#زنار شینۆ#
پەڕڵەمانتارێکی بەریتانیا کە سەربە پارتی کاری پێکهێنەری حکومەتی وڵاتەکەیە دەڵێت: حکومەتەکەیان دان بەوەدا دەنێت کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و گەلی کورد لە ناوچەکەدا گرووپ و گەلێکی گرنگن بۆ درووستکردنی پەیوەندی لەگەڵیان. پێیوایە پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان لە بەرژەوەندیی کورد و ئابووریی ناوچەکەدایە.
فریال کراڵ، پەڕڵەمانتاری بەریتانیا و بریکاری وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری زانست، داهێنان و تەکنەلۆژیا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ زنار شینۆ، نێردراوی ڕووداو بۆ وڵاتەکە وەڵامی چەند پرسیارێکی دایەوە، لەنێویاندا پرسی کورد لە ڕۆژاوا و باکووری کوردستان.
ئەو پەڕڵەمانتارە بەریتانییە لەبارەی دۆخی سووریا و کورد لە ڕۆژاوای کوردستان وتی، کورد هەمیشە ئازاری چەشتووە و یەکەم کەس بوون لەو ناوچەیە لەلایەن داعشەوە هێرشیان کرایە سەر. بۆیە بۆ من زۆر گرنگە کورد کە شەڕیان کردووە و قوربانیی گەورەیان داوە لە ناوچەکەدا، بتوانن بەشێک بن لە هەر پڕۆسەیەکی دیموکراسی کە لە ناوچەکەدا دەست بە گەشەکردن دەکات.
لەبارەی پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا، کراڵ بە پێویستی زانی تورکیا بەدوای ئاشتیدا بگەڕێت لەگەڵ کورد و دەڵێت: ئەوە لە بەرژەوەندیی وڵاتەکەدایە، لە بەرژەوەندیی کۆمەڵگەی کورددایە و لە بەرژەوەندیی ئابووریی ناوچەکەشدایە. ناوچە کوردییەکان بەهۆی کەمیی وەبەرهێنان تێیاندا دەناڵێنن. وڵاتەکە بەهۆی بەشدارینەکردنی تەواوەتیی کوردەکانەوە دەناڵێنێت.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە لە منداڵییەوە لەگەڵ ئەوەدا گەورە بووە کە گفتوگۆی ئاشتی لە تورکیا شکستی هێناوە، هیوایشی خواست، دواجار ئەمانە گفتوگۆی ڕاستەقینە بن و ببنەهۆی پڕۆسەیەکی ئاشتی لە تورکیا.
ڕووداو: وەزیر کلارک، پارتەکەتان ئێستا فەرمانڕەوای ئەم وڵاتە مەزنەیە. دەتوانیت پێمان بڵێیت دۆخی ئێستای پەیوەندیی نێوان بەریتانیا و گەلی کورد لە لایەکەوە و لە لایەکی دیکەوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان چۆنە؟
فریال کراڵ: زۆر سوپاس کە لێرە ئامادەیت و ئەم دەرفەتەت پێ بەخشیم. وەکوو دەزانیت، حکومەتی بەریتانیا، چ حکومەتی پارتی کار یان حکومەتەکانی پێشوو بێت، بەردەوام گرنگیی بە پەیوەندی لەگەڵ گەلی کورد و حکومەتی هەرێم[ی کوردستان] داوە. حکومەتەکانی پێشوو زۆر ڕوون بوون سەبارەت بەوەی ئەو پەیوەندییانە چەندە گرنگ بوون. من ئەندامی گرووپە فرە پارتییەکانی نێو پەڕڵەمانی بەریتانیا بووم کە ئەو کاتە لەلایەن پەڕڵەمانتارانی پارتی پارێزگارانەوە سەرۆکایەتی دەکرا. هەر بۆیە ئاگاداری ئەوەم کە حکومەتەکانی پێشوو بایەخیان پێ دەدا. ئێستا، سەبارەت بە حکومەتەکەم، حکومەتی کار کە ئێستا لە دەسەڵاتدایە، دەتوانم بڵێم کە ئەو پەیوەندییە زۆر گرنگە. ئەو پەیوەندییە بە ڕاستی گرنگە. بەم دواییانە، پێش ماوەیەک و کۆتایی ساڵی ڕابردوو، وەزیری ناوخۆ سەردانی کوردستانی کرد، کەواتە پەیوەندییەکان خەریکە درووست دەبن. ئێمە تەنیا شەش مانگە لە حکومەتداین. حکومەت [حکومەتی بەریتانیا] ئێستا هەوڵی درووستکردنی ئەو پەیوەندییانە دەدات و دان بەوەدا دەنێت کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و گەلی کورد لە ناوچەکەدا گرووپێکی گرنگن و خەڵکێکی گرنگن بۆ درووستکردنی پەیوەندی لەگەڵیان.
ڕووداو: وەزیر کلارک، ئێستا هەموو چاوی کورد لەسەر سووریایە، چونکە کورد لە سووریا هەیە و گۆڕانکارییەکی گەورە لە سووریا هەیە، بەڵام ئێستا بەشداریی بەریتانیا لە سووریا وەکوو ئەڵمانیا یان فەرەنسا نابینین؟ هۆکارەکەی چییە؟ ئایا بەریتانیا گرنگی بە سووریا نادات؟ دوای ئەوەی کۆبوونەوەی وەزیر لامیم بینی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێستای سووریا. هەڵوێستی بەریتانیا سەبارەت بە دەستەی تەحریری شام، فەرمانڕەوای نوێی سووریا چییە؟
فریال کراڵ: سەرەتا، گەلی سووریا ماوەیەکی درێژە ئازار دەچێژن، لەنێویاندا گەلی کورد لە ڕۆژاوا هەن. ئەوان ئازاریان بینیوە و زیانی زۆر گەورەیان بەرکەوتووە. هەر بۆیە زۆر گرنگە سەقامگیری لە سووریا ببینین. کورد هەمیشە ئازاری چەشتووە و یەکەم کەس بوون لەو ناوچەیە لەلایەن داعشەوە هێرشیان کرایە سەر. بۆیە بۆ من زۆر گرنگە کورد کە شەڕیان کردووە و قوربانی گەورەیان داوە لە ناوچەکەدا، بتوانن بەشێک بن لە هەر پڕۆسەیەکی دیموکراسی کە لە ناوچەکەدا دەست بە گەشەکردن دەکات. ئێمە وەک وڵاتێک بەوردی چاودێری ئەوەی لە سووریا ڕوودەدات و گەشەدەکات، دەکەین. خۆم هیوادارم کە ئیدارەی نوێ بە گرنگی سەیری هەموو کۆمەڵگەکە بکات کە بە ئاشتی دەژین. ئەوە کۆمەڵگەی عەلەوییەکانە، ئەوە کوردە لە ڕۆژاوا، ئەوە کریستیان و ئاشووری و موسڵمانەکانن، هەموو کۆمەڵگەکان مۆزایکێکی گەورەی کولتوورەکان، ئایینەکان و نەتەوەکانن کە ماوەیەکی زۆر ئازاریان چەشتووە. بۆیە بەریتانیا زۆر بەوردی چاودێری دەکات. ئێمە دەمانەوێت سەقامگیری ببینین و دەمانەوێت ببینین وڵاتەکە بەرەو دیموکراسی دەڕوات. بۆ خۆم، هەست دەکەم ئەوە ڕوونادات تاوەکوو دەنگی کورد لە دەسەڵاتی نوێدا نوێنەرایەتی نەکرێت.
ڕووداو: با پرسیارێکی دیکەت لەبارەی کوردی تورکیا لێبکەم. ئایا چاودێری گفتوگۆکان دەکەیت یان بۆ تۆ ئەوە پرسێک نییە؟
فریال کراڵ: بەڵێ، چاودێریی گفتوگۆکانی تورکیا دەکەم. دەبێت تورکیا بەدوای ئاشتیدا بگەڕێت لەگەڵ کورد. ئەوە لە بەرژەوەندیی وڵاتەکەدایە، لە بەرژەوەندیی کۆمەڵگەی کورددایە و لە بەرژەوەندی ئابووری ناوچەکەشدایە. ناوچە کوردییەکان بەهۆی کەمیی وەبەرهێنان تێیاندا دەناڵێنن. وڵاتەکە بەهۆی بەشدارینەکردنی تەواوەتیی کوردەکانەوە دەناڵێنێت. لە منداڵییەوە لەگەڵ ئەوەدا گەورە بووم کە گفتوگۆی ئاشتی شکستی هێناوە. بۆیە هیوادارم، هیوادارم کە دواجار ئەمانە گفتوگۆی ڕاستەقینە بن و ببنەهۆی پڕۆسەیەکی ئاشتی لە تورکیا؛ کە کوردەکان، ملیۆنان کورد کە لە تورکیا دەژین، هەست بکەن وەک هاووڵاتی یەکسانی ئەو وڵاتەن کە بۆ سەدان ساڵ بەشێک بوون لێی.
ڕووداو: بەڕێز کلارک، با پرسیارێکت لێ بکەم سەبارەت بە ئەرکەکەت لە حکومەت، ئەجێندای ئێوە بۆ ساڵی داهاتوو بۆ ژیری دەستکرد چییە؟ ئایا ئێستا ژیریی دەستکرد کێشەیەکی گەورەیە؟ زۆرێک لە دادگەکان چاودێریی ژیری دەستکرد دەکەن و هەوڵ دەدەن بۆ پێداویستی ڕۆژانە بەکاریبهێنن. لێرە لە بەریتانیا، دەتوانیت پێمان بڵێیت بەرنامەی ئێوە چییە؟
فریال کراڵ: شۆڕشی ژیریی دەستکرد دەستی پێ کردووە و چاوەڕێی کەس ناکات. بۆیە دەبێت سەیری ئەوە بکەین چۆن دەتوانین هێزی ژیریی دەستکرد بەکاربهێنین بۆ باشترکردنی ژیانی هاووڵاتییانمان لە بەریتانیا. ئێستا بەریتانیا پێشەنگە؛ پێشەنگێکی جیهانە لە ژیریی دەستکرددا، تەنیا لە دوای ئەمریکا و چینەوە دێت، بۆیە دەمانەوێت دڵنیا بین کە بەریتانیا بەردەوام دەبێت لە پێشەنگی گەشەپێدانی ژیریی دەستکرد تاوەکوو دانیشتووانی سەرانسەری وڵات بتوانن سوودی لێ ببینن. دەتوانین ژیریی دەستکرد بەکاربهێنین بۆ گۆڕینی خزمەتگوزاری تەندرووستیمان. دەتوانین ژیری دەستکرد بەکاربهێنین بۆ باشترکردنی پەروەردەی منداڵەکانمان لە پۆلدا. مامۆستایان دەتوانن ژیری دەستکرد بەکاربهێنن بۆ بەرەوپێشبردنی پلانی وانەکان. ژیری دەستکرد دەتوانیت کرداری نمرەدانان بۆ مامۆستان بکات و کات بۆ مامۆستایان دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی کاتی زیاتر لەگەڵ قوتابییان بەسەر ببەن. دەرفەتەکان بێ کۆتان. دوێنێ پلانی کردەیی دەرفەتەکانی ژیری دەستکردمان ڕاگەیاند و پلانێک بوو کە داوامان لە مات کلیفۆرد کرد حکومەت گەشەی پێبدات. پلانەکە 50 ڕاسپاردەی تێدایە و دوێنێ سەرۆکوەزیران ڕایگەیاند کە هەر 50 ڕاسپاردەکە بەرەوپێشەوە دەبەین بۆ دڵنیابوون لەوەی بەریتانیا یەکێک لە باشترین وڵاتان دەبێت لە ژیری دەستکر و ژیری دەستکرد بەکار دەهێنین بۆ باشترکردنی ژیانی هاووڵاتییانمان و دڵنیابوون لەوەی ژیری دەستکرد بەکاردەهێنین بۆ دەستپێکردنی سەردەمێکی گەشەی ئابووری.
ڕووداو: پێویستتان بەوە هەیە کە لە بەریتانیا یان لە جیهان زیاتر ژیری دەستکرد ڕێکبخەن؟
فریال کراڵ: سەلامەتی لەگەڵ تەکنەلۆجیایەکی گشتی زۆر گرنگە و بۆیە لە بەریتانیا زیاتر لە 16 ڕێکخەرمان هەن. کۆمەڵێکی زۆر، زۆر بەهێزی ڕێکخەر و ڕێسامان هەیە و هەر یەکەیان تایبەتن بە سێکتەرێک، ئەوانیش سێکتەری تەندرووستی یان سێکتەری پەیوەندییەکان بێت. بەڵام ئێمە هەمیشە سەلامەتی دەخەینە پێشینەی کارەکانمان. لە ڕاگەیێندراوی پێشوودا حکومەت ڕایگەیاند، کە پابەندە بە پێشکەشکردنی یاسایەکی زۆر چڕ و ورد کە ئاگاداری مۆدێلەکانی ژیری دەستکرد بێت. هەر لەبەر ئەوەشە کە لە بەریتانیا دامەزراوەی سەلامەتی ژیری دەستکردمان هەیە کە پەیوەندی لەگەڵ ئەم مۆدێلانە و ئەم کۆمپانیایانە هەیە و تاقییان دەکەینەوە. بۆیە دەمانەوێت ئەو پەیوەندییە بکەین بە فەرمی و دەمانەوێت دامەزراوەی سەلامەتی ژیری دەستکرد لەسەر بنەمایەکی یاسایی دابنێین. ئەوە پابەندبوونێکە کە کردمان و لەم پەڕڵەمانە بەرەوپێشەوە بچێت.[1]