ناونیشانی بابەت: هەموو ڕۆژێک بۆ زمانی کوردی
ناوی نووسەر:
سپێدە ساڵحیسپێدە ساڵحی
“پێشەکی”
پێش ئەوەی لە دەروازەی ڕۆژی 15ەی ئایارەوە باسەکەم دەست پێ بکەم، دەبێت ئاماژە بەم خاڵە گرنگە بدەم کە زمان بۆ کورد پێگە و پلەیەکی دەبێت هەبێت کە لەگەڵ هەموو نەتەوە و کۆمەڵگاکانی دیکە جیاواز بێت بە چەند هۆکاری دیار. یەکەم ئەوەی کە ئێمە دەوڵەتێکی سەربەخۆمان نییە تاکوو هەموو لایەنە کولتووری و ژیاری و مێژووییەکەمان بەگوێرەی پێویست و لە دەرەوەی چەواشەکاریی مەکینەی پشت هاوکێشەی داگیرکار-داگیرکراو بە ئاسانی بکەوێتە گەڕ و هەموو تاکێکی کورد لە پانتایی بەرفراوانی کوردستانی گەورەدا بەشێوەیەک وشیار و دەرەوەست بکات کە بۆ هەر وشەیەکی کوردی و بۆ هەر هەڵەیەکی ڕێنووس و هەر بەکارهێنانێکی نەشیاوی سێنتاکس و داڕشتن لەوپەڕی وەسواسی و هەڵوێستنواندندا بێت.
بێگومان ئەوەی لە باشووری کوردستان چ لە سەردەمی شاخ و چ پاش ڕاپەڕین کراوە سەرمایەیەکی درەوشاوە و مێژووساز بووە، بەڵام بەگوێرەی پێویستی دۆزی کورد و دۆخی زمانەکەی نەبوون و نییە واتە بەگشتی ئێستە ئێمە لە قەیرانێکی گشتیدا دەژین کە هەندێک لایەنی ئەرێنی لە ئەکتەکانی ئێمەدا بەدیهێناوە و هەندێک لایەنی نەرێنیشی هەیە کە لە ئاستێکی گشتیدا بە قووڵی دەستەویەخەین لەگەڵیدا. بەڵام باشووری کوردستان بە هەموو ئه و دۆخە قەیراناوییەوە ترۆپکی هیوا و هاوکات دوندی چەکەرە و گەشانەوەی زمانی کوردی بووە و هەیە، ئێمە خەسارناسانە چاو لە بابەتەکە دەکەین، چونکە دەبێت چاوەڕوانی ئاسۆیەکی ڕوون و گەشتر بین یان بە دەربڕینێکی دیکە ئه و ئاسۆیە بنەخشێنین. خودی هۆکاری یەکەم واتە نەبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ کە بڕیارەکانی تەنها لە باشووری کوردستاندا کورت نەبێتەوە و لەسەر دۆخی زمانی و پێشخستنی زمان بە ئاڕاستە ستاندارد و دواتر یەکگرتووەکەیدا کاریگەر بێت، هۆکارانی دیکەش بەدوای خۆیدا دەهێنێت. هۆکارێکی دیکە کە هۆکاری یەکەم بەدوای خۆیدا دەیهێنیت و شیاوی ئاماژەپێدانە ئەمەیە کە تا ئەم ساڵانەی دوایی بەشی زۆر دامودەزگا میدیایی و ڕاگەیاندنەکانی باشووری کوردستان لە وشەی نامۆ و داڕشتنی نەگونجاو لەگەڵ دەربڕینی زمانیی باشوور( سلێمانی و…) و ئیدیۆمە نەناسراوەکانی زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵات لە ئەزموونی خۆیان جۆرێک سڵەمینەوە و هەمبەروەستانەوە بەدیدەکرا و ئەمەش دەبووە هۆی ئەوەی ئه و پێوەرە ستانداردەی کە بڕیارە زمان لە ئاسۆیەکی زەمەنیی درێژخایەندا بەره و جۆرێک لە گەشە و یەکگرتوویی ببات لە فۆرم و ڕووبەرێکی بچووک لە کوردستان واتە باشوور قەتیس بکرێتەوە.
بەڵام بەختەوەرانە بە ڕۆشنگەریی زیاتر و دانوستانی هەمیشەیی باشوور و ڕۆژهەڵات و لەوەش گرینگتر بوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەکوو ڕایەڵەیەکی پته و و مەعنەویی نێوان کوردی هەردوو دیوەکە ئەم تێڕوانین و هەڵوێستە تەواو شل و شۆڵ بووە و دەتوانین بڵیین ڕەویوەتەوە و ئێستە زۆربەی دامودەزگاکانی ئەوێ بە ڕوانگەیەکی کراوە چاو لە توانایی و پوتانسییەلەکانی زمان له و دیو سنوورە دەسکردەکان دەکەن و ئەمەش گرێدراوێتی نێوان شوناسی باشوور و ڕؤژهەڵاتی لە ڕێگەی هەودای پتەوە و نەپساوەی زمانەوە زیاتر شەتەک داوە و ئاسۆی ڕوونمان بۆ دەنەخشێنێت. هۆکارەکانی لەقەیراندابوونی دۆخی ئێمە و زمانەکەمان لەوە زیاترە لێرە تەنانەت وەکوو تایتڵ و سەردێڕیش باسی بکەم و تەنها تیشکێکم وەکوو پێشەکی خستووە سەر دۆخە گشتییەکە تاکوو بەم ئەنجامە بگەم کە بە سەرنجدان بە ئاوەها دۆخێک ئێمە لە یەک ڕؤژی دیاریکراوی فەرمیدا دەتوانین زمانی کوردی یاد بکەینەوە و پیرۆزی کەین بەڵام بە شێوەی نافەرمی و ڕەمزی و مەعنەوی دەبێت بەردەوام لە بیرمان بێت کە هەر ڕۆژ ڕؤژی زمانی کوردییە، ڕۆژی چێز و ئازارەکانمانە بە زمانی کوردی، شەوی پڕ خەون و خەیاڵمانە بە تیشکی تیرێژی زمانی کوردی.
“ڕۆژی زمانی کوردی و پێویستییە پەروەردەییەکان”
“ڕۆژی زمانی کوردی بەرامبەر بە 15ی ئایار واتە 25ی گوڵان دیاری کراوە. لەم ڕۆژەدا و لە ساڵی
1932 یەکەمین ژمارەی گۆڤاری “هاوار” لە ژێر دستی “جەلادەت عالی بەدرخان” لە شاری دیمەشقی وڵاتی سووریا هاتووەتە وەشاندن. هەروەها لە ساڵی
1954 یەکەمین ژمارەی گۆڤاری “هەتاو” لە شاری هەولێر لەم ڕۆژەدا دەرکرا و بڵاو کرایەوە. و هەر لەم ڕۆژە و لە ساڵی 1963یش گۆڤاری “ڕۆژا نوێ” لە شاری ئەستەمبووڵ یەکەمین ژمارەی خۆی دەرکرد”. لە ڕۆژی زمانی کوردیدا ئێمە بە ئاسانی دەتوانین ئەم ڕووداوە گرنگە مێژوویی و ڕۆشنبیری و ڕۆژنامەوانییانە بهێنینەوە بیر خۆمان و لە سەر ئەوە هەڵوێستە بکەین کە ڕەوتی ڕۆشنبیری و پیتۆڵان و دڵسۆزانی ئێمە چ خەم و پەرۆشییەکیان بۆ زمانی کوردی هەبووە و زێدەڕۆیی نابێت ئەگەر بڵێین لە سەرەتادا یەکەمین هەوڵەکان بۆ دەرکردنی ڕؤژنامە و بڵاڤۆک و گۆڤارەکان بە شێوەی پەرتەوازە و نیوەچڵ لە دەرەوەی جوگرافیای کوردستان بووە، چون خودی کوردستان بەڕادەیەک لە لایەن داگیرکەران و هاوکێشەی پاش جەنگی جیهانی و نەزمی نوێوە زەخت و خنکان و تۆقانی بەسەردا سەپابوو کە ئیشکردن له و بوارەدا بەشێوەی ئازاد لەبار و تەیار نەبووە.
ئەگەرچی لە باشوری کوردستان لە پاش شۆڕشی ئەیلوول و ململانێ و دانوستانی بەغدا و کوردستان جۆرە ئازادییەکی ڕێژەیی و سیاسەتتەوەرانە و کاتی بۆ زمانی کوردی و نووسینی کوردی لە لایەن بەغداوە هاتە ئاراوە، بەڵام ئەمانە هیچ لەوە ناگۆڕن کە کوردستان وەکوو لانکەی بوون و زمانی کوردی تا ساڵی 91 و ڕزگاربوونی بەشێک له و پارچەیەی نیشتمان ڕێگەی پێ نەدرا بە زمانی خۆی بژێت و کاروباری ڕۆژانە و ئیداری و پەروەردەیی ڕاپەڕێنێت. زمانی کوردی لە گوتاری شۆڤییانەی عەرەبی-ئیسلامیی بەعسییەکاندا تەنها ئامراز و ئامێرێک بووە و هیچ کات وەکوو ماف و حەقێکی خواپێداو و زاتیی نەتەوەیەکی غەیری عەرەب دانی پێدانەنراوە و ئەمەش سیاسەتێک بووە کە لە ئێرانی سەردەمی پاشایەتی(پەهلەوی دووهەم) و سەردەمی کۆماری ئیسلامیش پێڕه و کراوە و ئێستەش ئەمە هەر بەردەوامە، بەدڵنیاییەوە ئێمە دەبێت لەمە تێبگەین کە هیچ کام لەم دەسەڵاتە سیاسییانە دانیان بە زمانی کوردیدا نەناوه. هەر ئێستەش دوای چل ساڵ زیاتر لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران و دوای سەدەیەک زیاتر لە ڕەوتی مەشرووتیەت و بەناو ڕۆشنگەریی ئێرانی بە زمانی کوردی دەڵێن لەهجە و گویش “زار و بنزار” و بە نەتەوەی کورد و هەموو نەتەوەکانی دانیشتووی ئێران دەڵێن “قەوم” کە لە ڕاستیدا جگە لە سووکایەتیکردن و نزمنیشاندانی ئەم نەتەوە و زمانانە هیچ واتایەکی دیکەی نییە.
خودی ئەم سیاسەتەی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان لەهەمبەر زمانی کوردی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەباشی درکیان بە ڕۆڵی زمان لە بنیاتنان و گەشەپێدان و کامڵکردنی شوناس “هەم بە مانا مرۆییەکەی و هەم بە مانا نەتەوەییەکەی” کردووە، و و هەر لە سۆنگەی ئەم تێگەیشتنە بووە لە زمان کە بەختەوەرانە بەشێکی زۆر لە ڕۆشنبیران و دڵسۆزانی گەلەکەی ئێمە لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە درکیان بە ڕۆڵی شوناسبەخشانە و کولتوورسازانەی زمان کردووە و تا ئێستەس گوتاری “زمان، شوناسمانە” هەر زاڵه، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم گوتارە بە هەموو درەوشاوەییەکانییەوە لە قۆناغی پاش شاخ و دامەزراندنی حکوومەتی کوردستان و ژیانی شارییانەی کورد و زمانی کوردی بە شێوەی ئازاد لە باشوور هێشتا بە باشی پراکتیزە نەکراوە، یان با بڵێین هێشتا زۆری بە بەرەوە ماوە، ئێمە کاتێک دەڵیین زمانی ئێمە کوردییە واتە زمان لە هەموو ئاستەکانی ژیان و بوون؛ چێژ و ئازار و تووڕەیی و خەون و خەم و هەموو ئه و شتەی بوونی مرۆڤ و شوناسی تاکی کورد شکڵ پی دەبەخشێت، بەکار بهێنین، ڕۆحی زمان وشەی ڕەسەنی ئه و زمانەیە، کاتێک ئێمە لە باشووری کوردستان بە چێشتخانە بڵێین مەتعەم و لە ئێران بڵێین ڕێستوران (کە خۆی ئینگلیزییە!) ئیتر چۆن دەتوانین لە ناو زماندا و بۆ زمان بژین؟ ئیتر کوا دەتوانین پەیوەندی نەپساوە و توند و تۆڵی زمان و شوناس بپارێزین؟ بۆچی دەبێت بە تووڕەبوون بڵێین عەسەبی، لە کاتێکدا هاوتایەکی ڕەسەن و ئامادە و باو و لەمێژینەت بۆ ئه و وشەی عەرەبییە(عەسەبی) هەیە؟
بۆچی لە هەمبەر کۆمەڵێک وشەی جوانی کوردی کە خەڵک بەکاری دێنێت و باوە و جوانە و لە یادەوەریی زمانی ئێمەدا ڕەگی داکوتاوە بێین وشەی عەرەبی و فارسی دابنێین؟ ئایا ئێمە وەرگێڕی پێچەوانەین و دژ بە زمان و شوناسی خۆمان؟ یان ئەمە هەیمەنە و باڵادەستییەکی کولتووری و پلانێکی سیاسیی داگیرکەرانە کە ئێمە بەهۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە کەوتووینەتە ناوییەوە و بە شانازییەوه!، تێیدا بە ڕووت و قووتی باڵەمەلە دەکەین؟ تۆی هاوزمانی باشووری و ڕۆژهەڵاتی کاتێک دوو شیعری مەحوی و شیعرێکی مەلای جەزیریت لەبەر نییە چۆن دێی بە حەماسە و پەرۆشییەوە گوێ لە شەجەریان دەگریت و وەریدەگێڕیت بۆ سەر زمانی کوردی و دەڵێی هونەر شتێکی جیهانییە؟ بۆچی لە باتی پێم سەیرە یان پێی سەرسامم بڵێین پێی موعجیبیم؟ و دەیان باس و خواسی دیکەی لەم چەشنە، ئەم داکەوتن و پاشەکشێیە لە شوناس و زمانمان لە هەندێ ئاستدا و لە ناو هەندێ چین و توێژدا پێش هەر شتێک لە خێزانەکانەوە دەست پێ دەکات و بە پلەی یەکەمیش ژنان (واتە دایکان و هاوسەران و…) لەم ئاست و کەناڵەدا لێی بەرپرسیارن،”هەم لە گەشەکردنی زمان و هەمیش لە داکەوتن و لاوازبوونی”، و لە کەناڵ و ڕێرەوی دیکەی پەروەردەییشەوە بە دڵنیاییەوە هەموو دامەزراوە حکوومی و ناحکوومییەکان دەبێ هەم بە باشی لەم ڕاستییەی پەیوەندی شوناس و زمان و ڕزگاریی نەتەوەیی و درەوشانەوەی بەها مرۆییەکان له و چوارچێوەیە تێ بگەن و هەمیش ئەم تێگەیشتە مەعریفییە بڵاو بکەنەوە و لە ناو کۆمەڵگادا و لە زەینی تاک و کۆمەڵدا ڕەگئاژۆی بکەن.
ڕۆژی زمانی کوردی دەبێت یادکرنەوەی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانمان بێت لە ئاست مرۆڤبوون و کوردبوونی خۆمان، ڕۆژی قووڵبوونەوەی زیاتر لە ڕۆڵی زمان لە تێگەیشتن لە شوناسی خۆمانە هەم وەکوو مرۆڤ و هەم وەکوو نەتەوەیەک بە کۆمەڵێک بەهای کولتووری و فیکری و مەعریفی جیاواز لەوانی دیکەوە، هاوکات کە تێگەیشتنە لەم ڕاستییەی کە زمانی کورد درەختێکی بەساڵاچوی پڕ لق و پۆیە و لە زۆر سەردەمدا برینیان خستووە سەری و زامداریان کردووە و ئێمە دەبێت هەر ساڵە و هەر ڕۆژ هەتوان و مەڵهەمێک بخەینە سەر ئه و برین و زامانە و بە تیماری وشە و ڕستە و زانست بیهەنوین و ساڕێژی کەین تاکوو ئەم درەختە مەزن و پڕ هەیبەتە زیاتر و زۆرتر باڵا بکات و جیهانی مرۆڤایەتی پێی زەنگین و ڕەنگین بێت.
[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!