ناونیسانی بابەت: فیمینیزمی کوردی و سیاسەتی ئیرانشاری
ناوی نووسەر:
سپێدە ساڵحیسپێدە ساڵحی
“پێشەکی”
پێویست بە گوتن ناکات، بزووتنەوەی فیمینیسم لە هەموو دنیادا پەرەیەکی بەرچاوی سەندووە و ڕەنگە بکرێت بڵێین لە پاش شۆڕشی خوێندکاری و، شۆڕشە هاوشێوەکانی بە داینەمۆ و ڕمی گۆڕانکارییەکانی وڵاتان بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت. ئەم ڕاستییە لە ڕووداوەکانی دوو ساڵی ڕابردووی ئێران و ئەوەی کە بە شۆڕشی ژینا ناسراوە دەرکەوت. بازنەی زەخت و ترساندن و تۆقاندنێک کە دەیان ساڵ بوو لە لایەن سیستەمێکی ئایینی-پیاوسالارەوە هەموو سنوورەکانی ژیانی تاکەکانی بەزاندبوو لە لایەن ژنانەوە سکێنرا! شتێک کە لە لایەن زۆرێک لە پیاوانی ناو شۆڕشەکەوە بە دەنگی بەرز دانی پێدا نرا و بۆ یەکەمجار ئێمە پیاوانێکمان بینی کە بە دەنگی بەرز دەیانوت کە ئێمە پێویستە ژن بین! دیارە ئەگەرچی ئەم دەربڕینە بڕێک دروشمئامێز و حەماسەتزەدەیە، بەڵام دانپێدانانێکی قاییم بوو به و ڕۆڵەی کە ژنان لە پێشەوەی ڕابوونەکەدا گێڕایان و بەدڵنیاییەوە ئەم درەوشانەوەی لە کوردستانەوە دەستی پێکرد و دواتر ئێران و ناوچەکانی دیکەشی گرتەوە.
بەڵام بابەتەکە تەنها ئەمە نییە بەڵکوو دەبێت سەرنجی ئەوە بدەین کە فیمینیسمی ناوەندتەوەر یان ئه و فیمینیستەی کە بە خەون و پرسگری ژنانی ناوەن و بە زۆریی فارسەوە گرێدراوە و ئازار و ڕەنجی ژنان لە ناو هێڵ و بازنە سەپێنراوەکانی نەتەوەیی و پەراوێزخستن و داگیرکراویدا نابینێت، هەموو هەولی خۆیان خستووەتە گەڕ تاکوو ئاخێزی ڕاستەقینەی ڕابوون و شۆڕشەکە کە کوردستان بووە بە خوێندنەوەی چەواشەکارانە و بە ڕووکارێکی نیوەزانستییەوە بشێوێنن و فیمینیسم و ناسیۆنالیزمی ڕەگەزپەرستی ئێرانی لێک مارە بکەن و لەم هاوسەرگیرییە فاشیستی و نێرسالارانەیەشدا ئەوەی کە مەترسیی دەکەوێتە سەر دیموکراسی، فرەدەنگی و مافی نەتەوەکانی ناو ئه و جوگرافیا ساختەیەیە کە تەنها بە زەبری زۆر و میکانیزمی سەربازیی پێکەوە لکێنراوە، مەترسییە گەورەکەی فیمینیسم لە ئێراندا هەر ئەمەیە واتە بوون بە پاشکۆی گوتاری ئێرانشاریی و ئێرانییەتێک کە حەز ناکات بە چاوی سەر و لە خەونیشدا باسی مافی کورد و نەتەوەکانی دیکە بێتە ئاراوە و ئەمەش تا ئەم قۆناغە بە سەدان و هەزاران بەڵگە بۆمان سەلماوە، لێرەدا من هەوڵ دەدەم ئه و ئەرکانەی وەکوو سەرەتایەک و وەکوو ستراتیژێکی گشتیی دەبێت فیمینیسمی کوردی یان چالاکانی بواری ژن لە ئێراندا لەبەرچاویان بێت لە ڕوانگەی خۆمەوە باس بکەم. و ئەمەش تەنها دەروازەیەکە بۆ گفتوگۆی زیاتر و ڕاگۆڕینەوە نەک پێداگرییەکی ڕەها بۆ پراکتیزەکردنی ئه و شتانەی کە لێرەدا دەورووژین.
“فیمینیزمی کوردی”
ئەگەرچی دەستەواژە و لێکدانی “فیمینیزمی کوردی” ڕەنگە لە ڕوانگەی هەندێ کەسەوە زایەڵەیەکی ڕەسەن و ڕاستەقینەی نەبێت و هێشتا ئه و زەمینە و پێشمەرجانەی بۆ شکڵگرتنێکی پته و و تۆکمە و درەوشانەوەی زیاتری پێویستن بە باشی و دروستی نەناسرابێتن یان لەبار نەبن بۆ ئەوەی ئێمە دەستەواژە و، لێکدانێکی وەها بە ئاسانی لە گوتاری سیاسی و کۆمەڵایەتی و شوناسمەندانەمان باس بکەین، بەڵام ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگری مێژوویی هەیە، ئەویش ئامادەبوونی ژنانی کوردە ئەگەر نەڵێین لە زۆربەی جومگەکانی بەڕێوەبردنی ژیان ئەوا دەتوانین بڵێین لە بەشی هەرە زۆری سیستەمی ژیان و ژیار و بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگای کوردییە بە شێوەی گشتی. لە ڕاستیدا ئێمە بۆ ساغکردنەوە و ناساندن و تیۆریزەکردنی “فیمینیزمی کوردی” دەبێ دوو لق و ڕەهەندی مەعریفە ڕەچاو بکەین و بە باشی لە خوێندنەوەی ژیار و ژیان و مێژووی کورد بە گشتی و ژنی کورد بە تایبەتی کەڵکی لێ وەربگرین.
یەکەم:- لق و ڕەهەندی کۆمەڵناسانەی ژیانی مرۆڤی کوردە بە گشتی و ئه و پێوەندی و هاوکێشەیەی کە ژن لە ناویدا هەناسەی کێشاوە و لە هەمبەر جەمسەری پیاودا باڵای کردووە یان چەوسێندراوەتەوە یان تەقدیس و پیرۆز کراوە و یان هەر جۆرە پێناسەیەکی دیکە کە لە دەرەوەی سووژەبوون و هێزی ناسینی ژندا بەسەریدا سەپێنراوە. ئەم ڕەهەندە تێڕوانینی گشتیی مرۆڤی کورد بۆ ژن و کۆی ئه و هاوکێشە ژیارییە دەخاتە ڕوو کە ئامادەیی ژن و شکڵگرتنی کەسایەتیی ژن بۆ ئێمە دەنوێنێتەوە و دەیگێڕێتەوە.
دووەم:- ڕەهەند و لقی سیاسی و بەسیاسیبوونی ژینگەی مرۆڤی کورد بە گشتی و ژن بە تایبەتییە. لێرەدا بەهۆی سرووشتی کێشە و پرسگری کوردەوە، ژن وەکوو مەڵبەند و پانتاییەکی جیاواز لە پیاو چ وەکوو دایک یان یار و خوشک و هاوسەر، بە تایبەتمەندیی جیاوازی جەستە و هەست و سۆزەوە فڕێ دەدرێتە ناو پانتاییەک کە دوورە لە جیهانی ڕەسەن و ڕاستەقینەی ئەو، بۆیە لەم ڕەهەند و لقەدا بە سیاسیکردن یان بە سیاسیبوونی ژنی کورد زەق دەبێتەوه و ژنێتی ژن دەکەوێتە ناو کایەی هێزە سیاسییە پیاوسالارەکانەوە.
بە لەپاڵ یەکدانانی ئەم دوو ڕەهەند و لقە واتە ڕەهەندی کۆمەڵناسانە و ڕەهەندی سیاسی پرسگرەکە بەرجەوەن و سیمای کۆمەڵگای کوردی بە گشتی و ژنی ئەم کۆمەڵگایەمان بە تایبەتی زیاتر بۆ ڕوون دەبێتەوە. بۆیە فیمینیزمی کوردی ئەگەریش تاکوو ئێستا وەکوو لق و باڵێکی سەر بە مەعریفەی ئینسانی ناوی نەهاتبێت و تیۆرە و بیردۆزی تایبەت بەخۆی نەخستبێتە ڕوو ئەوا وەکوو واقیع و ئامادەبوون و خەبات و ژنێتی و کوردبوون لە سەرانسەری مێژوودا (بێگومان بە زۆری لە ناو هاوکێشە و سیاقێکی پیاوسالارانەدا)بەشێکی گەورە و شەقڵ نەشکاوە بۆ توێژینەوەی مەعریفی و کۆمەڵناسی و سیاسی و کولتووری، و ئەمەش تەنها ئەرکی مرۆڤی کورد نییە بەڵکوو کۆی چالاکانی بواری زانستە مرۆییەکان و فیمینیزم لە ئاستی ناوچەیی و جیهانیدا لێی بەرپرسن و کوردیش بەرپرسایەتی و ڕۆڵ و دەوری خۆی هەیە. بۆیە ئەگەر ئێستە دەستەواژەی فیمینیزمی کوردی بەکار دێنین دەشێت دوو مانای لێ هەڵبهێنجین؛ یەکەم ئەوەیە ئەم ئاوەڵناوە یان ئەم تێڕوانینە تایبەتە بە کۆمەڵگای کوردی و لە کۆمەڵگایەک بە ناوی کوردستانەوە سەری هەڵداوە واتە شوێنگەی سەرهەڵدان و ئاخێزگەی لەدایکبوونی دەلالەتی سەرەکیی گوزارەکەیه کە لە وشەی “کوردی”دا خۆی نیشان دەدات. مانای دووەم ئەمەیە کە ئەم ئاوەڵناو و ڕێبازە پەیوەستە بە کێشە و پرسگرەکانی ژن لە کۆمەڵگای کوردیدا و لە ڕاستیدا هەر دوو ماناکە تەواکەری یەکتری دەبن. ئەم تێبینی و سەرنجانە تەنها پێشزەمینەیەک دەبن بۆ قووڵبوونەوەی زیاتر لە زاراوەسازیی پەیوەست به و پانتا و مەعریفەیەی کە دەپەرژێنە سەر پرسگرەکانی کۆمەڵگای کوردی و کوردستان کە پەیوەستن بە ژنەوە. ئەم زاروەسازییانە لە ڕووی دەلالەت و مانا و چەمکەوە بێکێشە نین و بێگومان زۆر کەس دەتوانن بڵێن فیمینیزم دیاردە و بابەت و لقێکی مەعریفی و کۆمەڵناسیی گشتگیر و یونیڤێرساڵە و گرێ نادرێت بە شوێن و نەتەوە و کۆمەڵگایەکی دیاریکراوەوە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە تەنها یەکێک لە ڕوانگەکانە و ئێمە فیمینیزمی ڕەشپێستەکانمان هەیە و لە بواری ناساندن و تیۆریزەکردنی کێشەی ژنانی ڕەشپێست سەلماندوویانە لەگەڵ ئەوەی کە بابەتەکە شتێکی جیهانییە بەڵام هەڵگری زۆر تایبەتمەندیی لۆکاڵیی کۆمەڵگاکانە و لە کرۆکیشدا شێوە و سیمای پرسەکان لە هەر کۆمەڵگایەکدا لە سۆنگەی پێکهاتەکانییەوە شکڵ دەگرێت و لە ئەفریقا و واشنتۆن و کوردستان وەکوو یەک نین و نابن، ئەگەرچی هەموو ژانی ژنبوونیشیان هەڵگرتووە.
بە نیسبەت کۆمەڵگای کوردی لە باشوور و ڕۆژهەڵات ئەگەرچی ژن لە دوو پێکهاتی جیاواز بەڵام لە هەمانکاتدا هاوبەشدا دۆخەکەی دیاری کراوه، بەڵام پێکهاتی گشتیی کورد وەکوو کەلتوور هاوشێوەیی باشوور و ڕۆژهەڵات لەڕووی شوێنگە و پێگەی ژن و ئامادەییان لە سەردەمانی کۆنەوە تاکوو ئێستا لە ناو ماڵ و کۆمەڵگا و شۆڕش و پانتای گشتی و بازاڕدا دیاری دەکات. لە کۆمەڵگای کوردی بەهۆی دۆزی سیاسیی کورد و کوردستان و دابەشبوونی ئەم وڵاتە، هەر پارچەیەک بوووە بە هەڵگری هەندێ تایبەتمەندیی گشتی کە یاسای ئه و وڵاتە لە پراکتیکدا جێبەجێ دەکات و وەکوو کولتووریش لە هەناوی تاک و کۆمەڵ ڕەگئاژۆی دەکات. بۆ نموونە لە یاسای کۆماری ئیسلامیدا و بەهۆی سرووشتی ئایدۆلۆژیکی حکوومەتەکە دوو ژن لە بەرامبەر پیاوێکدا وەکوو شاهید دادەنرێت و ڕێکخراوەکانی فیمینیستی ناوەند(تاران) پێیان وایە ڕزگاری ژنان بەشێکی سەرەکی لە ناو ڕیفۆرمکردنی ئەم یاسایە و یاساگەلی هاوشێوەدا دەگاتە ئەنجام، بەڵام ناتوانن بیر لەوە بکەنەوە کە دۆخ و شوێنگەی ژنی کورد هەم لە ڕووی ئابووری و هەم لە ڕووی ئیمکانیات و ئاستی پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی لە کوردستان(ڕۆژهەڵات) تەواو جیاوازە لە تاران و شارە گەورەکانی ئێران، ئێمە دەتوانین ئێستەش ئه و وێنانەی ژنانی سەردەمی قەجەر ببینینەوە کە باڵاپۆشی قایم و تووندوتۆڵیان هەیە و هەر لە هەمان سەردەمیشدا وێنەی ژنانی گوندی و شاری(سنە وەکوو نموونە)ببینین کە چەندە ڕوخسار و جلوبەرگێکی کوردانە و ئەمڕۆییان و کراوەتریان هەبووە.
خودی ئەمە دەرخەری جیاوازیی بنەڕەتی و پێکهاتی پرسگری ژنان لە کوردستان(ڕۆژهەڵات) و لە تاران(ئێران)ە، لە ڕاستیدا لە ڕووداوەکانی دوو ساڵی ڕابردوودا و پاش کوشتنی ژینا ئەمینی و ڕابوون و هەستانەوە دژی دەسەڵات بە پێشەنگایەتیی ژنان، فیمینیزمی ناوەند نەیتوانی لاگیر نەبێت و نەکەوێتە پاڵ دەنگە ئێرانچییەکان و تایبەتمەندی کۆمەڵگا و مێژوو و کولتوور و سیاسیی ژینا وەکوو ڕەمز بە لایەوە هیچ بایەخێکی نەبوو و ئیستەش نییەتی و ئەوان “ژینا” وەکوو “مەهسا” واتە ڕەمزێکی ئێرانی دەزانن و هەموو مۆتەکە و ترسیشیان ئەوەیە ژینا وەکوو ڕەمزی ڕابوونی کوردستان بناسرێت، بۆیە لە هەموو میدیا و ڕاگەیاندنەکانیاندا مەهسا بەکار دەهێنرێت و مەگەر بە دەگمەن یان بە مەبەستێکی دیاریکراو بڵێن ژینا، ئەمە دەرخەری ئه و ڕاستییەیە کە فیمینیزمی ئێرانی لە ناو پێکهاتێکی سیاسیی سەردەستدا خۆی دەبینێتەوە، چ وشیار بێت لە سەر ئەم بابەتە چ ناوشیار “کە هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت” بەڵام حاشاهەڵنەگرە کە تێگەیشتنێکی ڕاست و دروست و تەنانەت ئینسانی و مەعریفییان لە پێگە و کێشەکانی ژن لە کوردستاندا نییە، هەر بۆیە لەم چرکەساتەدا ڕۆڵی ژنانی کوردستان ئەوانەی کە لە ژێر ناوی فیمینیزم (کوردی یان کۆمەڵگای کوردی)خۆیان دەناسێنن بۆ وشیاربوون و شیکاری ئەم ڕووداوانە و ناسینی ماهییەت و کرۆکی فیمینیزمی ناوەند زیاتر چارەنووسساز و مێژوویی دەبێت. فیمینزیمی کوردی دەبێ بە سەرنج و تێڕامانی وردەوە چاو لە دۆخ و پێگەی ژنی کورد و پەیوەندی بە کۆمەڵگای کوردی و گوتاری کوردایەتی و شۆڕشەوە بکات و ژنێتی و کوردبوون پێکەوە بخوێنێتەوە و پرسگرەکان لە هەناوی ئه و دوو چەمک و بابەتەدا هەڵهێنجیت و تیۆریزەی بکات.
[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!