شیراز ڕەئوف
نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: کۆبوونەوەی سەرۆک
مەسعود بارزانیمەسعود بارزانی و
مەزڵووم عەبدیمەزڵووم عەبدی فەرماندی گشتیی هەسەدە لە هەولێر کاریگەریی ئەرێنی لەسەر یەکدەنگیی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان و بەستنی کۆنگرەی نیشتمانیی کورد دەبێت و ئاستەنگەکانی لێکتێگەیشتنی کوردی لە ڕۆژاوای کوردستان تاوەکوو ڕادەیەکی زۆر هەڵگرت.
هۆشەنگ دەروێشهۆشەنگ دەروێش ، نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی ڕووداوی ئەمڕۆ وتی: کۆبوونەوەی سەرۆک مەسعود بارزانی و ژەنەراڵ مەزڵووم عەبدی زۆر گرنگە و لە کاتێکی زۆر گرنگ و هەستیار ئەنجامدرا کە کورد لە ڕۆژاوای کوردستان لە بەردەمی دۆخێکی زۆر هەستیاردایە.
وتیشی: یەکبوونی کورد و چارەسەریی ئەو ناکۆکیی و ڕا جیاوازانەی لەنێو کورد هەیە لە ڕۆژاوای کوردستان ئامانجی کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی بوو.
پاڵپشتیی باشوور بۆ ڕۆژاوای کوردستان
هەر لە بەرنامەی ڕووداوی ئەمڕۆ نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستان باسی لە پێگە و گرنگی پاڵپشتی باشووری کوردستان بۆ ڕۆژاوای کوردستان کرد و وتی: هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی بەرفراوانی هەیە و دەشێت ئەو پێگە دیپلۆماسییەی هەرێمی کوردستان لە جیهان پاڵپشتییەکی زۆر بەهێزبێت بۆ ڕۆژاوای کوردستان.
هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی ئابووری و دیبلۆماسی باشی لەگەڵ تورکیا هەیە، لەم دۆخەدا کە تورکیا گوشار لە ڕۆژاوای کوردستان دەکات دەشێ هەرێمی کوردستان فاکتەرێکی گرنگی چارەسەر بێت و ڕۆڵی هەبێت لە چارەسەری گرفتەکانی ئەنکەرە لەگەڵ هێزەکانی ڕۆژاوای کوردستان، هۆشەنگ دەروێش وای گوت.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ی کانوونی دووەمی 2025، بارەگای بارزانی لە ڕاگەیێندراوێکدا وتی، لە پیرمام، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات کرد.
بەگوێرەی بارەگای بارزانی، لەم دیدارەدا بارودۆخی سووریا و دوا پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکانی سووریا و هەروەها چوارچێوەی گشتیی مامەڵەکردنی لایەنە کوردییەکان لەگەڵ بارودۆخی تازەی سووریا و چۆنیەتیی گرتنەبەری هەڵوێستێکی هاوبەشی لایەنە کوردییەکانی سووریا تاوتوێ کرا.
کۆنگرەی نیشتمانیی کورد
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا لە ڕووداوی ئەمڕۆ هۆشەنگ دەروێش، نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات لە هەرێمی کوردستان باسی لە کۆنگرەی نیشتمانیی کورد کرد لە ڕۆژاوای کوردستان و وتی: لە ڕۆژاوای کوردستان ئامادەکاریی دەکرێت بۆ بەستنی کۆنگرەی نیشتمانی کورد.
وتیشی: ئامانجی کۆنگرەی نیشتمانیی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان بۆ دەستنیشانکردنی داخوازییەکانی کوردە لە سووریای نوێدا.
دەروێش لەبارەی وردەکاریی کۆنگرەکە ئاماژەی بەوەکرد، ئێستا کۆمیتەی ئامادەکاریی بۆ بەستنی کۆنگرەی نیشتمانیی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان پێکهێنراوە و ئامانجی کۆنگرەکەش درووستکردنی کۆدەنگیی کوردییە بە بەشداریی هەموو لایەنەکان بۆ یەکخستن و دەستنیشانکردنی خواست و داواکارییەکانی کورد لە یەک پاکێجدا.
وتیشی: کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و مەزڵووم عەبدی لە هەولێر کاریگەریی ئەرێنی دەبێت لەسەر ئەنجامدانی ئەو کۆنگرە نیشتمانییە کوردییە کە ئێستا هێشتا لە قۆناخی ئامادەکاریدایە و وادەی بەستنی کۆنگرەکە بەتەواوی دەستنیشان نەکراوە.
کۆبوونەوەی هەولێر دەشێت ڕەهەند و کاریگەریی زۆر گرنگی هەبێت بۆ دۆخی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان، پێشتر بەهۆی ناکۆکییەکانەوە چاوەڕوان دەکرا کورد بە دوو شاندی جیاواز بچێتە دیمەشق و نەیاندەتوانی ڕێکبکەون بۆ پێکهێنانی شاندێکی هاوبەش، بەڵام دوای ئەم کۆبوونەوەیەی سەرۆک مەسعود بارزانی و ژەنەراڵ مەزڵووم عەبدی ئێستا چاوەڕوان دەکرێت لەیەنە کوردییەکانی ڕۆژاوای کوردستانیش کۆببنەوە و بگەنە ڕێککەوتن و کورد بە شاندێکی هاوبەش بچێتە دیمەشق بۆ دانووستاندن و وەرگرتنی مافەکانی.
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرۆک مەسعود بارزانی و مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە دوای ئەوەهات ڕۆژی دووشەممە، 13ی کانوونی دووەم، د. حەمید دەربەندی، نوێنەری سەرۆک مەسعود بارزانی سەردانی ڕۆژاوای کوردستان کرد و لە حەسەکە لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، کۆبووەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان لە کۆبوونەوەکە کە داخراو بوو لە بەردەم میدیا، د. حەمید دەربەندی، پەیامی سەرۆک مەسعود بارزانی گەیاند، کە جەختی لەسەر گرنگیی یەکڕیزیی کورد کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە هەنووکەییەکانی سووریا.
[1]