ناونیشانی بابەت: کولتوور وەکوو قەڵای ڕزگاری
ناوی نووسەر:
سپێدە ساڵحیسپێدە ساڵحی
بیرمەندێک دەڵێت: کولتوور لە مەرگ و ژیانیش بەهێزترە. گریمانەی پشت ئەم ڕستە قووڵە ئەمەیە کە ئەمە کولتوورە کە مەرگ و ژیانیش مانا دەکاتەوە. واتە هەموو دیاردەکان بە شێوەیەک لە شێوەکان کولتوورین. پێناسەکانی نەتەوە جیاوازەکان بۆ بابەتی جۆراوجۆری وەکوو مردن، ژیان، ئەسپەردەکردن، شادی، چێژ، دڵداری و ئایین لە سەر بنەمای کولتوور قاییم بوون و خانەی وجوودی و فۆرمی زەینیی خاوەنانی هەر کولتوورێکیان بە جیاجیا و بەپێی بگۆڕە جیاوازەکان دروست کردووە. لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین بڵێین تەمەنی کولتوور بە ئەندازەی تەمەنی ئافراندن و ژیانی مرۆڤە. ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ کتێبە پیرۆزەکان لە هەموویاندا فرمانەکانی خودا یان بە شیوەیەک پەیوەندیی هێزێکی باندەست لەگەڵ بەندە و مرۆڤدا بە پیی کۆمەڵێک ئامۆژگاریی و ڕێوشوێنی پێویست و ورد بۆ بەڕیکردنی ژیان دەبینینەوە، زۆربەی زۆری ئەم ئامۆژگارییانەش هەڵگری بنەما و دیسیپلینی ئەخلاقیی بوونە هەر بەم پێیەیە کە لە هەندێ ئاییندا لەوانە جوو حەوت گوناهی دیاریکراوی بڤە هەیە و لە بودائیسم دا 101 گوناه هەیە کە مرۆڤ دەبێت خۆی لێ لا بدات.
بێگومان باسی من وردەکاریی ئەخلاقگەرایانی ئایین نییە، بەڵکوو باسم لەپێشینەبوون و مێژینەبوونی کولتوور تەنانەت لە فۆرمە ئایینی و باوەڕدارانە ئاسمانییەکەشی دا. واتە وەکوو فرۆید دەڵێت ئایین بەشێکە لە کولتوور. واتە لە هەر گۆشەیەکەوە چاوی لێ بکەین کولتوور ئه و فۆرم و شکڵە سەرەکی و ڕەسەنەیە کە هەر لە سەرەتاکانی ژیانی مرۆڤەوە چاوساغ و ڕێنیشاندەری ژیان و دیاریکەری جۆری بیرکردنەوەی بووە. بێگومان ئەمە به و واتایەشە کە تایبەتمەندیی زمانی، جوگرافی، کەش و هەواو، ڕووداوە سرووشتییەکان و زۆر شتی دیکە لە کولتووردا کاریگەر بووە و دواجار کەلتوور شتێکی مێژووکرد و ئینسانییە. هەم ڕەنگدانەوەی دنیای دەروونیی مرۆڤە و هەمیش نوێنەر و ڕەنگدەرەوەی هزر و زەینی خودی مرۆڤە واتە لە یەک کاتدا کولتوور هەم بکەرە و هەمیش بەرکار. هەم بەرهەمهێنەرە و هەم بەرهەمهاتوو. جۆری مامەڵەکردنی مرۆڤ لەگەڵ خودی کولتوور وەکوو ڕینیشاندەر و چاوساغ دەتوانێت یان شارستانییەت و ژیارێکی مەزن دروست بکات یان ئه و ژیار و شارستانییەتانەی کە پێگەیشتوون بەره و داڕمانی بەرێت، ڕەنگە ئەم ڕستەیە کە دەڵێت هیچ شارستانییەتێک لە دەرەوە لە ناو ناچێت، بەڵکوو زەمینەکانی لە ناوەوەی خۆی فەراهەم دەبن پشتڕاستکەرەوەی ئەم ڕاستییە بێت کە کولتوور خۆی لە خۆیدا دەتوانێت چ ڕۆڵێکی بنەمایی و یەکلاکەرەوە بگێڕێت، بەدەر لەوەی کە ئێمە ناتوانین حاشاکەری پێوەندی و دانوستانی نێوان کولتوورەکان بین.
مێژووی کورد وەکوو نەتەوەیەکی دێرینی دانیشتوونی میزۆپۆتامیا و نێوان ڕووباران بەهۆی شەڕ و شؤڕی ئیمپراتۆرییەتەکانی جیهانی کۆن(سەفەوی و عوسمانی و…) و زلهێزە نوێکان (ئەمریکا و یەکێتی سۆڤییەت و بەربەندییەکانی پاش شەڕە جیهانییەکان) هەم شێوێندراوە و هەمیش بە هەوڵێکی چڕ و پڕی مێژووسازی و بەناو مێژوونووسی هەوڵی داگیرکردنی دراوە. بەشی زۆری شۆڕش و ڕاپەڕینە کوردییەکان لە سەرەتای سەدەی بیستەم تا ئێستەش لە هەموو کوردستان بەدەستهێنانی مافە کولتووری و سیاسییەکانی بووە. واتە لە پاڵ ئامانج و خەباتی سیاسی، خەون و خولیای سیاسیش بەردەوام ئامادە بووە، دەتوانین بڵێین هیچ ڕەوتێکی سیاسیی بە بێ پشتقاییمبوون بە مێژوویەک لە کولتوور و پێشینەیەک لە ڕەسەنایەتیی کولتووری ناتوانێت هیچ دەعیەیەکی بۆ بەدەستهێنانی مافی چارەی خۆ نووسین و سەربەستی و سەربەخۆیی هەبێت. مێژووی خەباتی شاخ و سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول بە ڕوونی ئەمە پشتڕاست دەکەنەوە، زۆربەی ئەوانەی توانییان بە هەزار چەرمەسەری خۆیان بگەیەننە شاخەکانی کوردستان و وەکوو ڕؤژنامەنووس یان وێنەهەڵگر شۆڕشی کوردیان بۆ ڕۆژئاوا لە وێنە و ڕاپۆرت و بیرەوەری وگەشتنامەدا دەگواستەوە دانیان بەم ڕاستییە ناوە کە کورد سەرەڕای خواستە سیاسییەکانی و خەباتی بێوچانی بۆ ڕزگاری کولتوورێکی جیاوازیشی بە نیسبەت ئه و نەتەوانەی کە لە ڕێگەی هێزی سەربازی و سیاسییەوە دەستیان بە سەر کوردستاندا گرتووە، هەیە.
“تۆرد ڤالیسترۆم” لە کتێبی تەنها چیاکان دۆستی ئێمەن لە بەشی “ئایا باسی لەیلایان بۆ کردووی؟” لە گەشتەکەی بۆ ناوچەی بادینان و چۆمان و لە کاتی شۆڕشی ئەیلوولدا دەگێڕێتەوە: داوام کرد بمبنەوە سەر سنوور، پییانم وت کە من دەبێ ڕیپۆرتاژەکەم لەوێوە دەست پێ بکەم. دوێنێ ئێمە زۆر بە پەلە لەوێوە تێپەڕین بەڵام من لە گشت لایەک ئاوارەم بینین کە لە چادر و کۆخی سکاردا دەژیان: من دیمەنێکی ناڕوونی ئه و خەڵکەم لە پێش چاوانە، دەمەوێ بگەڕێمەوە و بە تەواوی دڵنیا بم. ئەم دیمەنە دڵتەزێنەی خەڵکی دەربەدەر و ئاوارە کە لە ئینجیلدا باسی دەکرێ. ئەبێت سەردەمی مووساش هەروا بووبێت. ئەحمەد یەکێک لە خوێندکارە گەنجانەی وەزارەتی زانیاریی لەگەڵم دێت بۆ سەر سنوور. ئه و تەمەنی 23 ساڵە و خورتێکی زۆر تێگەیشتووە. “ئەحمەد” دەڵێ: ئێستا زیاتر لە نەوەد لە سەدی خوێندکارە کوردەکانی بەغدا لێرەن. ئێمەش هەوڵ ئەدەین بەشی خۆمان یارمەتی بزاڤەکە بدەین، ئێمە لە دژی چەتە و باندیتەکانی دەوڵەتی ئێراق خەبات دەکەین. ئەرێ بەڕاست تۆ لەم ماوەیەدا لەیرەست باسی لەیلایان بۆ کردوویت؟ ئه و کچێکی 21 ساڵ بوو، لە مانگ ئەپریلی ئەمساڵدا لە بەغدا دەسگیر و ئەشکەنەجە کرا و دواتر ئیعدام کرا.” کەم گێڕانەوەیەدا نەک تەنها خواستی سیاسی بەڵکوو خواستی جەماوەریی لە ئاستە جۆراوجۆر و جیاوازەکەی(خوێندکار؛ کوڕ و کچ لە بەغدا و کوردستان و…)دیار و ئاشکرایە بەڵام ئەمە تەنها لایەنی جیاوازی کورد و شۆڕشەکەی نییە لە نەتەوە دراوسێ و دەوڵەتە داگیرکەرەکانی بەڵکوو بەشداریی و خواستی شۆڕشگێڕانەی ژنان لە دۆخێکدا کە دەیانتوانی ژیانێکی خۆش ڕابوێرن، بەڵام پەلکێشی شۆڕش بوون لە شۆڕشی کوردیدا و ئەمەش بەوپەڕی وشیاریی و دەرەوەستییەوە بووە، بۆیە لە بڕگەیەکی دیکەی گێڕانەوەکەی ئەم ڕؤژنامەنووسە سویدییەدا دەخوێنینەوە: کاتێک من دەگەمە سەر سنوور هیچ کەس کۆنترۆڵی پاسپۆرتەکەم ناکات و بێ کێشە له و دارچنارە کە وەک سپەر و پێشگر لە تێپەڕینی خەڵک دانراوە تێدەپەڕین. دوای ئەوە دەڕۆین بۆ یەکێک لە ئوردووگای ئاوارەکان کە بە دیوی ئێراندا کە لە بەرزاییەکەوە هەڵکەوتووە. شارێک بە کۆمەڵێک چادر لە پاڵ یەکتردا و زۆربەی دانیشتوانەکەی ژن، منداڵ و پیرە پیاون.
لێرەدا من “زەکییە ئیسماعیل” سەرۆکی فیدراسیۆنی ژنانی کوردستان و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتیم بینی. ئه و نوێنەرێکی دیاری ژنانی کوردستانە، ژنێکی زۆر تێگەیشتووە، جوان و وریایە. ئه و هەر لە سەرەتاوە بەشداری شۆڕش بووە، ساڵی
1939 لە بەگدا لە دایک بووە، ساڵی
1957 بڕوانامەی پارێزەریی وەرگرتووە و له و دەمەوە تا ئێستا وەک پارێزەر کار دەکات. زەکییە له و کەسانەیە کە پاش پیگەیشتوون بەڵام هەر لە
1963 بە دڵ و بەگیان خەریکی کاری شۆڕش بووە و لە پێناو ئەوەشدا زیندانی کراوە. بۆ خی لەم بارەوە دەڵێت: من بەهەر سێ مناڵەکەمەوە ماوەی دوو مانگ لە زیندان دا مامەوە، بچووکترینی مناڵەکانم تەنیا 40 شه و تەمەنی بوو و سەرەڕای نەخۆشبوونی هیچ پێڕاگەیشتن و عەلاجێکیان بۆ نەدەکرد. زەکییە پێش دەسپێکردنەوەی شەڕ لە 11ی مارسی
1974 بەغدای بەجێ هێشت و هات بۆ کوردستان بەڵام مناڵەکانی هەر لەوێ مابوونەوە و لە سەروبەندی هەڵگیرسانی شەڕ دا هەموو هەوڵێکی بۆ پەیوەندی گرتن پێیانەوە ناکام مابوو. ” مەبەستی من لە هێنانەوەی ئەم گێڕانەوە ڕۆژئاواییە لەسەر جیاوازبوون کولتووری سیاسی و کولتووری جەماوەریی کوردی ئەوە نییە کە تەنها کورد ئەم نە شۆڕشگێڕ و خەباتکار و دەرەوەستانەیان تێدا هەڵدەکەوێت، بەڵکوو ڕژدبوونەوەی من لەسەر ئەمەیە کە چ شتێک دەبێتە هۆی ئەوەی کە نەتەوەیەک بە هەموو بارێکدا لیی درا بێت و لە سەردەمی کۆن و نوێوە تا ئێستە پەرتەوازە بکرێت و یەک لە دوای یەک پوازی بۆ بتاشن و لە نەبوونی پەروەردەیەکی شایستە و شیاوی نیشتیمانی و کولتووریدا ئاوەها دەرەوەستی خەبات و خەونی نیشتیمانی و ئازادی خەڵک و خاکەکەیان بن؟
بێگومان حەز ناکەم وەڵامێکی کڵێشەیی دووپاتە بەم پرسیارە بدەمەوه، بەڵام بەڕای پێوەندییەکی قووڵ لە نێوان لەیلاکان و زەکییەکان لەگەڵ ئه و کولتوورە دێرینە هەیە کە کورد لە نەستەوەری و زەینی ناوشیاری خۆیدا هەڵیگرتووە، چ شتێکی دیکە (سەرەڕای گوتاری کوردایەتی و ڕزگاریخوازیی لە پێگە و ئاستە سیاسییەکەیدا) لە ئاستە دەروونی و جەماوەرییەکەیدا دەیتوانی ئەم سۆز و خواستە بۆ شۆڕش و خاک و وڵات دروست بکات؟ من پێم وایە ئەم دەرکەتە دەروونییە ناوشیارانەیە (سەرەڕای ئەوەی بە هۆی کۆمەڵێک پلانی ستراتیژی دەرەکی و پواز و ناپاکیی ناوخۆییەوە) ئێستەش لە کولتووری کوردی و بەتایبەتی ئه و بەشەی کە ژنان خاوەندارێتیی دەکەن و بەوان دەناسرێتەوە هەر ئامادەیە. بۆ تێرامان و پشتڕاستکردنەوە با بپرسین لە ماوەی چل ساڵ زیاتر جگە لە کچێکی کورد بە ناوی ژینا بۆچی هیچ کچ و ژن و کوڕ و پیاوێک لە نەتەوەکانی دانیشتووی جوگرافیایەی کە پێی دەڵێن ئێران نەبووە هۆی وەلەرزەکەوتنی دەسەڵات و سیستەمی سیاسی، نەک هەر ئەوە پەیامەکە بە ڕادەیەک قووڵ و ڕەمزی بوو کە سنوورەکانی ڕؤژهەڵاتی ناوینیشی بڕی و پەیامی خۆی خەریکە هێشتا دەگوازێتەوە؟ بۆیە بەم شیکارییەوە دەشێت بڵێین کەلتووری کوردی هەمان ڕۆحی ناوشیاری ڕزگاری و خەبات و قبووڵنەکردنی ژێردەستییە، ئیستاتیکا و جوانیناسیی ئازادی و سەربەستیە و ئەگەر پلانێکی سەرتاسەریی گشتگیرمان بۆ کولتووری کوردی لە کوردستان گەورەدا هەبێت سنوورە دەسکردەکان تەنها وەکوو کۆمەڵێک سەیتەرە و خاڵی پشکنین دەمێننەوە و جومگە ساختەکانی داگیرکاریی سەر سنوور دەبن بە تۆز و لە هەوادا ون دەبن.
[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!