ناونیشانی بابەت: سەید محەمەدی سەفایی.. بۆچی لە زیکری تەکێی شێخانەوە چووە کۆڕی سترانبێژان؟
ئامادەکردنی: #عەزیز مورادی#
کوردستان لانکەی چڕین و گۆرانییە؛ ناوەندی هۆرە و سیاچەمانە و بەیت و حەیرانە. تا ئێستاش کووچە و کۆڵانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پڕن لە چریکە و گۆرانیی #سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی#، #حەسەن زیرەک#، محەمەدی #ماملێ# و #گرووپی کامکارەکان#.
لەپاڵ ئەم کەڵەهونەرمەندانە، زۆر هونەرمەندی دیکە هەن، کە دنیای گۆرانیی کوردییان ڕەنگینتر کردووە و تەمەنیان لەپێناو هونەر و شاییبەخشین بە خەڵک بەخت کردووە، کە یەکێکیان سەید محەمەدی سەفاییە. ئەم هونەرمەندە ئەستێرەیەکی درەوشاوەیە لە ئاسمانی مۆسیقا و گۆرانیی ڕەسەنی کوردیدا.
لەناو خەڵک وا بڵاو بووەتەوە، کە گوایە سەید محەمەدی سەفایی پێشتر لە تەکیەی شێخێکی بەناوبانگی کوردستان دەروێش بووە، سەفایی حەز لە کیژێکی زۆر جوان دەکات و شێخ دەنێرێت بۆ خوازبێنیی کچەکە؛ بەڵام کاتێ شێخ دەچێ و دەبینێ کچەکە زۆر جوان و نازدارە، خۆی حەزی لێ دەکات و بۆ خۆی داوای دەکات، ماڵی کچەکەش بەهۆی شێخایەتی و دەوڵەمەندییەوە، کچەکەیان بە شێخ دەدەن، بۆیە سەید محەمەد سەفایی تووڕە دەبێت و دەست لە دەروێشی هەڵدەگرێت و بڕیار دەدات لە ڕقی شێخ ببێت بە گۆرانیبێژ و دەچریکێنێ:
ڕیشەکەم تاشی پرچەکەم لە بێخ
بەرماڵ و تەزبیحم ناردەوە بۆ شێخ
وتم یا شێخ گیان من تۆبە ناکەم
بەڵکوو تا جوانم، یەکێک پەیا کەم
تەنانەت ئەو دەفەی تا کۆتایی ژیانی گۆرانیی پێ دەگوت، هەمان دەفی زەمانی دەروێشیی بووە، وەک تۆڵەکردنەوەیەک لە شێخەکەی.
(محەمەد ئەحمەدی) ناسراو بە سەید محەمەدی سەفایی ساڵی 1933 لە گوندی (بلووز)ی سەر بە سەفاخانەی ناوچەی هەوشار لەدایک بووە. باوکی ناوی سەید مستەفا بووە و سەر بە بنەماڵەی پیرخدری شاهۆ بوون. باوکی چوار ژنی هەبووە، بەڵام سەید محەمەد لای باوەژنی گەورە دەبێ.
ماڵباتەکەیان خاوەن تەکیە بووە، بۆیە سەیدمحەمەد هەر لە تەمەنی گەنجێتییەوە دەبێتە دەروێش و لەگەڵ خۆی مەلایەک و چەند دەروێش و دەفێک دەبات و گوند بە گوند خەریکی دەفژەنین و ئامۆژگاریی ئایینی دەبن، بەڵام ئەنجامی نابێ و لە ماڵی (حەمەسدیق خان)ێک لە باشووری کوردستان دەستەبەرداری دەروێشی دەبێ و دەست دەکات بە گۆرانی چڕین.
ئەم هونەرمەندە خاوەن جووڵە و ستایلی تایبەت بە خۆیەتی، کە پێشتر لە کاری هیچ هونەرمەندێکی دیکەی کورد نەبینراوە. لە تاران لەگەڵ حەسەن زیرەک ماڵێک لە شەقامی (ئاریانا)ی تاران بە کرێ دەگرن و لە ڕادیۆی کوردیی تاران گۆرانی دەچڕن. ماوەیەکیش لە #کرماشان# لەگەڵ حەسەن زیرەک پێکەوە دەبن لە ڕادیۆی کوردیی کرماشان.
سەید محەمەد سەفایی بۆ ماوەی ساڵێک دەچێتە بەغدا و لەگەڵ حەسەن زیرەک و #تایەر تۆفیق# و #عەلی مەردان# لە ڕادیۆی کوردیی بەغدا دەچڕن و بە قسەی خۆی عەلی مەردان زۆر یارمەتیدەری بووە لە فێربوونی گۆرانییەکانیدا.
سەید محەمەد سەفایی لە ژیانیدا سێ جار هاوسەرگیریی کردووە و لە چەندین شاری وەکوو تیکاب، شاهین قەڵا، #بۆکان# و #سەقز# ژیاوە. زیاترین گۆرانییەکانی لەناو ماڵ و دیوەخانەکانی ناوچەی (هەوشار، تیلەکۆ و هەوەتوو) تۆمار کردووە. گۆرانییەکانی فۆلکلۆرن و لە زیندووکردنەوەی گۆرانییە فۆلکلۆرییەکاندا دەستێکی باڵای هەبوو و تا ئێستا زیاترین گۆرانییەکانی لە لایەن هونەرمەندانی دیکەوە لە کۆڕ و شایی و زەماوەندەکاندا دەگوترێنەوە.
لە گۆرانییەکانیدا گرنگیی داوە بە شێوەزاری ناوچەی تیکاب و دەوروبەری. زەوق و کەیفخۆشی لەگەڵ دەف و فەقیانەی سەر چۆخەورانەکەکەی بوون بە بەشێک لە گۆرانییەکانی، بەڵام هەندێ جار لەگەڵ هونەرمەندانی دیکەی وەکوو ڕەشید فەیزینژاد، فەردین تاهیری، ڕەسووڵ میرزاپوور، عەلی عابدی و عوسمانەسوور گۆرانییان چڕیوە.
(تەنکەوتەنک)، (پەپووسڵێمانی)، (ئەرێ لەیل)، (هاتەوە وهاتەوە)، (شارەزوور)، (دەم کوڵ)، (یارم خۆش ئەوێ)، (سەید زادە)، (کاکە دەچمە بەردەڕەش) و (لۆرکێ) بەشێکن لە گۆرانییە ناسراوەکانی ئەم هونەرمەندە.
سەید محەمەد سەفایی لە کۆتایی ژیانیدا تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە دەبێ و نزیکەی ساڵێک بەدەست ئەو نەخۆشییەوە دەناڵێ، بەڵام دواجار لە ساڵی 1996 بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە گۆرانی و چڕین دەکات و لەناو ئاپۆرای خەڵکی شاری سەقز و دەوروبەری لە گۆڕستانی شانازی ئەو شارە دەنێژرێت. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=