سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگەی کەرکووک پەرتووکی کەرکووک لەنێوان یار و نەیارد بڵاودەکاتەوە، لەو پەرتووکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، کورد بەشێک بووە لە هۆکاری جێبەجێنەکردنی مادەی 140 و نوێنەرانی کورد لە هیچ کۆبوونەوەیەکی پەڕڵەمان یان ئەنجوومەنی وەزیران ئەو پرسەیان نەجووڵاندووە.
ڕێبوار تاڵەبانیڕێبوار تاڵەبانی ، سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگەی کەرکووک لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ڕۆژی هیوا جەمال، باسی نێوەڕۆکی پەرتووکەکەی کرد. ئەو دەڵێت: کەرکووک ڕووداوی گەرمی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام نێوەڕۆکی پەرتووکەکە ئەوەیە کە خۆم بەشێک بوومە تێیاندا و شایەتحاڵ بووم.
لە پەرتووکەکەیدا، ڕێبوار تاڵەبانی، خودی کورد بە هۆکاری جێبەجێنەکردنی مادەی 140 دەزانێت. ئەو باسی کۆبوونەوەیەکی لیستی برایەتیی کەرکووک دەکات و ڕوونیدەکاتەوە، لەو کۆبوونەوەیە بۆی دەرکەوتووە، بەهۆکاری حیزبی پارتی و یەکێتی کاریان بۆ جێبەجێکردنی مادەکە نەکردووە.
وتی: کۆبوونەوەیەکی نهێنی کرا لەلایەن لیستی برایەتی و هەموو قۆناخێک داڕێژرایەوە بۆ جێبەجێکردنی مادەی 140، لە کۆتاییدا هاتین کێشەکە چارەسەر بکەین، بەپێی مادەکە، دەبووایە چەمچەماڵ، کفری، کەلار و خورماتوو بگەڕێنەوە سەر کەرکووک، تەنیا لەسەر قۆناخی قەرەبووکردنەوەی ئاوارەکان ڕێکنەکەوتن، پێموتن بۆچی باسی ئەو ناوچانە ناکەن کە لە کەرکووک دابڕاون، وتیان ئەگەر ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە سەر کەرکووک، کەرکووکیش نەگەڕێتەوە سەر کوردستان، ئەو ناوچانەشمان لەدەست دەردەچێت، ئەوە بیانوویان بوو، بۆیە قەت باسی ئەو ناوچانەیان نەکردووە، هەستم کرد لەنێوان خۆیان ناکۆکیی هەژموون بوو، کێشەکە زیاتر حیزبی بوو.
لەبارەی ڕێککەوتنەکانی ئێراق، بۆ فرۆشتنی نەوتی کەرکووک و ناڕەزایەتییەکانی هەرێمی کوردستان، ڕێبوار تاڵەبانی پێیوایە، حکومەتی ئێراق هەر کارێک لە کەرکووک بکات بە تاکلایەنە، دەتوانرێت سکاڵای لێ بکات، نەک لە نەوت، لە هەموو بوارەکان، بۆ نموونە وەزارەتی تەندرووستیی ئێراق 10 فەرمانبەر لە کەرکووک دابمەزرێنێت، دەبێت 5 یان حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەند بێت لەسەری، چونکە چۆن کەرکووک بەشێکە لە ئێراق، بەشێکە لە هەرێمی کوردستانیش، بەڵام خۆشمان کەمتەرخەمین و نەهاتووینەتە دەنگ لەو کێشانە.
ڕێبوار تاڵەبانی پێیوایە بەهۆی جێبەجێنەکردنی ماستەرپلانی کەرکووک، گەڕەکە کوردییەکان ئێستا لە کێشەدان، ڕوونیکردەوە، کاتێک کە سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگەی کەرکووک بووە، پێنج ساڵ سەرقاڵی ئامادەکردنی ماستەرپلانەکە بوون، بەڵام بۆ بەرژەوەندیی تاکەکەسێک کە کورد بوو، جێبەجێ نەکرا.
سەرۆکی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگەی کەرکووک ئەوەشی گوت، پێنج گەڕەکی نوێی کوردی دوای
2003 هەبوون، ئەگەر ئەو ماستەرپلانە جێبەجێ بکرایە هەموو خزمەتگوزارییەکیان پێدەگەیشت، برادەرێک لەنێو ئەنجوومەن کە کوردیش بوو، چونکە خۆی لەنێو پڕۆژەکەدا نەبوو، لۆبی بۆ کرد و نەیهێشت بگاتە ئامانج.
[1]