ساڵح قادر
#ئیلهام ئەحمەد# ، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە پانێلێکدا لە پەڕڵەمانی بەریتانیا ڕایگەیاند، پێشکەوتنی گەورە لە دیالۆگی نێوان کورد هەیە و هیوادارن لە ماوەیەکی نزیکدا مژدەیەک بدەنە کورد.
ئیلهام ئەحمەد لە پانێلێکدا کە لەلایەن مەڵبەندی پێشکەوتنی کوردییەوە لە پەڕڵەمانی بەریتانیا ڕێکخرابوو، باسی لە دۆخی ڕۆژاوا، پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و سوپای نیشتمانیی سووریا (ئەو هێزانەی تورکیا پشتیوانییان دەکات)، دیالۆگی نێوان ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا (ئەنەکەسە) و پارتەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کورد (پەیەنەکە) کرد.
ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد، دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە هەموو ناوچەکانی دەرەوەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا (ڕۆژاوا) شەڕ وەستاوە، بەڵام بەپێچەوانەوە دۆخی ئەمنی لە ناوچەکانی ئەوان بەهۆی هەنگاوەکانی تورکیاوە بەداخەوە خراپتر بووە و حکومەتی ئەنقەرە ڕێگە نادات دۆخەکە باشتر ببێت.
ئیلهام ئەحمەد وتی، هیوادارن پەیوەندییان لەگەڵ دەستەی تەحریری شام (هەتەشە) کە وەکوو دەسەڵاتێکی دیفاکتۆ لە دیمەشق دانی پێدانراوە، بەردەوام بێت و لەمەودوا لە سووریای نوێدا هەموو پێکهاتەکان بە شێوەیەکی درووست لە حکومەت نوێنەرایەتییان هەبێت.
گۆڕانکارییەکانی سووریا لە #07-10-2023#ەوە دەستی پێ کرد
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، پێیوایە هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە #07-10-2023# لە پشت گۆڕانکارییە خێراکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەتایبەتیی سووریایە.
ئیلهام ئەحمەد وتیشی، دۆخی ئێستای سووریا کاتییە و چاوەڕێ دەکەن لە زووترین کاتدا کۆنفرانسێکی دیالۆگی نیشتمانی ببەسترێت.
تورکیا لە دژایەتییەکی گەورەدایە
ئەو بەرپرسەی ڕۆژاوای کوردستان سەبارەت بە پڕۆسەی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا وتی، تورکیا لە دژی کورد چ لە ئاستی وتار و چ لە مەیدانیشدا سیاسەتێکی زۆر دوژمنکارانە پەیڕەو دەکات. ئەمەش دژایەتییەکی گەورەیە لەنێو خۆیدا.
ئیلهام ئەحمەد باسی لەوە کرد، شەڕێکی نائاساییان لە دژی داعش کردووە و هێشتاش لە مەیداندا درێژە بەو شەڕە دەدەن. هەروەها وتی، توانیویانە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا سیستەمێکی دیموکراسی درووستبکەن، بەڵام تورکیا ڕێگە نادات گەشە بکات.
هەوڵی هاوپەیمانیی نێوان کورد دەدرێت
هەوڵەکان بۆ ئەوەی کوردی ڕۆژاوای کوردستان بە یەک وتار ڕوو لە دیمەشق بکەن، بەردەوامە. دوایین هەوڵیش سەردانی د. عەبدولحەمید دەربەندی، نوێنەری سەرۆک مەسعود بارزانی بوو بۆ ڕۆژاوای کوردستان، کە لەگەڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و دەستەی سەرۆکایەتی ئەنەکەسە بەجیا کۆبووەوە.
ئیلهام ئەحمەد وتی، کوردی ڕۆژاوا لە دیالۆگێکی جیددیدان بۆ پەرەپێدانی هاوپەیمانی لەنێوان خۆیاندا، لەو ڕووەوە پێشکەوتنی گرنگ بەدەستهاتوون. هاوکات دیالۆگ لەگەڵ کوردی پارچەکانی دیکەی کوردستانیش هەیە. ئەم دیالۆگە زۆر چارەنووسسازە. هیوادارین لە نزیکترین کاتدا مژدەی (ئەنجامی دیالۆگەکە) ببیستن.
سووریای نافیدراڵی ئاشتی تێدا نابێت
بەرپرسەکەی ڕۆژاوا جەختی لەوە کردەوە، بۆ درووستکردنی زەمینەیەکی دیموکراسی لە سەرتاسەری سووریا و لەنێوان پێکهاتەکانی دیکەدا، جگە لە کورد، سووریایەکی فیدراڵی زۆر پێویستە و وتی، ئاشتی بەرقەرار نابێت، ئەگەر سووریا فیدراڵی نەبێت. بەپێچەوانەوە سووریایەکی ناوەندی ئاگری شەڕی ناوخۆ هەڵدەگیرسێنێتەوە. وتیشی: سووریایەکی فیدراڵی، ئاساییش، ئارامی و ئاشتی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.[1]