ناونیشانی بابەت: ڕۆژئاوا لە نێوان دۆزەخ و بەهەشتی کوردان
ناوی نووسەر:
سپێدە ساڵحیسپێدە ساڵحی
“دۆزەخی نیشتیمان-بەهەشتی خۆرائاوا”
دابەشکردنی جیهان بە سەر دوو جەمسەری ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات،، سەرەتا هەر ڕاستی و واقیعێکی جوگرافیی بووە، بەڵام ڕەنگە هەر ئەم ڕاستیی و واقیعە جوگرافییە بە هۆکاری جۆراوجۆر بوو بەهۆی ئەوەی دوو شارستانییەتی دوور لە یەک و جودا لە یەک لەدایک ببن و هەر کامەیان ڕێچکەی گەشە و نەشەی مێژوویی خۆی بپێوێت. جەمسەرێک کە خاڵی دەسپێک و کانگای باڵاکردنی یۆنان و ڕۆمای کۆن بووە و لە ڕووی ئایینیشەوە فرەخودایی و دواتر مەسیحییەتی پێڕه و کردووە بە زۆری، جەمسەری دیکە کە ڕۆژهەڵاتە و پانتایەکی بەرفراوان لە کانگا و ناوکە ئایینی و ئوستوورەییەکان دەگرێتەوە لە میسر و مێزۆپۆتامیا و شارستانییەتەکانی ئەوێ و چین هەڵقوڵاوە.
ڕەنگە لە نێو ئەم دابەشکارییەدا لە نێو ڕۆژهەڵاتی دوور و نزیکدا ئەوە ڕۆژهەڵاتی ناوین و له و نێوانەش ئەوە کوردە لە ئێستادا کە تەعبیر لە کارەساتی ئەم دوو جەمسەرەی جیهانە دەکات، ڕەنگە بڕێک دەستکرد و چەندپاتەکیی بێت گەر بڵێین سەردەمێک جووەکان ئاوەها دۆخێکیان هەبوو، هەم لە پاش دەرچوونیان لە میسر بەهۆی مووساوە لە سەردەمە کۆنەکاندا و هەمیش پاش هاتنەسەرکاری نازییەکان و جێبەجێکردنی ئه و پلانە پاکتاوکەرانەیەی کە دەمێک بوو لە ڕۆژئاوا زەمینە سایکۆلۆژی و کۆمەڵایەتییەکەی لەئارادا بوو! بێگومان باسی زەمینە و ڕەهەندی داڕمانی ئابووری و لێکهەڵوەشانەوەی چینی ناوەڕاستیش جیایه، بەڵام لەم هاوکێشەیەدا کاریگەر بوون.
ڕاستە جووەکان وەکوو شوێن و نیشتیمان هێشتاش لە گوتاری مێژوویی و سیاسیی جیهانی عەرەب و موسڵماناندا جێگەیەکی ئەوتۆیان بۆ دیاری نەکراوە و کۆی ئه و ناوچە و هەرێمەی(سەرەڕای قودس) کە جوو لە ئیسرائیل نیشتەجێیە موسڵمانان بەهی خۆیانی دەزانن، نەک هەر ئەوە بەڵکوو پێغەمبەرکانیشیان وەکوو ئەوە ناناسنەوە کە تەوارات و گێڕانەوەی دەقی پیرۆزی جووەکان دەڵێت و هەتا دوایی، ئەم بەراوردکردنە بەراوردکردنێکی نەشیاو و خراپە، بەڵام بەردەستترین و کارەساتاویترین بەراوردە کە کورد و ئازارەکانی پێ باس بکەین، کورد نەتەوەیەکی سەرووی 60 ملیۆن کەسییە(بەپێی ئامارە نافەرمییەکان) کە بەسەر چەندین وڵاتدا دابەشکراوە، هاوکات لە ناو ئه و وڵاتانەشدا بە شێوەی دوورخستنەوە و ڕاگواستن دیسان دابەش کراوەتەوه، شوناسی کولتووری و زمانی و مێژووییان ڕەتکراوەتەوە و دەکرێتەوە، له و ناوچانەی کە کوردستانییە کەمترین سەرمایەگوزاری و وەگەڕخستنی پرۆژە ئابووری و پیشەییەکان لەئارادا نییە، شیرازەی کۆمەڵگا لە ژێر مەترسیی مادەی هۆشبەر و نەبوونی ئیش و کار و پێداویستییە ڕۆژانەییەکان لێک هەڵوەشاوەتەوە، کوردستانی گەورە تا ئێستەش تەنانەت بە باشووریشەوە کۆلۆنی و داگیرکراوی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی داگیرکەرانن، لە دۆزەخێکی ژێردەستیی ئاوەهادا کە واقیعی حوکمڕانیی لە باشووری کوردستانیش تا ئەم ساتە نەیتوانیوە هیوا و چاوەڕوانیی کوردانی هەر چوار پارچە( کە هەڵبەت بەدڵنیاییەوە و بێگومان کارێکی ئاسان نییە) بهێنێتە دی، ئایا کۆچکردن بابەتێکی لۆژیکی و شیاوی ناچارەکییە؟ بێگومان خستنەڕووی ئەم پرسیارە نابێت تووشی هەڵەمان بکات و وا تێمان گەیەنێت کە من مەبەستمە بڵێم سەرهەڵگرتن و کۆچکردن ڕێگایەکی باشە بۆ خۆدەربازکردن لە ئاوەها دۆزەخێک، بەڵکوو مەبەستمە بڵێم لە دۆزەخی نیشتیمان (لێرەدا ئەم دەستەواژەیە وەکوو لێکدراوێکی ڕێژەیی گریمانەکراو و ڕەمزی بەکاری دەهێنم) کە هەڵدێین ئایا بەهەشتێکی دەرەوەی نیشتیمان چاوەڕوانمان دەکات؟ لە درێژەدا هەوڵ دەدەم بە ئاڕاستەی وەڵام و تیشکخستنەسەر ئەم پرسیارانە هەندێ شتی پەیوەست بە باسەکە ڕوون بکەمەوە.
“ئایا نیشتیمان دۆزەخە؟”
نیشتیمان ئەگەر دۆزەخیش بێت ئەوا بەهەشتە ڕاستەقینەکەی لە ڕاڕەوەکانی خۆیدا هەڵگرتووە و لە پەیکەرەی خۆی بۆی چاک کراوە و داتاشراوە، بەدڵنیاییەوە هیچ مرۆڤێک حەزی لە هیچ جۆرە دۆزەخێک نییە و دیارە مەبەستی من لە دۆزەخ ژوور یان فەزایەکی داخراوی پڕئاگری لێوانلێو لە ئامرازی ئەشکەنجە و ئەشکەنجەدەران بە مانا ئایینییەکەی نییه، بەڵکوو مەبەست ئەوە دۆخە ڕەمزییەیە کە مرۆڤ لە هیوا و خەون و هەڵبەت چێژە ئاسایی یان وێناکراوەکانی دوور دەخاتەوە. بێگومان وەکوو لە سەرەوە تیشکم خستە سەری کورد و جوو لە بێنیشتیمانیدا بەراورد ناکرێن، بەڵکوو لە ئازار و قڕانکردندا(ئەوەش بە بێ هاوبەشییەکی ئەوتۆ لە زەمینەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و مێژوویی) چونکە جوو لەوپەڕی نکۆڵیی جیهانی ئیسلام و عەرەب و تەنانەت بەشیک لە ڕۆژئاوا بە خاکی و نیشتیمانیاندا وڵات و خاکێکیان بۆ خۆیان پێناسە کرد و میلەتی خۆیان لە ناویدا داڵدە داوە(دیار من باسم لە ڕەهەند و پلانەکانی زایۆنیزم و زوڵمەکانی ئیسرائیل لە دژی فەلەستین نییە کە ئەمە بە هەر شێوەیەک ڕەتکراوەوە و ناڕەوایە) بەڵام کورد بەپێی مێژووی بەشێکی زۆر لە داگیرکەران (بۆ نموونە ئێران و ئێراق) کۆنترین خەڵکی نیشتەجێی ئه و خاکەیە و خاوەنی ڕاستەقینەی ئه و هەرێمە کەونینەیه، بەڵام دوای دنیایەک لە کوردقڕان و ئەنفال و دەسدرێژیی و تاوان و ڕاگواستن و کۆڕه و و …هتد، ئه و بەشە بچووکەی باشوور نیمچە ئازاد کرا؛ ئەوەش لە ژێر چەتری ڕۆژئاوا و بەتایبەتی ئامریکا، ئەگەر لە ڕووە ڕاستەقینەکەشەوە چاوی لێ بکەین تاکوو ئه و قەلغان و چەترە پارێزکارانەیەی ڕۆژئاوا و ئەمریکاش هەبێت ئێمە لە دوو لاوە کۆلۆنی و داگیرکراوین لە لایەکەوە فاشیزمی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان و له و لاش هەلپەرستی و پراکسیسی بەکارهێنەرانەی ڕۆژائاوا و ئەمریکا، دۆخەکەمان بۆ بەرهەم دەهێنێتەوە.
کەواتە بەدڵنیاییەوە ئێمە بێ نیشتیمانەکراوین یان باشتر وایە بڵێین نیشتیمانمان لە پێش چاوانمان هەتک دەکرێت و هاونیشتیمانیانمان خاکبەدەر و برسی و ڕاووڕوت دەکرێن، هەر بۆیە دەتوانین وەکوو دانپێدانانێک بۆ درکی واقیعە تاڵەکە بڵێین بەڵی نیشتیمان دۆزەخی هاووڵاتیانی بەئەمەکێتی، نیشتیمان دۆزەخی هاونیشتیمانانی بەپەرۆشێتی، ئەوانەی وا لەسەر حسێبی ئەوانی دیکە شوقە و ویلاکان بەرز ناکانەوە بۆ ئاسمان و ئارەزووەکانی خۆیان بە سەر تەرمی کوژراوەکانی نیشتیمان و شەهیدانی وڵاتدا ناپەڕێننەوە، بمانەوێ و نەمانەوێ دۆخی دنیا بەره و قەیرانێکی کوشندە هەنگاو دەنێت هەم لە ڕووی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە و هەمیش لەڕووی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی و ئایدۆلۆژیی و هاوکات ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی گەورەش لە ئارادایە و هەموو ئەمانە دۆخی زۆربەی وڵاتانیان لە ڕووی ژیان و مەعیشەتەوە خراپتر کردووە و جگە لە دەستەبژێرێکی کەم کە پشکیان لە دەسەڵات لە سەرەوە هەیە زۆربەی خەڵکی وڵاتانی دنیا دوور یان نزیک لەم دۆخەدا دەژین، بێگومان لە ناو ئەم دۆزەخستانەدا کورد لە قووڵترین شوێنەکەدایە.
دۆزەخ بەم مانە ڕەمزییە بەکارم هێنا تەنها کاتێک دەتوانێت زەفەرمان پێ بەرێت و ڕێگای سەرابی بەهەشتی درۆینەی ڕۆژئاوامان بخاتە بەر کە هەناومان خاڵی بێت لە ئومێد و هیوا، هیوا شکتسدەری دۆزەخ و هەموو ئه و کڵپە و گڕانەی ژیانی دۆزەخیی کوردە کە لە دۆزەخێکی کڵپەدارەوە دەکەونە ناو دۆزەخێکی خنکێنەرانەی تاریکی دەریاکانەوە، بە دڵنیاییەوە من ناتوانم بڵێم کە بەچی هیوامان هەبێت و چۆن هیوادار بین لە دۆزەخێکدا کە تا دێت گڕ و گەرماکەی تین دەستێنیت و وزەمان لێ دەبات، بەڵام دەزانم ڕێگاکە هیوایە نەک سەرهەڵگرتن بەره و ڕۆژئاوایەک کە بەهەشتێکی وەهمی و دۆزەخێکی چەوسێنەرانەی کردەکییە، وەڵامی ئەم پرسیارە کە چۆن دەبێت لە دۆزەخدا هیوادار بین لە لایەن پسپۆڕان، شارەزایانی کۆمەڵناسی و دەروونناسی و هەروەها سیاسیی و پلانداڕیژەران ئەم کۆمەڵگایەوە دەدرێتەوە؛ بە سیاسی و ناسیاسییەوە بە بەرپرس و نابەرپرسەوە، ئەم تێڕوانینە نکۆڵیکەری ئه و ڕاستیانە نین کە بینی ژیان و بوونی کوردیان لە هەموو پارچەکان گرتووە و تاقانە ڕێگایەک کە بۆیان دەهێڵێتەوە ڕێگای نادیار و نالەباری ڕۆژئاوایە، هاوکات وەکوو لەسەرەوەش ئاماژەم پێ دا دۆخی مرۆڤ لە حاڵەتە گشتییەکەیدا هەروا بووە و هەرواش دەبێت، ئێمە هیچ کات مرۆڤی بێ قەیران و ئالنگاریمان لە کۆی مێژوودا نەبووە و نابێت، پرسەکە ئەوەیە چۆن ڕووبەڕووی ئەم دۆخە دەبێتەوە.
“ئایا ڕۆژئاوا بەهەشتە؟”
نزیکەی یەک دەیە (ڕەنگە زیاتر) پێش ئێستە لە وتووێژێکدا و بە تایتێڵی ڕۆژنامەیەک (وابزانم هاووڵاتی یان ڕەنگە ڕەخنەی چاودێر) مامۆستا “شیرزاد حەسەن” وتی تیاترۆخانە یەکەمین وێنەی ڕۆژئاوا لای کوردە. بێگومان لە سەردەمێکدا تیاترۆخانە یان ئه و شوێنەی کە شوێنی بەتاڵکردنەوەی ناکامییە جەستەیی و عاتیفییەکانی مرۆڤانی ڕۆژهەڵاتی لە ڕۆژئاوا بوو، ئه و وێنەیە بوو کە باو بوو و بێگومان لە سەر ئەرزی واقیعیشدا ڕۆژئاوا ڕەنگە بەشێک لەم ئارەزوویانەی بهێنابایە دی، بەڵام ئێستە ئیتر ڕۆژئاوا تەنها سەرابێکە لە بەهەشت بۆ هەڵهاتن له و دۆزەخەی ڕؤژهەڵاتی ناوەڕاست کە بە گوێمان دەچرپێنێت بەتاڵە لە هیوا، کە هیوا تێیدا نابووژێتەوە، ئایا ئەم چرپاندنە نەوای ڕاستییە؟ بێگومان نەخێر. ئێستە بە ئەزموون و بە زانیاریی دەبێ بزانین ڕۆژئاوا بووە به و بەهەشتە وەهمییەی کە ئەگەر ئێمە پێشی بگەین دەبێت کرێکار و کارەکەر بین تێیدا و ئەگەر یاسای پەنابەری و شەپۆلی دژەپەنابەران بوارمان بدەن و دنیایەک شەڕی دەروونی و ململانێی کۆمەڵایەتی و فێربوونی زمان و مان پێ بکرێت و پشتگیریی لایەن یان نیوەلایەنێکی سیاسیمان هەبێت ڕەنگە بتوانین پلەیەک لە پلەکانی خوێندن ببڕین و لە سەردەمێکدا کە پێ دەنێینە پیری ئەوا ببین بە دوکتۆر یان یەکێک له و پلە ئەکادیمییانەی کە دەمامکێکی بریقەداری کۆمەڵایەتیی هەیە و لە دواجاریشدا دەبێت خزمەتی زاتی ڕۆژئاوایی پێ بکەین و، ئەوانیش ئەوکات خزمەتێکی ئابووریمان بکەن، دیارە ئەم حوکمە هەموو وڵاتانی ڕؤژئاوایی و هەموو دۆخەکان ناگرێتەوە، بەڵام دانپێدانانی بەشێکی زۆر لە پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی و لەوانەش کورد پشتڕاستکەرەوەی ئەم ڕاستییەن کە ئەوێ “ئیشکردنە لە دارستانەکانی فیردەوسدا” ئەم دەربڕینە ناوی دیوانێکی شیعریی “بەختیار عەلی”یە کە بۆ تەعبیر لەم دۆخە گونجاوه و مەبەستی من ئەوەیە ئێمە لە هەر بەهەشتێکی ڕۆژئاواییدا بین لە دواجاردا وەکوو هەڵاتووانی دۆزەخ دەبێت باج و تێچووەکەی بە کرێکاری و کارەکەری بدەین، ئەمەیە کە ئێمە لە نێوان دۆزەخێکی بەتاڵ لە هیواو و بەهەشتێکی وەهمی چەوسێنەرانەدا لە بەلەم و یەختەکانی مەرگدا هەڵدەگەڕێینەوە و ڕەنگە دەنک و دوانێکمان بمێنینەوە تاکوو هەواڵی مەرگەساتی جەرگبڕی کۆرپەلە و دایک، مەم و زینەکان و شەم و شەمزینەکان و هەموو ئه و کرێکار و گەنجە لاوچاکانە بگێڕێتەوە کە تەنانەت تەرمەکەشیان نە لە ڕۆژهەڵات و نە لە ڕؤژئاوای زەوی بستە خاکێک بە خۆیان نابیننەوە و لە زاری ماسی و حووتەکاندا بۆ هەتاهەتایە دەپووکێنەوە و دەشاردرێنەوە.
“ئەنجام”
دۆزەخ یان بەهەشت دنیای ئێستە بە نیسبەت ڕابردووەوە ئەستەمتر و پڕ زەختتر بووە، نەزمێکی نوی هەیە کە مرۆڤەکان بە نیسبەت یەکدییەوە خەمساردتر و دڵڕەقتر دەکات و لەوەش گرینگتر بە نیسبەت خۆیانەوە خەمسارد و بێهیوایان دەکات و ئەمە سەرەتای دەرچوونی ئێمەیه لە بازنەی ململانێی بەهەشت و دۆزەخی ڕەمزیی و کەوتنە ناو تووناتوونی سەردابەکانی مەرگ و نەمانەوە، نغرۆبۆوونی ئه و هەموو کوردە (کە هەڵبەت ئێرانی و ئەفغانیشیان تێدایە) لە یەختێکدا لە نێوان ئاوەکانی یۆنان و ئیتالیادا و وەک دەڵێن ئاوە ئازادەکان لە ئاوەها هێڵێکی ئازار و ململانێوە هەڵنیشتووە، کارەساتە و پرسە و سەرەخۆشیی ناگاتە زریکە و هاواری ئاوارە و سەرهەڵگرتوویان، هیوا تاقەڕێگایە، هەڵبەت و بەدڵنیاییەوە نەک بۆ هەمووان، ئەمە ڕاستییەکە لە دۆخێکی ئاوەهادا زۆرێک لە مرۆڤەکان هیواکوژ بوون بۆیە ئەستەمە بە ئاسانی هیوادار بکرێنەوە، ڕەنگە خودی ئەم ڕووداوە ڕەشە تاریکانە ئێمە ناچار بکات بیر لە ڕێگە چارەوە و دۆزینەوەی ناوبڕی دیکە بکەینەوە. و ئەمە بەره و پرسیاری دیکە دەمانبات، پرسیارێک کە لە دریژەی پرسیاری بەشی پێشوومدایە ئەمەیە کە کێ دەبێت هیوا دروست بکات و چۆن؟ ئایا هەوڵدان بۆ دروستکردنی هیوا خەیاڵپڵاوییەکی دیکە و چاوبەستێکی دیکەی سیاسییەکان و ڕۆشنبیرانی گیرفانپڕ و سێبەرنشین و شاعیرانی ڕۆمانسییە یان خواستێکی ژیانە و دەبێت لە هەناوی مرۆڤدا و تا سەرەمەرگ بە زیندوویی بمێنێتەوە؟ پێم وایە هەر وەڵامێک بەم پرسیارانە و پرسیارە هاوشێوەکانی دیکەی بدەینەوە پڕ بە پێست نین هێندەی ئەوەی کە هەوڵ بدەین لە ڕێگەی ئەم پرسیارانەوە دیالۆگێکی دەستەجەمعی و ڕاگۆڕینەوەیەکی گشتیی پێک بهێنین. دیالۆگ و ڕاگۆڕینەوەیەک لەسەر دۆزەخی ئامادە و بەهەشتی ونبووی کورد لە سەدەی بیست و یەکدا.
[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!