دلبخوین دارا
وەلید فارس، ڕاوێژکاری پێشووی کەمپەینی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ دەڵێت: ترەمپی ئەم جارە جیاواز دەبێت لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی و چاوەڕێی خولێکی ستراتیژی دەکەین بۆ ئیدارەکەی.
لەم هەڤپەیڤینەی لەگەڵ ڕووداو، فارس باسی پەیوەندیی نێچیرڤان بارزانی و دۆناڵد ترەمپ، هەڵوێستی سەرۆکی ئەمریکا لە ئەگەری هێرشی تورکیا بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان، مامەڵەی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ ئەحمەد شەرع، ڕێککەوتنی ئەتۆمی و چەند پرسێکی دیکە دەکات.
لەبارەی پرسی کورد، ئەو ڕاوێژکارە ئاماژەی بەوە کرد، بەڕاستی پەیوەندی سرووشتی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و پێکهاتەی کورد بەتایبەتیی لە ئێراق و دواتر لە سووریا، پێویستی بە بیرهێنانەوە نییە، ڕای گشتی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتیوانی بنەمای مافی گەلی کورد و هاوپەیمانەکانیان دەکات لە کەمینە نەتەوەیی یان گرووپە نەتەوەییەکانی دیکەی ناوچەکە کە ئاساییشیان هەبێت. ئەمە گرنگترین شتە.
ئەو دەشڵێت، با لە وەزارەتی دەرەوە دەستپێبکەین: وەزیری نوێ مارکۆ ڕۆبیۆ یەکێکە لەوانەی باسی پێویستی پاراستن و دابینکردنی پاراستنی گەلی کوردی کردووە لە ناوچەکەدا بەتایبەتیی لە ئێراق و سووریا، مێژوویەکی لەم لێدوانە هەیە.
وەلید فارس باسی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت: بۆ ئەمریکا هەرێمی زۆر تایبەتە.
هەروەها لەبارەی دیداری نێچیرڤان بارزانی و دۆناڵد ترەمپ لە داڤۆس و پاریس ڕایگەیاند، لەم وێنەیەوە دەرکەوت کە تێگەیشتنێک لەسەر ئاستی کەسی هەیە و ئەمەش زۆر گرنگە. دەرکەوت کە پشتیوانییەک هەیە چ لەم کۆنگرێسە یان لە ڕای گشتی ئەمریکیدا بۆ پێویستی نزیککردنەوەی زیاتری پەیوەندییەکان. چونکە سەرۆکی کوردستان پێگەیەکی زۆر تایبەتیی هەیە لە ناوچەکەدا، دەتوانێت ڕۆڵی لایەنی پشتیوان ببینێت لە هەر دانووستانێکی ئاشتیدا نەک تەنیا لەنێوان ئیسرائیل و عەرەب، بەڵکوو باسی ئێراق و سووریا و تورکیا و وڵاتانی دیکە دەکەین. ئەمە ئێستا دەرکەوتووە. بێگومان دوای ئەوەی سەرۆک ترەمپ دەچێتە کۆشکی سپی، دەبێت چاودێری ئەم پەیوەندییانە بکرێت کە بە بۆچوونی ئێمە لانی کەمی مسۆگەرە، بەڵام ئەمڕۆ ئەوە بەس نییە و زۆرتر داواکراوە، چونکە قەیرانەکان لە ناوچەکە گەورەن.
ئەمریکا پاڵپشتی سەرەکیی #هێزەکانی سووریای دیموکرات# -هەسەدەیە. لەبارەی بەردەوامیی هاوکارییەکانی ئیدارەی ترەمپ بۆ ئەو هێزە، وەلید فارس دەڵێت: ئەمە بابەتێکی تایبەت بە ئاساییشی نەتەوەیی ئەمریکی بووە سەرەڕای هەر ئیدارەیەک، چونکە پابەندبوونێکی ئەمریکی هەیە بە ئیدارەی ئێستا و بێگومان ئیدارەی داهاتووش بە چەندین بابەتەوە. یەکەم، هاوبەشی لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەم دەسەڵاتە خۆجێییە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، واتە هەسەدە، کە بەشێوەیەکی بنەڕەتی و گەورە بەشداربوو لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش.
دەقی هەڤپەیڤینی ڕووداو لەگەڵ وەلید فارس
ڕووداو: سەرەتا دەمەوێ ئەو بزانم ئایا دۆناڵد ترەمپی نوێ جیاوازی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپی پێشوو دەبێت؟
وەلید فارس: بەڵێ، ئیدارەی سەرۆک ترەمپ لە خولی دووەمدا کە دوای چەند ڕۆژێک دەست پێ دەکات، جیاواز دەبێت لە خولی یەکەمی، چونکە لە خولی یەکەمدا قەیرانی نێوخۆیی لە واشنتن هەبوون کە ڕێگربوون لە جێبەجێکردنی هەموو ئەو پلانانەی هەیبوون. سەرەڕای ئەوەی وەکوو دەزانین دەستکەوتی گەورەی لە بواری سیاسەتی نێوخۆیی و ئابووری و دەرەکیدا هەبوو، بەڵام خولی دووەم دا زۆر وانە هەیە فێریان بووە، بۆیە چاوەڕێی خولێکی دووەمی ستراتیژی دەکەین بۆ ئیدارەی دووەمی ترەمپ.
ڕووداو: ئایا تیمی دۆناڵد ترەمپ شارەزای ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستن؟ ئایا ئاگاداری سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستن؟
وەلید فارس: پرسیارێکی زۆر باشە. بەختی ئەوەم هەبووە کە خۆم زۆربەی ئەوانە دەناسم کە لە ناوەندی بڕیاری سیاسەتی دەرەوە و ئاساییشی نەتەوەییدان. تەنیا باسی چەند پۆستێک دەکەم: وەزیری بەرگریی نوێ کاتێک کۆنگرێس پەسەندی دەکات، دەیناسین و تێڕوانینی بۆ ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەزانین. هەروەها ڕاوێژکاری ئاساییشی نەتەوەیی دەناسین، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەیناسێت و خزمەتی لەو ناوچەیەدا کردووە. بەرپرسی نوێی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە کۆشکی سپی باش دەناسین و بیروباوەڕی سەبارەت بە مەترسییە تیرۆریستییەکان دەزانین، هەروەها سەرۆکی دەزگاکانی دیکەش. دەتوانم وەکوو ڕاوێژکاری ترەمپ لە هەڵمەتی هەڵبژاردنی یەکەمدا ئەوە بڵێم کە ئەم تیمە زیاتر لە هەر تیمێک کە من ناسیبێتم یان گەلی ئەمریکا ناسیبێتی، شارەزای ناوچەکەن. ئێستا سەبارەت بە دۆخی ئێستا، بێگومان سەرۆک ترەمپ پێویستی بە تیمێکی لەم جۆرەیە، پۆڵایین و بەتوانا، چونکە دۆخەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست زۆر گۆڕاون. دۆخەکان ئەمڕۆ زۆر قورسترن لەوەی کاتێک لە ساڵی 2017 هاتە کۆشکی سپی. بەڵام بڕوام وایە سەرەڕای هەموو ئەو دۆخە زۆر قورسانە، بەتایبەتیی ئەوەی لە ناوچەی مانگی بەپیت ڕوودەدات، واتە ئێراق و سووریا و لوبنان و شەڕی غەززە و هەموو ئەم دۆسیانە قورسترن لە جاران، بەڵام ئەم تیمە بەبڕوای من تێدەگات لەوەی ڕوودەدات و چاودێری ڕووداوەکانی کردووە و ئامادەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان.
ڕووداو: ئەوانەی دەبن بە بەرپرس لەنێو ئیدارەی ترەمپ دا، ئایا هەمان هەڵوێستی خۆیان دەپارێزن کە پێش وەرگرتنی ئەو پۆستانە هەیانبووە؟
وەلید فارس: یەکەم، لەسەر ئاستی ناسینی کەسی، بەتەواوی دەزانم کە هەموو بیرکردنەوەیەک گۆڕانکاری بەسەردا دێت. هەر کەسێک لە پۆستە باڵا و نەتەوەییەکاندا دابمەزرێت، وەکوو ئاساییشی نەتەوەیی و پەیوەندییە دەرەکییەکان و وەزارەتی دەرەوەوە و بەرگری و کۆشکی سپی و دەزگا هەواڵگرییەکان و تاوەکوو باڵیۆزی نوێ لە ئەنجوومەنی ئاساییش، بێگومان دەزگا نەتەوەییە ئەمنییە ناوخۆییەکانیش، ئەوانە هەموویان پێشتر پێکەوە کاریان کردووە. گرنگترین شت کە دەیڵێم ئەوەیە کە هەموویان سەرچاوەی مەترسی تێدەگەن بەتایبەتیی لەسەر هاوبەشەکانمان لە ناوچەکە لە عەرەب و ئیسرائیل، دەکرێت ئەمڕۆ بڵێین لە کورد و گرووپەکانی دیکە و کۆمەڵگە مەدەنییەکان. ئەمە شتێکی زۆر گرنگە تاوەکوو سەرۆک ترەمپ بتوانێت بڕیاری ژیرانە بدات، کە ناکۆکی نێوخۆیی لەسەر بیروڕا ستراتیژییەکان نەبێت. ئەمە شتێکە بە بڕوای من دەبێت گەلانی ناوچەکە پێی دڵخۆش بن. بەڵام وەکوو وتم، ئیدارەی پێشوو کە ئێستا کۆتایی هات ساڵانێکی زۆر سەختی هەبوو کە تێیدا ڕووخانی ئەفغانستان، گەڕانەوەی تاڵیبان، تاڵیبانیش نزیکەی وەکوو داعشن، ئەندامانی داعشن، ئەوەی لە ئۆکراینا ڕوویدا، شەڕی ئۆکراینا، بێگومان ئەو شەڕانەی دوای حەوتی ئۆکتۆبەر، هەموو ئەمە دۆخەکەی لەسەر ئاستی حکومی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەژاند. ئێستا هیوادارین تیمی ترەمپ سوودی لەم ئەزموون و ئاستەنگانە وەرگرتبێت، بەڵام لەگەڵ ئامادەیی ئەوان، ئاستەنگ لەسەر زەوی هەن. واتە ئەوەی لە سووریا ڕوویداوە بۆ نموونە پێویستی بە ڕێکخستنەوەی هەڵوێستی ئەمریکی هەیە. ئەوەی لەسەر زەوی لە ئێراق ڕوودەدات لە ئەگەری گەڕانەوەی هەندێک خانەی داعش. ئەوەی لە غەززە ڕوودەدات و ئەوەی دەکرێت بۆ کۆتاییهێنان بە دۆخەکە لەوێ بکرێت. هەموو ئەمانە گرنگن. بێگومان تەنانەت ئەگەر سەیری باشوور بکەین واتە یەمەن و ئەوەی میلیشیاکانی حوسی دەیکەن، پێویستی بە بڕیاری یەکلاکەرەوە هەیە. من پێم وایە ئەو سێ مانگەی لە بەردەم ترەمپ دەبێت بۆ وەرگرتنی هەموو ئەم هەڵوێستانە، ئەو و جێگری سەرۆک و تیمەکە بەگشتی، لە گرنگترین کاتێکان دەبێت بۆ ناوچەکە.
ڕووداو: ئایا ئەو بەرپرسانە وەکوو وەزیری دەرەوە، وەزیری بەرگری و ڕاوێژکاری ئاساییشی نیشتمانی بەباشی کورد دەناسن؟
وەلید فارس: با ڕاستگۆ بین، هەریەکێک لەو بەرپرسانە مێژوویەکی سیاسییان هەیە. با لە وەزارەتی دەرەوە دەستپێبکەین: وەزیری نوێ مارکۆ ڕۆبیۆ یەکێکە لەوانەی باسی پێویستی پاراستن و دابینکردنی پاراستنی گەلی کوردی کردووە لە ناوچەکەدا بەتایبەتیی لە ئێراق و سووریا، مێژوویەکی لەم لێدوانە هەیە. بەڕاستی پەیوەندی سرووشتی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و پێکهاتەی کورد بەتایبەتیی لە ئێراق و دواتر لە سووریا، پێویستی بە بیرهێنانەوە نییە، ڕای گشتی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتیوانی بنەمای مافی گەلی کورد و هاوپەیمانەکانیان دەکات لە کەمینە نەتەوەیی یان گرووپە نەتەوەییەکانی دیکەی ناوچەکە کە ئاساییشیان هەبێت. ئەمە گرنگترین شتە، ئاساییش. دووەم ئەوەیە کە ئێستایەکی گەشەسەندوویان هەبێت لەسەر ئاستی ئابووری. ئەمەش شتێکی ئاسان نییە لە دۆخی ئێستادا چ لە ئێراق یان سووریا بێت، بەڵام دەتوانم بڵێم کە وەزیر و یاریدەدەرە باڵاکانی کاتێک لە کۆنگرێس یان لە ئەنجوومەنی پیران بوون، هەڵوێستی باشیان هەبووە لە پشتیوانیکردن و تێگەیشتن لە پێداویستییەکانی گەلی کورد لە ناوچەکەدا.
ڕووداو: سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی 6 ساڵ پێش ئێستا لە داڤۆس لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆبوویەوە، لەو ماوەیەی دواییشدا لە فەرەنسا جارێکی دیکە یەکدیان بینی. بەبڕوای تۆ ئەو دیدارانە چ کاریگەرییەکی لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت؟
وەلید فارس: بێگومان، یەکەم ئەو وێنەیەی بڵاوکرایەوە کاریگەریی ئەمڕۆی زیاترە لەوەی لە ڕابردوودا هەیبوو هەرچەندە هەمان وێنەیە. سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆک ماکرۆن و سەرۆکی فەرەنسا لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی کوردستان قسەیان دەکرد. لەم وێنەیەوە دەرکەوت کە تێگەیشتنێک لەسەر ئاستی کەسی هەیە و ئەمەش زۆر گرنگە. دەرکەوت کە پشتیوانییەک هەیە چ لەم کۆنگرێسە یان لە ڕای گشتی ئەمریکیدا بۆ پێویستی نزیککردنەوەی زیاتری پەیوەندییەکان. چونکە سەرۆکی کوردستان پێگەیەکی زۆر تایبەتیی هەیە لە ناوچەکەدا، دەتوانێت ڕۆڵی لایەنی پشتیوان ببینێت لە هەر دانووستانێکی ئاشتیدا نەک تەنیا لەنێوان ئیسرائیل و عەرەب، بەڵکوو باسی ئێراق و سووریا و تورکیا و وڵاتانی دیکە دەکەین. ئەمە ئێستا دەرکەوتووە. بێگومان دوای ئەوەی سەرۆک ترەمپ دەچێتە کۆشکی سپی، دەبێت چاودێری ئەم پەیوەندییانە بکرێت کە بە بۆچوونی ئێمە لانی کەمی مسۆگەرە، بەڵام ئەمڕۆ ئەوە بەس نییە و زۆرتر داواکراوە، چونکە قەیرانەکان لە ناوچەکە گەورەن. لەبەر ئەوەی ڕۆڵی کوردستان هەرچەندە هەرێمێکە لە هەرێمەکانی ئێراق، بەڵام هەرێمێکی زۆر تایبەتە، ئەو دەستکەوتانەی بەدەستهاتوون لەنێو ئەم هەرێمە و لەنێو ئەم حکومەتەدا، تەنیا سەربازی نین لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا. سەیری هەولێر بکە ئەمڕۆ چۆن بووە بە یەکێک لە شارە گەورە سەرکەوتووەکانی ناوچەکە. بۆیە پێویستە لەسەر ئیدارەی ترەمپ و کۆنگرێس و من دەڵێم یەکێتی ئەوروپاش پردێک لە جیهانی ڕۆژاواوە بۆ کوردستانی ئێراق و پشت بە خودا بۆ کوردستان لە سووریا درووستبکەن دوای چارەسەرکردنی هەموو ئەم کێشانە.
ڕووداو: پێتوایە سیاسەتی نوێی ترەمپ لە ئێراق هەمان سیاسەتی پێشووی دەبێ؟ ئایا ئەگەری ئەوە هەیە هێزەکانی ئەمریکا لە ئێراق بکشێنێتەوە؟
وەلید فارس: سەرۆک ترەمپ ئامانجێکی دوور مەودای هەیە و بەڵێنی بە بنکە جەماوەرییەکەی و دەنگدەرانی داوە کە دەیەوێت هێزەکانی ئەمریکا بە شێوەیەکی بەرەبەرە بگەڕێنەوە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ئەو لەسەر بنەمای کۆتاییهێنان بە جەنگەکان و گەڕاندنەوەی هێزە ئەمریکییەکان بۆ ئەمریکا هەڵبژێردراوە. بەڵام لەوانەیە شرۆڤەکاران تێنەگەیشتبن کە لەنێوان بڕیاری گەڕانەوە و گەڕانەوە یان کشانەوەی ئەم هێزانەدا دەبێت دۆخێکی بابەتی لەسەر زەوی هەبێت کە ڕێگە بەمە بدات. ئەم دۆخانەش یەکەم پاراستنی هاوپەیمان و هاوبەشەکانە لەسەر زەوی لەلایەنە تیرۆریستییەکان کە لە دەرەوەش پشتیوانیان دەکرێت و هەڕەشە لە ئاساییش و سەلامەتی کوردستان و ئێراق تەنانەت هاوپەیمانەکانی ناوچەکەش دەکەن. من باسی هەموو هاوپەیمانێتی عەرەبی دەکەم بۆ نموونە ئوردن و ئیمارات و سعودیە و میسر و هەموو کۆمەڵگە مەدەنییەکانی ناوچەکە. هەموو ئەمانە دەبێت توانایەکیان هەبێت چ بەکۆمەڵ یان تاکەکەسی کە بتوانن خۆیان بپارێزن. بۆیە وایدەبینم لە سەرەتای ئەم ئیدارە نوێیەدا بەرزبوونەوەی پشتیوانی بۆ هاوبەشەکان ببینین تاوەکوو بتوانن خۆیان، خۆیان بپارێزن. ئەمەش گرنگترین نهێنییە لە ئەجێندای سەرۆک ترەمپ دا. ئامانجی کۆتایی ئەوەیە ئەم پێکهاتانە ببنە هێزێک کە بتوانن خۆیان بپارێزن و هاوبەشییان لەگەڵ واشنتن هەبێت، بەڵام ئەمە پێویستی بە ئامادەکاری و ڕێکخستن هەیە. سەبارەت بە کشانەوەش، سەرۆک ترەمپ گوتوویەتی بەئاشکرا باسی ناکات، بۆ ئەم بڕیارانە لەگەڵ سەرکردە سەربازی و هەواڵگرییەکان و ئەوانی دیکە کۆدەبێتەوە تاوەکوو بەشێوەیەکی ستراتیژی بڕیاربدەن چی بکەن. با نموونەیەکی زۆر ڕوون بهێنینەوە: تواناکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کوردستانی ئێراق تواناگەلێکن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر. واتە ئەگەر بڕوایەک لە واشنتۆن هەبێت کە هەر هەڕەشەیەک لە ناوچەکە بۆ سەر ئەم پێکهاتەیە کۆتایی هاتووە، بێگومان بوونی ئەمریکی کەم دەکرێتەوە. بەڵام ئەگەر ئیدارەکە بینی، ئەمەش دوای چەند هەفتەیەک دەیزانین، کە مەترسی گەڕانەوەی ئەم هێزە تیرۆریستیانە هەیە کە خۆیان بە جیهادی یان شتی دیکە ناودەبەن یان میلیشیاکانی پەیوەست بە ڕژێمی خومەینی لە ئێران، ئەگەر ئەم مەترسییانە گەڕانەوە، ئەوا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ هاوبەشیکردن لەگەڵ هاوپەیمانەکانی ئامادە دەبێت. کاتێکیش دۆخە مەترسیدارەکە کۆتایی هات، بێگومان دەستدەکات بە بیرکردنەوە لە کشانەوە یاخود جێگۆڕکێ.
ڕووداو: ئایا دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە ئێران چی دەکات، ڕێککەوتنێکی نوێی لەگەڵدا واژۆ دەکات؟
وەلید فارس: سەرۆک ترەمپ چەندین جار لە هەفتە و مانگەکانی ڕابردوودا لە دوای دووبارە هەڵبژاردنەوەی ئەم پرسیارەی لێکراوە و دەڵێت: سەرەتا دەچمە کۆشکی سپی، لەگەڵ ئیدارەکەم کۆدەبمەوە، لەگەڵ بەرپرسانی ئاساییشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە هەڵسانگاندن دەکەین و دوای ئەوە بڕیار دەدەین. بڕیار و پڕۆژەکان لە واشنتن لەوانەیە واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بێت کە دەسەڵاتدارانی ئێران تەنازولی زۆر گەورەی تێدادەکەن تاوەکوو دۆخەکە لە ناوچەکە جێگیربێت. لەو دۆخەوە تاوەکوو جووڵەیەکی ئەمریکی، لەوانەیە ئەمریکی-رۆژئاوایی-عەرەبی، لەوانەیە ڕۆڵی ئیسرائیلیشی تێدا بێت، ئەگەر هاتوو تاران سوور بوو لەسەر درێژەپێدان بە ڕووبەڕووبوونەوەکان و درێژکردنەوەی جەنگەکان و پشتیوانیکردن لە تیرۆر. ئەگەری هەموو ئەوانە هەیە؛ لە ئاشتییەوە بۆ جەنگ، بەڵام مەیلێک لەلای ئیدارەی ترەمپ هەیە تاوەکوو بتوانرێت دانووستاندن لەگەڵ ڕژێمی ئێستای ئێران هەبێت، ئەویش یەکەم دەبێت ئێران پشتیوانی ئەو میلیشیایانەی ناوچەکە نەکات کە هەڕەشە لە ڕۆژاوا بەگشتی و گەلانی ناوچەکە دەکەن. ئەوەی لە یەمەن ڕوودەدات بۆ نموونە، بەردەوامبوونی بۆردوومانی حووسییەکان بۆ ئامانجەکان نێو ئاوە نێودەوڵەتییەکان یان تەنانەت لە ناوچەکە یان ئیسرائیل، ئیدارەی ترەمپ ئەوە قبووڵ ناکات. دەتوانم بڵێم لەوانەیە ئاستەنگ لە بەردەم حووسییەکان هەبێت ئەگەر بەردەوام بن لەم بابەتە. بابەتی بارمتەکان لە غەززە، ترەمپ گوتوویەتی و ئەمە شتێکی نوێ نییە، دەبێت بە زووترین کات ئازاد بکرێن پێش ئەوەی خۆی بڕیارێک بدات کە ڕەهەندەکانی نازانین، بەڵام بڕیاری داوە و بەڕوونی گوتوویەتی ئەم بابەتە دەبێت یەکلایی بکرێتەوە، لەبەر ئەوە دەبێت شەڕی غەززە کۆتایی پێبێت. سێیەم سەبارەت بە لوبنان، بێگومان بە ڕوانگەی ئیدارەی ترەمپ دەبێت بڕیاری 1559 جێبەجێبکرێت واتە چەککردنی هەموو میلیشیاکان و ڕادەستکردنیان بە سوپای لوبنان. لەگەڵ ئەوەشدا دۆخێک لەنێو ئێران هەیە، ئەم دۆخە وەڵاممان نییە بۆی، بەڵام زۆر ڕوونە کە بەردەوامبوونی سەرکوتکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ئێران و لەسێدارەدان و زیندانەکان، ئەمە تەنیا بابەتێکی ئەمریکی نییە، ئێستا بووە بە نێودەوڵەتی. لەسەر بنەمای هەموو ئەوانە، ئەگەری ئەوە هەیە و ترەمپ گوتوویەتی لەوانەیە دانووستاندن بکات بۆ ڕێککەوتنێکی زۆر باشتر لە ڕێککەوتنی ناوەکی ئێران. ئەگەر ڕژێم بەم ڕێککەوتنە نەگەیشتە ئەوەی ترەمپ دەیەوێت، ئەو کات سیاسەتێکی جیاوازی ئەمریکا دەبینین.
ڕووداو: سەبارەت بە سووریا و دەستەی تەحریری شام، ئایا دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ دەستبەکاربوونیدا ئەحمەد شەرع و دەستەی تەحریری شام لە لیستی تیرۆر دەردەهێنێت؟
وەلید فارس: کەس بەتەواوی نازانێت بە کام ئاڕاستەدا دەڕوات، وەکوو وتمان، ئەم هەڤپەیڤینە پێش چوونە سەرکاریەتی، بۆیە دەبێت چاوەڕێ بکەین، بەڵام گەلان پێش چوونە کۆشکی سپی وەڵامیان دەوێت. ئەمە دەڵێین: دۆخەکە لە سووریا ڕەگوڕیشەوە گۆڕاوە. ڕژێمی بەشار ئەسەد هەبوو، بوونی سەربازیی گەورەی ڕووسی هەبوو، میلیشیای ئێرانی لەنێو سووریا هەبوون، ئەو گرووپانەی کە لە دەستەی تەحریری شام کۆببوونەوە تەنیا لە ئیدلب هەبوون، بەڵام لە دوای گۆڕانکارییە گەورەکانەوە، واتە دەرچوونی ئەم میلیشیایانە و دەستەی تەحریری شام بۆ حەلەب و شارە گەورەکانی سووریا و دەستبەسەرداگرتنی بڕیاری سیاسی دەوڵەتی سووریا، پێویستە بۆ ئەم بابەتە یاریدەدەرانی ترەمپ بڕیارێک بدەن یان ڕاسپاردەی هەندێک بڕیار بکەن. ترەمپ هێشتا نەیگوتووە چ بڕیارێک دەدات، ئەو گوتوویەتی ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە ئەم میلیشیایانە بە کردەوە کۆنترۆڵی زۆربەی سووریایان کردووە، نەک هەموو سووریا، هەروەها لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە پشتیوانییان لێدەکرێت. ئەو باسی ئەوەی کردووە کە سەرۆک ئەردۆغان دەناسێت، واتە هەوڵی دانووستاندن دەدات لەگەڵ دەوڵەتێکی ئەندامی ناتۆ کە تورکیایە. واتە دوو لایەنی سەرەکی لەم بابەتەدا هەن، لەوانەیە سێ: لایەنی یەکەم تورکیایە چونکە لە پشت دەستەی تەحریری شامەوە دەوەستێت و بەهێزی دەکات و پشتیوانی دەکات. دەوڵەتی ئیسرائیل هەیە کە ئێستا نیگەرانە لەوەی لە باشووری سووریا ڕوودەدات، بۆیە لەوانەیە حکومەتی ئیسرائیلی بە کردەوە پشتیوانی هەندێک گرووپ بکات لەسەر زەوی تاوەکوو ئەو میلیشیایانە زۆر لە گۆلان نزیک نەبنەوە. هەروەها سێیەم، وڵاتانی عەرەبی دوورن لە گۆڕەپانەکە بەڵام پێگە و هەڵوێستیان لای ترەمپ گرنگە. بێگومان گرووپە مەدەنییەکان لەسەر زەوی هەن. کێشەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا هەیە کە زۆرینەی کوردن و لەگەڵیان کەمینەی عەرەبی سوننە و کریستیان هەن، لە باشوور درووزەکان هەن. هەروەها ئەوەی لە ناوچەی عەلەوی لە لازقیە و شوێنەکانی دیکە ڕوودەدات. کەواتە دەبێت تیمی ترەمپ لێکۆڵینەوە لە هەموو ئەم بابەتانە بکات تاوەکوو سەرۆک لە دانووستانەکانی لە ناوچەکە لەگەڵ تورکیا و ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی بتوانێت بڕیاری گونجاو بدات. ئامانجی ئەو جێگیرکردنی دۆخەکەیە، هەروەها درووستکردنی دۆخێکی ئاساییشی قبووڵکراوە. ئامانجی دووەمی ئەوەیە داعش نەگەڕێتەوە ناوچەکە. بێگومان بیستوومانە هەڵوێستێکی ئەمریکی دەبێت کە داوا لە دەسەڵاتدارانی ئێستای دیمەشق دەکات بەردەوام نەبێت لە پێشڕەویی سەربازی و، بەڵکوو دانووستاندن لەگەڵ ئەو لایەنانە بکات. بۆیە زیاتر ئەوەی دەبیستین ئەوەیە دانووستاندن لەگەڵ دەستەی تەحریری شام دەکرێت کە زۆر کەس لێرە لە واشنتن و لە کۆنگرێس تۆمەتباری دەکەن کە هێشتا لەسەر لیستی تیرۆری ئەمریکیدایە. بێگومان گفتوگۆ لەنێوان هەردوولا دەبێت، لەنێوان ئیدارەی سەرۆک ترەمپ و دەستەی تەحریری شام لە ڕێگەی تورکیاوە. بەڵام لە بەرانبەردا داواکارییەکی ئەمریکی هەیە کە کارە سەربازییەکان لەم قۆناخەدا ڕابوەستێنرێن.
ڕووداو: گرووپە چەکدارەکانی سەربە تورکیا هێرش دەکەنە سەر کۆبانێ، تورکیا هێرش دەکەنە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە و خەڵکی مەدەنی دەبنە قوربانی. بەبڕوای تۆ ترەمپ ڕێگری لەو هێرشانە دەکات؟
وەلید فارس: بە وردبوونەوە لە دەوڵەتی ئەمریکا، هەروەها بەبڕوای من سەرۆکی هەڵبژێردرا و ترەمپ ئەو بابەتەی لەبەرچاوی دەگرێت ئەوەیە کە هەموو شتێک بەهای خۆی هەیە. با خراپترین ئەگەرەکان دابنێین، ئەگەر سەرکردایەتی تورکیا لە ئەنقەرە و لە سەرووی هەموویانەوە سەرۆک ئەردۆغان بڕیاری کردەوەیەکی سەربازی گەورە بدەن لە ناوچەی کوردانی ڕۆژاڤا یاخود هەسەدە، بەداخەوە ئەنجامگەلێک لەسەر زەوی ڕوو دەدەن کە هەمووان پێی ڕازی نابن، چونکە هەر شەڕێک بەتایبەتیی لەنێوان دەوڵەتێکی ئەندامی ناتۆ و لایەنێک کە لەژێر پاراستنی هێزی سەربازیی ئەمریکادایە، سەردەکێشێت بۆ دۆخێک کە لە ڕابردوودا نەمانبینیوە. دەرئەنجامە سەرەتاییەکان لەسەر ئابووری تورکیا و بێگومان لەسەر ئابووری سووریا دەبن. ئەمە بابەتێکی زۆر گرنگە و ترەمپ توانای دانووستاندنی تێدا هەیە. دووەم، لەسەر زەوی ئەمە دۆخەکە یەکلایی ناکاتەوە، پێویستە بە کردەوە ڕێز لە تایبەتمەندییەکانی کورد بگیرێت، بەدەر لە ڕێکخراوە سیاسییەکان و کەمینەکانی دیکە، ئەمە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە. ئەم لایەنە لە سووریا یارمەتیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەدات لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش. ئەمە ڕاستییەکە. ئایا لە داهاتوودا دەگۆڕێت؟ ئایا چارەسەرکردن لەنێو سووریا دەبێت؟ ئەمە ئێستا بابەتێکی دوورە، بەڵام ئیدارەی ترەمپ لە یەکەم ڕۆژەوە تاوەکوو بکرێت کاردەکات بۆ ڕاگرتنی ئاگربەست لەنێو سووریا و یەکلاییکردنەوەی ڕووبەڕووبوونەوەکان. بێگومان دەوڵەتی تورکیا داواکاری هەیە و ئیدارەی نوێش گوێیان لێدەگرێت. بەبڕوای من ڕاستییەکی ئامادە لە سووریا هەیە. ڕاستییەکە ئەوەیە کە هێزێکی سەربازی نوێ هاتووەتە دیمەشق. ئەمە ڕاستییەکە و دەبێت مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. من پێم وایە کاری لەپێشینەی دەستەی تەحریری شام لە ناوخۆیە نەک لە بەرەکان لەگەڵ کورد یان درووز یان عەرەبی بەدەوی یان ئەوانی دیکە. ناوخۆ واتە کۆمەڵگەی مەدەنی سووری. ئەوەی ئێستا لە ڤیدیۆکان و لەو بەڵگانەی پێمان دەگەن دەیبینین ئەوەیە کە لە کۆتاییدا دەبێت شێوەی دەوڵەتی سووری یەکلایی بکرێتەوە. ئایا دەوڵەتێکی ناوەندییە کە فرەیی قبووڵ ناکات؟ ئایا دەوڵەتێکی ئایینییە کە لیبراڵی قبووڵ ناکات؟ ئەم پرسیارە گەورانە لەسەر لایەنەکان نین، دەکرێت دانووستاندن لەسەر لایەنەکان بکرێت. لێرەدا چاودێریی پەرەسەندنی پەیوەندییەکان دەکەین لەنێوان کۆمەڵگەی مەدەنی و دەسەڵاتی ئێستا لە دیمەشق. ئەوەش زۆرێک لە پێشڤەچوونەکانی داهاتوو یەکلایی دەکاتەوە.
ڕووداو: پێتوایە ئیدارەی ترەمپ بەردەوامی دەدات بە هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات؟
وەلید فارس: ئەمە بابەتێکی تایبەت ئاساییشی نەتەوەیی ئەمریکی بووە سەرەڕای هەر ئیدارەیەک. چونکە پابەندبوونێکی ئەمریکی هەیە بە ئیدارەی ئێستا و بێگومان ئیدارەی داهاتووش بە چەندین بابەتەوە. یەکەم، هاوبەشی لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەم دەسەڵاتە خۆجێییە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، واتە هەسەدە، کە بەشێوەیەکی بنەڕەتی و گەورە بەشداربوو لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش. ئەمە بابەتێکە دەبێت لەبەرچاو بگیرێت. دووەم، مەترسی داعش هێشتا ماوە. کاتێک ئەمە دەڵێین شتێکی فۆلکلۆری نییە، ترسێک هەیە کە داعشەکان ئازاد بکرێن ئەگەر ڕووبەڕووبوونەوە ڕووبدات بەتایبەتیی لەنێوان سوپای نیشتمانی سووریای پشتیوانیکراو لە تورکیاوە و هەسەدە. ئەگەر ڕووبەڕووبوونەوە ڕوویدا، ترەمپ نایەوێت ڕووبەڕووبوونەوە ڕووبدات، بەڵام ئەگەر ڕوویدا و هێزەکان لەسەر زەوی نەیانتوانی هەزاران شەڕکەری داعش کۆنترۆڵ بکەن، ئەمە کێشە دەبێت بۆ هەمووان. چونکە لەنێوان داعش و کورد و عەرەبی سوننە و کریستێدانییەکان هێڵێکی ڕوونی جیاکەرەوە هەیە، دەکرێت بزانرێت کێ کێیە، بەڵام ئەگەر داعش لە سووریا بڵاوبووەوە لەو شوێنانەی کە ئێستا هێزەکانی دەستەی تەحریری شام کۆنترۆڵی کردوون، ترسێک هەیە کە تێکەڵبوون ڕووبدات و نەزانرێت کێ داعشە و کێ داعش نییە لەنێو دەستەی تەحریر. ئەو کات بارودۆخەکە زۆر سەخت دەبێت. چونکە داعش دەتوانێت ئەم دەستەیەی ئێستا بخەڵەتێنێت. دەستە بەتوانا و بەهێزن، بەڵام وەکوو لە 10 ساڵی ڕابردوودا بینیمان چۆن داعش چووە نێو بنکە سەربازییەکان و زۆر کەس نەیانتوانی بزانن ئەم ڕێکخراوە کێیە و ڕێکخراوەکەی دیکە کێیە و لە ئەنجامدا دەستەی تەحریری شام لەت بوون. ئەمە بابەتێکە دەستەی تەحریر دەیزانێت، تورکیا دەیزانێت و هەمووان دەیزانن کە کاری لەپێشینە کۆنترۆڵکردنی داعشە. ئەمەش پێویستی بە ڕێککەوتنی هەرێمی هەیە، لە دۆخی ئێستادا ئەم شوێنانەی کە هێزە داعشییەکانی تێدایە لە سووریا هێشتا لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدان. بەڵام ئەگەر ئەم کۆنترۆڵە نەما خودا دەزانێت چی ڕوودەدات. بۆیە باشترە بۆ ئیدارەی سەرۆک ترەمپ کە دۆخی ئێستا کۆنترۆڵ بکرێت و سەیری چۆنییەتی ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی داعش بکرێت. چونکە داعشی دووەم بەهێزتر و دڕندەتر دەبێت لە داعشی یەکەم.
ڕووداو: زۆر سوپاس
وەلید فارس: سوپاس[1]