کۆسار عوسمان
یاڵچن ئاکدۆغان، جێگری سەرۆکوەزیرانی پێشووتری تورکیا کە لە کاتی پڕۆسەی ئاشتیدا یەکێک لە کەسایەتییە کاریگەرەکانی حکومەت بوو، دەڵێت: ئەو کاتەی
دەوڵەت باخچەلیدەوڵەت باخچەلی بانگهێشتی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی کرد، چەتاڵ لە دەستی کەوتە خوارەوە.
لە پرۆگرامێکی تەلەڤیزیۆنیدا کە شەوی سێشەممە پەخشکرا، یاڵچن ئاکدۆغان باسی لە هەوڵەکانی مەهەپە و دەم پارتی لە بابەتی پرسی کورد کرد.
ئاکدۆغان لە پڕۆسەی چارەسەریی لە ساڵانی
2013 -2015 ئەندامی سەرەکیی شاندی حکومەت بوو و هەر ئەویش نووسراوی دۆڵمەباخچەی خوێندەوە.
سەبارەت بە وتارەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە کە بانگهێشتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی کرد لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی قسەبکات، یاڵچن ئاکدۆغان وتی: ڕۆژی سێشەممە نانی بەیانیمان دەخوارد. لە تەلەڤزیۆنەوە بە کزی دەنگی کاک دەوڵەت دەهات کە لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی قسەی دەکرد. سەرقاڵی نانی بەیانی بووین. لەناکاو چەتاڵ لە دەستم کەوتە خوارەوە. خانم سەیرێکی کرد و وتی: چی ڕوویداوە؟ دەنگی تەلەڤیزیۆنەکەم بەرزکردەوە و وتم کاک دەوڵەت وتار پێشکەش دەکات. کاتێک ئەمانەم بیست، هەژەند بووم و وتم، دەبێت چی ڕووبدات!
یاڵچن ئاکدۆغان دەڵێت: کاتێک لە گوتەکانی باخچەلی وردبووەتەوە، ڕاستەوخۆ هەستی بەوە کردووە و زانیویەتی کە ئەو هەنگاوە زووتر کاری لەسەر کراوە. هەر لەوبارەیەوە وتی: باس لە کەسێک دەکەین لەڕووی یاساییەوە قەدەخەیە. ئەو وتی با بێت لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم قسەبکات. ئەوە نیشانی دەدات ئەو هەنگاوە پێشتر کاری لەسەر کراوە. ئەمە هەڵمەتێکی زۆر گرنگە.
ئەو بانگەوازەی دەوڵەت باخچەلی لە کاتێکدایە، لە سەردەمی پڕۆسەی چارەسەریدا شاندی ئاکپارتی و بەتایبەتیش یاڵچن ئاکدۆغان، بە تووندی لەلایەن دەوڵەت باخچەلییەوە ڕەخنەیان لێدەگیرا.
ئاکدۆغان وتی: هەڵوێستی ئەو کاتەی بەڕێز باخچەلی، ئەو هەڵوێستە بوو کە دەبوو پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی نیشانی بدات. من لە سیاسەتی دیموکراسیانەدا ئەمە بە کێشە نازانم. پارتە سیاسییە جیاوازەکان دەکرێت هەڵوێستی جیاوازیان هەبێت. دەکرێت ئەوان دژایەتی هەڵمەتەکانی پڕۆسەکە بکەن.
ئەو بەرپرسەی ئاکپارتی دەڵێت: کاتێک دەتەوێت کارێک بکەیت، نابێت ئەو کەس و لایەنانە بە کێشە بزانیت کە هۆشداریت پێدەدەن، ڕەخنەت لێ دەگرن و وا دەکەن لە گۆشەی جیاوازەوە سەیری بابەتەکە بکەیت.
یاڵچن ئاکدۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە نزیکەی مانگێک دوای گوتەکانی دەوڵەت باخچەلی، حکومەتەکەی ئەسەد ڕووخا و گۆڕانکاری لە سووریا ڕوویدا؛ وتیشی: لێرەوە بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە پێشبینییەکانی دەوڵەت باخچەلی بێبەها نەبوون.
دوای ئەوەی پڕۆسەی چارەسەری لە ساڵی 2015-2016 لەنێوچوو، پرسیاری ئەوە زۆر دەکرێت کە ئایا کێ هۆکار بوو. ئاکپارتی و پەکەکە بە شێوازی جۆراوجۆر یەکدی تۆمەتبار دەکەن و شتی جیاواز دەڵێن.
یاڵچن ئاکدۆغان لەوبارەیەوە وتی: ئەوەی گرنگ بوو، پەیامەکەی ئۆجەلان بوو. گرنگ بوو بەڵام ئەوەی پێویست بوو جێبەجێیان نەکرد. ئەو کات ئەمریکا نەیویست پەکەکە لە هاوکێشەکە بچێتە دەرەوە، بەڵکوو ویستی لە بابەتی سووریادا وەک ئامێرێکی میوزیکی بەکاری بهێنێت. ئەوە بوو ڕێکخراوەکەیان (پەکەکە) خستە جووڵەوە و دواتریش گوترا 'تۆ ناکەینە سەرۆک' و چەند تاوانێکیش کران. پڕۆسەکەیان لەباربرد. فەتۆ بە هەمان شێوە ڕۆڵی لە لەباربردنی پڕۆسەکەدا هەبوو، چونکە ئەگەر دەسەڵات ئەو کێشەیەی چارەسەر بکردبا، بەهێزتر دەبوو کە فەتۆ ئەمەی نەدەویست.
ئاکدۆغان: کوردەکان لە کاتی کودەتادا پشتیوانیی دیموکراسییان کرد
یاڵچن ئاکدۆغان ڕایگەیاند، ساڵێک دوای لەنێوچوونی پڕۆسەکە هەوڵی کودەتا درا.
سەبارەت بە هەڵوێستی کورد لەو کاتە دا ئاکدۆغان وتی: فەتۆش لێکدانەوەی خۆی بۆ بابەتەکە هەبوو؛ ساڵێک دواتر کودەتا ڕوویدا. ئەگەر کوردەکان لە بەرەی حکومەت نەبوونایە و ڕێکخراویش لە بەرەی دژ بوایە، لە بەرژەوەندیی فەتۆ دەبوو. سەیر بکەن ڕووداوەکانی گەزی و زۆر شتی دیکە ڕوویاندا. هەدەپەییەکان چەند کارێکیان کرد، بەڵام ئەوەی هاندەری ڕووداوەکان بوو فەتۆ بوو. بەڵام ئەو کات ڕێکخراو (پەکەکە) بەتەواوی پشتگیری بۆ ناڕەزاییەکانی گەزی نیشان نەدا. ئینجا فەتۆ لەوەوە پەندی وەرگرت و وتی؛ ئەگەر ئەوانە کێشەکە چارەسەر بکەن، من ناتوانم بەرەوپێش بڕۆم. لە کودەتاکەدا کورد وەکوو بلۆک لە ڕیزی دەوڵەت و دیموکراسی وەستان. نەکەوتنە نێو یارییەکە. ئەمەش شتێکی زۆر گرنگە.
یاڵچن ئاکدۆغان سەبارەت بە کاریگەریی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕایگەیاند: هەندێک جار لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە قسە دەکەین، لەبارەی ئۆجەلان هەندێک دەڵێن ئۆجەلان پیاوێکی پیرە و ئایا ئەو بابەتانە بۆ ئەو ماوەتەوە؟ پێویستە پرۆفایلەکەی دیاری بکرێت، ئێمە باس لە کەسێکی ئاسایی ناکەین. سەرەنجام (پەکەکە) ڕێکخراوێکی 40-50 ساڵەیە! دەزانین کە ئۆجەلان لە سووریا، لوبنان، دۆڵی بیقاع ئەو ڕێکخراوەی بەڕێوەبردووە. نابێت ئەو هەڵەیە بکەین و ئەو پیاوە بچووک بکەینەوە کە چەندین کاری کردووە و پشتیوانیی چەند دەوڵەتی جیاوازی بەدەستهێناوە..
[1]