ناونیشانی بابەت: تێڕامانێک لەسەر کتێب خوێندنەوە
ناوی نووسەر:
سپێدە ساڵحیسپێدە ساڵحی
حەکایەتێکی بەناوبانگ هەیە لەبارەی “وینیستۆن چەرچیل” سەرۆککۆماری ئەوکاتی ئینگلیز کە دەڵێت: هەموو ڕۆژێک کتێبێ خوێندووەتەوە تەنانەت لەکاتی بۆردومانکردنی شاری لەندەن لە جەنگی دووهەمی جیهانیدا و دەیوت کتێب خوێندنەوە تەنانەت لە کاتی جەنگیشدا دەبێتە هۆی ئەوەی باشتر بیر بکەمەوە. بەڕای من ئەم حەکایەتە دەرخەری ئەوەیە کە کتێب کە هەموو قۆناغە سەخت و دۆخە ناهەموارەکان تەنانەت لە سەردەمی جەنگ و شەڕەکانیشدا دەتوانێت یاریدەر و فریادڕەس بێت.
گومانێک لەوەدا نییە سەردەمی ئێستەی مرۆڤایەتی بەگشتی و دۆخی ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی وەکوو کورد لە ناو کەشێکی پڕ دڵەڕاوکێ و ئاوس بە شەڕ و تووندوتیژیدایە. ڕەنگە هەر کام لە ئێمە چ وەکوو نووسەر و چ وەکوو خوێنەر ئەمەمان لە خۆمان پرسی بێت، کاتێک کە خوێندنەوەی کتێبێک ناتوانێت دۆخی جەنگ هێور کاتەوە، کاتێک شۆڕبوونەوە بەسەر لاپەڕە کاغەزییەکاندا ناتوانێت یارمەتیدەری دۆخی سواڵکەر یان کرێکارێک بێت و ژیانێکی ئاسایی پێ ببەخشێت، کاتێک نغرۆبوون لەناو ئەندێشە و خەیاڵی کتێبەکاندا ناتوانێت پەیوەندیی مرۆیی و کۆمەڵایەتیی ئێمە بە ئاقارێکی باشتر و ئاسوودەتردا ببات کەواتە سوودی چییە کە ئەم وزە و توانستە لە خۆمان خەسار بکەین و لەوەش زیاتر سوودی چییە ئەم هەموو کاغەز و چاپ و تێچووە بخرێتە گەڕ تاکوو کتێبێک لەدایک بێت کە ئەگەری خوێندنەوەیەکی کەم بە چاوانێکی گوماناویی و پڕپرسیار و دڵەڕاوکێی لەبەردەمە؟
لە ڕاستیدا ئه و پرسیارانە و کۆمەڵێک پرسیاری هاوشێوەی ئەوانە ناڕەوا و نالۆژیکی نین، بەڵکوو ڕینیشاندەر و چاوکەرەوەن بەوەی کە ئێمە له و هۆکارانە تێبفکرین کە پێگەی کتێب و نیگایان بۆ خوێندنەوە گەیاندووتە ئەم ئاقارە. واتە پرسیارەکان هەم دروستن و هەمیش نادروستن. دروستن له و ڕووەوە کە کتێب بۆچی نەیتوانیوە جیهان نەرمونیانتر و ئارامتر بکاتەوە و نادروستە لەبەر ئەوەی کە کتێبەکان بەرپرسیار نین لەئارامکردنەوەی جیهان و هێنانی ئارامی و ئاشتی، بەڵکوو ئەوە خودی مرۆڤ و خوێنەر لە ئاستە هەرە گشتییەکەیەتی کە مانا و ئەندێشە و خەیاڵەکانی ناو کتێب وەردەگرێت و ئەوەی بیەوێت پراکتیزەی دەکات و ئەوەشی نەیەوێت لێی دەگەڕێت. واتە کتێب لە پرۆسەیەکی ئاوادا لە ناو یاریی ئارەزوو و خواستەکانی مرۆڤدا دەژی. گومانێک لەوەدا نییە کتێب وەکوو فۆرم و قاڵبێک کە هەڵگری ئەندێشە و بیر و خەیاڵی مرۆڤ بووە و ئێستەش هەیە هەرێمێکی پیرۆز و باڵای هەیە، مێژوو سەدان جار لە لایەن هێزە تۆتالیتار و دژەئازادییەکانەوە شایەتی سووتاندن و لەناو بردنی کتێبەکان بووە هەر لە سەردەمی مەغۆلەکانەوە بگرە تاکوو سەردەمی نازیسم و ڕۆژگاری کورتی دەسەڵاتی داعش کە جگە لە کتێب هەموو شتێکی دیکەشیان دەسووتاند! بۆیە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ڕابردووی دوور و نزیک دەبینین کتێبەکان، تەنانەت کاتی وا لە قۆناغێکی مێژووییدا یەک کتێب، چ هاوکارێکی مرۆڤ و یارمەتیدەرێکی کولتوور و ژیار بووە.
کتێبەکان وەکوو فۆرم و جەستە هەموویان پیرۆزن، بەڵام وەکوو ناوەرۆک و کاکڵ هەر کتێبێک بواری ئەوە دەبێت بدات بە ئێمە کە ڕەخنەی بکەین، لێی فێر بین، لەگەڵمان بکەوێتە قسە و باس و دیالۆگێکی لۆژکی و هزرمەندانە. کەواتە لەم سۆنگەیەوە وەڵامی ئه و پرسیارانە لای ئێمەن وەکوو مرۆڤی ئاوەزمەند، لای ئێمەن وەکوو مرۆڤی خاوەن قەیران و پرسیار، کتێب خۆی لە خۆیدا تاکوو نەکەوێتە ناو پرۆسەی خوێندنەوەوە پارچەیەک ڕۆحی مردوو و کۆمەڵێک لاپەڕەی بێگیانە. بوونی کتێب و ئۆنتۆلۆژیای ئامادەیی کتێبە بانگهێشتی ئێمە دەکات بۆ خوێندنەوە و ململانێ لەگەڵ دنیایەک کە دەیگێڕێتەوە و باسی دەکات. واتە کتێب وەکوو هەرێمی مانا و بیرکردنەوە پێویستی بە خوێنەر و بیرکەرەوە هەیە، دیارە مەبەست ئەوە نییە کە خوێندنەوەی کتێب تایبەت بێت بە خوێنەرانێکی دیاریکراو یان بیرمەندانەوە، نەخێر، لە پلەی یەکەمدا هەر مرۆڤێک کە کتێبێک لە ماڵەکەیدا هەبوو بەشێوەی هێزەکی دەشێت کەسێکی بیرکەرەوە بێت، به و مەرجەی کتێبەکەی بهێنیتە قسە و پێدراو و دیارییەکی وجوودی بەناوی ئەقڵ لەخۆیدا چالاک بکات.
بۆیە دەشێت بەشێوەیەک لە شێوەکان ئێمە ئاوەها ڕووبەڕووی ئه و پرسیارانەی سەرەوە ببینەوە کە دنیا بۆیە هێشتا خەمبار و غەمگینمان دەکات و هێشتا دیاردەی هەستڕووشێن و خەمهێنەر لە کۆمەڵگا و جیهانی دەوروبەرمان دەبینین، چونکە بەڕادەی پێویست یان بەشێوە دروستەکەی ناتوانین هاوسەنگیی لە نێوان ئه و کتێبانەی دەیخوێنینەوە و ئه و بیرکردنەوە و ئەندێشانە دروست بکەین کە لە ئێمەدا لەدایک دەبن. ئێمە لە کولتوورێکدا گۆش کراوین کە وا دەزانین خوێندنەوەی چوار کتێبی ئەدەبی و دوو کتێبی مێژوویی و کتێبێکی پیرۆز ئیتر بێنیازمان دەکات لە قووڵبوونەوە لە کێشەکانی جیهان و لەباتی ئەوەی وەکوو درەختەکان کە هەرچی بەر دەگرن لقەکانیان بۆ خاک و سەر زەوی شۆڕ دەبێتەوە، ئەوا هیتلەرئاسا دەکەوینە حوکمدان و هەڵسەنگاند و ڕەخنەکردنی داروبەردی کەون و کائینات، بەمانا داهێنەرانەکەی ئێمە هێشتا کتێبخوێن نین، سەردەمی ئێستەمان سەردەمی فراونیی کتێب و پەرەسەندنی تەکنەلۆژیای زانیاریی بەشیوەی بەرفراوانە بەڵام کێشە لە خوێندنەوە و چۆنێتی خوێندنەوە و ڕزگاربوون له و گریمانانەیە کە کولتووری پێش خوێندنەوە لە ناخ و یادەوەریی ئێمەدا چاندوویەتی، ئێمە بمانەوێت بوونی خودا لە کتێبە پیرۆزەکاندا بسەلمێنین هەوڵێکی ئەوتۆی ناوێت.
هەروەتر بمانەوێت نەبوونی خودا لە کتێبەکانی ئاتیستەکان و فیزیکزانان و زانستمەندانێکی وەکوو ئیستیفان هاوکینگدا بسەلمێنین هەمدیس هەوڵێکی ئەوتۆمان پێویست نابێت، لە هەر دوو حاڵەتەکەدا ئێمە لەگەڵ دوو سیستەم لە پاساهێنانەوە ڕووبەڕوو دەبینەوە کە یەکیان پشتی بە ئیمان و یەقین بەستووە وئەوی دیکەیان بە زانست و دەیتا بەردەستەکانی، ئەگەر بیرکردنەوەیەک بڕیارە لەدایک بێت لە خوێندنەوە و تێڕامان لە هەردوو سیستەمە مەعریفی یان ئیمانییەکە لەدایک دەبێت، ئەمە تواناییەکی ئەوتۆی ناوێت کە من مانگ بە نیشانەی داهاتنی شه و بزانم، مانگ خۆی بەشێکە لە جەوهەری شەو، مەبەستی من ئەوەیە خوێندنەوە پرۆسەیەکی بەردەوام و لەگەڕە، چونکە بیرکردنەوە پرۆسەیەکی بەردەوام و لەگەڕە و هەمیشە لە هەلچوون و داچووندایە.
خوێندنەوەی کتێب وەکوو بوونەوەرێکی کاغەزی هیچکات گەرەنتیکاری ئەوە نابێت کە ئێمە بیرکردنەوەمان ئەزموون کردبێت، جیهانی کتێب جیهانی ترس و دڵەڕاوکی و هاوکات بەرپرسیارێتی و مرۆڤبوونە کە هەموو ئەمانەش لە دوو قۆڵی ئازار و چێژەوە هەراو دەکرێن. بە کولتوورکردنی خوێندنەوە یەکێک له و خەونانەی منە کە بە ئاسانی پراکتیزە ناکرێت. یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی جیهانی ئێمە پراکتیزەکردنی نیوەچڵ و چرووکی پرۆژەکانە کە ئەمە هەزار قات لە پراکتیزەنەکردنەکەی زەرەر و زیانی زۆرترە. ئەمە کەی دەبێت بە بە کولتوورکردنی خوێندنەوە کاتێک تەنها بانگەشە بۆ چەند نووسەرێکی دیار بکرێت و نووسەرانی دیکە کە لە ژینگەیەکی نوێتر جیهانیان تاقی کردووەتەوە و سەر بە جیل و بەرەیەکی دیکەن هەر دەبێت گوێ له و بابەت و گێڕانەوە کۆن و سواوانە بگرن و ماناکانی ئەوان بەرهەم بهێننەوە؟ ئەمە کەی دەبێت بە کولتوورکردنی خوێندنەوە کاتێک خوێندنەوە تەنها بە چاوخشاندن بەسەر لاپەڕەکان بزانرێت و تەواوکردنی کتێب و گێڕانەوەیەکی سەرپێیی بە زایەڵەیەکی چێژئاسا یان ئایدۆلۆژیکەوە خاڵ و وێستگەی کۆتایی بێت. ئەگەر بمەوێت نموونەیەک بهێنمەوە پەیوەست بەم ڕوانگەیەوە دەشێت باسی کتێبەکان و پرۆژەی ڕؤشنبیریی مامۆستا “شێرزاد حەسەن” بکەم.
ئەم نووسەر و بیریارەی ئێمە هەم لە سەردەمێکی سەختدا و هەمیش لە قۆناغێکی پێویست وەکوو قەڵەمە یەکەمەکان زۆر ئازار و برینی کۆمەڵگای کوردی پەیوەست بە باسی ژن، ئازادی، پەروەردە، کوردبوون، جوانیناسی، ئەخلاق و کۆمەڵگا خستە ڕوو، بەڵام ئەگەر لە من بپرسن دەڵێم ئه و وێنە و خەون و چەمکانەی کە ئەم نووسەرەوە لە ئەدەب و وتار و ڕۆشنگەرییەکانیدا بەرهەمی هێنا بەشی هەرە زۆریان هەر لە ناو کتێبەکاندا ماونەتەوە. دیاردەی تووندوتیژیی دژی ژنان هێشتاش لە چڵەپۆپەی خۆیدایە، کوشتن و لێدان و هەتککردنی ژنان تەنانەت دوای ڕووداوێکی گەورە و گرینگی وەکوو شۆڕشی ژینا لە کوردستان و ناوچەکە هەر بەردەوامە، ڕوانینی سێکسیستی و سێکسیزم لە هەموو سێکتەر و بەشە جۆراوجۆرەکانی ناو کۆمەڵگا و دامودەزگاکان شەپۆلان دەدا، دەی ئەگەر خوێندنەوە به کولتوور کرابا لانیکەم ئێمە بەشێک گۆڕان و چاکسازیمان لەم بوارانەدا بدەی دەکرد. کەواتە دەبێت لە شوێنی دیکەدا بەدوای ئەم درز و قەڵشت باگرانەدا بگەڕێین کە هەموو جۆر ڕەشەبای کارەسات و غەمگین لێوەی تێتە ژوورەوە. کێشەی سەرکیی ئەوەیە ئێمە وادەزانین خوێندنەوە تەنها سەرشۆڕکردنە بەسەر بوونەوەرێکی بێگیانی کاغەزییەوە کە بڕیارە گیانی وەبەر خەین، بەڵام نەخێر خوێندنەوە شۆڕبوونەوەی ئه و تێڕامان و دڵەڕاوکێیانە بۆ ناو ڕۆح و زەینی کتێبخوێن و دروستکردنی داڵگە و بەرپرسیارێتییە! خوێندنەوە تەنها چێژ نییە هێندەی ئازار و خەمە بۆ داهاتووی هەر دیاردەیەک کە هەناسەساردی و خەمساردیی مرۆڤی لە کۆمەڵگادا بەدواوە بێت.
بۆیە ئه و قسەیەی مامۆستا فەرهاد پیرباڵ کە دەڵێت نەخوێننەوە تەنها قسەیەکی تاکەکەسیی بێمانایە کە لای خۆی وای وێنا کردووە کە مرۆڤ بە کتێب خوێندن دەبێت ببێت بە شادومانترین و خۆشحاڵترین مرۆڤی گۆی زەوی، ئه و دەربڕین و هەڵوێستانە هێندەی نیشانەی گۆڕان لە تێڕوانینێکی مەعریفیی بەرز بەره و قەناعەتێکی نزمە هێندەی دەلالەت لە ڕێگایەکی نوێ بۆ قووڵبوونەوە و خوێندنەوە یان تەنانەت نەخوێندنەوەش نییە، خوێندنەوە ڕەنگە لە کتێبەوە دەست پێ بکات بەڵام لە ناو کتێبەکاندا قەتیس نابێت و بەوانیشەوە کۆت و بەند ناکرێت.
[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!