا لە کەڵک و بایەخ خران، ئاگر و گڕە ژەهراوییەکەى بۆ ماوەى (8) مانگ بەردەوام بو، ئێراق نەیتوانی ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکات، داوای هاوکاری لە «کوەیت» کرد. لە ئەنجامدا چەندین جۆرى ماددەى وەها پیس خرایە ژینگەوە، کە وڵاتێکى گەورەى پیشەسازی لە ساڵێکدا ئەوەندە زیان بە ژینگە و پیسبونى هەوا ناگەیەنێت.
بەمدواییە، بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی ئێراق، بانگەشەی زیادبوونی یەدەگى گازی سروشتی دەکەن، کە بە (126.7) تریلیۆن پێ سێجا دەخەمڵێنرێت. لەکاتێکدا وڵاتەکە ساڵانە (700) ملیۆن پێ سێجا گاز بە خۆڕایی دەسوتێنێت و بە فیرۆى دەدات! پرسیارەکە ئەوەیە ڕووسیاو ئەمریکاو وڵاتانى گەورەى پیشەسازیی دیارە کە بۆچى ئه و گازە دەسوتێنن، ئەى ئێراق لە پێناو چى دا؟
سەرباری ئەوەش، ساڵانە بە ملیۆنەها مۆلیدەى کارەبایی دێتە ناو ئێراقەوە. هەندێکجار بەیەکەوە لە (14) پارێزگاى ئێراق هیچ جۆرە کارەبایەکیان لە گەرماى هاویندا نییە! بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی حوڕە لە زاری مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی پێشوەوە، لە دواى ساڵى (2023) ەوە (81) ملیار دۆلار بۆ کارەبا خەرج کراوە! کەچى هێشتا لە ساڵى (2023) دا ئێراق بۆ خۆى کەمتر لە ( 21000) هەزار مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێ بەڵام پێویستى بە (32000) هەزار مێگاواتە (واتە نزیکەى 40٪ ى کارەبا لەدەرەوە بەتایبەتی ئێرانەوە هاوردە بکات). حکومەتی ئێراق بە نرخی گرانتر لە بازاڕ گاز بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە دەرەوە هاوردە دەکات، بەڵام ڕێگە بەخۆى نادات لەناو وڵاتەکەى خۆیدا “کێڵگەى کۆرمۆر” بپارێزێت و گاز لە سنورى حکومەتى هەرێمەوە بۆ دابین کردنى کارەباى ناوەڕاست و خوارووى ئێراق ببات!
کێشە کەڵەگەبوەکان بە دیدگای کۆن چارەسەر نابن
لەیەکەم ڕۆژی کۆنفڕانسەکەدا، سەرۆک کۆماری ئێراق د. لەتیف ڕەشید وتەو تێگەیشتنی خۆی خستە ڕوو: «ئەمە ئێراق لە دەیەکانی ڕابردوودا تووشی ئاڵەنگاریی زۆربوەتەوە، بەهۆی سیستەمی زۆردارییەوە، بەهۆی شەڕی داعشەوە، بەهۆی گرتنەوەی ئاو لەلایەن وڵاتانی کە ئاوەکەیان لێوە هەڵدەقووڵێ و، بەهۆی ئەوەی قەیرانی ژینگەو پیسبوون بابەتێکی جیهانییەو، ئیتر ئێراقیش تووش بوە. کە تووش بوە هۆیەکەی غازاتە، غازاتی پیس کە دوانۆکیسدی کاربۆنە، ئەمەش پیسبونی درووستکردوە، وەرزەکان تێکچون، لەهەندێ شوێن لافاو و لە هەندێ شوێن بیابانبونی لێکەوتۆتەوە» ئەمە بە گشتی قسەکانی سەرۆک کۆمار بوو، کە هەم شێوازی دیاریکردنی گرفتەکە، هەم نەبوونی ڕوانگەیەک کە نیشانی بدات ئێراق بۆ ڕووبەڕووبونەوە هەنگاوی هەڵگرتوە، دەری خست بەرپرسانی وڵاتەکە لە سەرەوە بۆ خوارەوە بەرپرسیارێتی چارەسەرکردنی کێشە هەنووکەییەکان لە خۆیان دوور دەخەنەوە.
دێڕەکانی کۆتایی
دێڕەکانی کۆتایی ئەوەیە، قەیرانەکانی کارەبا، ژینگە و بە فیڕۆدانی گازی سرووشتی و نەوتی ئێراق بوون بە مۆتەکەی ئێراق، هەر کابینەیەک دێت دەڵێ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە پێویستی بە (3 تا 5) ساڵە، تا ئەوەی کابینەکە دێت و دەڕوات، بەڵام گرفتەکان کەڵەگەتر دەبن. پەرەگرافەکانی سەرەوە دەرخەری ئەوەن، کە ئەم کابینەیەش ڕوانگەیەکی قووڵ و گشتگیریی بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە نییە، بەڵکو وەکو دەستکەوت « غەنیمە» تەماشای پۆست و پێگەی دەوڵەتییانەی دامەزراوە ئێراقییەکان دەکەن. [1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!