بەشدار موزەفەر
ئەندامێکی ئەنجوومەنی پیرانی بەریتانیا لە پارتی کار دەڵێت: پارتەکەی هەمیشە هاوسۆزیی لەگەڵ گەلی کورد هەبووە؛ جەخت لەوەش دەکاتەوە، گرنگە مافی گەلی کورد لە هەر شوێنێک بێت پارێزراو بێت.
پیتەر هەین، ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی بەریتانیا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ زنار شینۆ، نێردراوی تۆڕی میدیایی ڕووداو بۆ بەریتانیا ڕایگەیاند، پارتی کاری ئێمە بەردەوام هاوسۆز و پاڵپشتیکاری گەلی کورد بووە. زیاتر لە 50 ملیۆن کەس لە تەواوی جیهاندا هەن و لەنێویاندا 300 هەزار کورد لە بەریتانیا هەن وڵاتینامەی بەریتانیایان هەیە، منداڵیان هەیە و بەشدارییەکی گەورەیان لە کۆمەڵگاکەماندا هەیە. هەر بۆیە پارتی کار لە بواری مافەکانی مرۆڤ، مافە سیاسییەکان و دادپەروەری لە تەواوی جیهان، زۆر پاڵپشتیکاری گەلی کورد بووە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی کوردی ڕۆژاوای کوردستان، پیتەر هەین وتی، سووریا کۆمەڵگەیەکی زۆر هەمەچەشنە لەڕووی ئایین، کۆمەڵگە و داب و نەریت، لەنێویاندا کۆمەڵگەی کوردی هەیە کە کۆمەڵگەیەکی زۆر گرنگە لەو وڵاتە؛ دەبێت مافی ئەو کۆمەڵگەیە پارێزراو بێت، ئەوان لەلایەن جیهادییەکانی نێو سووریاوە هێرشیان دەکرێتە سەر، هەروەها لەلایەن تورکیاشەوە هێرشیان دەکرێتە سەر.
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پیرانی بەریتانیا وتی، دەبێت دڵنیابینەوە لەوەی لە هەر کوێیەک گەلی کورد هەبێت، لە ئێراق، ئێران، تورکیا یان سووریا مافی پارێزراو دەبێت.
=KTML_Bold=دەقی هەڤپەیڤینەکە:=KTML_End=
ڕووداو: بەڕێز هەین، زۆر سوپاس کە لەگەڵمان بەشداریت. با لە حکومەتی ئێستاوە دەستپێبکەین، پێکهێنانی حکومەت لەلایەن پارتەکەی خۆتانەوە [پارتی کاری بەریتانیا] چۆن دەبینیت؟ پەیوەندی ئێستای شانشینی یەکگرتوو و کوردی بەریتانیا و تەواوی جیهان چۆنە؟ پەیوەندی نێوان حکومەتی بەریتانیا و هەرێمی کوردستانی ئێراق چۆنە؟
لۆرد پیتەر هەین: پارتی کاری ئێمە بەردەوام هاوسۆز و پاڵپشتیکاری گەلی کورد بووە. زیاتر لە 50 ملیۆن کەس لە تەواوی جیهاندا هەن و لەنێویاندا 300 هەزار کورد لە بەریتانیا هەن، وڵاتینامەی بەریتانیایان هەیە و منداڵیان هەیە و بەشدارییەکی گەورەیان لە کۆمەڵگاکەماندا هەیە. هەر بۆیە پارتی کار لە بواری مافەکانی مرۆڤ، مافە سیاسییەکان و دادپەروەری لە تەواوی جیهان زۆر پاڵپشتیکاری گەلی کورد بووە.
ڕووداو: ئێستا چەندین پرس لە تەواوی جیهاندا هەن، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست. تۆ لە سەردەمی تۆنی بلێر، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا وەکوو وەزیر لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کارت کردووە. هەڵوێستی بەریتانیا لەبارەی دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا، بەتایبەت دەستەی تەحری شام چییە؟
لۆرد پیتەر هەین: سەبارەت بە قسەکردن وەک وەزیری پێشووتری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە سەردەمی تۆنی بلێر، من تەنیا دەتوانم بەناوی خۆمەوە قسە بکەم و لە حکومەتدا نیم. بەڵام پێم وایە سووریا کۆمەڵگەیەکی زۆر ئاڵۆزە. جەنگی سووریا هەرگیز جەنگێک نەبووە لەنێوان ئەسەد وەک هێزێکی خراپەکار و شتێکی دیکەی زۆر سادە. سووریا کۆمەڵگەیەکی زۆر هەمەچەشنە لەڕووی ئایین، کۆمەڵگە و داب و نەریت، لەنێویاندا کۆمەڵگەی کوردی هەیە کە کۆمەڵگەیەکی زۆر گرنگە لەو وڵاتە؛ دەبێت مافی ئەو کۆمەڵگەیە پارێزراو بێت، ئەوان لەلایەن جیهادییەکانی نێو سووریاوە هێرشیان دەکرێتە سەر، هەروەها لەلایەن تورکیاشەوە هێرشیان دەکرێتە سەر. ئێمە دەبێت دڵنیابینەوە لەوەی کە لە هەر کوێیەک گەلی کورد هەبێت، لە ناوچەکە، لە ئێراق، لە ئێران، لە تورکیا یان لە سووریا مافی پارێزراو دەبێت. هەروەها میراتی کولتووری، بەهای کوردانە، مافی کولتووری، ڕێزگرتنی دیموکراسی، مافی ژنان و هاوسۆزی لەگەڵ خەڵکی چەوساوە ئەو مافانەی کوردن کە دەبێت دانیان پێدا بندرێت. من نیگەرانی دۆخی ئێستای سووریام و دەمەوێت ببینم مافی کوردەکان و مافی هەموو هاووڵاتییانی دیکە بەبێ گوێدانە بیروباوەڕ، باکگراوند و نەریتییان پارێزراو بێت. ئەوە تاکە ڕێگەیە کە سووریا، کە پێشتر کۆمەڵگەیەکی فرە ڕەنگ بوو پێش ئەوەی دیکتاتۆریەتی دڕندانەی ئەسەد بەسەریدا زاڵ بێت و بیچەوسێنێتەوە، ئەو فرە ڕەنگی و مێژووە دەوڵەمەندە گەشە بکاتەوە لەگەڵ هاووڵاتییانی کورد لە سووریا وەک بەشێکی گرنگ لێی.
ڕووداو: پێت وایە کە دەبێت بەریتانیا هەمان ڕێگەی ئەڵمانیا و فەرەنسا بۆ پاراستنی مافەکانی کورد لەنێو سووریا بگرێتەبەر و مافی کورد لە دەستووری نوێی سووریا بپارێزێت، ئینجا ئەو مافە لە چوارچێوەی سیستمێکی فیدراڵیی یان هەر سیستەمێکی دیکەی سیاسی بێت؟
لۆرد پیتەر هەین: ئێمە نازانین دۆخی سووریا چی بەسەردێت. لە کۆتاییدا ئەوە پرسێکی پەیوەست بە گەلی سووریایە، نەوەک هێزە دەرەکییەکان، ئینجا ئەو هێزە دەرەکییە بەریتانیا یان ئەڵمانیا یانیش فەرەنسا، ئێران یان ئەمریکا بێت. یان هەر هێزێکی دیکە یانیش سعودیەی عەرەبی بێت. زۆر گرنگە کە سووریاییەکان بتوانن خۆیان داهاتووی خۆیان دیاری بکەن. بەڵام گرنگیشە کە لەنێو ئەو داهاتووەدا بەریتانیا هاوسۆزی کوردەکانی سووریا بێت.
ڕووداو: با پرسیارێکی دیکە لەبارەی دۆخی ئێستای تورکیا بکەم. هەندێک گفتوگۆ لەنێوان دەوڵەت و کورد یان با بڵێین لەنێوان دەوڵەت و دەم پارتی کە پارتێکی نزیک لە کوردە هەیە. ئەوان هەوڵ دەدەن چارەسەرێکی سیاسی بۆ کێشەی کورد لە تورکیا بدۆزرێتەوە. تۆ چاودێری دۆخەکە دەکەیت یان نا؟
لۆرد پیتەر هەین: دەمەوێت ببینم سەرۆک ئەردۆغان ڕێز لە هەموو گەلەکەی، هەموو هاووڵاتییانی دەگرێت، لەنێویاندا هاووڵاتییە کوردەکانی و ڕێز لە مافەکانیان بۆ دیموکراسی سیاسی و هەروەها مافەکانی مرۆڤ دەگرێت. تاوەکوو ئێستا ئەوە ڕووینەداوە. هەروەها پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەبێت مافەکانیان بۆ ڕاکێشانی پشتیوانی و مافە دیموکراسییەکانیان پارێزراو بێت. ئەوەش زۆر گرنگە بۆ داهاتووی تورکیا، کە لە مێژوودا لە سەردەمی ئەتاتورکەوە کۆمەڵگەیەکی زۆر عەلمانی و فرە ڕەنگ بووە. تەنیا لەم دواییانەدا، لە دەیەکانی دواییدا زۆر نالێبووردە بووە بەرانبەر گەلی کورد و مافەکانی دیکەی هاووڵاتییانی دیکەی تورکیا. زۆر گرنگە نەریتی دیموکراسی تورکیا دووبارە دابمەزرێتەوە و ڕێز لە مافی هەموو کۆمەڵگاکانی بگیرێت.
ڕووداو: پێت وایە ئەگەر کێشەی کورد لەنێو ئەو وڵاتە بە شێوەیەکی سیاسی چارەسەر بکرێت، لەنێو ئەو وڵاتەی کە وڵاتەکەت ڕۆڵێکی سەرەکی بینی لە دیاریکردنی سنوورەکانی ئێستای، لەوانەیە ئارامییەک درووست بێت و دۆخێکی باشتر درووست بێت...
لۆرد پیتەر هەین: لەندەن و بەریتانیا نابێت ببنە هێزی ئیمپریالی کە سنووری خەڵکی دیکە و داهاتوویان دیاری بکەن. نابێت ئەوە بکەین.
ڕووداو: بەڵام ئەوان کردیان [بەریتانیا کردی]، ئەوان کردییان...
لۆرد پیتەر هەین: ئەوان کردیان لە مێژوودا، بەڵام ئەوە مێژوویەکی کۆلۆنیالیزم و ئیمپریالیزم بوو. ئێمە چی دیکە ئەوەمان ناوێت. [1]