ناونیشانی بابەت: مەترسییەکانی هاوسەرگیریی مسیار لەسەر کۆمەڵگا
ناوی نووسەر:
سپێدە ساڵحیسپێدە ساڵحی
“پێشەکی”
لەم ڕۆژانەدا دیسان بابەتی هاوسەرگیریی مسیار بەهۆی ئەنجامدانی ئەم هاوسەرگیرییە لەلایەن مەلایەکی دیارەوە هاتەوە ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، وەکوو دەردەکەوێت و لە دانپێدانانی خاتوونەکەدا دەبیستین بەڕێزیان هەموو شتێکیان لە لایەن ئەم جۆرە هاوسەرگیرییەوە لە لایەن مەلاکەوە بۆ ڕوون کراوەتەوە و ئەویش هەڵیبژاردووە، ئەگەرچی ئەم دانپێدانان و حەکایەتە دەکرێت لە نێوان هەڵخەڵەتاندنێکی شەرعی یان هەڵبژاردنێکی ساویلکانەدا تیۆریزە بکرێت، بەڵام لە ڕاستیدا دەبێت بێینەوە سەر ئەم بابەتە کە ئەگەر مامۆستایانی ئایینی یان باشترە بڵێم ئەوانەیان وا باوەڕیان بەم شێوە لە هاوسەرگیریی یان شێوەکانی هاوشێوەی هاوسەرگیریی مسیار هەیە لە ناو حاڵەتێکی سایکۆلۆژیی سێکسیزم و ئیرۆتیزمی بەڵگەمەندکراو بە ئایین و گێڕانەوە ئایینییەکان ناژین، بۆچی دەیشارنەوە؟ یان ئه و خاتوونەی کە گەنجە و تەمەنی ڕەنگە سی ساڵی تێپەڕاندبێت بۆچی بۆ شەوێک دەبێت بە هاوسەری کەسێک؟ ئەگەر ئەم شیوازە لە هاوسەرگیریی خاوەن یەک توخم و تەنها یەک توخم بێت ئەویش سێکسیزمە! دۆخ و هەڵبژاردەیەکی ئابنۆرماڵ و نائاسایی کە لە لایەن سیستەمی خوێندنەوەی پیاوسالارانەی تێکست و نەسە دینییەکان تیۆریزە کراوە، بەڵام پرسیار ئەمەیە کە بۆچی ئاوەها کچانێ! مل دەدەن بەم سێکسیزمە؟ لە درێژەدا من هەوڵ دەدەم بە هێنانەوەی باسێکی کورت لە کەسێکی ئایینی لایەنە پرسیارهەڵگرەکانی ئەم بەناو هاوسەرگیرییە شی بکەمەوە.
“مسیار لە نێوان گێڕانەوەی شەرع و پێکهاتە و بەهای کۆمەڵگا”
هاوسەرگیریی مسیار وەکوو زۆر بابەت و مژاری شەرعی گێڕانەوەی جیاوازی لەسەرە و، دەتوانین بڵێین هەندێ دژوازی و ناونانی جیاواز و جۆراوجۆری تێدایە کە هەم لە ڕووی شەرعییەوە خەڵک بەگومان دەکات و، هەمیش لە ڕووی بەهاکانی کۆمەڵگەی کوردەوارییەوە نەگونجاو و تەم و مژاوی دەردەکەوێت. ئەگەرچی هەندێ لە زانایانی ئایینی لە بە شەرعیی لە قەڵەمی دەدەن، بەڵام لە لایەن ئەنجوومەنی باڵای فەتوای یەکێتی زانایانی کوردستان وەکوو کردەیەکی نەگوجاو لەگەڵ کۆمەڵگای کوردیدا باسکرا، بەڵام هەم لە ڕووە شەرعییەکەیدا کۆمەڵێک گێڕانەوە و نایەکانگیریی هەیە و هەمیش هەموو ڕەهەند و لایەنەکانی لە ڕووی کۆمەڵایەتی و خێزانی و تەنانەت ئاسایشی نیشتمانیش بۆ کوردستان لەبەرچاو نەگیراون. “ئیحسان بورهان ئەلدین” لە وتارێکدا لە ژێر ناوی “ئایا زەواجی مسیار لە ڕووی شەرعەوە دروستە؟” هەندێ لایەنی فیقیهی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیی بابەتەکەی باسکردووە، ئەگەرچی ئەمە کۆی ئه و شتانەی کە بۆ ڕیفۆرمێکی کۆمەڵایەتی وەها کە لە کۆمەڵگاکانی وەکوو کۆمەڵگای کوردی ئایین و مەلا و مزگەوت دەسپێشخەریی بۆ دەکەن ناگرێتەوە و دەبێ وەکوو وتم لایەنی کۆمەڵایەتی و بەهاکانی کۆمەڵگای کوردی و تەنانەت سیاسی و ڕەهەندی ئاسایشی نیشتمانیشی تێدا ڕوون بکرێتەوە، بەڵام بۆ زیاتر شیکردنەوە و ڕوونبوونەوەی لایەنەکانی ئەم بابەتە لە درێژەدا هەندێ سەرنج و هەڵوێستە لە قەوارەی پرسیاردا گەڵاڵە دەکەم.
نوسەری ناوبراو لە ناساندنی زەواج یان هاوسەرگیریی مسیار دەنووسێت؛ “زەواجی مسیار لە کتێبەکانی فیقهدا بەر لە ئەم سەردەمەی خۆمان بەم ناوە باسی نەهاتووە، بەڵام پێناسەکەی بە هەندێ ناوی تری جیاوازەوە هاتووە و حوکمیشی باسکراوە.” نوسەر لە درێژەدا دەڵێت: “زەواجی مسیار یان مصیاف، یان زەواجی سیاحی یان زەواجی(النهاریات) بە واتای هاوسەرگیریی ڕۆژانە، بریتییە لەوەی کە پیاوێک هاوسەرگیری لەگەڵ ژنێک دەکات و مەرجی لەگەڵ دەکات کە پەیوەندی هاوسەرگیرییان بە ڕۆژ پێکەوە دەبێت و بە شەوان لە لای نامێنێتەوە، بەڵکوو لە لای ژنی یەکەمی دەمێنێتەوە، بە کورتی ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە شاردنەوە و ئاشکرانەکردنی مەبەستە لە لای پیاوەکە و ئەگەر ئیعلانیش بکرێت لە بازنەیەکی سنوورداری خزم و هاوڕێی زۆر کەمدا دەبێت و زۆر جار ئافرەتیش لەم جۆرە هاوسەرگیرییەدا لە مافەکانی خۆی وەک مافی نەفەقە و مانەوەی شه و و دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون خۆش دەبێت و تەنازولی بۆ دەکات”.
سەرەتا دەبێ باسی ئەوە بکەم کە بە گشتیی کۆمەڵگای کوردی کۆمەڵگایەکی ئیسلامییە، بەڵام به و مانا نییە کە ئیسلامێک کە ئێستە و لەم دۆخە کۆمەڵایەتی، خێزانی، سیاسی و ڕۆشنبیری و پەروەردەییەی ئێمەدا هەیە وەکوو ئیسلامێک بێت لە ڕووی بڕیار و ئەحکامەکانی شەرعەوە کە هەزار ساڵ پێشتر لە ئێستە هەبووە، کۆمەڵگای کوردی ئەگەرچی وەکوو باوەڕ زۆرینە ئیسلامین، بەڵام ئیسلام وەکوو بژاردەی تاکەکەسی لە بەشێکی زۆری ئەم کۆمەڵگایەدا جێگەی خۆی وەرگرتووە و لە ڕووی کولتووری و مەعریفەی گشتی و هەڵبژاردنی تاکەکەس بۆ ژیان و شێوە ژیانی ئێمە ئەگەر نەڵێین عەلمانییەت و سیکۆلاریزمێکی تەواو ئەوا دەتوانین بڵێین شەپۆلێکی قورس و قاییمیمان بەرکەوتووە و جۆرێک لە مۆدێڕنیتەمان ئەزموون کردووە. لەم حاڵەتەدا بەدەر لە شەرعی و ناشەرعیبوونی ئەم جۆرە لە هاوسەرگیری ئەستەمە هەندێ ئەحکامی شەرعی لەم چەشنە لە ئێستەی ئەم کۆمەڵگایەدا پراکتیزە بکرێت، بەدەر لەوەش هەندێ بەها و بنەمای خێزانی و پێکهاتی خێزان دوای سەدان ساڵ وەکوو بنکە و پێگەیەکی پیرۆز هەر وەک خۆی ماونەتەوە و ئێمە دەشێت بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم پرس و بابەتە بەر لە ڕەتکردنەوە و بەر لە پەسەندکردن پرسیارە پێویست و شایستەکانی پەیوەست بە بابەتەکە گەڵاڵە بکەین و بیدۆزینەوە، هێندە بابەتەکە شەن و که و بکەین تاکوو ئه و شتەی کە لە ڕوانینی یەکەمدا وەکوو مەترسی یان نامۆبوون یان هەر ناوێکی تر لە حوکم و ڕیفۆرمەکە وەریدەگرین ڕوون بکرێنەوە و بە چاک و خراپ لێمانەوە ئاشکرا بێت.
لەم بڕگەیەی یەکەمی نووسەردا سێ خاڵی گرینگ هەیە کە دەتوانین لەنگەریان لەسەر بگرین و وەکوو پرسیار گەڵاڵەیان بکەین، یەکەم ئەوەی کە دەڵێت “پیاوێک هاوسەرگیری لەگەڵ ژنێک دەکات و مەرجی لەگەڵ دەکات کە پەیوەندی هاوسەرگیرییان بە ڕۆژ پێکەوە دەبێت و بە شەوان لە لای نامێنێتەوە” ئایا خودی ئەم حاڵەتە بۆ ژنی یەکەم بەدواداهاتی دەروونی و تەنانەت ئەخلاقیشی لێ ناکەوێتەوە و بە شێوەیەک لە شێوەکان ڕەگەزی ژن کە ڕەگەزێکی هەستیار و عاتیفین و لە هەمانکاتدا لانکەی پەروەردەی مناڵ و داهاتوون ناخاتە ژێر گوشار و ململانێیەکی دەروونییەوە؟ ئەمە ئایا بۆ ژنی دووهەمیش کە لە ژێر ناوی هاوسەرگیری مسیار دێتە ناو کایەکەوە بە شێوەیەک لە شێوەکان لە ڕووی ئاسیو و زەخت و گوشاری دەروونی کاریگەری ناکرێتە سەری؟ دواتر لە درێژەدا دەخوێنینەوە: “بە کورتی ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە شاردنەوە و ئاشکرانەکردنی مەبەستە لە لای پیاوەکە و ئەگەر ئیعلانیش بکرێت لە بازنەیەکی سنوورداری خزم و هاوڕێی زۆر کەمدا دەبێت”، پەیوەست بەمە دەشێت بپرسین ئایا خودی ئەم ئاشکرانەکردن و شاردنەوەیە دەلالەتێک نییە بۆ نادروستبوون یان دروستبوونی لە دۆخی زۆر دانسقە و تایبەتدا؟ ئایا خودی ئەمە نابێتە هۆی شاردنەوەکاریی لە زۆرێک لە هەڵسووکەوتەکانی ئه و پیاوەی کە دەچێتە ناو ئەم هاوسەرگیرییەوە؟ واتە سایکۆلۆژییەتی ئه و کەسە چون عورف و ڕوانگەی کۆمەڵایەتیی بۆ گرینگە بەشێک لە وزەی دەروونیی و هەڵسوکەوت و ڕەوشتی کۆمەڵایەتی تایبەت دەدرێت بە شاردنەوەی ئەم کارە، ئەگەر ئاشکرا بێت چی؟ ئایا دادەنیشێت و ڕاستییەکان باس دەکات یان ناچارە درۆ بکات؟ ئەگەر ڕاستییەکەیان پێ بڵێت ئەگەر ئه و کەسە لێی پرسی ئەگەر کارەکەت دروستە سەرەتا بۆ شاردووتەوە چ دەڵێت؟ لێرەدا لە ڕووی ئەخلاقییەوە و دەربڕینی ڕاستی و درۆ و ڕاستی و لۆژکی و ئەخلاقیبوونی بابەتەکە پیاوەکە دەکەوێتە چەند ڕیانێکەوە.
لە بەشی دیکەی ئەم نوسینە و هەر لە بڕگەی یەکەمدا دەخوێنینەوە “زۆر جار ئافرەتیش لەم جۆرە هاوسەرگیرییەدا لە مافەکانی خۆی وەک مافی نەفەقە و مانەوەی شه و و دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون خۆش دەبێت و تەنازولی بۆ دەکات”. ئایا ئەم “تەنازولکردنە” بژاردەیەکی ئازاد و نا زۆرەملییە بۆ ژنەکە؟ یانی بە ڕاستی ژنێک دەبێت بە ژنی شاراوە و نهێنیی پیاوێک بە شێوەی ڕۆژانە و لە مافی نەفەقە و دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون و مانەوەی شه و دەبوورێت، ئەی ئیتر بۆچی هاوسەرگیریی کردووە لە کۆمەڵگایەکدا کە بە پێێ شەرع و تەنانەت عورفەکەی پیاو هەموو ئه و ئەرکانەی لەسەرە کە جێبەجێی بکات؟ ئایا ئەمە بە ڕاستی تەنازولکردنە یان تەنازولپێکردنە بە دۆخ و شوێنگەی پیرۆزی ژن وەکوو دایک و یار و هاوسەر و هەر لە ئەزەلی خەلیقەتەوە بگرە تاوەکوو ئێستا؟ ئایا کۆمەڵگای ئێمە ئامادەیی ئەوەی هەیە لە ڕێگەی شەرعەوە ئەم باوەڕە کەونینە پیرۆزەی کوردەواری واز لێ بێنێت و بە ئاسانی مل بدات بەم ئەحکامە یان نا، ئەحکامەکە زیاتر لەوەیە کە ئێمە دەیبیستین و بڕیاری لەسەر دەدرێت؟ ئەگەرچی لە درێژەی باسەکەی ئەم نووسەرەدا زۆر شت باس کراون و لایەنە نەرێنی و ناباش و مەکرووهەکانیش دەستنیشان کراوە و کۆمەڵێک مەرجی بۆ ئه و ژنانە کە دێنە ناو پرۆسەی هاوسەرگرییی مسیار داناوە لەوانە قەیرەکچبوون، بێوەژن بوون، نەبوونی سەرپەرشتیاری بنەماڵە.
بەڵام ئەمە زیاتر لایەنە شەرعیەکەیەتی و پێم وایە بە دروستیش ئەوانە خراونەتە ڕوو و هەوڵ نەدراوە شتەکان پەردەپۆش بکرێت بۆیە لە درێژەدا دەڵێت: “ئەم زەواجە سەرەڕای هەبوونی مەرجە شەرعییەکان، بەڵام مەبەستە شەرعییەکانی تێدا جێبەجێ نابێت، نە سەقامگیری و نە سوکنایی و نە هەستکردن بە هەبوونی خاڵی هاوبەشی زۆر و نە خۆشەویستی ڕاستەقینە و نە بەزەیی و پەروەردەکردنی مناڵ، ئەوانە بوونیان لە زۆربەی حاڵەتەکاندا نییە” و هەر لە درێژەدا دەڵێت: “هەروەها هەبوونی جۆرێک لە ستەم و نادادگەری لەسەر ئافرەتەکە کە بە بێ خەرجی و دابین کردنی خانوو و مانەوەی شه و ڕازی دەبێت کە بێگومان لە ناچاری به و نادادگەرییە ڕازی دەبێت نەک خۆی حەز بەوە بکات”.
لە درێژەدا تا شوێنێک باسەکە دەبات کە مەکرووهبوونی لای بەشێک لە زانایانی ئایینەوە قبووڵ کراوە و بۆ مرۆڤی موسڵمان شایستە نییە. سەرەڕای هەموو ئەم بابەتە مۆڵەق و هەڵپەسێردراوانە دەشێت بپرسین ئایا کۆی ئەمە نابێتە هۆی تێکچوونی شیرازەی بنەماڵە وەکوو بنکەیەکی پیرۆزی پەروەردە و هێوریی دەروونی منداڵ و پێکهێنانی نەوەی داهاتوو؟ ئایا ئەمە نابێتە هۆی پەرەسەندنی هەڵسوکەوت و ڕەوشت و حاڵەتی ژێروانکێکاری و شاردنەوەکاری لە ژیانی خێزانەکاندا و پێکهاتەی خێزان و بەپێی ئەوەش پێکهاتەی کۆمەڵگا ناکاتە ئامانج؟ ئەوکات هەموو ئەم شیرازەیە تێک بچێت شتێک بە ناوی نیشتمان و دانیشتووانی دەمێننەوە تاکوو یەکتری بەهادار بکەن؟ کەواتە کۆی بابەتەکە دەتوانێت ئاسایشی نیشتمانی و ئەخلاق و ڕەوشتی کۆمەڵایەتی بکاتە ئامانج و شیرازەی خێزان لە کوردستان بخاتە مەترسییەوە مەگەر هەموو ئه و پرسیارانە و پراسیارانێکی دیکە کە دێن و لەدایک دەبن لە هەموو ڕوویەکەوە وەڵام بدرێنەوە، ئەوەش نەک تەنها وەڵامێکی شەرعی و بەپێی نەس و تێکستە شەرعییەکان بەڵکوو دروستە کە وەڵامەکانی ئەوان لەگەڵ تێڕامان و وەڵامی کۆمەڵناس و توێژران و دەرووناسەکان لێک بدرێت و حورمەت و کەرامەت و پیرۆزیی ژن لە سەدەی بیست و یەکدا کە دونیایەک ڕەوت و بزاڤی داکۆکیکار و وشیاری ژنانی تێدا گەیشتووتە ترۆپک نەشکێت و پارێزراو بێت.
[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!