نامۆ عەبدوڵڵا
نیکۆلاس گرانگەر، بەرپرسی دۆسیەی سووریایە لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕایدەگەیێنێت: ئەمریکا پشتیوانی لە بەشداریی هەموو پێکهاتەکانی سووریا دەکات لە حکومەتی نوێدا و هانی گفتوگۆ و دیالۆگی نێوان دەسەڵاتی نوێی وڵاتەکە و هەسەدە دەدات.
گرانگەر لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ ڕووداو، باسی لابردنی خەڵاتی 10 ملیۆن دۆلاری لەسەر ئەحمەد شەرع، مانەوەی هەتەشە لە لیستی تیرۆر، دەوڵەت و حکومەتی نوێی سووریا، پاراستنی کەمینەکان و ڕێگەگرتن لە دەسەڵاتی ئێران لە سووریا دەکات.
گرانگەر ڕایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکان بەتەواوی پشتیوانی لە حکومەتێکی داهاتووی سووریا دەکات کە لە پڕۆسەیەکی سیاسیی فراوان و شەفاف سەرهەڵبدات و ویستی گەلی سووریا تێیدا ڕەنگبداتەوە، لەوانەش ئەندامانی هەموو گرووپە جیاوازەکانی سووریا، وەکوو کورد. هەروەها پێمانوایە ڕۆڵی کۆمەڵگەی مەدەنی لە پڕۆسەی ڕاگوزەری سیاسیدا گرنگە. بۆیە لەلایەنی ئەمریکاوە، ئێمە دان بە حکومەتی داهاتووی سووریا دەنێین و پشتیوانی تەواوی لێدەکەین.
ئەمریکا پشتیوانی سەرەکیی هێزەکانی سووریای دیموکرات -هەسەدەیە لە شەڕی دژی داعش، گرانگەر ئاماژەی بەوە کرد، بەردەوام دەبین لە گرنگیدان بە هاوبەشیمان لەگەڵ هەسەدە، نەک تەنیا بۆ شەڕی دژی داعش بەڵکوو بۆ پاراستنی بەندکراوەکان و کەمپەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا. ئەمە شتێکە کە دەبێت دەوڵەتی داهاتووی سووریا بەرپرسیارییەتیی بگرێتە ئەستۆ. بۆیە گرنگە کە هەسەدە و دەسەڵاتی کاتی لە دیالۆگێکی زۆر جدیدا بن لەسەر ئەوەی داهاتووی سووریا بۆ لایەنەکان چۆن دەبێت و، دڵنیابوون لەوەی دەتوانن هەموویان پێکەوە کاربکەن بۆ شەڕکردن دژی داعش.
دەقی هەڤپەیڤینی ڕووداو لەگەڵ نیکۆلاس گرانگەر، بەرپرسی دۆسیەی سووریا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا
ڕووداو: نیکۆلاس گرانگەر، زۆر سوپاس کە لەگەڵمانیت. دەمەوێت پرسیارێکت لێبکەم سەبارەت بە بڕیاری ئەم دواییەی وڵاتەکەت، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بۆ سووککردنی سزاکانی سەر سووریا. دەکرێت ڕوونی بکەیتەوە ئەمە چییە، هەروەها لە چوارچێوەی حکومەتی نوێی سووریادا چی ڕێگەپێدراوە؟
نیکۆلاس گرانگەر: سەرەتا سوپاس بۆ میوانداری کردنم، خۆشحاڵم کە لێرەم. سەبارەت بە مۆڵەتی گشتی، پێم وایە مەبەستت مۆڵەتی گشتی ژمارە 24ە کە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دووشەممەی هەفتەی ڕابردوو، واتە 6ی کانوونی دووەم دەریکرد. ئەم مۆڵەتە گشتییە ناردنی پەیامێکی ڕوون بوو کە سزاکانی ئەمریکا ڕێگر نین لە بەردەم پڕکردنەوەی پێداویستییە ئابووری و مرۆییەکانی گەلی سووریا. ئێمە دەزانین کە ئابووری کۆڵەکەیەکی گرنگە بۆ سەقامگیری. دوای زیاتر لە دەیەیەک ململانێ و چەندین دەیە بەڕێوەبردنی خراپ و گەندەڵی لەلایەن ڕژێمی ئەسەدەوە، دۆخی مرۆیی و ئابووری لە سووریا لە بارودۆخێکی زۆر خراپدایە. بۆیە، بەو هۆیەوە ئەم مۆڵەتە گشتییەمان دەرکرد بۆ یارمەتیدانی ڕاستەوخۆی گەلی سووریا. پێمانوایە لەم کاتە هەستیارەدا دابینکردنی خزمەتگوزارییە حکومییەکان، خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان و کارکردنی دامەزراوە حکومییەکان زۆر گرنگە. بۆیە مۆڵەتە گشتییەکەمان ڕوونی دەکاتەوە کە دابینکردنی کارەبا، وزە، ئاو، خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی دیکە دەبێت بەردەوام بن و سزاکان ڕێگر نین لە بەردەمیاندا. هەروەها ڕێگە دەدات بە هەندێک هاوبەشی ناوچەکە کە باسیان لە دابینکردنی وزە و کارەبا بۆ سووریا کردووە، لەم کاتە هەستیارەدا مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی بدەن. بەشێکی سەرەکی دیکەی مۆڵەتە گشتییەکەمان ڕێگەدانە بە ئاڵوگۆڕی بانکی کەسی، نەک بازرگانی، لە ڕێگەی بانکی ناوەندیی سووریاوە. بۆ هەموو ئەم هۆکارانە، ئەمە بە هەنگاوێکی گرنگ دەبینین بۆ یارمەتیدانی گەلی سووریا لە دووبارە بنیاتنانەوەی ئابوورییەکەیان، پڕکردنەوەی پێداویستییەکانیان و دڵنیابوون لە پڕکردنەوەی پێداویستییە مرۆییەکان. بێگومان مۆڵەتە گشتییەکە بۆ ماوەی شەش مانگ دانراوە، کە لەو ماوەیەدا بەردەوام دەبین لە چاودێریکردنی دۆخەکە لە سووریا.
ڕووداو: دەمەوێت پرسیارت لێبکەم سەبارەت بە هۆکاری بڕیارەکەتان بۆ هەڵگرتنی خەڵاتی 10 ملیۆن دۆلارییەکە لەسەر ئەحمەد شەرع، سەرۆکی دەستەی تەحریری شام (هەتەشە). هۆکاری پشت ئەو بڕیارە چی بوو؟
نیکۆلاس گرانگەر: دڵنیام دەزانیت، لە 20ی کانوونی یەکەم، لە یەکەم سەردانی دیپلۆماسی ئەمریکا بۆ دیمەشق دوای زیاتر لە دەیەیەک، باڵیۆز باربارا لیف لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبووەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کۆمەڵێک پرس کە چەند ڕۆژێک پێشتر لەگەڵ هاوبەشە هەرێمییەکان لە عەقەبە لەسەری ڕێککەوتبووین. لە سەردانەکەی و گفتوگۆکەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع ڕوونی کردەوە کە ئێمە چاوەڕێی پێشکەوتنی کرداریین لە دەسەڵاتی کاتی لەسەر ئەو پرەنسیپانە، نەک تەنیا بە قسە. سەبارەت بە خەڵاتەکەش کە پرسیارت لێکرد، حکومەتەکەم بڕیاریدا هەڵی بگرێت، چونکە بڕیارمان دابوو ڕاستەوخۆ پەیوەندی لەگەڵدا بکەین. لە ڕوانگەی ئێمەوە، مانای نەبوو خەڵاتێک بەسەر سەرییەوە بێت کاتێک لە ڕاستیدا لە دیالۆگی دیپلۆماسیدا لەگەڵی سەرقاڵین. بڕیاری هەڵگرتنی خەڵاتەکە هیچ پەیوەندی بە ناساندنی ئەحمەد شەرعەوە نییە وەک تیرۆریستێکی جیهانیی تایبەت لەژێر فەرمانی جێبەجێکاری 13224. ئەو ناساندنە ڕاستەوخۆیە دژی ئەو هێشتا بەردەوامە. هەروەها ناساندنی هەتەشە وەکوو تیرۆریست لە جێی خۆیەتی و هەر بڕیارێک لەسەر ئەو ناساندنە پڕۆسەیەکی جیاواز دەبێت.
ڕووداو: بەڵام ئایا حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان بیر لە لابردنی هەردوو شەرع و هەتەشە دەکاتەوە لە لیستی گرووپی تیرۆریستی؟
نیکۆلاس گرانگەر: وەکوو وتم، هەر بڕیارێک لەسەر ئەو ناساندنە لە پڕۆسەیەکی جیاوازدا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
ڕووداو: یەکێک لە هاوپەیمانە سەرەکییەکانتان لە سووریا هێزە کوردییەکان، یان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بوون. هێزێکی تەواو کوردی نییە، بەڵام لەلایەن کوردەوە سەرکردایەتی دەکرێت و ڕۆڵێکی گرنگیان لە شەڕی دژی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش هەبووە. ئایا ویلایەتە یەکگرتووەکان دڵنیایی دەدات کە کورد ڕۆڵێکی گرنگی لە سووریای نوێدا دەبێت؟
نیکۆڵاس گرانگەر: ڕاستییەکەی، پێمانوایە هەموو سوورییەکان، کورد، عەرەب، هەر ناسنامەیەکیان هەبێت، هەموویان ڕۆڵیان لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی سووریادا هەیە. دوای زیاتر لە 50 ساڵ لەژێر ڕژێمی دڕندەی ئەسەد و زیاتر لە دەیەیەک ململانێ، گەلی سووریا، هەموو سوورییەکان، ئێستا دەرفەتێکی تایبەتیان هەیە بۆ ئەوەی داهاتوویەکی نوێ بۆ وڵاتەکەیان دیاری بکەن. ویلایەتە یەکگرتووەکان شانازی دەکات بە پشتیوانیکردن لە گەلی سووریا، هەموو گەلی سووریا، لە هەوڵەکانیان بۆ بنیاتنانی وڵاتێکی یەکگرتوو کە ئازاد و سەقامگیر و گەشەسەندوو و سەربەخۆ بێت، ویستی هەموو سوورییەکان ڕەنگبداتەوە و ڕێز لە مافی هەموو سوورییەکان بگرێت. پێشتر باسی پەیوەندییەکانمانم لە دیمەشق کرد و دەمەوێت ڕوونی بکەمەوە کە ئێمە پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵاتی کاتی و بەشێکی فراوان لە سوورییەکان لە سەرانسەری وڵاتەکە دەکەین بۆ ڕوونکردنەوەی پشتیوانیمان بۆ گواستنەوەیەکی سیاسی بە ڕابەرایەتیی سووری کە دووربێت لە تایفەگەری و نوێنەرایەتی هەموو سوورییەکان بکات، ژن و پیاو، لە هەموو بەشەکانی پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی سووریا. چاوەڕوانی ئێمە وەکوو حکومەت ئەوەیە کە دەسەڵاتەی کاتی بەشێوەیەکی بنیاتنەر بەشداری لەم ڕاگوزەرە سیاسییەدا بکەن و پشتیوانی لە درووستکردنەوەی حکومەتێکی نیشتمانی لە دیمەشق بکەن کە حکومەتێکی بەرپرسیار بێت، بەرانبەر بە هاووڵاتییانی خۆی بەرپرسیار بێت و بەرانبەر بە دراوسێکانی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیار بێت، لەوانەش شەڕ دژی تیرۆر، دژی داعش و لایەنەکانی دیکە.
ڕووداو: تاوەکوو ئێستا حکومەتی نوێی سووریا چ هەنگاوێکی ناوە بۆ دڵنیابوون لە نوێنەرایەتی یەکسان بۆ گرووپە ئیتنی و ئایینییە جیاوازەکانی سووریا؟
نیکۆلاس گرانگەر: ئێمە بەوردی چاودێری ئەو هەنگاوانە دەکەین کە دەیاننێن و، وەکوو وتم لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵیاندا، بەردەوام ڕوونی دەکەینەوە کە چاوەڕێ دەکەین نەک تەنیا بە قسە بەڵکوو بە کردەوەش جێبەجێیان بکەن. ئەوان پابەند بوون بە دەوڵەتێکی مەدەنی فراوان لە سووریا کە شوێنێک بێت هەموو سوورییەکان بتوانن بە شکۆوە پێکەوە تێیدا بژین. بۆیە چاوەڕێین ئەمە جێبەجێ بکەن. وەکوو باسم کرد، ویلایەتە یەکگرتووەکان نەک تەنیا لەگەڵ دەسەڵاتی کاتی، بەڵکوو لەگەڵ بەشێکی فراوان لە سوورییەکانیش پەیوەندی دەکات. ئەمە بە هەنگاوێکی گرنگ دەبینین چونکە لە کۆتاییدا، بەلای ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە، ئەوە گەلی سووریایە کە بڕیار لەسەر داهاتووی خۆیان دەدەن. ڕۆڵی ئێمە وەکوو ویلایەتە یەکگرتووەکان پشتیوانیکردنە لە گەلی سووریا لە هەوڵەکانیان بۆ ئەنجامدانی ئەوە.
ڕووداو: دەمەوێت بگەڕێمەوە سەر کورد و هەسەدە. پێم وایە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هەسەدە بوو کە وتی پێیان باشە یان دەیانەوێت شێوازێکی ناناوەندی حوکمڕانی، سیستمێکی فیدراڵی لە سووریا ببینن هاوشێوەی ئێراق. ئایا ویلایەتە یەکگرتووەکان پشتیوانی لە پێشنیازێکی لەو جۆرە دەکات؟
نیکۆلاس گرانگەر: وەکوو وەزیر ئەنتۆنی بلینکن لە 10ی کانوونی یەکەم وتی، گەلی سووریا بڕیار لەسەر داهاتووی سووریا دەدات. ئەمەش هەر شێوازێکی حوکمڕانی دەگرێتەوە کە دەیانەوێت. بۆیە، بۆ وەڵامی پرسیارەکەت، ویلایەتە یەکگرتووەکان بەتەواوی پشتیوانی لە حکومەتێکی داهاتووی سووریا دەکات کە لە پڕۆسەیەکی سیاسیی فراوان و شەفاف سەرهەڵبدات و ویستی گەلی سووریا تێیدا ڕەنگبداتەوە، لەوانەش ئەندامانی هەموو گرووپە جیاوازەکانی سووریا، وەکوو کورد. هەروەها پێمانوایە ڕۆڵی کۆمەڵگەی مەدەنی لە پڕۆسەی ڕاگوزەری سیاسیدا گرنگە. بۆیە لەلایەنی ئەمریکاوە، ئێمە دان بە حکومەتی داهاتووی سووریا دەنێین و پشتیوانی تەواوی لێدەکەین کە لە پڕۆسەیەکی فراوان و شەفافی لەم جۆرە سەرهەڵبدات. ئێمە ئامادەین هەموو پشتیوانییەک پێشکەش بە هەموو کۆمەڵگە و پێکهاتە جیاوازەکانی سووریا بکەین، لەوانەش کورد، لە درێژایی ئەم پڕۆسەیەدا.
ڕووداو: ئەی سەبارەت بە تێکەڵکردنی هەسەدە وەک هێزێکی سەربازی لەگەڵ سوپای سووریا؟ ئایا ویلایەتە یەکگرتووەکان داوای لە سەرکردەکانی هەتەشە کردووە ئەوە بکەن؟
نیکۆلاس گرانگەر: ئەوەی دەتوانم پێتبڵێم ئەوەیە کە ئێمە هانی هەموو لایەنەکانی سووریامان داوە لە دیالۆگدا بن لەگەڵ یەکدی. ئەمەش دەسەڵاتی کاتی دیمەشق و سەرکردەکانی هەسەدە و ئەوانی دیکە لە باکووری ڕۆژهەڵات دەگرێتەوە، بەڵام نەک تەنیا ئەوان، لایەنی دیکە هەن لە باشوور، باکووری ڕۆژاوا و سەرانسەری سووریا. لەلایەنی ئەمریکاوە، پێمانوایە گرنگە بۆ ئەوەی گواستنەوەیەکی سیاسی بە ڕابەرایەتی سووری، پڕۆسەیەک بە ڕابەرایەتی سووری هەبێت، هەموو لایەنە سوورییەکان لەگەڵ یەکدی قسە بکەن. پێمانوایە گرنگە بۆ حکومەتی سووریا، هەر حکومەتێکی داهاتووی سووریا بێت، ڕۆڵ و بەرپرسیارییەتییەکانی حکومەتێکی نیشتمانی بگرێتە ئەستۆ و دامەزراوی نیشتمانیی هەبێت، چ لە دەزگا ئەمنییەکان، سوپا یان دامەزراوە مەدەنییەکان بێت. دەبێت شوێنێک بۆ هەموو گەلی سووریا هەبێت. ئەمەش هەسەدە و لایەنەکانی دیکەی ناوچەکە دەگرێتەوە. بۆیە ئەوە گەلی سووریایە بڕیار دەدات ئەوە چۆن کار دەکات، بەڵام ئێمە بێگومان هانی دیالۆگمان داوە بەرەو ئەو ئامانجە.
ڕووداو: زۆرێک لە کەمینەکانی سووریا دڵنیا نین لە داهاتوویان، بەتایبەتیی عەلەوییەکان کە بنەماڵەی ئەسەد سەر بەوان بوون. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڤیدیۆی هێرشکردنە سەر ئەم کەمینەیەمان بینیوە. ئایا دڵنیاییتان لە شەرع یان سەرکردەکانی دیکەی سووریا وەرگرتووە کە هێرشی تۆڵەسەندنەوە دژی کەمینەکان وەک عەلەوییەکان ئەنجام نادەن؟
نیکۆلاس گرانگەر: لە گفتوگۆکانمان لەگەڵ دەسەڵاتی کاتی و لە لێدوانە گشتییەکانیاندا، پابەندبوونیانمان بینیوە لەوەی ئەم جۆرە تۆڵەسەندنەوانە ڕوونادەن. دەتوانم پێتبڵێم لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ دەسەڵاتی کاتی ڕوونمان کردووەتەوە کە هەر ئەنجامدەرێکی ئەم جۆرە کردەوە تووندوتیژییانە دەبێت لێپێچینەوەی لەگەڵ بکرێت. هەروەها جەختمان لەسەر پێویستی دادپەروەریی ڕاگوزەر کردووەتەوە، چونکە دادپەروەریی ڕاگوزەر لە دۆخێکی وەکوو سووریا گرنگە کە ئەوەندە ململانێ و هەوڵی دابەشکردنی گرووپە جیاوازەکانی بەخۆیەوە بینیوە. پێمانوایە مامەڵەکردن لەگەڵ دادپەروەریی ڕاگوزەر کلیلە بۆ سەقامگیری داهاتووی سووریا، بۆ پاراستنی گەلی سووریا، چ عەلەوی بن یان ئەوانی دیکە، بێ گوێدانە ئەوەی لە چ کۆمەڵگەیەکەوە دێن. دەبێت پاراستن بۆ هەموو گەلی سووریا هەبێت. بۆیە ڕوونمان کردووەتەوە چاوەڕوانیمان لە دەسەڵاتی کاتی چییە و بەردەوام دەبین لە چاودێریکردنی وردی دۆخەکە لە سەرانسەری سووریا بۆ دڵنیابوون لە لێپرسینەوە بۆ هەر هێرشێک کە ڕوودەدات.
ڕووداو: لە دوای ئەو سەردانەی بەرپرسە باڵاکانی ئەمریکاوە، لەوانەش باربارا لیف، بۆ دیمەشق، ئایا پەیوەندی تەلەفۆنیتان لە ئاستی باڵا لەگەڵ ئەحمەد شەرع و بەرپرسانی دیکەی سووریا هەبووە؟
نیکۆلاس گرانگەر: ئەوەی دەتوانم بیڵێم ئەوەیە لەو سەردانەی یەکەمەوە لە 20ی کانوونی یەکەم، چەندین جار سەردانی دیمەشقمان کردووە. دەرفەتم هەبوو بەشداری لەو سەردانانە بکەم و لە چوارچێوەی دیالۆگی بەردەواممان لەگەڵیان، لەگەڵ نوێنەرانی دەسەڵاتە کاتییەکان کۆبووینەتەوە. هەروەها لەگەڵ کۆمەڵێکی فراوان لە سوورییەکان کۆبووینەتەوە، کۆمەڵگەی مەدەنی، چالاکوانان، خەڵکی بازرگان و کۆمەڵێکی فراوان لە سوورییەکان، بەڵام دەتوانم پێتبڵێم ئەم دیالۆگە بەردەوامەمان لەگەڵ دەسەڵاتی کاتی هەیە و بەکارمان هێناوە بۆ ڕوونکردنەوەی چاوەڕوانییەکانمان، ڕەنگدانەوەی ئەو چاوەڕوانییانە کە لە خودی گەلی سووریامان بیستووە. ئەمانە چاوەڕوانین کە پڕۆسەی ڕاگوزەر لە سووریا، ڕاگوزەری سیاسی، دەبێت بە ڕابەرایەتی سووری بێت و دەبێت موڵکی سووری بێت. دەبێت حکومەتێکی فراوان و نوێنەرایەتی درووستببێت. چاوەڕوانی ئەوەین مافی هەموو سوورییەکان، لەوانە ژنان و ئەندامانی هەموو گرووپەکان ڕێزیان لێبگیرێت و هاوکاریی مرۆیی بگاتە ئەو کەسانەی پێویستیانە. چاوەڕوانی ئەوەین دامەزراوەکانی دەوڵەت خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان بۆ گەلی سووریا دابین بکەن و سووریا لەلایەن گرووپە تیرۆریستییەکانەوە وەکوو بنکەیەک بەکارنەهێنرێت بۆ هەڕەشەکردن لە گەلی سووریا، دراوسێکانی یان جیهان. هەروەها چاوەڕوانی ئەوەین کۆگەی چەکە کیمیاییەکان لە سووریا پارێزراو بن و بە سەلامەتی لەناوببرێن، دەسەڵاتی کاتی لەو بارەیەوە لەگەڵ ڕێکخراوی چەکە کیمیاییەکان (OPCW) کاربکەن. بێگومان چاوەڕوانییەکەمان کە ڕوونمان کردووەتەوە ئەوە بوو کە سووریا دەبێت پەیوەندی ئاشتییانەی لەگەڵ دراوسێکانی هەبێت و ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکان دەبێت دەستیان بە شوێنەکان ڕابگات بۆ یارمەتیدان لە دیاریکردنی چارەنووسی سوورییە بێسەروشوێنەکان و هاووڵاتییە بیانییەکان، لەوانەش ئەمریکییەکان و، لە کۆتاییشدا لێپێچینەوە لەگەڵ پێشێلکاران بکرێت. ئەمانە هەموو ئەو شتانەن کە لە دیالۆگە بەردەوامەکەمان لەگەڵ دەسەڵاتی کاتی باسمان کردوون و بۆ داهاتووی نزیک پلان دادەنێین بەردەوام بین لەسەریان.
ڕووداو: بە پشتبەستن بە پەیوەندی و گفتوگۆکانتان لەگەڵ سەرکردەکانی سووریا، تا چەند گەشبینیت؟ چەند گەشبینیت بە داهاتووی سووریای نوێ؟
نیکۆلاس گرانگەر: پێم وایە ئەمە پرسیارێکە بۆ گەلی سووریا کە تا چەند گەشبینن. بەلای ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە، وەکوو پێشتر وتم، ئێمە ئامادەین پاڵپشتی لە گەلی سووریا بکەین کاتێک ڕێڕەوێکی نوێ بۆ داهاتوویان دیاری دەکەن. ئەمە کاتێکی پڕ لە نادڵنیاییە، هەروەها کاتێکی مەترسیدارە، بەڵام کاتی هیواشە. بۆیە لەلایەنی ئەمریکاوە، بەردەوام دەبین لە پەیوەندیکردن لەگەڵ گەلی سووریا بۆ پێشکەشکردنی پشتیوانیمان کاتێک ڕێڕەوی داهاتوو دیاری دەکەن. هەروەها بەردەوام دەبین لە پەیوەندیکردن لەگەڵ دەسەڵاتی کاتی بۆ ڕوونکردنەوەی چاوەڕوانییەکانمان کە قسەکانیان بە کردەوەی بەرجەستە جێبەجێ بکەن.
ڕووداو: با بگەڕێینەوە سەر سووککردنی سزاکان، ئێوە بێگومان هەموو سزاکانتان هەڵنەگرت. تەنیا هەندێک لەو سزایانەتان سووک کرد، وەکوو پێشتر باستکرد. گوتت، ماوەیەکی شەش مانگی دەبێت، دواتر هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە دەکەن. دەکرێت سیناریۆیەکمان بۆ ڕوون بکەیتەوە کە ڕەنگە وا لە ئێوە بکات ئەو سزایانە هەڵپەسێرن یان نوێیان بکەنەوە؟
نیکۆلاس گرانگەر: ڕاستییەکەی زۆر زووە بۆ من تەنانەت باسی ئەوەش بکەم. دیسانەوە، مۆڵەتە گشتییەکە کە هەفتەی ڕابردوو دەرمانکرد بۆ دابینکردنی هاوکاریی خێرا بوو بۆ گەلی سووریا. پێداویستیی گەورە لە تەواوی ئابووری سووریادا هەیە. بۆیە مۆڵەتە گشتییەکەی ئێمە بۆ ئامانجگرتنی بوارە زۆر دیاریکراوەکان بوو: وزە، کارەبا، ئاو، کردنەوەی بانکی ناوەندیی سووریا بۆ مامەڵەی کەسی. ئەمانە هەموویان شتی گرنگن، بەڵام دیسانەوە، ماوەی شەش مانگمان هەیە. بەردەوام دەبین لە چاودێریکردنی دۆخەکە. هەروەها دەمانەوێت لە گەلی سووریا و هاوبەشانی ناوچەکە تێبگەین کە چ بوارێکی دیکە پێویستە چارەسەر بکرێت؟ بەڵام ئەوە پرسیارێک دەبێت بۆ کاتێکی دیکە.
ڕووداو: پەیوەندیتان لەگەڵ حکومەتی سووریا چۆن شەڕی دژی داعش لە سووریا دەگۆڕێت، یان ئایا سرووشتی شەڕەکەتان دەگۆڕێت؟ وەکوو دەزانن، شەڕەکەتان سەرەتا بە هاوبەشی لەگەڵ هەسەدە، لەگەڵ کورد بووە. ئایا ئەمە دەگۆڕێت؟ بۆ نموونە، با بڵێین لە جیاتی هەسەدە لەگەڵ دیمەشق کار دەکەن بۆ بەدواداچوونی داعش؟
نیکۆلاس گرانگەر: پێموانییە پرسی ئەمە یان ئەوە بێت، بەڵکوو پرسی کارکردنە لەگەڵ دەسەڵاتەکانی سەر زەوی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بە هەموو شێوەکانی، چ داعش بێت یان گرووپەکانی دیکە. بێگومان، لەگەڵ دەسەڵاتی کاتی، وەکوو پێشتر باسم کرد، چاوەڕوانییەکانمان ڕوونکردووەتەوە کە ڕێگەنەدەن سووریا ببێتە بنکە بۆ تیرۆریستان، بۆ هەڕەشەکردن لە گەلی سووریا، هەڕەشەکردن لە ناوچەکە و هەڕەشەکردن لە جیهان. ئەوان پابەندبوون، پابەندبوونی خۆیان ڕاگەیاندووە بۆ شەڕکردن، بۆ بەردەوامبوون لە شەڕی دژی داعش و ئێمە چاوەڕێ دەکەین ئەو پابەندبوونەیان جێبەجێبکەن. لە هەمان کاتدا، بەردەوام دەبین لە گرنگیدان بە هاوبەشیمان لەگەڵ هەسەدە، نەک تەنیا بۆ شەڕی دژی داعش بەڵکوو بۆ پاراستنی بەندکراوەکان و کەمپەکان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا. ئەمە شتێکە کە دەبێت دەوڵەتی داهاتووی سووریا بەرپرسیارییەتیی بگرێتە ئەستۆ. بۆیە، گەڕانەوە بۆ ئەوەی پێشتر باسمان کرد، گرنگە کە هەسەدە و دەسەڵاتی کاتی لە دیالۆگێکی زۆر جیددیدا بن لەسەر ئەوەی داهاتووی سووریا بۆ لایەنەکان ئەوێ چۆن دەبێت و دڵنیابوون لەوەی دەتوانن هەموویان پێکەوە کاربکەن بۆ شەڕکردن دژی داعش.
ڕووداو: دوا پرسیار. دەمویست لەبارەی ئێران لێتبپرسم. وا دەردەکەوێت ئێران بە ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست زۆر لاواز بووبێت. هەڵسەنگاندنی حکومەتی ئەمریکا بۆ کاریگەریی ئێران لە ناوچە فراوانەکەدا چییە؟
نیکۆلاس گرانگەر: کاتێک دێینە سەر سووریا، زۆر ڕوونە کە ئێران لە زیاتر لە دەیەی ڕابردوودا ڕۆڵێکی زۆر ناسەقامگیرکەری گێڕاوە. ڕۆڵی ناسەقامگیری ئێران بێگومان تەنیا لە سووریا سنووردار نەبووە، بەڵکوو لە. تەواوی ناوچەکەشدا. پێمانوایە ئێستا لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و دەرچوونی ئێران لە سووریا، زۆر گرنگە کە ڕێگە بە ئێران نەدرێت خۆی دووبارە لە سووریا جێگیر بکاتەوە، ڕێگەی پێ نەدرێت کەڵک لە دۆخی سووریا وەربگرێت یان بیقۆزێتەوە بۆ دووبارە سەپاندنەوەی خۆی. پێمانوایە ئەمە زۆر گرنگە. ئەمەمان بۆ دەسەڵاتی کاتی ڕوونکردووەتەوە. لە گەلی سووریامان بیستووە کە هیچ ئارەزوویەکیان نییە ئێران بگەڕێتەوە و ئەو ڕۆڵە بگێڕێت کە لە ڕابردوودا گێڕاویەتی. بۆیە پێمانوایە ئەمە شتێکی گرنگە بۆ بەردەوامبوون لە چاودێریکردنی، نەک تەنیا بۆ سووریا، بەڵکوو بۆ ناوچەکە بەگشتی.
ڕووداو: نیکۆلاس گرانگەر، زۆر سوپاس کە لەگەڵ ڕووداو قسەت کرد.
نیکۆلاس گرانگەر: زۆر سوپاس، خۆشحاڵ بووم.
[1]