ناونیشانی بابەت: شەڕ و ئەهریمەن
ناوی نووسەر:
سپێدە ساڵحیسپێدە ساڵحی
“پێشەکی”
بابەتی شەڕ یان خراپە لە زمانی ئینگلیزیدا هاوتای (Evil) دێت کە بە شێوەیەکی سەیر و سەرنجڕاکێش هاوشێوەی وشەی (Devil) یان هەمان ئەهریمەن یان شەیتانە. ئەگەر ڕوونتر و وردتر بیڵێین شەیتان یان ئەهریمەن لە زمانی ئینگلیزیدا یەک پیت واتە (D)یی لە وشەی شەڕ زیاترە. دیارە بە هەر بارێکدا لێکی دەینەوە لە کولتووری هەموو مرۆڤایەتیی هێزی تاریک و شەڕ هەبووە و تا ئێستەش بە شێوەی جۆراوجۆر و لە شکڵ و قەلافەتی جۆراوجۆر و جیاواز لە ژیانی شارستانیی هەنووکە و ژیاری مرۆڤدا هەر بەرهەم هاتووەتەوە.
ڕەنگە ئەم تێڕوانینە بۆ بابەتی شەڕ و پەیوەندیی لەگەڵ جیهانی ئەهریمەن بەهۆی پێشکەوتنە زانستی و، تەکنەلۆژییەکان هەر لە سەردەمی شۆڕشی پیشەسازیی و ڕینیسانسەوە تا ئێستە پەراوێز خرابێتن و، دیاریکردنی شەڕ وەکوو ماک و دیاردەیەکی مادیی ئەهریمەنیی کە لە دەرەوەی جیهانی فانتازیا و ترس و وەهمەکانی مرۆڤ هەبێت و واقیعی بێت، ئیتر وەکوو هەوڵێکی نەزۆک و خورافیی دەرکەوتبێت، بەڵام لە هەر حاڵەتێکدا بەشێک لە ژیان و ژیاری مرۆڤ لە گەڵ بابەتی شەڕ(جەنگ) و خراپە(شەڕ) دەستەویەخە بووە و تا ئێستەش بەردەوامە و هەرچی بابەتێک کە پەیوەندیی لەگەڵ بەزاندنی تابۆ و سنوورەکانی ژیان و ژیاری مرۆڤ هەبێت وەکوو بابەتێکی دژەخێر و دژە چاکە لە کولتووریی مرۆییدا بینراوە، ئەم یاسا نووسراو یان نەنووسراوە گشتییەی ژیارە جۆراوجۆرەکانی سەر گۆی زەوی تا کاتێک فراوانبوون و جیهانگیریی خۆی پاراست کە بابەتەکە نەکرا بە مایەی شەڕی میتافیزیکی و ئوستوورەیی نێوان ئایین و مەزه و و کولتوورەکان، کاتێک بابەتەکە بەره و ئەم ئاراستەیە هات هەر کولتوور “ئایین، مەزەو، ژیار و…هتد” خۆی بە ناوەندی پیرۆزیی و قودسییەتی جیهان ناساند و بۆ سەلماندنی ئەمەش قۆڵی هەڵکرد بۆ ڕشتنی خوێنی هەر کەسێک کە نکۆڵیی لەم ڕاستییەی باوەڕ و بنەمای کولتوورە پیرۆزەکانی ئەوان بکات.
بۆیە شەڕەکانی ئێستە وەکوو جیهانی کۆن شەڕی نێوان خێر و شەڕ یان چاکە و خراپە نین و شەڕی دوو بەرەیە کە هەردووکیان خۆیان بە چاکە و خێر دەزانن بەڵام لە ژیر پۆستاڵەکانی هەر دوولا خوێنی بێتاوانان و منداڵان و خەڵکانی بێ دیفاعی مەدەنی چۆراوگەی بەستووە! و تەنانەت بەم دیمەنەشەوە هەر بەرەیەک لەسەر بەرهەقبوونی کردە و خوێنڕستنەکانی خۆی زیاتر و زیاتر مکوڕ دەبێت و گوڕێکی دیکە بۆ خوێنڕشتن و درێژەدان بە شەڕ وەردەگرێت! بەداخەوە ئیستەی شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە نەرم و ڕەقەکانی جیهانی ئێمە ئاوایە و پێدەچێت ئەگەر هەر بەم ئاقارەدا بڕوات ئاسۆیەکی تاریک و لێڵ بۆ کۆی شارستانییەتی مرۆڤ و ژیان لە گۆی زەویدا ببینینەوە. لێرەدا من بە شێوەیەکی کورت و سەرپێیی ڕووبەڕووبوونەوەی حەماس و ئیسرائیل لەم ڕوانگەیەوە هەڵدەسەنگێنم و بەرگرییەکی ئینسانیی بچووک لە خوێنی ئه و قوربانیانە دەکەم کە نە لە سیاسەت تێدەگەم و نە لە مەزەو! بەڵکوو تەنها دەیانویست پڕ بە گەروو و سییەکانیان هەوای زەوی هەڵمژن و دڵە غەمبارەکانیان دڵتەنگانە بە کێشی ژیان لێ بدات.
“فەلەستین و ئیسرائیل؛ ئایدۆلۆژیا و جەنگی پیرۆز”
لە حاڵێکدا هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و هاوکات وەڵامدانەوە و هێرشی چروپڕی ئیسرائیل بۆ غەززه و هەرێمەکانی فەلەستین و لەوێشەوە بۆ باشووری لوبنان و لێدان لە حیزبوڵلا، خەریکە نزیک ساڵێک دەکەوێتەوە و دۆخی جەنگی و حاڵەتی نائاسایی بۆ خەڵکی مەدەنی گەیشتووەتە کارەساتاویترین ئاستی خۆی و هەر ڕۆژه و ڕووی قێزەونی شەڕەکە زیاتر دەردەکەوێت، زۆر گرووپ و هێز و لایەنی ئایدۆلۆژیی جیهانی ئیسلامی و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەباتی قۆڵ هەڵماڵین بۆ وەستاندنی شەڕەکە و پێشیگرتن له و کارەساتانەی کە ئیسرائیل بەسەری منداڵ و ژن و پەککەوتەی خەڵکی غەززەدا دەیهێنێت بە فووکردنی لە ئاگری شەڕی مەزەوی، شەقامی ئایدۆلۆژیک و دەرمارگرژ زیاتر دەورووژێنن و ئەمەش نەک تەنها هیچ سوودێکی بۆ هێزێکی وەکوو حەماس و ڕەوتە بە ناو ئیسلامییەکانی فەلەستین نییه، بەڵکوو لە ئاستی نێونەتەوەیی و میدیاییدا کڵپەی شەڕەکە زیاتر و زیاتر فراون دەکات و هەروەها بیانووی زیاتر دەدات بە سوپا و دەوڵەتی ئیسرائیل تاکوو ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی پێ قانیع بکەن کە لەگەڵ چ هێزێکی تیرۆریست و دڕندەدا ڕووبەڕوون، ئەمەش جگە لە ڕێگەخۆشکردن بۆ مەرگی زیاتری خەڵکی مەدەنیی فەلەستین و ئیسرائیل هیچ ئەنجامێکی دیکەی نابێت.
ڕاستییەکی تاڵ هەیە و ئەویش ئەمەیە کە تەنانەت پێش سەرهەڵدانی داعەش تێڕوانینی تووندئاژۆی ئیسلامیی لەڕێگەی گرووپە ڕێکخراو و نیمچەڕێکخراوەکانی (پێشتر لەوانە ئایدۆلۆژیای وەهابییەتەوه) گەیشتبووە گوێ و زەینی ڕۆژئاوا و پاش سەرهەڵدانی داعەش و بینینی ئه و هەموو تووندوتیژییە ڕێکخراو و دژە مرۆڤانەیە تەنانەت بەشێک لە موسوڵمانانیش لێی هەڵگەڕانەوە و ئەمە لە ڕووی ئایدیۆلۆژیی و هاوسۆزی و هاودڵی کۆمەڵایەتییەوە و لە سۆنگەی سایکۆلۆژیی جەماوەرەوە شکست و لەناوچوونی داعەشی بەدوای خۆیدا هێنا، با بگەڕێینەوە بۆ مێژوو و چاوێک لە دوو ڕەوتی توندئاژۆی ئیسلامی واتە بزووتنەوەی ئیسلامی و سەربەخۆیخوازیی چیچان و داعەش بکەین و لەوێشەوە بەراوردی بکەین لەگەڵ حەماس و کردەوەکانی پاش هێرشکردنەکەی و بەدواداهات و لێکەوتە کوشندە و ماڵوێرانکەرەکانی بۆ خەڵکی بێتاوان و مەدەنیی غەزە و فەلەستین.
بیست ساڵ پێش ئێستا ژمارەیەک لە ئەندامانی بزووتنەوەی ئیسلامی و سەربەخۆییخوازی چیچان لە ئۆپەراسیۆنێکی بارمتەگرتنی سامناک و تۆقێنەردا هەزار منداڵی قوتابی و دایک و باوکانیان لە شاری بێسلان لە باشووری ڕووسیا وەکوو بارمتە گرت. داواکاریی ئەم گرووپە پاشەکشێ و چوونەدەرەوەی ڕووسیا و هێزە سەربازییەکانی لە خاکی چیچان بوو. ئەوان بە دڵڕەقییەکی زۆرەوە دەیان منداڵی قوتابییان بەشێوەیەکی دڕندە کوشت. ئەم بارمتەگرتنە دڕندانەیە لە ڕوانگەی زۆربەی پسپۆڕان و شارەزایانەوە خاڵی کۆتایی بزووتنەوەی ئیسلامیی چیچان بوو؛ بزووتنەوەیەک کە لانیکەم بۆ ماوەی پانزە ساڵ دژی حکوومەتی ڕووسیا دەجەنگا. لە ڕاستیدا دڕندەیی و دڵڕەقی بارمتەگیران بەڕادەیەک بوو کە جەوهەری ئامانجی چیچانییەکانی بۆ هەبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ لەگۆڕ ناو و نوقمەساری کرد. هەر ئه و کاتە یەکێک لە ڕێبەرانی بزووتنەوەکە ڕایگەیاند: “هیچ ڕووداوێک بە ڕادەی ئەم بارمتەگرتن و کوشتنەی بارمتەکان نەیدەتوانی خەسار بەر ئێمە بخات و بەره و خەرەندمان بەرێت. پاش ڕووداوەکەی بێسلان خەڵکی دونیا وا دەزانن کە مادام چیچانییەکان دەتوانن ئاوا منداڵ و ژنان بکوژن و ئەنجن ئەنجنیان بکەن، دەی کەواتە ئەوان کۆمەڵێک خێو و گیانلەبەری دڕندە و دەشتەکین”.
بە دەربڕینێکی دیکە قەتڵوعامکردنی منداڵان لە بێسلان بەشێوەیەک کارەساتاوی بوو کە خاڵێکی کۆتایی بۆ چالاکیی و جمووجووڵەکانی شامیل باسایۆف؛ ڕێبەری بزووتنەوەی ئیسلامیی چیچان دانا و هەموو ڕەوایی و هەقبوونی ئەم بزووتنەوەیەی لەناو برد. لە ئەنجامی ئەم کارەی بزووتنەوەی ئیسلامیی چیچان و وەکوو وەڵامدانەوەیەک “ڤیلادیمیر پووتین” بە هەموو توانا و هێزی سەربازییەوە شاری گرۆزنی پایتەختی چیچانی بۆردومان و خاپوور کرد. توندوتیژی و دڵڕەقیی پووتین هەر وەکوو ئەوەی باسایۆف بوو، بەڵام چونکە لە چوارچێوەی شەڕی کلاسیکی سەربازیدا بوو بە بەراورد لەگەل دڵڕەقی و کارەستاویبوونی کردەوەی باسایۆف و بزووتنەوەکەی، کەمتر جێگەی لۆمە بوو. نموونەیەکی دیکەی ئەم دڵڕەقی و تووندوتیژییەی شەڕ ئه و بازنە دڵڕەقانە و توندئاژۆیانە بوو کە زۆرێک لە بزووتنەوە ئیسلامییەکان کەوتنە ناوییەوە و ناوی داعەش بوو. ئێمە ئاگادار بووین کە داعەش پاش سەرهەڵدانی، زۆرێک لە ڕەوت و بزاڤە ئیسلامییە شۆڕشگێڕانەکانی بەره و خۆی ڕاکێشا بوو، بەڵام ئەنجامدانی کاری تووندتیژانە واتە سەربڕینی خەڵکی بە بارمتەگیراو و دەسدرێژیکردنە سەر ژنان و کچان و بە تایبەتی کارەساتی شەنگال و کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزیدی و بەغەنیمەگرتنی ژنانیان و، لە کردەوەدا بوو بەهۆی نەفرەت و بێزلێهاتنەوە لە داعش لە ئاستێکی جیهانی و تەنانەت ئیسلامیشدا و ئەمە سەرەتایەک بوو بۆ ئاوابوونی ئه و هێزە ڕەش و تاریکپەرستە.
ئەگەر تۆزێک له و نموونە مێژووییانە ورد بینەوە و چاو لە کردەوەکانی حەماس بکەین کە لە ژێر ناوی “تۆفانی الاقصی” ئەنجامی دا تێدەگەین کە ئەوانیش لە ژێر هەر ناو یان پاساوێکەوە لەوانە شەڕی ئەرزی پیرۆز، شەڕی بەرگری، شەڕی ئایینی یان هەر شتێکی دیکە بوونەتە هۆی ڕەشۆداماڵینی هێزی سەربازی و سوپای ئیسرائیل و کۆمەڵیک تاوان دژ بە خەڵکی مەدەنی ئەنجام دراون، کە بکەرەکەیان ئیسرائیل و هەڵخڕێنەرەکەی حەماس و وڵاتانی پشتگیر و چەپڵەلێدەری بەشێوەی بوێرانە و ئاشکرا یان ترسنۆک و ژێرەوانکێی بوون. بێگومان ئیسرائیل ناتوانێت لە ژێر باری هەر کردەیەکی تاوانبارانە خۆی بدزێتەوە و هەم لە ڕای گشتیدا و هەم لە ناو مێژوودا کردەوەکانی تۆمار دەکرێن، بەڵام له و لاشەوە پێگەی حەماس لە زەینی خەڵکی دونیا و تەنانەت لە زەینی وڵاتانی موسڵمانیشدا هەڵخڕێنەر و ئاشۆدانەرانەیە، ڕەنگە بەشێکی زۆر لە موسوڵمانان لە ئێستەدا بەهۆی ئایدیۆلۆژیی و لۆژیکی “قودسی پیرۆز” و قیبلەی یەکەمی موسڵمانان هەر چاو و مێشکیان بەسەر ئەمە داخرا بێت کە حەماس بەر لەوەی هێزێکی ئایینی بێت هێزێکی سیاسیی و میلیشیا و بازرگانه، بەڵام له و لاوەش ئەگەر دونیا حەماس وەکوو بەرپرسێکی سەرەکیی ئەم شەڕە نەزانێت ئەوا وەکوو لایەنێکی کاریگەری ئەم هاتنەئارایەی کارەسات و ئاوارەیی و کوشتنانە دەبینێت.
بۆیە هەموو ئه و هێز و لایەنە ئایدۆلۆژیک و بەرچاوناڕوونانەی پشتگیری ئیسرائیل یان حەماس دەکەن، دەبێت بەر لەوەی کەفوکوڵی خاو و خلیچکی خۆیان دەرببڕن و لە تریبۆنە پیرۆزەکانەوە خەڵکی بۆ شەڕ و کوشتن هان بدەن، دەبێ بە خۆیاندا بچنەوە و بزانن گاڵتەکردن بە عەقڵی خەڵک و خۆڵکردنەوە چاویان باییەکەی کوشتن و لەناوچوونی گیان و ماڵ و حاڵی خەڵکی بێتاوان لە وڵاتانی دووردەستی وەکوو فەلەستینە.
[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!