دیار سلێمان
هاوسەرۆکی دەم پارتی دەڵێت: جگە لە تورکیا، هەموو وڵاتان دەیانەوێت کورد لە ڕۆژاوای کوردستان ببێتە خاوەن پێگەی خۆی. لەبارەی پڕۆسەی چارەسەریی تورکیاش دەڵێت: دەبێت قوفڵی ئیمراڵی بشکێندرێت.
#تونجەر باکرهان# ، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، ڕۆژی هەینی#17-01-2025# لە پارێزگای ئادانای تورکیا وتاریکی پێشکەش کرد و لەبارەی چەند پرسێک قسەی کرد.
باکرهان ئاماژەی بە گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد و وتی، ئەو ڕژێمە تاکڕەو، مەزهەبی و خۆسەپێنانەی بە درێژایی 100 ساڵ گەلانیان دەچەوساندەوە، ئەوەتا یەک دوای یەک دەڕووخێن.
هاوسەرۆکی دەم پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، گەلانێک هەن پارێزگارییان لە ناسنامەی خۆیان کردووە و دژی ڕژێمە خۆسەپێن و تاکڕەوەکان ناڕەزایەتییان دەربڕیوە. ئەو گەلانە بە درێژایی 100 ساڵ کۆڵیان نەدا و بەرگەیان گرت. مەبەستم باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریایە، مەبەستم ڕۆژاوایە.
باکرهان ئاماژەی بەوە کرد، تورکیا نایەوێت کوردی ڕۆژاوای کوردستان بە مافەکانی خۆی بگات، لە نەتەوە یەکگرتووەکان 205 وڵات هەن. هەموو وڵاتان جگە لە تورکیا، دان بە ڕۆژاڤادا دادەنێن، دان بە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریادا دەنێن، لەگەڵ ئەوەدان کورد ببێتە خاوەن پێگەی خۆی. وڵاتێک هەیە، پێچەوانەی ئاڕاستەکە دەڕوات، بەداخەوە ئەویش تورکیایە.
هاوسەرۆکی دەم پارتی ئەوەشی خستە ڕوو، تورکیا لەگەڵ هەتەشە کۆدەبێتەوە، بەڵام دان بە دەسەڵاتی ڕۆژاوای کوردستاندا نانێت.
پەیوەست بە گفتوگۆکان لەبارەی پرسی کورد، باکرهان وتی، ناڵیم پڕۆسە، ناشڵێم پڕۆسەی چارەسەری، پێی دەڵێم پڕۆسەی مشتومڕ، چونکە چەندین مانگە، جگە لە مشتومڕ، هیچ هەنگاوێکی کرداری نەنراوە، هیچ نەخشەڕێگەیەک بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد بە شێوەیەکی دیموکراسییانە نەخراوەتەڕوو.
لەبارەی ڕۆڵی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە چارەسەرکردنی پرسی کورد، هاوسەرۆکی دەم پارتی وتی، سەرەتا دەبێت قوفڵی دوورگەی ئیمراڵی بشکێندرێت و بکرێتەوە. سەرەتا دەبێت بەڕێز ئۆجەلان لەگەڵ خێزانەکەی و پارێزەرانی یەکدی ببینن. ئەگەر بڕیارە پڕۆسەی دیالۆگ و گفتوگۆ بەڕێوەببرێت، دەبێت هەلومەرج بڕەخسێندرێت. تەنیا بە سەردانی شاندێک، پڕۆسەی گفتوگۆ بەڕێوەناچێت.[1]