زریان ڕۆژهەڵاتیزریان ڕۆژهەڵاتی
بە ئەگەری زۆر گەمە گەورەکەی وڵاتان لەسەر شامی ئێستا کاریگەرییەکی بەرچاو لەسەر داڕشتنەوەی هاوسەنگییە هێزدارییەکانی ڕۆژاوای ئاسیا دادەنێت. سووریای سەردەمی جۆلانی شوێنی بەریەکێکەوتنی سێ پڕۆژەی جیۆپۆڵەتیکی گەورەی ناوچەییە: خەیاڵی تورکیای گەورە کە ساڵانێکە ئەردۆغان باسی دەکات، میحوەری موەقاوەمەی ئێرانی -شیعی و پڕۆژەی ئیسرائیلی! ئەمە لەگەڵ گەمە گەورە هێزدارییەکەی جیهانیش هاوتەریبە کە ئێستا باڵی بەسەر ئاسیا-پاسیفیک، جەمسەری باکوور، ئەوروپا، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەفریقاشدا کێشاوە. هاوشێوەی ساڵانی دوای شەڕی جیهانی یەکەم، هەموو لایەک لە دەردەی ئەوەدایە کە لە گەمە گەورەکاندا شوێنی خۆی بکاتەوە. سەبارەت بە کورد، پێچەوانەی جاران لە دەرەوەی یارییەکان هێڵدرایەوە، ئێستا دەرفەتێکی زۆرتر لە جاران بۆ کورد لە بەردەستدایە و، لەوانەیە خەزانی ئەسەد دەرگای بەهارێکی کوردی بکاتەوە، هەرچەندە مەترسییەکانی دووبارەبوونەوەی مێژووش کەم نین.
سووریای جۆلانی و پرسی کورد
بەپێی هەندێک لە سەرچاوەکان، جۆلانی ئێستا چاوەڕێی وەڵامێکی مەزڵووم کۆبانییە بۆ ئەو داواکارییانەی لە دیدارەکەیاندا باسی کردبوون کە پێدەچێت هێڵە ئەستوورەکانی ئەمانە بن: یەکپارچەیی سووریا، مافی کولتووری و هاووڵاتیبوونی یەکسان و تێکەڵاوبوونی هەسەدە بە سوپای نوێ بە جۆرێک کە وەک پێکهاتەیەکی جیاواز نەمێنێتەوە. بێجگە لەوەش دەرچوونی شەڕڤانە بیانییەکان! زنجیرەیەک داواکاری کە پێدەچێت شتێکی ئەوتۆی بۆ کورد وەک پێکهاتەیەکی ئەتنی تێدا نەبێت، بەڵام ئەگەر ئەو داواکارییانە جێبەجێ نەکرێن چی ڕوودەدات؟ ئایا جۆلانی بە پشتیوانیی تورکیا سەرەتا هەوڵ بۆ دابڕاندنی ناوچە عەرەبنشینەکانی وەک تەبقە و ڕەققە دەدات و دواتر شەڕی هەسەدە دەکات؟ ئەمە ئەگەرێکە بەڵام جارێ وادیارە جۆلانی ئەوەندەی تورکیا پەلەی نییە بۆ ئەوەی کە ئەو پرسانە یەکلابکاتەوە، چونکە لەوانەیە تورکیا پاڵپشتی بێت و سەرکەوتووش بێت لەوەی کە هەندێک لە خێڵەکانی هاوپەیمانی هەسەدە بەرەولای خۆی ڕابکێشێت، بەڵام ئەمە دەتوانێت لەو پاڵپشتییە نێودەوڵەتییە بێبەشی بکات کە زۆر پێویستی پێیەتی.
جۆلانی لە لایەک لە دەردی ئەوەدایە کە مۆری ڕابردووەکەی لەنێوچاوانی خۆی و هەتەشە بسڕێتەوە و لە لایەکی دیکەش پێویستی بە پارەیەکی زۆرە بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتێک کە زیاتر لە 13 ساڵە لە شەڕی نێوخۆییدایە و کەلاوەی ئابوورییەکی وێرانی بۆ ماوەتەوە. وا مەزەندە دەکرێت لانی کەم 250 ملیار دۆلار و لانی زۆریش یەک تریلیۆن دۆلار پێویست بێت بۆ بنیاتنانەوەی سووریایەک کە بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان زیاتر لە 12 ملیۆن کەسی دانیشتووانەکەی ئاساییشی خۆراکیان نییە، لەوانەش زیاتر لە سێ ملیۆن کەسیان لە قات و قڕیدا دەژین. ئەمە بێجگە لەوەی کە نادڵنیاییەکی سیاسی هەیە و کۆنترۆڵکردنی دەیان گرووپی چەکداری جیاجیا کارێکی هەروا ئاسان نابێت. بێجگە لەوە پاڵپشتی وڵاتانی ڕۆژاوایی و هەوڵەکانی ئەمدواییەی یەکخستنی لایەنە کوردییەکان بە پشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش و هەرێمی کوردستان پێگەی ئیدارەی خۆسەری لە ڕۆژانی دوای کەوتنی ئەسەد بەهێزتر کردووە. کۆبانیش پەلەی نییە ئەم بابەتە یەکلابکاتەوە، چونکە دەزانێت کێشمەکێشمێکی گەورەتر لە ئارادایە و بێجگە لەوەش، چاوێکی لە گفتوگۆکانی ئۆجەلان و دەوڵەتی تورکیایە تا بەشکوم بەهۆی کرانەوەیەکی گریمانەیی لەوێ، گوشارەکانی ئەنقەرەی لەسەر کەمتر بێتەوە.
ستراتیژی ئیسرائیل بۆ سووریای داهاتوو
لە ڕاستیدا حیسابەکانی جۆلانی -کۆبانی هەرچۆنێک بن، گەمەیەکی گەورەتر لەسەر شام هەیە کە بە ئەگەری هەر ئەوەش چارەنووسی وڵاتەکە یەکلا دەکاتەوە. کەوتنی ئەسەد وەک شمشێرێکی دووسەرە بۆ ئیسرائیل، لەلایەک مەترسیی ئێرانی بۆ کەم کردووە، بەڵام لە لایەکی دیکەوە دەسەڵاتێکی سوننەی کردووەتە دراوسێی و مەترسیی تورکیاشی بۆ زیاد کردووە. بۆ تورکیاش کەوتنی ئەسەد و هاتنی جۆلانی وەک دوو شەشێک وایە بۆ فراوانکردنی نفوزی ناوچەیی لە ڕێگەی بزاڤە ئیسلامییەکان، بەڵام لەو شوێنەی کە پەیوەستە بە پرسی کوردەوە کە مەتەڵێکی بۆ درووستکردووە. ئێران و ئێراق زیانباری کەوتنی ئەسەدن، بەڵام پێیان وایە یارییەکە هێشتا کۆتایی نەهاتووە و دەشێ خۆیان بۆ دەرفەتیکی دیکە مەڵاس دابێت.
ئیسرائیل دەرفەتێکی کەموێنەی دەستکەوتووە، بەڵام نادڵنیاییەکانی لە توانای ئێران بۆ بنیاتنانەوەی ڕێگەکانی قاچاخ و گەیاندنی چەکەمەنی بە حیزبوڵڵا و حەماس لە ماوەی درێژخایەن، هەروەها نادڵنیاییەکانی لە ڕژێمی داهاتووی سیاسی لە دیمەشق و فراوانبوونی ڕۆڵی ناوچەیی تورکیا، نیگەرانییەکانی زیاتر کردووە. هەرچەندەی پێشڕەوییەکانی ئیسرائیل بۆ ناوچە قەدەخەکراوە سەربازییەکانی خۆی لەگەڵ سووریا بەس نییە بۆ داخستنی ئەو کوریدۆرە وشکانییەی کە ئێران جاران لەوێوە چەکی دەگەیاندە حیزبوڵڵا، بەڵام دەتوانێت بۆ دانانی سیستمی ڕادار و چاودێری هێرشی مووشەکی و درۆن، هەروەها بۆ پتەوکردنی سیستمی هەواڵگری بەکەڵک بێت. لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوودا ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو کە توونێلێکی بە درێژایی 3.5 کیلۆمەتر لە نزیک دەروازەی سنووریی ئەلمەسنا لە سنووری دیمەشق تێکداوە کە لەوێوە چەکەمەنی دەگەیشتە حیزبوڵڵا. ئەوەش لانی کەم 30 کیلۆمەتر لە بەرزاییەکانی چیای حەرموونەوە دوورە لە ئێستا ئیسرائیل گرتوویەتی. ئیسرائیل لە ماوەی زیاتر لە یەک ساڵی ڕابردوودا 14,638 جار هێرشی کردووەتە سەر حیزبوڵڵا و بەوەش تاڕادەیەکی زۆر توانستە سەربازییەکانی تێکداوە، لە دوای ئاگربەستەکەشیان لە 27ی دیسێمبەری
2024 بەملاوە، زیاتر لە 180 هێرشی دیکەی کردووە کە دەتوانێت نیشانەیەک بێت لەوەی کە پرسی بەهێزبوونەوەی حیزبوڵڵا نیگەرانییەکی ستراتیژییە بۆ ئیسرائیل و لەو بابەتەشدا، سنووری سووریا و لوبنان بایەخێکی ئێجگار گرنگی بۆ هەردوولا هەیە.
سنوورەکە 294 کیلۆمەتر درێژە، بەڵام فاکتەری یەکلاکەرەوە لە گرتنی سنوورەکە بەڕووی ئێران و میحوەری موقاوەمە، نەک تەنیا ئیسرائیل بەڵکوو هەڵوێستی سووریای پاش ئەسەدیشە کە لانی کەم جارێ وادیارە کە ئەو کۆریدۆرەی داخستبێت. ئیسرائیل لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە تا ئێستا توانای سەربازیی حەماسیشی تێکداوە، بەڵام کەرتی ڕۆژاوا شوێنێکی ستراتیژیی گرنگە کە ئەگەر لە ماوەی درێژخایەندا حەماس دەست بە چیاکانی ئەوێ بگات کە بەسەر شارە کەناراوییەکانی ئیسرائیلدا دەڕوانن، ئەوسا مەترسییەکی گەورەتر بۆ ئیسرائیل درووستدەکات. ئەم بابەتەش پەیوەندییەکی ڕاستەوانەی لەگەڵ سنووری ئوردن و سووریا هەیە، ئەگەری کردنەوەی ڕێگەیەکە لە سنووری ئوردنەوە بۆ گەیاندنی چەکەمەنی بۆ کەرتی ڕۆژاوا لە ڕێگەی قاچاخەوە. بۆیە ئیسرائیل هاوشانی پێشڕەی بەرەو باکوور و سنوورەکانی دیمەشق، بەرەو سوەیدا و سنوورەکان سووریا و ئوردنیش هاتووە.
لە ڕوانگەی ئیسرائیلەوە ڕژێمێکی ناوەندی-ئایدۆلۆژی (سوننەی ڕادیکاڵ) ئەمڕۆش نەبێت، سبەی هەر مەترسیی سەربازی بۆ درووستدەکات، بۆیە لە ماوەی 48 کاژێری دوای کەوتنی ئەسەددا، نزیکەی 80٪ی توانست و ژێرخانە سەربازییەکانی تەفروتونا کرد و دەیەوێت حکومەتێکی لاواز و سیستمێکی ناناوەندی لەسەر کار بێت. ئالێرەشدا لەگەڵ تورکیا هاوتەریبە کە سووریای داهاتوو بەهێز نەبێت، بەڵام لەوەدا جیاوازن کە جۆری ڕژێمە سیاسییەکەی چۆن بێت. وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل چەند جارێکە باسی پەیوەندیی خۆیان لەگەڵ کورد و کەمینەکانی سووریا دەکات، ئەمەش ڕێک ئەو خاڵەیە کە تورکیا لێی نیگەرانە.
تورکیا و سووریای جۆلانی
بۆ تورکیا کەوتنی ئەسەد بژارەی یەکەم نەبوو، بەڵام کە ڕۆیشت، دەرفەتێکی گەورەی بۆ درووستکرد تا بە یارمەتیی بزاڤە ئیسلامییەکان جۆرێک لە کاریگەرییە ناوچەییەکەی زیاتر بکات؛ ئەمەش بابەتێک بوو کە هەر لە کاتی بەهاری عەرەبی و هاتنە سەرکاری ئیخوانەکاندا بە تایبەتیی لە میسر، وەک هەنگاوێک بۆ گەیشتن بە تورکیای گەورە-سەردەمێکی نیۆ عوسمانی سەیر دەکرا، بەڵام ئەو کات سەری نەگرت. خەیاڵی تورکیای گەورە لە ئایدیای جیۆپۆڵەتیکی تورکیدا وڵاتێک وێنا دەکات کە لە جوگرافیایەکی پان و بەریندا لە ئاسیای نێوەڕاستەوە بگرە هەتا ئازەربیجان و باشووری قەفقاسیا و لەوێشەوە بە کۆریدۆری زەنگەزۆرەوە کاریگەریی هەبێت. لە ملی باشوورەوە بەڕووی وڵاتانی عەرەب و خەلیجدا بکرێتەوە و لە ئەفریقاشدا نفوزی هەبێت و کاریگەرییەکانی لە سنوورە ئاوییەکانی دەریای مەدیتەرانەوە هەتا لیبا بڕوات. لەنێوان جەمسەرە گەورەکانی هێزداریدا لە دنیا قسەی خۆی هەبێت و ئابوورییەکەی بەهێز بێت و سەرکردایەتیی دنیای ئیسلامی-سوننی بکات.
بە هاتنی جۆلانی وەک دەسەڵاتدارە دیفاکتۆکەی سووریا، تورکیا دەرگەیەکی ڕاستەوخۆی بۆ پەیوەندی بە دنیای عەرەبی بۆ کرایەوە و هیواکانی بۆ فراوانکردنی نفوزە ناوچەییەکەی زیاتر بوون، بەڵام بەربەستە سەرەکییەکەی تورکیا لێرەدا ئەوەیە کە ئایدیای خەیاڵی تورکیای گەورە لە گەلێک شوێنیدا لەگەڵ پڕۆژە ئێرانییەکەی میحوەری موقاوەمەدا بەریەک دەکەون وەک چۆن لە بابەتی سووریا و کۆریدۆری زەنگەزۆر لە باشووری قەفقاسیا لە دژی یەکن و لەوانەیە لە ئێراقی داهاتووشدا ڕووبەڕووی یەک ببنەوە. ڕابەری ئێران لە دوای کەوتنی ئەسەدەوە زیاتر لە سێ جار تورکیای بە هاوکاریی ئەمریکا و ئیسرائیل تۆمەتبار کردووە و گوتویەتی شۆڕشێکی لاوانی سووری دۆخەکەیان بەسەردا قڵپ دەکاتەوە وەک ئاماژەیەک بۆ ئەگەری دەرکەوتنی شەڕێکی نێوخۆیی لە سووریا. نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئێراقیش لە دوایین دیمانەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە لە دوای سووریا، ترسیان لە فراوانخوازییەکی گریمانەیی تورکیا لە ئێراقیش هەیە. میسر، ئوردن و بەشێک لە وڵاتانی خەلیجیش نیگەرانن لەوەی کە نەکات بەهێزبوونی تورکیا شەپۆلێکی دیکەی بەهێزبوونی ئیخوانەکانی لێبکەوێتەوە. هەرچی ئیسرائیلە، نایەوێت ئێرانێکی دووەمی تووش بێت، بۆیە فراوانبوونی نفوزی تورکی بە مەترسییەک بۆ خۆی دەزانێت. بە کورتی دۆستەکانی تورکیا نایانەوێ هاوپەیمانەکەیان ئەوەندە گەورە بێت کە لە کۆنترۆڵیان دەربچێت و نەیارەکانیشی ئەوەیان ناوێت.
خاڵێکی دیکەی جێگەی پرسیار ئەوەیە کە ئایا جۆلانی تاسەر بە نزیکی لەگەڵ تورکیا دەمێنێتەوە یان نا؟ بێگومان دۆخی ئێستای جۆلانی جیاوازە لەو سەردەمانەی کە لە ئیدلب بوو. ئێستا دەسەڵات و دەرفەتی زیاتری لەبەردەستدایە و بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی تاڵیبان و پاکستان کە چۆن دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات گرژی کەوتە بەینیان، هیچ گەرەنتییەک نییە کە دۆخی سووریا بۆ تورکیا تاسەر وەک ئێستا بمێنێتەوە. لەوانەیە هەر لەبەر ئەوەش بێت کە هێشتا گڵۆپێکی سەوزی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرووپە چەکدارانە دانەگیرساندووە کە بۆ خۆی ڕاستەوخۆ پشتیوانییان دەکات.
تورکیا دەتوانێت لە بنیاتنانەوەی ژێرخانی سووریادا دەوری هەبێت کە دەشێ وەک دەرمانێک بێت بۆ ئابووریی ئێستای تورکیا. هەروەها دەتوانێت بەشێک لەو سێ ملیۆن و 100 هەزار پەنابەرە سوورییانە بگەڕێنێتەوە کە لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا یەکێک لە هۆکارەکانی کەمکردنی دەنگەکانی ئاکپارتی بوون. ئەمەش دەرفەتە بۆی، بەڵام خاڵی هەر گرنگ لە ڕووداوەکانی سووریا بۆ ئەنکەرە گۆڕینی ڕژێمی سیاسی بوو کە لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیەی پێش
2024 دا، بێجگە لە ساڵانی 1999-2003 بە بێ دابڕان پشتیوانیی لە پەکەکە کردبوو. لەداوی
1984 تاوەکوو 2017، لە کۆی 54 جار یارمەتیی دەرەکیی کاریگەر بۆ پەکەکە لە شەڕەکانیدا لەگەڵ تورکیا، سووریای ئەسەدی باوک و کوڕ، بە 15 جارەوە لە پێش هەموو ئەو لایاندانەوە بوو کە پشتی پەکەکەیان گرتبوو. ئیسرائیلیش ئەو کات پاڵپشتییەکی بەهێزی لە تورکیا کردبوو.
ئێستا کە ئەسەد نەما و تورکیا دەیەوێت بە کەڵک وەرگرتن لە تێکەڵاوکردنی ئەزموونی ئیسرائیل لە شەڕی حەماس و حیزبوڵڵا، هەروەها ئەزموونی ئێرانی بۆ دوورخستنەوەی موجاهیدنی خەڵق و حیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات لە سنوورەکانی خۆی، لە ڕێی گوشارێکی سەربازی و دانووستاندنێکی هاوتەریب پرسی پەکەکە-یەپەگە چارەسەربکات.
سەرۆککۆماری تورکیا گوتوویەتی ئیدی وەک جاران هیچ وڵاتێک پشتیوانی لە پەکەکە ناکات و هەندێک بە دەردی خۆیانەوە هەڵەوگیر بوون و هەندێکی دیکەش بە ڕاستی نایانەوێ ئەو کارە بکەن. دەشێ ئەمە ئاماژەیەک بێت بۆ ئێران و ئێراق، ئەمریکا-ئەوروپا و ئیسرائیل!
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی پەیوەندیی تەلەفۆنی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل و ئیلهام ئەحمەد لە ئیدارەی خۆسەری ڕۆژاوا گوتبووی ئێمە ئاگامان لە هەموو شت هەیە، بەڵام ئەوە هێشتا قسەیە و نەبووەتە هەڕەشەیەکی کرداری لەسەر تورکیا. بە ئەگەری زۆر، دواجار تورکیا چاوی لەوەیە بە هاتنی ترەمپ نێوانی لەگەڵ ئیسرائیل باش بێتەوە، بە تایبەتیی کە ئێستاش ئاگربەستیش لە غەززە ڕاگەیێندراوە. ترەمپ لە ماوەی ڕابردوودا باسی لە فراوانکردنی ڕێککەوتنی ئابراهام کردبوو کە دەشێ مەبەستەکەی ئاشتکردنەوەی تورکیا و ئیسرائیل بووبێت. پێدەچێت گوشارەکانی ئەمریکا بۆ لەبەرچاوگرتنی داواکارییەکانی تورکیا لەبارەی شەڕڤانە بیانییەکانی ناو هەسەدە و جەختکردنەوەی لەوەی کە تەنیا بۆ شەڕی داعش لەوێیە هۆکارێک بێت بۆ ئەو قسەیەی ئەردۆغان کە ئیدی وڵاتان وەک جاران پشتی پەکەکە ناگرن. وەزیری دەرەوی تورکیا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ هاوتا ئوردنییەکەی لەبارەی ئێراقەوە قسەیەکی کرد کە میدیا زۆر بەرجەستەی نەکردەوە. فیدان ڕۆژی 6ی مانگ گوتبووی ئێمە تێناگەین کە بۆچی دۆستەکانمان لە ئێراق چاوپۆشی لە هەبوونی پەکەکە لە شنگال دەکەن. هەشت ڕۆژ دوای ئەوەش وەزارەتی ناوخۆی ئێراق لە ڕاگەیێندراوێکدا وتی کە ئێمە هەندێک لە هێزەکانی سووریای دیموکراتمان دەرکردووە کە بە هەڵە لە خاکی ئێراق جێگیر ببوون. ڕەنگە مەبەستێکی دیکەی قسەکانی ئەردۆغان، ئێران بێت کاتێک کە دەڵێت ئێستا کەوتوونەتە دەردی خۆیان ئێران لە ماوەی زیاتر لە سێ دەیەی ڕابردوودا بە شێوەی ناڕاستەوخۆ پاڵپشتی لە پەکەکە کردووە، بەڵام وادیارە کە تورکیا پێیوایە کە نابێت ئەوە بەردەوام بێت. هاکان فیدان لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی دیداری قائانی-کۆبانی، وتی ئێمە پێمانوایە ئێران واز لەو سیاسەتە دەهێنێت و ئێمەش پشتگیریمان لە دژبەرانی ئەوان نەکردووە. وتەیەک کە هەم هیوای تێدایە، هەمیش هەڕەشە!
بە کورتی دەتوانین بێژین کە بە ئەگەری زۆر جارێ دەوڵەتێکی وا پەیدا نابێت کە لەبەر پەکەکە سڕی تورکیا بکات و بەئاشکرا پشتی بگرێت، بەڵام وا چاوەڕوان دەکرێت کە ژێربەژێر ئەو کارە بکەن. هەر لە بنەڕەتدا یەکێک لە هۆکارەکانی دەستپێکردنی دیالۆگ لەگەڵ ئۆجەلان، نیگەرانیی تورکیایە بۆ ڕێگرتن لە گەیشتنی یارمەتیی دەرەکی زیاتر بۆ پەکەکە.
ئێران و سووریای دوای ئەسەد
لە دوای 7ی ئۆکتۆبەرەوە تا ئێستا پاشەکشەیەک لە دەسەڵاتدارییەکانی شیعەی ناوچەکەدا بەدی دەکرێت، لە لوبنان دوای دوو ساڵ قەیران سەرۆککۆمارێکی دوور لە حیزبوڵڵا هەڵبژێردرا و توانستی سەربازیی حیزبوڵڵا زیانی زۆری پێگەیشت و گرووپەکانی میحوەری موقاوەمە لە سووریا کشانەوە. بەهێزبوونەوەیەکی سیاسەتی سوننی و کوردی لە ئێراق بە دیدەکرێت و بەشێک لە سیاسەتمدارانی شیعە لە بەغدا هەم ترسی ترەمپ دایگرتوون هەمیش ئەگەری بەهێزبوونی ڕۆڵی تورکیا لە ئێراق و تەنانەت هاتنی بۆ سەرچاوەکانی نەوتی کەرکووک. لە ئێران نێگەرانییەک لە ئەگەری هێرشێکی گریمانەیی ئەمریکا-ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان، ئەگەری ناڕەزایی ناوخۆیی و هەستانەوەی داعش لە سنوورەکانی دیالە-کرماشان لە ئارادایە.
لە گوتەکانی عەلی خامنەیی ڕابەری ئێرانەوە دیارە کە خواستی زیندووکردنەوەی میحوەرەی موقاوەمە هێشتا لە خەیاڵی جیۆپۆڵەتیکی شیعی دایە، بەڵام بە ئەگەری زۆر لانی کەم لە ماوەی کورتخایەندا جارێ هەوڵی ئەوە نادات و زیاتر وەک هەڕەشەیەک ئەوە بەکاردەهێنێت بۆ بەهێزبوونی کارتەکانی دەستی لەسەر مێزی دانووستاندن. بە ئەگەری زۆر دزەپێکردنی تۆمارێکی دەنگیی یەکێک لە فەرماندەکانی سوپای پاسداران لە سووریاش کە باسی توانستی ئێران بۆ چالاککردنی تۆڕی موقاوەمە لە سووریا دەکات، زیاتر بەو مەبەستە بووە.
ئێران لە ماوەی ڕابردوودا چەندین مانۆڕی سەربازی کردووە، جۆری نوێی چەکەمەنی نمایش کردووە بۆ ئەوەی کە توانای جڵەودارییە سەربازییەکەی خۆی نیشان بدات و لە ئێراقیشەوە هەواڵی جیاجیا لەبارەی تێکەڵاوکردنی گرووپە چەکدارەکان بە سوپای ئێراق بڵاودەبێتەوە کە دەشێت وەک ئامادەکارییەک بێ بۆ هاتنی کە بەهەندێک سەرچاوەی ناوێنەی نەک تەنیا لەبارەی گرووپە چەکدارەکان بەڵکوو لەبارەی ناردنی نەوت بۆ ئێران و گەری سزادانی سۆمۆش هۆشداری بە بەغدا داوە. ترسێکی دیکەی هاوبەشی ئێران و ئێراق ئەگەری زیندووبوونەوەی داعشە. ئێراق دەستیکردووە بە دانانی دیوار لە سنوورەکانیدا لەگەڵ سووریا و 191 بنەماڵەی داعشی لە کەمپی ئەلهۆل گەڕاندووەتەوە وەک نیگەرانییەک لە ئەگەری تێکچوونی دۆخی ئەوێ بۆ ئەوەی کە هیچ نەبێت لە کۆنترۆڵی خۆیدا بێت. چەند ڕۆژ بەر لە ئێستا سوپای ئێراق لە حەمرین ئۆپەراسیۆنی لە دژی داعش کرد و ئێرانیش لەودیوی سنوورەکانی دیالەوە لە پارێزگای کرماشان مانۆڕێکی سەربازی کرد.
ڕێبازی هاوتەریب لەنێوان ئێران و ئێراق لە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیشیدا دەردەکەوێت. لە کاتێکدا سوودانی سەردانی بەریتانیای کرد، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپی لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی وڵاتەکەی دانووستاندنی کرد، کە ئاماژەیە بۆ هەوڵەکانی تاران بۆ هەڵوێستێکی بەرگریکارانەی ئێران زیاتر لەوەی کە وەک جاران لە پێگەی باڵادەستی و هێرش دا بوو.
ڕەنگە پێچەوانەی تورکیا و هاوشێوەی ئیسرائیل، ئێران و ئێراق سووریایەکی فیدراڵ یان نا-ناوەندی بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بە باشتر دەزانن، بەڵام پێدەچی دەنگۆی پێدانی درۆنی ئێرانی بە هەسەدەش زیاتر وەک کەرەستەیەکی گوشار بمێنێتەوە بۆ ڕێگرتن لە فراوانخوازییەکی گریمانەیی تورکیا لە ئێراق و کۆریدۆری زەنگەزۆر. بە ئەگەری زۆر هەم ئێران هەم ئێراق چەندەی بەهێزبوونی تورکیایان بە دڵ نەبێت و پێشڕەوی ئیسرائیل لە سووریا بە مەترسی بزانن جارێ خۆیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاشکرا دەپارێزن.
کۆتایی
ژمارەی پێچەوانە بۆ دەستبەکاربوونی ترەمپ دەستی پێ کردووە کە هەریەک لە ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی چاویان لە دەمی دەبێت سەبارەت بە سووریا، بەڵام ئەمریکاش ئەو هێزە بێ سنوورەی نییە کە هەموو شت یەکلا بکاتەوە. چارەنووسی سووریا بە داینامیکی نێوخۆیی جۆری پەیوەندییەکانی گرووپە چەکدارییە جیاوازەکان، هەروەها خواستی ئەوروپا، خەلیج، تورکیا و ئەوروپاش شێوە دەگرێت. سەرەڕای وتاری وەزیری دەرەوی تورکیا لەبارەی عەرەبیبوونی کۆماری سووریا، بە ئەگەری زۆر پێگەی کورد لە سووریای دوای ئەسەد بەهێزتر دەبێت لە جاران. ئەویش دوای ئەوەی کە ئێستا هەوڵێکی جیدیتر بۆ یەکخستنی وتاری کوردی لە سووریا هەیە. دۆخی سووریاش زۆر فراوانتر لە سنوورەکانی خۆی کاریگەریی لەسەر پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دادەنێت. لە ئێراق، هەرێمی کوردستان دەرفەتێکی دیکەی بەهێزبوونەوەی بۆ پەیدابووە. لە تورکیاش سەرەڕای ناڕوونییەکانی دیالۆگی ئۆجەلان کە داخۆ پرسی چەکدانان و چارەسەرێکی سنوورداری پرسی کورد چۆن بەیەک دەگەیێندرێت، هەبوونی دیالۆگ پێگەی کورد لە سیاسەتی ئەو وڵاتە بەهێزتر دەکات. دواجار هەموو ئەوانە ئێرانیش ناچار دەکات کە لەبارەی پرسی کوردەوە هەنگاوێک بنێت وەک ئەوەی کە تەنانەت سێرگی لاڤرۆڤ لە ڕووسیای نزیک لە تارانیش باسی لێ کردووە.
لە دوای شەڕی جیهانی یەکەم هەموو نفوسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە دەوری چوار ملیۆنێک بوو، ئەمە بێجگە لەوەی کە ڕێکخراوێکی سیاسی بەهێزیش نەبوو کە داواکارییەکانی فۆرمولە بکات، ئێستا ئەو نفوسە دەیان ملیۆنە و دەیان ڕێکخراوی سیاسیش لە مەیدانی سیاسەتی کوردیدا ڕکابەری یەکتر دەکەن. بۆیە ناکرێت وەک جاران لە دەرەوەی گەمە گەورەکان بهێڵدرێنەوە!
[1]