ناونیشانی بابەت: شەڕی نێوان هێزەکان لە پانتای مۆدێرنیتەیدا
ناوی نووسەر:
سپێدە ساڵحیسپێدە ساڵحی
“شیکارییەکی سەرپێیی بۆ ڕۆمانی “
نەفرەتی نەوبەهاراننەفرەتی نەوبەهاران”ی
بەختیار عەلیبەختیار عەلی”
“پێشەکی”
بێگومان هیچ کات ناتوانین ئەرک و ڕەسالەتێکی جێگیر و نەگۆڕ بە دیاریکراوی بۆ ڕۆمان قایل بین و سنوورەکانی ماتەوزە و تواناییە شاراوەکانی تەلبەند بکەین، بەڵام هاوکاتیش ڕۆمان لە دەرەوەی سەردەمەکی خۆی ناژی و ئەگەر گێڕانەوە یان خەونێکی پێشگۆیانەئاساشی بۆ ڕووداوەکان هەبێت ئەوا نابێت وەکوو شتێکی سەیر و ئەفسووناویی بانسرووشتیی چاوی لێ بکەین، بەڵکوو دەکرێت وەکوو گینگڵ و هەدانەدانەکانی ناوشیاری مرۆڤ بیبینینەوە کە لە ساحەی ناوشیار و ڕووبەری گێڕانەوەدا فیچقە دەکات و دەبێت بە وشە و دواجار دیمەنێکی ئەفسووناویی لێ بەرهەم دێت.
دیاریکردنی ئەرک یان ڕەسالەت بۆ ڕۆمان لە لایەکی دیکەشەوە گرێ دەدرێت بە ئه و دۆخەی کە ئێمە ئێستە تێیدا دەژین واتە دنیای پەیوەندییە بێسنوورەکان، دنیای کرانەوەی زیاتری مرخی بەردەنگ(خوێنەر، بینەر)، جیهانی چاوەڕوانیی مرۆڤەکان له و شتەی کە پێشتر و تا ئێستە بینیویانە یان بە شێوەیەک لە شێوەکان ئەزموونیان کردووە، واتە خودی ئەمە دۆخێک دروست دەکات کە نووسەرێکی وەکوو مێشیل بۆتۆر لە ژێر ناوی “چەندفاقێتی خوێندنەوەی ڕۆمان” باسی لێوە دەکات و ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئه و دۆخە ئۆنتۆلۆژییەی مرۆڤ کە لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە خەریکە ئەزموونی دەکات. ئەگەر ئێمە بیست بۆ سی ساڵ پێش ئێستە وێنەی ڕووتی ئەکتەرێکمان ببینایا بە شتێکی سەیر و سەمەرە و گوناهبارانەمان دەزانی یان لانیکەم وەکوو بارگرانییەک بەسەر خەیاڵدان و عورفپەرستی زەینی ناوشیارمان هەستمان پێ دەکرد، بەڵام ئێمە ئێستە بە ڕۆژانە بەرکەوتەمان دەبێت لەگەڵ نەک وێنەی ڕووتی ئەکتەرانی نەناسراو و ونی ڕۆژئاوایی، بەڵکوو لە کۆمەڵگاکەی خۆشمان ئەم شتە دەبینینەوە.
مانگی جارێک یان هەندێ جار چەند حەوتە جارێک لێرە و لەوێ و لەم پەیج و له و پەیج هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی ئه و وێنە و ڤیدیۆیانە دەکرێت کە بەهۆی خەڵەتاندنی ژنانەوە دەستی کەسانێکی ناتەندروست کەوتووە و ئێستە سەریان لە جیهانی سۆشیال میدیا و بەردەم هەزاران و بگرە بە ملیۆن چاوی تینوو و ئەفسوونکراو دەرهێناوە. (کە ئەم نموونەیەم بۆیە هێنایەوە چونکە بە شێوەیەک لە شێوەکان تەوەری و پلانی سەرەکیی گێڕانەوەی ڕۆمانی “نەفرەتی نەوبەهاران”ە). لە ئاوەها ئەزموونێکی مرۆڤی ئێستەدا شتێکی داهێنەرانە یان با بڵێین هەوڵێکی داهێنەرانەتر پێویستە تاکوو لایەن و گۆشەکانی هەر ڕووداوێکی کۆمەڵایەتی، تابۆشکێنی، تووندوتیژیی دژی ژنان، شەرەفپەرستی و نیشتیمان بەشێوەیەک بگێڕێتەوە کە بەردەنگ ڕاگیر کات و بۆ چەند ساتێک بیباتە ناو گۆمی تێڕامان و ئەوجار ئه و شتەی کە دەشێت وەکوو یەکێک لە ڕەسالەت و ئەرکە سەرەکییەکانی ڕۆمان ناوی ببەین بێتە ئاراوە کە ئەویش هەمان بیرکردنەوە و وەستان و هەستکردن بە بەرپرسیارێتییە. ڕەنگە پێش ئەم قۆناغە کە من وەکوو “ئێستە” باسم کرد زۆربەی ڕۆمانەکانی ئێمە ڕەسالەتێکی شۆڕشگێڕانەیان بە مانا سیاسی و ئایدۆلۆژییەکەی هەڵگرتبوو نموونەی دیاریان ڕۆمانی “شار” لە نووسینی مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد، ڕۆمانی پێشمەرگەی د. ڕەحیمی قازی، ڕۆمانی هێلانەی مامۆستا حسێن عارف، بەڵام دوای ڕاپەڕین ئەم ئەرکە گۆڕان و بەرەوپێشچوونێکی بەخۆوە بینی و لە ڕوانگەیەکی ڕەخنەگرانەوە هەوڵی دا پرسگر و کێشەکانی کورد وەکوو کۆمەڵگا بگێڕێتەوە و درز و کەلێن و ناکۆکییە گەورەکان دیاری بکات. ئەم قۆناغە قۆناغی ڕەخنەگرتن لە خود یان دەکرێت بڵێین دادگاییکردنی خۆمان لە زمان و زەینی نووسەران و ئەدیبان و ڕۆشنبیرانمانەوە، ئەگەرچی ناکرێت ئێمە هاودەنگی هەموو ئه و دیمەن و کارئەکتەر و ڕوانگانە بین کە خراونەتە ڕوو بەڵام ناتوانین بە ئاسانیش چاو بە سەر واقیعی کەموکوڕی و لاوازییەکانمان لە ئاستە جۆراوجۆرەکانی سیاسەت، مەعریفە و ڕۆشنبیری، ئایین و حوکمڕانی بین.
لەم قۆناغەدا ڕەنگە ناوە هەرە دیارەکان لە نووسینی ئەم جۆرە ڕۆمانانە مامۆستا شێرزاد حەسەن، د. فەرهاد پیرباڵ و کاک بەختیار عەلی بن. بێگومان زۆر ناوی دیکە و قەڵەمی جوان و درەوشاوەی دیکە هەم لە شکڵی ڕۆمان و هەم کورتە چیرۆک هەنە کە لێرەدا بەهۆی تەحدیدبوونی باس و مەبەستی وتارەکەی من بە داوای لێبوردنەوە ئاماژەیان پێ نادەم.
“نەفرەتی نەوبەهاران؛ ململانێی هێزەکان لە ناو کەوانەی شەرەف”
ناکرێت بەوردی و مانای دەقیقی وشە بڵێین ئەم ڕۆمانە ڕۆمانێکی مێژووییە، بەڵام لە ڕاستیدا ڕووداوەکان لە مێژوویەکی نە زۆر دوور و مە زۆر نزیکدا واتە نیوەی دووەمی سەدەی ڕابردوو(ساڵی 1957ی زاینی) ڕودەدەن و تا قۆناغی ئێستاکەمان بەردەوام دەبێت، هێڵی زەمەنیی ڕۆمانەکە و ڕووداوەکان بە ناوی شۆڕشی ئەیلوول، شەڕی دەستەویەخە لەگەڵ بەعس، مێژووی بەعس و حوککردنی باشوری کوردستان، ئەندازیاریکردنی هێزە نەریتییەکانی خێڵ لە ڕێگەی بابەتی شەرەف و ناوزڕاندن بۆ ڕوبەڕووبوونەوە لەگەڵ شۆڕشی کوردی و دروستکردنی فەجی جاش بەم میکانیزم و زەختەوە، سەرهەڵدانی گومان و بێ ئیمانی بە نیسبەت بەهاکانی شار و شاخ و لە مرۆڤکەوتنی مرۆڤ لە پێناو بەهاکاندا، گەڕانەوەی بناژۆخوازیی لەسەر بنەمای ترسی ئایینی و نەریتی، تەقینەوەی ڕقی تۆڵەی ژنان بە هۆی هەستکردن به و ئازارە کوشندەیەی کە پیاو لە ناوەندی هەموو گوتارەکاندا بەسەری سەپاندووە، شکستی ئەزموونی تەریقەت و عیرفانی لە پێناسەکردنی ژن وەکوو مرۆڤ لە ڕووداوەکانی پەیوەست بە خەتیبی گەورە و دواتر و لە قۆناغی کۆتاییدا کە دەشێت وەکوو زەمەنی پاش شەڕی ناوخۆ و تەنانەت پاش لەناوچوونی ڕژێمی بەعس وێنای بکەین کە شوێنەکانی تایبەت بە لەشفرۆشی وەکوو ماڵی حەوت خانم بۆ لەشفرۆشی پێکهاتوون.
ناوی ڕۆمانەکە لە ناوی ژنە شۆخ و شەنگ و بەفیزەکەی کامیل ئاغاوە وەرگیراوە کە دواتر بە تێپەڕین بە ناو کۆمەڵێک ڕووداوی کارەساتاوی دەبێت بە “نەفرەتی نەوبەهاران”. ڕەنگە ئەگەر بە تۆزێک بێباکی و پارێزنەکردنەوە بڵێم؛ پەیامی ڕۆمانەکە ئەمە بێت کە پێناسەکردنی ژن وەکوو جەستە جگە لە کارەسات هیچی دیکەی لێ ناکەێتەوە یان لەژنخستنی ژن ئه و ناگەیەنێت بە ئاسمان، بەڵکوو لە تاریکییەکانی خۆیدا نغرۆی دەکات و تیشکی ئەم تاریکییەش بەر هەموو کۆمەڵگا دەکەوێت. وەکوو لە نامەیەکی مامی لفکەکانی گێلاسی نەوبەهاراندا(شەمدین و زۆزان) لە ڕۆمانەکەدا هاتووە “بێ ئازادی شەرەف بوونی نییە”. لە ڕاستیدا خودی ئەم گوزارەیە کە چەند جارێک لە ناو گێڕانەوەکەدا دەگەڕێتەوە جۆرێک دژوازییەکی دراماتیکی تێدایە، چونکە ئێمە لە بەریەککەوتنی وێنەیەکی فۆتۆگرافیی ڕووتی گێلاسی نەوبەهاران(کامێرای فۆتۆگرافی لە شەستەکانی سەدەی رابردوو لە دەستی چینی سەرەوە واتە ئاغاواتەکان بەریەککەوتنی سونەت و مۆدێڕنەی ئامرازیانەیە و ئەنجامەکەی کارەساتاوی دەشکێتەوە) و کۆی ئه و هێزانەی کە لە جەوهەردا نەریتی و سونەتین، وەکوو پێکهاتەی فیۆداڵی و ئاغاوات و ئایین و هەم ئه و هێزانەش کە دەرئەنجامی هاوکێشەی مۆدێڕنی هێز و سیاسەتن وەکوو شۆڕشی کوردی جۆرێک داڕمانی نهێنی و ئاشکرا لە ناو کۆمەڵگادا دێتە ئاراوە.
ڕۆمانەکە بەشێوەیەکی گشتی ئەم بەریەککەوتنە دەگێڕێتەوە کە جەستەی ژن بە پلەی یەکەم پانتای ململانێ و کێشەکانە، پانتایەکی خوێناوی کە بەردەوام دەتوانێت خوێنی لێ بچۆڕێت و خوێن بەرهەم بهێنێت، دەکرێت بڵێین هەموو کارئەکتەرەکان بەشێوەیەک لە شێوەکان قوربانین، ئەم ڕۆمانە گێڕەرەوەی دۆخی مرۆڤی کوردە لە ناو دنیای ئامرازیانەی مۆدێڕندا کە لە لایەک خۆی لەگەڵ خۆی و بەهاکانی خۆی دەکەوێتە شەڕێکی خوێناوییەوە و لە لایەکی دیکەشەوە بەعس و گوتاری عروبە-ئایینی دەیەوێت لەڕێگەی هەمان ئه و بەها و نەریتانەی کە کورد لەگەڵیدا ململانێیەتی خاک و نیشتیمان کورد کۆنترۆڵ کات و ئەوەی دەمێنێتەوە قوربانیبوونی مرۆڤی کورد یان لە ڕێگەی تێگەیشتنی خۆی بۆ دنیا یان لەڕێگەی ئەویدییەکی داگیرکەری دڕەوە. لێرەدا ناکرێت چیرۆکی ڕۆمانەکە و زنجیرەی ڕووداوەکان و کارلێک و هۆکارێتییان باس بکەم بەڵام وەکوو لە سەرەوە تیشکم خستە سەری ئه و بەریەککەوتنەی هێزەکان لە پانتای جەستەی ژندا ڕو دەدات، پانتایەک کە هەم پیاوێک حورمەت و شەرەفی بۆ دەگڕێتەوە (مێرد یان برا یان…لە ڕێگەی خوێن و بێ سەروشوێنکردن) و هەم پیاوێک شەرەفی دەداتێ( لە ڕێگەی خوێن و کوشتن و باڵاپۆشکردن و هەڕەشە و هتد) ئەم هاوکێشە ئاڵۆز و تەونە جاڵجاڵۆکەئاسایە زۆر ئەگەر بۆ باس و گێڕانەوە لە بەردەممان دەکاتەوە، بەڵام مەرج نییە هەموو ئەم چنراوانە مەبەستی ڕۆماننوس بووبێتن، خۆی خاسییەتی ئەدەب بەتایبەتی ڕۆمان و شیعر وایە کە ئێمە هەڵکەوتی دەلالەت و خوێندنەوەی جیاواز دەکەوین و ئەمەش ئه و ڕێبازەی تەئویل و ڕاڤەکارییە کە سنوورەکانی دەسەڵاتی نووسەر کاڵ دەبێتەوە و خوێنەر بە تێڕامانێکی ئازادانەوە دەتوانێت شتەکان هەڵسەنگێنێت.
خاڵی سەرنجڕاکێش و دەکرێت بڵێین پەیامی درەوشاوەی ئەم ڕۆمانە لە کۆتایی ڕۆمانەکەدا و لە ماڵی حەوت خانم (لەشفرۆشییەکی تۆڵەئەستێن و پلانداڕێژ بۆ پیاوان و بە مانایەک ئابڕوو”شەرەف”یان) بۆمان دەنەخشێت، کاتێک کارئەکتەرێکی باوەڕدار(موعتەسەم نیاز) هەڵدەخەڵەتێ و لەوێ ژنێکی بەتەمەن هاوشێوەی گێلاس خانم و کیژۆڵەیەکی ناسک هاوشێوەی زۆزانی کچی دەبینێتەوە و هەواڵ دەدات بە زیائەدینی نەوبەهاران کە خوشکەکەی لە ئاوەها شوێنیکدا بینیوە، دواتر کە زیائەدین دەچێت و بە پرۆسە و یاسای لەشفرۆشی و لەشکڕیندا تێدەپەڕێت ئه و ژن و کچە دەبینێت و سەری سووڕدەمێنێت پرسیار لە ناوونیشانیان دەکات، ئەوانیش ڕەتی دەکەنەوە کە کەسانی بەرمەبەستی ئه و بن، بۆ ڕۆژی دواتر ماڵی حەوت خانم لەوێ نەماوێ و هەموو شوێنەکە چۆڵ کراوە بەڵام کۆی وێنەی ئه و پیاوە بەڕێز و بێڕێز و باش و خراپەی کە ئه و لەشفرۆشییەیان بەسەرکردبووە وێنەی لەشکڕینیان لە بنکەی پۆلیس سەردەردێنیت، نووسەر بەم دیمەنەی کۆتایی دەیەوێت بڵێت شەرەف ئەگەر هی ژن بێت دەکرێت بە مانایەکیش هی پیاو بێت و ترسی تیاچوون بەهۆی ئابڕوو، شەرەف ترسێکی مرۆییە نەک ژنانە یان پیاوانە و ئەمە بەها کۆمەڵایەتییەکان و پێکهاتەی کۆمەڵایەتییە کە هاوکێشەکە دیاری دەکەن، نووسەر لە گەڵ خوێنەردا دەپرسن: ڕێگەچارەی ئەم قەیران و کێشەیە چییە؟ قوربانیبوونی مرۆڤ لە ناو کەوانەی شەرەف(پیاو بێت یان ژن/ کوژران بێت یان ناوزڕان و حەیاچوون) تاکەی بەردەوام دەبێت و دەبێت چ بکرێت؟ پرسیارە جەوهەرییەکە لای من ئەمەیە کە ئایا شەرەف ئه و بابەتەیە کە مرۆڤ (لە هەر کۆمەڵگایەکدا) دەتوانێت بە ئاسانی دەسبەرداری بێت؟ یان تەنها ڕێکارەکانی ڕووبەڕووبوونەوەمان لەگەڵ بەدواداهاتەکانی دەبێت ئەمڕۆیی و مەدەنیانەتر بێت و وەکوو دەڵێن یاسا سەرپشک بێت؟
[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!