ناونیشانی بابەت: ئەو خانووە کولتوورییەی هونەرمەندی میللی حەسەن سیساوەیی ژیانی تیادا بەسەر برد
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
هونەرمەندی میللیی لاوک و حەیران، #حەسەن سیساوەیی#، لە مێژووی هونەری کوردی ڕەسەندا کەسێکی دیار و ناسراوە، هەرچەندە لە گوندی ئاری سیرەک لە سنووری شارۆچکەی #هەریر# لەدایک بووە، بەڵام بە حەسەن سیساوەیی ناودەبرێت.
هونەرمەند و حەیرانبێژی میللی حەسەن ڕەسوڵ سیساوەیی، لە ساڵی 1926 لە گوندی ئاری سیرەک لەنزیک گوندی سیساوەی سەر بە شارۆچکەی هەریر لە سنووری پارێزگای #هەولێر# چاوی بە دونیا هەڵێناوە، وەک باسی لێوە ، دەرفەتی ئەوەی نەبووە بچێتە قوتابخانە، بۆیە نەخوێندەوار بووە، هەر لە تەمەنی منداڵییەوە کاری وەرزێری و مەڕادری کردووە و لەگەڵ خانەوادەکەی کوێستان و گەرمیانی کردووە، ئەوەش کاریگەر بووە، کە هەستی لاوک و حەیرانی لا دروست بێت و لە ڕێگەی هونەرێکی تایبەت بە خۆی ناوبانگ پەیدا بکات و هەواداری زۆر بێت.
حەسەن سیساوەیی خزمەتێکی زۆری بە زیندووکردنەوەی داستانەکانی ئەوینداری و گیانبازی و جوامێری کردووە و زیندووی کردوونەتەوە و بەمەش خەزێنەیەکی گەورەی فۆلکلۆر و سامانی ئەدەبی میللی لە فەوتان رزگار کردووە، وەک داستانەکانی (#سیامەند و خەجی#، #مەم و زین#، محەمەد و سێوێ، ئەسمەرێ کاک بایزی و مامەر، سورم و خورشیدی چاوبەخار، خەلیلێ غازی، #خانزادێ میری سۆران#، حەسەن و حەیدەر، حەبیباغای سیساوێ...تد) و دەیان لاوک و حەیرانی دیکەی گوتوون، بەمەش خزمەتێکی زۆری بە زمان و کەلوپوور و فۆلکلۆر و ئەدەبی زارەکیی کوردی کردووە، کە زەحمەتە جارێکی دیکە ئەو توانا و دەنگ و شێوازە دووبارە ببێتەوە.
ئەگەرچی ئەو هونەرمەندە میللییە لە گوندی ئاری سیرەک لەدایک نەبووە، بەڵام زۆرتر لە دیوەخان و کۆڕی گوندی سیساوە حەیرانی گوتووە، جگە لە پێداهەڵگوتنی بە سروشت و بێری و خەزێمشۆڕ و گەردەن زەردان، کاتێک گوێبیستی حیکایەتی چیرۆک و بەسەرهاتەکان بووە، بە حەیران و لاوک گوتوونیەتییەوە، بۆیە ناسناوی حەسەن سیساوەیی لێ نراوە و زیاتر خەڵکی بەم ناوە بانگیان کردووە و ناویان هێناوە، تا کۆتایی تەمەنیشی بەتەنیايی ژیانی بەڕێ کردووە و هاوسەرگیریی نەکردووە. حەیران و لاوکی حەسەن ڕەسوڵ سیساوەیی، بەشێوەیەک دەنگیان دەداتەوە، جگە لە ناوچەکە، لە شارەکانی کوردستان و تەنانەت عێڕاقیش تامەزرۆی دەبن، بەمەش لە ساڵی 1957 لە ئێستگەی کوردیی بەغدا حەیرانەکانی (بەربووم لە بەندێ و حەیرانی غەریبی) بۆ تۆمار دەکرێت، جگەلەوەش، لە تۆمارگەکانی شارەکانی کوردستان چەند بەرهەمی حەیرانی تۆمار دەکرێن و دەخرێنە سەر کاسێت و قەوان، کە تائێستاش گوێگری تایبەت بەخۆیان هەیە، هەروەها چەندین حەیرانی تۆمارنەکراوەی لەدەست چووە.
حەسەن سیساوەیی لە ساڵی 2013 بەهۆی ڕووداوێک زیان بە جەستەی دەگات و لە ماڵ دەکەوێت و لەلایەن خزم و کەسانی چاودێریی دەکرێت و ئیتر توانای گوتنی لاوک و حەیرانی نامێنێت و تادێت تەمەنی بەسەردەچێ و باری تەندروستی خراپ دەبێ. و بێهێزتری دەکات، لە #10-01-2015# کۆچی دوایی دەکات و لە گۆڕستانی سیساوە بە خاک دەسپێردرێت. [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!=KTML_End=