ناونیشانی بابەت: دیکتاتۆرەکان لە نێوان مەرگ و ژیانەوەدا
ناوی نووسەر:
سپێدە ساڵحیسپێدە ساڵحی
“پێشەکی”
وەکوو زۆر نووسەر وتوویانە؛ ڕەنگە چرکەساتی ڕووخان یان نەمانی دیکتاتۆرێک یەکێک لە چرکەساتە تایبەتەکانی مێژوو بێت. بەڵام ڕاستییەکەی ئەم دەربڕینە نیوەچڵە و دەتوانین بڵێین تەعبیر لە تێڕوانینێکی خرۆشاوی و گیرخواردوو لە یەک ساتی زەمەن کە هەمان دیمەنی ڕووخان یان نەمان یان دیکتاتۆرە گیری خواردووە. ئەم ڕۆژانە پاش هەڵهاتنی بەشار ئەسەد وەکوو وڵاتانی ئێراق و لیبیا و ڕووخاندن و هێنانە خوارەوەی پەیکەرەی دیکتاتۆر و لەتوپەتکردنیان و لەوانەش ڕەمزیتر خستنەژێرپێی بەشێک لە پەیکەرەی دیکتاتۆری هەڵهاتوو واتە بەشار و باوکی دیکتاتۆر واتە حافز ئەسەد دەبینین.
لە یەکێک لە وێنەکاندا پیاوێکی گەنج دەبینین کە پێی لەسەر پەیکەرەیەکی نیوەی دیکتاتۆر داناوە و پشت لە کامێرا و لابەلا چاوی بڕیوەتە نادیار، ڕەنگە ئەم تەعبیرە بۆ ئەم وێنەیە هەڵگۆستەیەکی لایەندارانەی من بێت، پێدەچێت چاوی نەبڕیبێتە نادیار و تەنها خەمی قوربانییەکانی خۆی یان ئه و پاشاگەردانی و بێسەروبەرییەی وڵاتەکەی بخوات، ڕەنگە بەشێوەیەکی ناوشیار وێنای دیکتاتۆرێکی نوێی بەڕیز و بۆشناخی دیکە بکات تاکوو ئەگەرنا ئازادی و دادپەروەری لانیکەم سەقامگیریی بگەڕێنێتەوە بۆ وڵات، ڕاستییەکەی مێژوو پێمان دەڵێت دیکتاتۆرەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین لەناو ناچن تەنها لە سیمای پیاوێکەوە دەگۆڕێن بۆ سیمای پیاوێکی دیکەوە. لە گوتارێکی حەماسی و پڕبریق و باق و ڕازاوە بە دروشمەکانی دادپەروەری و سەقامگیری و مافخوازی دەبێت بە گوتارێکی کاژخستووی حەماسی و خرۆشاوی دیکە، بە هەمان دروشمانی بریقەدار و سواغدراوەوە، ڕەنگە ئەم تێڕوانینە ڕەشبینانە بنوێنێت و لە ڕاستیشدا هەر وایە، من هەوڵ ئەدەم واقیعبین بم ئەگەرچی بە ڕەشبینی خەمڵێنرابێت.
لەناو ئاوەها دۆزەخێکدا من بەدوای پێوەرێک بۆ ڕزگاریی دەگەڕێم، پێوەرێک کە ئه و گومانە قووڵەم لا بڕەوێنێتەوە کە خرۆشی ئەمجارەی ججەماوەر ئازادیی لێ شین دەبێت نەک دیکتاتۆرێکی تازەنەفەسی دیکە بە مەکیاج و جلوبەرگی دیکەوە، پێوەرێک کە بەر لەوەی هانم بدات بۆ پەلاماردانی ئەویدی تاکوو خۆم پەلامار نەدرێم بە ئۆخزنییەکی قووڵی دەروونیییەوە بانگهێشتم بکات بۆ باوەڕهێنان بە کەرامەتی خۆم و ئەوانی دیکە، باوەڕهێنانێک کە من و تۆ و ئەوانی تر لە سەر یەک خوان کۆ بکاتەوە و لە بەری ئاشتی و ئازادی و پێکەوەژیان بخۆینەوە و نە خوا و نە شەیتان کاریگەریی لەسەر بوونی مرۆییمان دانەنێن، دیارە خوا و شەیتان بەم مانای میتافۆریک و خوازەیی بەکار دەهێنم و مەبەستم ئایدۆلۆژیا ڕاست و چەپەکانە. ئایا گەڕان بەدوای ئەم پێوەرە و خەونبین پێیوە تەنها خەیاڵێکی پڵاو و وەهمێکی ناچارەکی و داماوانەی ئینسانیی نییە لەم جوگرافیا دۆزەخییەدا؟ ڕەنگە وابێت، بەڵام ئەگەر واشبێت هەمدیس بە هەوڵ و خەیاڵ پڵاوییەکی دروستی دەزانم لە چاوەی ئەوەی کە بە دڵخۆشییەکی درۆینە و خرۆشێکی پۆپۆلیستیی کاتییەوە چاو ببڕمە مەرگی دیکتاتۆری هەڵاتوو و هەڵهاتنی دیکتاتۆری نوێ.
“دیکتاتۆر و دیکتاتۆرییەت”
دواجار یەکێکی دیکە لە دڵڕەقترین و دڕندەترین دیکتاتۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین لەسەر دەسەڵات نەما و هەڵهات. ڕەنگە هەڵهاتنی ئەسەد بەر لەوەی هەڵهاتن بە مانای جێهێشتنی دەسەڵات بۆ لایەنێکی دیکە یان وازهێنان له و خەڵکە بێت کە ساڵانێکی خوێنیانی کردووەتە کاسەوە، هەڵهاتنێک بێت بەهۆی جۆرە ڕیکەوتنێکی سیاسیی زلهێزانی ناوچەکەوە و جیهانییەوە، کە ئەم پێشنیارەی بۆ ئەویش تێدا بووە کە گیان خۆی و بنەماڵەکەی بە ملیاران دۆلار پارە و زێڕەوە دەرباز بکات و بڕواتە ڕووسیا یان هەر وڵاتێکی دیکە بەشێوەی پاشایەکی بێتەخت و تاج ژیانی تا کۆتایی بەسەر ببات، ئەگەرچی ڕەنگە سەختترین شت بۆ دیکتاتۆرانی ئاوا دانانی تاج و جێهێشتنی کورسی بێت، بەڵام ژیانی شاهانەی نافەرمیش ئەفسوون و موگناتیسی خۆی هەیە، بۆیە دەکرێت بڵێین ئێمە رەنگە دیکتاتۆرەکان ڕاو بنێین، بیانکوژین و تەنانەت بیاننێژین بەڵام دیکتاتۆریسم و دیکتاتۆرسازیی پرۆسە و پلانێکی هەم سیاسی و هەم کولتوورییشە کە ئایدۆلۆژیای جۆراوجۆری چەپ و ڕاستیش پێداگریی لەسەر دەکەن و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی خوێنین ڕەنگە لە دیکتاتۆرێک ڕزگاریان بێت، بەڵام لە دیکتاتۆرییەت ئەستەمە بەم ئاسانییانە دەرباز ببن.
ڕەنگە ئەم هێڵانە بمانگەیەنن به و ئەنجامەی کە کێشەی سەرەکیی لە سەرهەڵدان و داهاتنەوەی دیکتاتۆرەکان ئه و بنەما پەروەردەییانەیە کە هەزاران ساڵە وەکوو ئاوێکی مەند بۆگەنی کردووە و هیچی لێ شین نابێت. ئێمە لە مێژووی دوور و نزیکی دیکتاتۆرەکانی ڕۆژهەڵات لەوانە دڕندەیەکی وەکوو سەدام حسێن و هەروەها موعەمەر قەزافی هیچ کات نەگەیشتین به و ئۆخژنییە دەروونییەی کە بەهۆی دادگاییکردنێکی دادپەروەرانەوە دروست دەبێت. کاتی خۆی کە سەدام حسێن لە سێدارە درا، کاریکاتۆرێکی سەرنجڕاکێش بڵاو بوویەوە کە بەم چەشنەی خوارەوە لەسێدارەدان یان پرۆسەی دادگاییکردنی دیکتاتۆری گۆڕبەگۆڕی بەعسیی عێراقی کێشابوو: سەدام بەره و پەتی سێدارە، بە پشتی قەموورە و ڕوخساری ماندوو و ترساو و نائومێد کە کۆمەڵێک دۆسییەی بە پشتەوەیە. کاریکاتۆرەکە بە ئێمەی دەوت کە لەگەڵ لەسێدارەدان و مەرگی دیکتاتۆر کۆمەڵێک نهێنیش کە لایەنە شاراوەکانی خوێنڕێژی و پلان و وێنە گەورەترەکە پیشان دەدەن بۆ هەتاهەتایە لەگۆڕ دەنرێن. ڕاستییەکەی ئێمە لە مێژوودا زۆر بەدەگمەن بینیومانە دیکتاتۆرەکان لەسەر کۆمەڵێک بنەمای بەرز و دادپەروەرانەی بچنە بەردەم دادگا و ئه و شتەی ناوی دادپەروەرییە بەسەری ئه و و قوربانییەکانیشدا ساغ ببێتەوە، پێدەچێت نەفسی ئەم جۆرە تێروانینە بۆ دادپەروەرییەکی ئاواهی هەڵە بێت و لە ڕوانگەیەکی ئایدیالیستی و خەونبازانەوە سەرچاوەی گرتبێت، چونکە لە بنەمادا دادپەروەری له و ئاستە ڕەها و بێگەردەدا هەر بوونی نییە و بەدیش نایەت.
بەڵام دەشێت بپرسین ئایا لە ئاستە ڕێژەیی و نائایدیالەکەیدا دەکرێت دادپەروەریی بە هەموو خەوشەکانییەوە تەتبیق بکرێت بەسەر تاوانباردا و جۆرە کەرامەت و ڕێزێکی ڕەمزیش بگەڕێنینەوە بۆ قوربانیان؟ بەدڵنیاییەوە هیچ کات ناوتوانین بە وەڵامی بەڵێ لە ئاستە ڕێژەییەکەشیدا بەم پرسیارە قەناعەت بکەین بەڵام ناچارین لە شوێنێکەوە قۆڵی لێ هەڵماڵین. مێژوو پێی وتووین کە لە کاتی شۆڕشی مەزنی فەرەنسه سەری لوویی شازدەیەمیان بە گیووتین لێ کردووەتەوە. لە دۆخی شۆڕشگێڕانەدا دەکرێت بڵێین شۆڕش وەکوو شمشێرێکی دوو فاقە واتە هەم وەکوو بەناوبانگ بووە ڕۆڵەکانی خۆی دەخوات و هەمیش دژمنەکانی. بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە شۆڕش تەنها بەشێک لە ڕۆڵەکانی خۆی هەڵدەلووشێت و تەنها بەشێکیش لە دوژمنەکانی لەناو دەبات. واتە پاش ڕوودانی هەر شۆڕشێک ئێمە لە بەردەم شەڕ و تەسویەکردن و هاوکات بونیاتنانەوەیەکی دیکە داین. ئەم باسەم بۆیە وەکوو زەمینەیەکی کورت هێنایەوە تاکوو بڵێم هیچ پرۆسەیەک لە ئاستە ئایدیالەکەیدا لە بواری دادپەروەری مرۆییدا بە ئاکام ناگات چونکە مرۆڤ بە هەر هۆکارێک بێت (لانیکەم تا ئه و شوێنەی ئێمە لە بیرمانە) لە ئاوەها دۆخێکی ناجێگیر و هەڵچوون و داچوونێکی خوێناوی و پڕ ترس و ترۆمادایە.
کاتێک لە بەهاری عەرەبیدا موعەمەر قەزافیی کەوتە دەست خەڵک و به و شێوە شۆڕشگێڕانە و بێ پرۆسەیە کوژرا ئیتر خستنەڕووی ئه و پرسیارەی سەرەوەمان زۆر ئاوەزمەندانە نانوێنێت. واتە ئەگەر خواستێکی دادپەروەرانە لە قوربانیان و کەسوکاریان هەبێت بۆ هەڵوێستەکردن لە ماهییەتی ئازار و مەرگێک کە جەللاد واتە دیکتاتۆر خولقاندوونی، خودی پرۆسەکە بە ڕادەیەک پڕئازارە کە بیرکردنەوە و هەڵوێستە بە ئاسانی سەرکەوتوو نابێت و زۆر جار تووشی شکست دەبێت. بەدڵنیاییەوە ئێمەی کورد هیچ کات ئه و پرۆسەی دادگاییکردنەی سەداممان بەلاوە پەسند نەبوو، هیچ کات ئۆخژنییەکی کەم و کورت بە هەناوی قوربانییان و کەسوکارەکانمان نەگەڕا و بگرە ئێستەش لە پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسیی ئێراق و کولتووری بەدەوی-خێڵەکیی فاشیستکراوی ئێراقی عەرەبیشدا ئێمە هەر لە ناو بەعسیزم و ئەنفالکردن و برسیکردن و مووچەبڕیندا دەژین. ڕەنگە هەر بەم هۆیە بێت زۆر جار ئه و دادپەروەرییە ئایدیالە لە ساحەی واقیع و یەکە ئیدارییەکان دەبرێتە دەرەوە و دادەبەزێتە هەرێمی ئەدەب و هونەرەوە. لە “شاری مۆسیقارە سپییەکان”دا کە بەرهەمی نووسەر و بیریاری دیاری کورد بەختیار عەلییە، دوای ئەوەی نەقیب سامیڕی بابیلی کە یەکێک بووە لە جێبەجێکارانی ئەنفال لە لایەن جەلادەتی کۆتر و هاوڕێکانییەوە دەگیرێت، بەشێوەی ئاسایی بیر لەوە ناکەنەوە بیخەنە بەردەم دادگایەک بە یاسایەکی نووسراوەوە کە هێزێکی جێبەجێکار و دەسەڵاتێکی ئایدۆلۆژیکی حیزبی و حوکومی پشتگیریی دەکات، بەڵکوو پلانی ئەوە دادەڕێژن کە خۆیان بەپێی پێوەرێکی ئینسانی و ئاوەزمەندانەی خۆیان لە یەکێک لە ژێرزەمینە چەپەک و دوورەدەستەکانی شار بە ئامادەبوونی چەندین قوربانیی پرۆسەی دادگاییکردنکە بەڕێوە ببەن. دواجار دادگاییەکە بەڕیوە دەچێت و حوکم لەسەر کوشتنی نەقیب سامیڕی دەدرێت.
ئەگەرچی ئێمە لێرەدا لەگەڵ پرۆسەیەکی ویژدانیانە و ئینسانی لە دادگاییکردنی دیکتاتۆردا ڕووبەڕووین و ناکەوینە ناو ئه و پرۆسە ئیداری-سیاسییەوە کە بە ئاسانی و بە بڕیارێک دەتوانێت دیکتاتۆرێک بکات بە فریشتە و جاشێک بکات بە باش، بەڵام هەمدیس ئه و هەستەمان تێدا دروست نابێت کە کارێکی ئەخلاقیانەی دروستمان ئەنجام داوە. بەڵکوو هەمدیس نەک تەنها دڵنیان لەوەی کە کوشتنی جەللاد و دیکتاتۆر قەرەبووی ئازاری قوربانییان و کەرامەتی لەدەستڕۆیشتوو و گیانی بەزۆر ئەستێنراویان ناکاتەوە بەڵکوو لە حوکمی کوشتنی دیکتاتۆریش دڵخۆش نین، لانیکەم من دڵخۆش نیم! چونکە لە هیچ سەرێکەوە ئه و ڕەزامەندییە دەروونی و ئەخلاقی و ئینسانییەم تێراو ناکات، نە لە ڕووی قەرەبووکرانەوەی قوربانیان و نە لە ڕووی کوشتن و تۆڵەسەندنەوەی دادپەروەرانە بە پێوەری ویژدانی ئینسانی لە دیکتاتۆر و جەللاد، لە کاتێکدا هەرچەند سەرنج دەدەم خودی دیکتاتۆر بەمانایەک یاریی پێکراوترین قوربانی لە کۆنتێکستێکی سیاسی یان ئابووری و سایکۆلۆژیدا بووە، بۆیە پرسیارەکەم لە ژێر تیشکی ئەم گێڕانەوەیە فۆرم و ناوەرۆکەکەی دەگۆڕێت و دەبێت بەمە؛ ئایا لە بنەمادا دیکتاتۆر تەنها خۆی بەرپرسە لە دیکتاتۆرییەت و کوشت و بڕەکانی یان ئێمەی دیکتاتۆرساز و بە مانایەک دیکتاتۆرکوژیش لە ئاستی جیاجیای سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتی و کولتووریشدا بەرپرسین؟ ئەم پرسیارە ڕەنگە زۆر ئاوەزمەندانە نەنوێنێت، بەڵام دەشێت چاوساغمان بێت بۆ ئەوەی لەمە تێبگەین کە هێنانەوەی ئەسەد و دادگاییکردنی (کە ئەستەمە زلهێزە دیکتاتۆرسازەکانی وەکوو ڕووسیا و ڕۆژئاوا بواری بدەن) ئەگەرچی باشە و لە راستیشدا ڕووداوێکی گرنگە بەڵام نابێت لەوە خافڵمان بکات کە جۆلانی یان ئەحمەد شەرعەکان لە ئاسمانەوە هاتوون و بەختەوەری و ئاسایشیان بۆ هێناوین.
[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!