بەشدار موزەفەر
هێزەکانی سووریای دیموکرات -
هەسەدەهەسەدە ڕەتیدەکاتەوە درۆنیان لە ئێران کڕیبێت و دەڵێت: درۆنەکانیان درووستکراوی دەستی خەڵکی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرن.
فەرهاد شامی، گوتەبێژی هەسەدە لە ڕاگەیێندراوێکدا ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن هەسەدە درۆنی لە ئێران کڕیبێت.
ڕاگەیێندراوەکەی هەسەدە دوای ئەوە هات کە میدیای تورکیا بڵاویکردەوە، هەسەدە لەگەڵ ئێران ڕێککەوتووە کە
1500 درۆن لەو وڵاتە بکڕێت.
گوتەبێژی هەسەدە لە ڕاگەیێندراوەکەدا دەڵێت: ئەو هەواڵانە بە تەواوەتی نادرووستن و بەئاشکرا لەلایەن میدیاکانی تورکیاوە هەڵبەستراون. ئامانجیانە زیان بە گەل و هێزەکانمان بگەیێنن، کەشێکی دوژمنکارانە بەرانبەر دۆزی گەل لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەنێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی درووست بکەن.
شامی ئاماژە بەوەش دەکات، شەڕڤانەکانمان بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونە بەرفراوانەکانیان لە بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش، لە ماوەی ڕابردوودا کاریان بۆ پەرەپێدانی توانا سەربازییەکانی خۆیان کردووە، لەنێویاندا درۆن، کە بەرهەمی ئەزموونی خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایە.
درۆن بە یەکێک لە کەرەستە جەنگییە کاریگەرەکانی هەسەدە لە ڕووبەڕووبەوەیان لەگەڵ نەیارەکانی دادەنرێت.
هەرچەندە هەسەدە خۆی زانیاری لەسەر درۆنەکانی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام لەو گرتە ڤیدیۆیانە کە هەسەدە خۆی بڵاویان دەکاتەوە چەندین جۆری درۆن دەردەکەون کە خۆیان لە درۆنی چاودێریکردن و هێرشکردن دەبیننەوە.
[1]