ناونیشانی بابەت: سینەما، زمان و ئەدەبی کوردی
ناوی نووسەر:
پێدە ساڵحیپێدە ساڵحی
“زمان و سینەما”
ئه و پێناسە باوە لە زمان کە دەڵێت: “زمان کۆمەڵێک نیشانەیە” ڕەنگە لە ناو ئێمەدا زیاتر بەسترابێتەوە بە نیشانە نڤیسارییەکانەوە نەک نیشانە وێنەییەکان. لە حاڵێکدا نیشانەکان پانتایەکی بەرفراوانتر لە جوگرافیای زماندا داگیر دەکەن و تەنانەت دەکرێت بڵێین بەهۆی تایبەتمەندیی بزۆز و زاوزێکەرانەی زمانەوه نیشانەکان ناکۆتان. نیشانە وێنەییەکان تەنها پەیوەست نابن بە دنیای نیگار و سینەماوە، بەڵام دەشێت بڵێین دنیای نیگارکێشان و شانۆ و سینەما و…هتد هەڵگری ڕەسەن و سەرەکیی ئەم نیشانانەن.
گەشە و نەشەی زمانی کوردی لە هەموو سەردەمەکاندا لە ناو جۆرێک قاوغی خۆپاراستن و ڕێگای قاچاغ بووە، هەر لە ئەحمەدی خانییەوە تاکوو بەشێک له و بەرهەمانەی تەنانەت لە پاش ڕاپەڕینەوە بەرهەم هاتوون، دەگرێتەوە، بۆیە ئاساییە ئەم فۆرمە لە کارکردن بە زمان لە چاوەی فۆرمێک کە سینەما ئیشی پێ دەکات کەمتر بەرفراوان بووبێتەوە. واتە ئێمە دەزانین زمان لە هەر ئاستێکیدا چ ڕۆژانە، چ لە بوارەکانی ئەدەب و هونەر و بواری زانستی و تەکنەلۆژیا و بەشێک بەردەنگ و بەکارهێنەری هەیە و بەپێی ئەوەش کاریگەرییەکانی پراکتیزە دەبێت، بەڵام زێدەڕۆیی نییە ئەگەر بڵێین سینەما کۆکەرەوەی هەموو ئەم ئاستانەی زمانە لە چوارچێوەی وێنەی بزۆک و بەجووڵەدا، واتە لە فیلمێکدا ئێمە هەم کارئەکتەری جۆراوجۆر(جووتیار، ڕۆژنامەنووس، بازاڕی و…هتد) دەبینین و هەم وێنەی جۆراوجۆری خەیاڵی لەڕێگەی تەکنەلۆژیاوە و هەمیش دیمەن و دیالۆگی سورریالی و هونەری دەبینین. لەم ڕووەوە دەتوانین بڵێین لە ئێستادا سینەما ڕۆڵێکی زۆر کاریگەرتری لە ئەدەب(ڕۆمان، شیعر، چیرۆک) دەبێت لە پەرەپێدانی زمانێکی تۆکمە و ستانداری نەتەوەیی کە زۆربەی زاراوەکان لە ژێر چەتری خەیاڵسازیی هونەری وێنەدا کۆبکاتەوە و هەنگاوی پته و و قاییم به و ئاڕاستەیەدا بهاوێت.
ئەگەرچی پرۆژەی فیلمسازیی کوردی مێژوویەکی درێژی لە چاوەی ژانێرەکانی دیکەی هونەری کوردیدا نییە بەڵام بێ مێژوو و پێشینەش نییە و تەنانەت بۆ دیاریکردنی ئەم پێشینەیەش دیسان ئێمە تووشی ئالنگاریی لە بابەتی زماندا دەبینەوە چونکە زمانی کوردی لە زۆر قۆناغ لەڕێگەی وڵاتانی داگیرکاری کوردستان قەدەغەبووە. فیلمی وامان هەیه (لە باکووری کوردستان) ئێمە لە ناوەڕاستی فیلمەکە تێدەگەین کارئەکتەرەکە کوردە چونکە تەنها له و ساتەیە دەتوانێت لە ژیر کامێرای داگیرکەر دەربچێت و بە کوردی بئاخفێت! جا بابەتەکە لەگەڵ ئەم ئاڵۆزییەدا ئێمە بەره و ئه و ڕێچکەیە هان دەدات کە ڕۆڵی سینەما و دنیای وێنە و وێناکردن لە گەشەپێدان و بگرە تەقاندنەوەی توانا و پوتانسێلەکانی زمانی کوردی و زاراوە جیاواز و دەوڵەمەندەکانیدا بەجیدی و کاریگەر ببینین. و ئەمە بە خاڵیکی ناوەندی ببینین لە هەموو پرۆژەیەکی سینەمایی کوردیدا. لەگەڵ هەموو کێشە و ئالنگارییەکاندا لە باشووری کوردستان سینەمای کوردی خەریکە گوڕ و تینێکی باش دەگرێت و هۆڵی سینەماکان بینەری زۆر و باش ڕادەکێشێ. ئەم تێڕوانینە دەتوانێت بەشێک له و لاوازی و بۆشاییانەی کە ئەدەب و میدیا گشتییەکان نەیانتوانیوە پڕی بکەنەوه، پڕ بکاتەوە و شوناسێکی پتەوتری نەتەوەیی چێبکات.
“سینەما و وێناسازیی”
سینەما وەکوو ژانێرێک لە ژانێرە گرینگ و کاریگەرەکان جێگە و پێگەیەکی پتەوی لە دروستکردنی خەون و وێنا کولتووری و نێونەتەوەیی و نێوان کولتوورییەکان بەدەست هێناوە. بەڕادەیەک ئەم پێگەیە بەهێز و پڕچەکە کە دەکرێت هاوکات کە لەسەر دەسکەوت و لێکەوتە ئەرێنییەکانی قسان دەکەین چەند قات زیاتر لەسەر خەسار و کاریگەرییە نەرێنییەکانیشی بدوێین. سینەما چەندە وەکوو ژانێرێکی هونەریی دەتوانێت وێناساز و هەڵپێکەری خەونە هاوبەشەکانی نێوان کولتوورەکان بە ئاڕاستەیەکی شارستانیانە و مرۆیی بێت هاوکات دەتوانێت ڕۆڵێکی تێکدەرانەشی لە وێناسازیی و ئاڕاستەکردنی ڕای گشتیی نەتەوە و کولتوورەکان دژ بە یەک و تەنانەت لێکهەڵوەشاندنی شیرازەی کۆمەڵگایەک هەبێت کە خۆی سیستەمێکی کولتووریی و وشیاریی بەهێزی نییە، و سینەما خەون و وێناسازیی بەرهەمهێنەران و دەرهێنەرانی سینەمایی دەرەوەی کۆمەڵگایەکی دیاریکراوی ئاڕاستە بکات. نموونەی ئەم جۆرە وێناسازییە قەڵب و ناڕەسەنە ئه و شتەیە کە لە سینەمای ئێران (چ لە سەردەمی پاشایەتی و چ لە سەردەمی کۆماری ئیسلامی) بە نیسبەت کورد یان نەتەوە نافارسەکانەوە کراوە.
لە هەموو سینەمای ئێران تا ئێستاشەوە کورد لە باشترین حاڵەتیدا خێڵەکی دواکەوتووی بەڕێزن، کە هەڵگری نۆستالۆژیایەکی کۆنی ڕەسەن بۆ ڕابردووە دوور و لێڵەکانن، لە خراپترین حاڵەتیشیدا دەستە و تاقمێکی یاخیی و چەتەی چەکدارن کە دژی یەکپارچەیی خاکی ئێرانن و لە دەرەوەی سنوورەکانەوە ئاڕاستە دەکرێن و هەمیشە دەستێکی ئیسرائیل یان ئامریکایان لە پشتەوەیە، یەکێک لە کێشە گەورەکانی ئێمە وەکوو کورد لە ئاستی خەباتی کولتووری، سیاسی و ڕۆشنبیریمان لە ئێران هەر ئەم وێنا درۆزن و قەڵبەیە کە لە زەین و دەروونی ملیۆنان ئێرانی و تەنانەت هەندێ کوردیش بەشێوەیەکی ناوشیار جێگیر کراوە. لە ڕاستیدا ئەگەر ژانێرێکی وەکوو ئەدەب(ڕۆمان، شیعر و…)ی کوردی نەبایات ڕەنگە ئەم وێنا قەڵبەی کە سینەمای فەرمی و نافەرمیی ئێران دەیان ساڵە لە کوردی دەخاتە ڕوو و دەرخواردی زەینی ناوشیار و بیرکۆڵی ئێرانییەکان و هەندێ کوردی ناوشیاری دەدات، هەر له و پلە و پێگە سامناک و دژەکورد و کوردشێوێنەدا مابایەتەوە! بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا و لەگەڵ سەرکەتنە ئەدەبییەکانی کورد لە ئێران و جیهاندا هێشتا زۆری ماوە ئەم وێنا زۆڵ و ناڕەسەنەی کە لە کورد لە لایەن سینەمای ئێرانییەوە خراوەتە ڕوو، شەق و لەق بکرێت، چونکە تا ئەم چرکەساتەش پرۆژەی وێناسازیی هەڵە و بەراوەژوو لە کورد هەر ئیش دەکات و هیچ سینەماکار و دەرهێنەرێک نییە لە دەرەوەی ئەم هاوکێشەیە ئیش بکات، لانیکەم من تا ئێستە نەمبینیوه.
خودی ئەم هاوکێشە هونەری-سیاسییەی کە کورد دەکات بە دەسمایەی گێڕانەوە بۆ خزمەتکردن بە خۆی واتە بەرهەمهێنانەوەی دۆخی سەردەست/ژێردەست یان داگیرکار/داگیرکراو، دەلالەت لەوە دەکات هەم سینەمای ناکوردی و هەم سینەمای کوردیش لەگەڵ دۆخێکدا زیاتر دەستەویەخەن نەک لەگەڵ خودی کورد وەکوو مرۆڤ، گرینگیی ئەم جیاوازی دانانە له نێوان دۆخی کورد و کورد وەکوو نەتەوە و شوناسێکی مرۆیی لەوەدایە دۆخ تەنها دەشێت یەک یان چەند ڕەهەندی دیاریکراو و قەیراناویی تۆ بگێڕێتەوە و شیاوی نواندنی بکات، بەڵام “کورد”بوون تا ئاستێکی نادیار بەرین و بەربڵاوە و پانتایەک لە مرۆڤبوون و ئەزموونی ئینسانیی دەگرێتەوە کە بەهۆی “دۆخ”ەوە یان پەردەپۆش دەکرێت یان سەرکوت و ئینکار دەکرێت.
من پێم وایە ئەمە هاوکێشەیەکی سیاسی-وجوودییە کە نەک تەنها سینەماکارانی کورد بەڵکوو هەموو هونەرمەندانی کورد لە بوارە جیاجیاکاندا بە شێوەیەک لە شێوەکان لەگەڵیدا دەستەویەخەن و لە ململانێدان. ئەگەرچی ساڵانێک باس لە هەبوون یان نەبوونی سینەمای کوردی دەکرا و زۆر قسە و باس و وتەی ڕۆشنبیرانە بەرهەم هات بەڵام واقیعی دەرکەوتنی کورد چ وەکوو کیان و شوناسێکی سیاسی و کەلتووری و چ وەکوو گێڕەرەوانی پانتای بوون و چالاکیی مرۆیی(کوردی) دەریخست ئەگەر سینەمایەکی پێشینەدار و بەتەواوەتی کوردیشمان نەبووبێت ئەوا دەیان فیلمی سەرکەوتوومان پێشکەشی جیهان کردووە کە لانیکەم توانیویانە دۆخی ئێمە وەکوو کورد بنوێننەوە، ڕەنگە ئەمە لە ئاستی پراکتیکی و سیاسەتی هەرێمی و نێودەوڵەتیی لە قەوارەی فەرمی و سیستەمی سیاسیی دەوڵەتەکاندا کاریگەریی ڕاستەوخۆ و ئانوساتی نەبێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە لە ئاستی ڕای گشتیی جیهانی و هەرێمیدا لانیکەم ئه و وێنا قەڵب و درۆزنانەی کە تەواو ئەجێندایەکی سیاسی و ناجوامێرانەیان هەیە کاڵ دەکاتەوە و ڕەنگە وردە وردە و لە درێژایی زەمەنیشدا پووچەڵیان کاتەوە.
ڕەنگە پاش یۆڵماز گۆنای وەکوو سینەماکارێکی مەزن و گەورەی کورد کە خەڵاتانی گرینگی سینەمایی وەرگرتووە ناوی بەهمەنی قوبادی زیاتر لە هەر ناوێکی دیکە بیسترابێت و بێگومان لە پاڵ ئەم دوو ناوە دەیان و سەدان ناو هەنە کە بەرهەمی شیاو و بەرزیان پێشکەش کردووە و دەبێت تۆزێک پشوومان درێژ بێت تاکوو ئەمانەش پێگە و پلەی شایستەی خۆیان وەگرن. ئەگەر لە سینەمای یۆڵمازگۆنای دا فیلمی یۆڵ یان ڕێگا بهێنینەوە یادی خۆمان و لە سینەمای قوبادیشدا “ساتێک بۆ مەستیی ئەسپەکان” بیر خۆمان بهێنینەوە ڕەنگە به و ئەنجامە بگەین ئه و ڕەهەندانە و ئه و توخم و ماکانەی چ لە ڕووی فۆرم و چ لە ڕووی ناوەرۆکەوە یۆڵماز بەرهەمی هێناون قووڵتر و فرەڕەهەندترن، سینەمای گۆنای ڕۆچوونە بە قووڵایی دۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسیی و باوەڕدارێتی کورد لە فەزایەکی سیاسیی پڕ لە سەرکوت و خنکاندندا، هەرچی سینەمای قوبادییە(وەکوو نموونە ساتێک بۆ…).
ئه و دۆخە تاڵ و تراژیکە ئابووری و کولەمەرگییەی کوردە کە تا ئێستەش واتە چەند دەیە دوای ئه و فیلمە کێشەکە لە قەیراناویترین و نامرۆڤانەترین حاڵەتی خۆیدا لە ژێر سیاسەتە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیدا ماوەتەوە و ڕۆژانە کۆڵبەر و ئەسپەکانیان و بارەکانیان و…بە وێنەی خوێناوی و ڕاونان و کارەستائامیزە دەبینین. بەڵام هەر دووکی ئەم ڕوانگانە بۆ نواندن و تەعبیر لە کورد چ وەکوو دۆخ(سیاسی، ئابووری و…هتد) چ وەکوو شوناس( نەتەوەیی، مرۆیی و…هتد) پێویستن.
[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!