بەشدار موزەفەر
ڤێنسنت کۆمپاس، دیپلۆماتی پێشووی ئەمریکا دەڵێت: ئێراق بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی بیانی بۆ خۆی ڕابکێشێت، پێویستی بە چوارچێوەیەکی یاسایی هەیە؛ ئاماژەی بەوەش کرد، کلیلی داهاتووی ئێراق و هەرێمی کوردستان پیشەسازیی نەوت و گازە.
ڕۆژی چوارشەممە، #15-01-2025# ، ڤێنسنت کۆمپاس، دیپلۆماتی پێشووی ئەمریکا لە بووڵتەنی کاژێر 07:00 کە دڵدار هەرکی پێشکەشی کرد، بەشدار بوو.
ڤێنسنت وتی: ئێراق دەبێت خۆی لە ناوچەکە وەک هاوبەشێکی جیدی بناسێنێت. ئێراق دەبێت ئەوە پیشان بدات کە چوارچێوەیەکی یاسایی و سەقامگیریی سیاسی هەیە بۆ ئەوەی وەبەرهێنانی بیانی بۆ خۆی ڕابکێشێت. بێ وەبەرهێنانی بیانی، ئێراق بەرەوپێشەوە ناچێت.
دیپلۆماتەکەی پێشووی ئەمریکا پیشەسازیی نەوت و گازی ئێراقی بە کلیلی داهاتووی ئێراق ناوبرد و وتی، هەرێمی کوردستانیش دەتوانێت بە پشتبەستن بەو پیشەسازییە زیاتر خۆی بەرەو پێشەوە ببات.
ڤێنسنت ئاماژەی بەوەش کرد، جێبەجێنەکردنی مادەی 140 وای کردووە زیانێکی زۆر بە ئێراق و هەرێمی کوردستان بگات.
لەبارەی دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا و داهاتووی پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئێراق، ڤێنسنت وتی: ترەمپ کەسێکە کە پێشبینی ناکرێت و نازانی چ کاتێک بیروبۆچوونی لەسەر پرسێکی دیاریکراو دەگۆڕێت.
هەرچی لەبارەی پەیوەندییەکانی ئەمریکایە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، دیپلۆماتە ئەمریکییەکە وتی: ئەمریکا چەندین ساڵە پاڵپشتیکاری کوردە و ئەوان شایەنی پاڵپشتیمانن؛ وتیشی، کوردستان دەبێت سەرکەوتن بەدەستبێنێت، بەڵام کوردستان بێ یارمەتیی ئەمریکا هەرگیز ناتوانێت سەرکەوتنێکی گەورە بەدەستبهێنێت. ئێمە دەبێت یارمەتییان بدەین بگەنە ئەو خاڵە، ئەوە دەبێتە پەیامی من بۆ دۆناڵد ترەمپ.
ڤێنسنت ڕەتیکردەوە جگە لە هەڕەشەی داعش، هەڕەشەیەکی دیکەی ڕاستەوخۆ لە ناوچەکە لەسەر ئێراق هەبێت و وتی: بەدڵنیاییەوە هێشتا هەڕەشەی داعش هەیە. ئەوان هێشتا ماون.[1]