ناونیشانی بابەت: نرخی نەوت، پەیوەندی لە نێوان سامانی ئابوری و هزری سیاسی دا
ناوی نووسەر: #بەهرۆز جەعفەر#
“لێرەدا، ختوکەدانی دوو پرس گرنگە: یەکەم ئایا پەیوەندی نێوان سامانی ئابوریی و هزری سیاسی چۆنە؟. دووەم ئایا ئەو هۆکارانە چین کە هەڵکشان و داکشان بە نرخی نەوت ئەکەن؟.”
یەکەم : فاکتەرەکانی دابەزینی نرخی نەوت:
هەشت هۆکار دەست نیشان ئەکەین بۆ نزمبونەوەی نرخی نەوت، کە بێگومان هەر ئەو فاکتەرانەشن ئەبنە هۆی بەرزبونەوەی.
یەکەم/ کەمبونەوەی دەستەڵاتی ئۆپیک لە بازاڕی وزەی جیهانی دا بۆ نرخ دانان (التسعیر). بە نزیکەیی (41٪) بەرهەم بریتیە لە نەوتەی وڵاتانی ئەندام لە ئۆپیک هەیانە. (60٪) ئەگەرێتەوە بۆ ئەوانەی بەرهەمهێنەرن و لە دەرەوەی ئۆپیکن، وەکو ویلایەتە یەکگرتوەکان و ڕووسیا.
دووەم/ بونی زستانێکی مامناوەند لە بەشە باکورییەکەی گۆی زەوی، وائەکات خواست لەسەر نەوت کەمتر بێت.
سێهەم/ بڕیاردانی ئێراق یان سعودیە وەک وڵاتێکی سەرەکی ئۆپیک بۆ زیادکردنی بەرهەم (خستنەڕوو) ی نەوت. بۆ نمونە ساڵی 2016 ئێراق بڕیاریدا لە 3.3 ملیۆن و سێسەت هەزارەوە ئاستی بەرهەم بۆ 4.3 ملیۆنی ڕۆژانە بەرزبکاتەوە!. ئەگەرچی عێراق نەیتوانی و نەگەشتە ئەوە بەڵام کاریگەریی لەسەر نرخی نەوت هەبو.
چوارەم/ بونی سات و سەوداگەرێکی زۆر کە وەک برۆکەر ( جامباز- دەڵاڵ) وان. ئەم خاڵە زۆر گرنگەو کەمیش باس ئەکرێ. ئەمانە بڕێکی زۆر نەوت ئەکڕن جاری وا هەیە بە کەشتیەوە (زیاتر لە هۆڵەندا ئەکرێ لەدەمی ئێستادا) یان لە بەندەرەکانن یاخود لە بازاڕە داراییەکان و بەشێوەی ئۆنلاین، لە پڕ نەوت کەم ئەبێتەوە، یان لە پڕ بڕێکی زۆر ئەخەنەڕوو بۆ لێدان لە بەهای دراوی وڵاتێک کە خۆیان مەبەستیان بێت…
پێنجەم/ گەڕانەوەی ئێران بۆ بەرهەمێنانی نەوت، هەرکاتێک سزاکان لەسەر ئێران زیاد بکات کاریگەری لەسەر نرخی نەوت هەیە، بۆ نمونە ڕەنگە وابکات لە ئاوەکانی کەنداو یان حەوزەی قەزوینەوە نەوت درەنگتر بگاتە بازاڕەکانی جیهان بە هۆی خراپی دۆخی ئەمنیەوە. بۆیە کاریگەری لەسەر بەرزبونەوەی نرخ ئەبێت. هەرکاتیش ئێران دەست بکاتەوە بە بەرهەمهێنان کاریگەری لەسەر دابەزینی نرخ هەیە.
شەشەم/ ترس لە (چین)… چین گەورەترین وڵاتی بەکاربەری نەوتە، ئەمریکاش گەورەترین بەکاربەرە، بەڵام لەهەمان کاتدا ئەمریکا گەورەترین ئاستی بەرهەمهێانی نەوتیشی هەیە. لە دە ساڵی ڕابردوودا چین لە بەکارهێنانی (7) ملێون بەرمیلی ڕۆژانەوە ئاستی پێویستی گەیشتوە بەوەی (11) ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا بەکاربهێنێت. کۆرۆنا وای کرد کە ئاستی بەکاربردنی نەوت لە نیوەی یەکەمی (2020) ئەوەندە داببەزێ بگاتە تەنها (940) هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا!. هەروەها ئاستی بازاڕو کاخەزو پشکە داراییەکانی چین کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر نرخی نەوت هەیە.
حەوتەم/ کارەساتە سروشتیەکان ( بومەلەرزەو تسونامیەکان، لافاو، سەرماو گەرما، نەخۆشی و پەتاو تاعون و …. تاد).
هەشتەم/ دۆزینەوەو بەرهەمهێنانی نەوتی بەردین ( زەیتی سەخەری) گوایە! وەک جێگرەوەیەک بۆ نەوتی خاو لە چەندین وڵات وەکو ئەمریکاو کەنەداو ئازەرباینجان و ئەردەن و بەرازیل … تادوایی ئیشیان لەسەر کردوە زۆریش سەرکەوتو نەبوە. چونکە تا پلەی (400) بەردەکە گەرم ئەکەن و بۆ ژینگە خراپەو تێچوی زۆرەو… تادوایی.
نۆیەم/ هۆیەکی تری باس نەکراوی نا جێگیریی نرخی نەوت، خەزانەکانی نەوتە، کە ئەمریکاو یابان و چین خەزن و ئەمباری ئەکەن. گەورەترین گرفتی ئەم خەزانانە ( کە ئەمریکا لە ژێر زەوی و سەرزەویدا هەیەتی) ئەوەیە ناشەفافە. هەندێک سەرچاوە بە (14) چواردە ملیار بەرمیلی خەزنکراو ئەیخەمڵێنن. وڵاتان بە شەفافی و دیاریکراوی باسی ڕێژەی خەزنکراویان ناکەن!. هەندێ جار جەمسەرەکان یان هێزە هەرێمیەکان ئەمە بۆ دەست و نینۆک کردنی یەکتری بەکاردێنن ئەگەر بیانەوێ گەڕ بە یەکتریدا بکەن، سەرەتا لە ڕێگەی گروپە چەکدارو میلیشیاکانەوە پشێوی لەناوچەیەکدا دروست ئەکەن، کە زانییان ئەمە تا ڕادەیەک ئامانجی پێکاوە ئینجا بڕێکی نەوتی زۆر ئەخەنە بازاڕەوە بۆئەوەی نرخ داتەپێت، یان زۆرتر خەزن ئەکەن بۆ ئەوەی نرخ بەرز بێت.
دووەم: هزری سیاسیی و سامانی ئابوری:
پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان هزری سیاسیی و سامانی ئابوریی دا هەیە. چونکە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لەنێوان هێزی سیاسی و سامانی ئابوری دا هەیە.
ڕیالیستەکان لە پەیوەندییە دەرەکیەکاندا زۆر بایەخ بە چەمکی ( هێز، فەوزا) ئەدەن. یەکێک لە پێشەنگەکانی قوتابخانەی ڕیالیزم “فریدریچ لیست –Friedrich List” ە ساڵی (1841) لە ئەڵمانیا کتێبی (The National System of Political Economy) نووسی، باس لە سیستەمێکی نیشتیمانی ئەکات لە ئابوریی سیاسی دا، لەبارەی ئەوەی چۆن نەتەوە- نیشتیمانێک ئەتوانێت ئاستی سامان و هێزی خۆی بەرزبکاتەوە؟.
بانگەشەی ئابورییەکی کۆزمۆپۆلیتی ئەکات (کۆزمۆپۆلەتیک یانی ئایدۆلۆجیایەکە کە هەموو مرۆڤایەتی بە ڕابردوو، بە ئایندەوە، بە هەر نەتەوایەتی و ناسنامەیەکی جیاوازەوە ئینتیمایان بۆ یەک کۆمەڵگه و یەک بازنە هەبێت، بەمانایەکی تر هەموو ئەخلاقیاتێک لەیەک سەرچاوەوە بێت، بە کورتیەکەی سەرمایەداری بەهای هاوبەشە ئابوری ئەبێت لەناوخۆدا گرێ نەدرێ بە باج ەوه و قازانجی ئابوری بۆ هەموو کۆمەڵگەی بەشەرییە). لەسەر ئەمە ئەڵمانیا زیندانی کردو ناچاریان کرد واز لە ناسنامەکەی بهێنێت.
فریدریچ لیست، زۆر هێرش ئەکاتە سەر لیبراڵیستەکان، ناسیۆنالیزمی ئابوری گرێ ئەدا بە مانیفاکتۆر ” وەرشەی بچووک” ەوە، بەجۆرێک ئەگەر دەوڵەت یان کۆمپانیا ناوخۆییەکان بوون بە خاوەنی کەرەستەی بچوکی خۆیان یان پیشەسازییەکی سەرەتایی ئیتر ئەتوانن خۆیان بەهێز بکەن و کێبڕکێ بکەن لەگەڵ ئەوانی تردا، بۆ ئەمەش ئەکرێ بەریتانیا وەک لانکەی شۆڕی پیشەسازی وەرشە و پیشەسازی بچووک هەناردەی ئەڵمانیا بکات، ئەڵمانیەکانیش خۆیان بەهێز بکەن و کێبڕکێی ئەوانی تری پێ بکەن!…دوای جەنگی دووەمی جیهانی، واقعییەت کەوتە خۆی لە فۆڕمی جیاجیادا، یابان بوو بە وڵاتێکی گەشەکردوو، به و ئایدیایەی کە “حکومەت پاڵپشتی سێکتەری مانیفاکتۆر” کرد، یابان بوو بە وڵاتێکی پیشەسازی.
لێرەدا، هەرێمێکی بێدەوڵەتی وەک هەرێمی کوردستان، پێگەیەک نییە بۆ پیشەسازی و، هەموو کەرەستە سەرەتاییەکانی لەدەرەوە هاوردەئەکات، هەموو کرێیەکی وەبەرهێنان خۆی ئەیدات، نەیتوانیوە سێکتەری وزە و پیشەسازی نەوت و غاز لە چوارچێوەی سیستەمێکی نیشتیمانی دا بەرجەستەبکات.
سێهەم: گەمە یان مناوەرە (تلاعب) لە پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکاندا:
بانگەشەیەک هەیە کە نەوت بەهاکەی خۆی لە دەست ئەدات، سەدەی نۆزدە خەڵوزو سەدەی بیست نەوت و سەدەی بیستویەکیش یان گازی سروشتیە یان شتێکی تر…هەرچەندە من لەو کەسانەم پێموایە نەوت بەهاکەی بەشتوەیەکی ئەوتۆ لەدەست نادات؟.
چونکە ئێمە نمونەی گەورەمان لەبەردەستە بیسەلمێنین، کە ئابوریی لیبراڵ پاشەکشەی کردوەو ئابوریی نەتەوەیی یان ناسیۆنالیزم بردویەتیەوە. (ناسیۆنالیزم یانی سنور یانی ناسنامە بەپێی جوگرافیایەکی سنوردار. ئابوریی لیبراڵ یان بازاڕ یانی سنور و ناسنامە ناناسێ، شیعەو سووننە نازانێت، تۆ نەوتی خۆت ئەفرۆشی و دۆلاری خۆت وەرئەگری). نمونەی جیابونەوەی بەریتانیا لەیەکێتی ئەوروپا هیچ نییە جگە لەوەی تۆخبونەوەی نەیشناڵیزم و پاشەکشەی ئابوریی لیبراڵە. هەروەها کۆرۆنا سنورەکانی تۆختر کردەوەو سەرمایەداریشی خستە ژێر پرسیاری گەورەوە…
بە دیاریکراوی لەساڵی (2000) دا ڕۆژانە جیهان بۆ پێداویستیەکانی خۆی (75٫8) حەفتاو پێنج ملیۆن و هەشت سەت هەزار بەرمیلی لە ڕۆژێکدا بەکاربردووە. بەڵام لە کۆتا ڕۆژەکانی (2019) ەدا ڕۆژانە جیهان (94) نەوەت و چوار ملیۆن بەرمیل نەوتی بەکار بردووە. ئەوەش مانای وایە پێویستی جیهان بۆ نەوت زیادیکردوە بە بڕی زیاتر (19) ملیۆن بەرمیل لە ماوەی (19) ساڵدا.
کەواتە چۆن ئەم دیاردەیە ناو بنەین کە لە پڕ نرخی نەوت وەها پووچ ئەبێت ناگاتە کرێی بەرهەمهێنانی لە شوێنی خۆیدا؟. بۆ نمونە، لەسەردەمی کۆرۆنادالە ناکاو و لە (7 ی مارسی 2020) دا نرخی نەوت (20٪) ی بەهاکەی خۆی لەدەستدا؟.
واتە وڵاتێکی وەک ئێراق لە ڕۆژێکدا (3.5) سێ ملیۆن و نیوی بەرهەم هێنا بێت، بەرمیلێک نەوت (20) دۆلار دابەزی بێت لە ناکاودا لە (50 دۆلارەوە بۆ 30) یانی (20*3.5= 70000000). واتە ڕۆژانە (70) ملیۆن دۆلار زیان تەنها لە فرۆشتنی نەوتدا!.
ئەمە لەڕووی تیۆرییەوە لە زانستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا بە مناوەرە یان (تلاعب – Manipulation) ناوزەند ئەکرێت، بەجۆرێک گەمەیەکە لە بازاری بازرگانی دا. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی ئەم گەمەیە ئەکەن؟.
بەرمیلێک نەوت بە (33 دۆلار) دۆلار لەکاتێکدا لە هەندێ وڵات کرێی بەرهەمهێنانی (1) بەرمیل نەوت لە نێوان (20 بۆ 30 دۆلار)!. لە ڕووسیا کرێی بەرهەمهێنانی یەک بەرمیل نەوت (20 دۆلار) بیست دۆلارە. لە هەرێمی کوردستان (17 دۆلار) دۆلار ئەکەوێت. نرخی نەوت لە عێراق گەیشتە (17دۆلار) دۆلار. ئەمە زیانەکەی لە مانگێکدا بە ملیارەها دۆلار لەسەر دەوڵەت ئەکەوێت.
لێرەدا، مەگەر ئەو دەوڵەتە پێشکەوتوانەی کە دەوڵەتی قووڵ (Deep State) ن بە کەمترین زیان لێی دەربچن، لە ڕێگەی دامەزراوەی هزریی و نوخبەوە کە دەوڵەتن لەناو دەوڵەتدا، بتوانن هزرێکی ستراتیجی و تاکتیکی بەگەڕ بخەن کە پەیوەندیی نێوان سیستەمی سیاسی و سامانی ئابوریی ڕێک بخات. بە پێچەوانەوە دەوڵەت زیانێکی گەورە ئەکات، بۆ نمونە عێراق لە بودجەی ساڵی (2020) نرخی بەرمیلێک نەوتی بە (56) دۆلار خەمڵاندوە، بەرئەنجامەکەشی ئەوەبو بە درێژایی ساڵەکە ئابوریی ئێراق (46٪) کورتهێنانی هەبوە!.جگە لە قەیرانی ئابوریی و یاسای کورتهێنانی دارایی کۆمەڵێک گرفتی سیاسیی لەناو وڵاتەکەدا دروستکردوە! [1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!