ناونیشانی بابەت: دۆخی ڕۆژنامەنووسانی کورد پاش یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی
ناوی نووسەر:
سپێدە ساڵحیسپێدە ساڵحی
“لە یادی 126 ساڵەی دەرچوونی یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی لە قاهیرە”
“پێشەکی”
بێگومان له و کاتەوە کە یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی بە ناوی “کردستان” لە ساڵی
1898 و بە سەرنووسەریی میقداد مەدحەت بەدرخان دەرچووە (کە تەنها 31ی ژمارەی لە ماوەیەکی زەمەنیی چوار ساڵەدا لی بڵاو بوویەوە) هەم مانای ڕۆژنامەنووسیی وەکوو چەمکێکی بواری میدیا گۆڕانی زۆری بەسەردا هاتووە و هەمیش پیشەی ڕۆژنامەنووسیی فۆرم و ئاقاری نوێ و جیاوازی بۆ پێناسە کراوە. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا هیچ کات پیشەی ڕۆژنامەنووسیی لەگەڵ بابەتەکانی حەقبێژی و ڕەخنەکردنی دەسەڵات و پەردەلادان لە سەر کەموکووڕیی و خواروخێچی و گەندەڵییەکانی دەسەڵات و کۆمەڵگا دابڕاو نەبووە، بۆیە بە هەموو گۆڕانکارییەکانی سەردەمی دیجیتاڵیزم و هۆشی دەسکردەوە، هیچ کات ناتوانین بڵێین ڕۆژنامەنووسان لە مەترسی و خەمی تایبەت بە پیشەکەیان ڕزگاریان بووە. بە تایبەتی ئەم بابەتە بۆ ڕۆژنامەنووسانی کورد چەند قات زیاتر دەبێت.
بۆ نموونە ئەگەر ڕۆژنامەنووسیی بە مانا گشتی و عامەکەی پێناسە بکەین؛ ئەوا دەبینین ڕۆژنامەنووسانی ئێرانیی فارس لە دەرەوە لۆبی و ڕایەڵەیەکی گەورەیان لە پەیوەندی و پشتگیریی مادی و مەعنەوی و سیاسیی و ئابووری بۆ خۆیان دروست کردووه، کە هەم لە ڕووی ئەمنییەتی کۆمەڵایەتییەوە و هەم لە ڕووی پشتگیری داراییەوە کەمترین نیگەرانییان بە نیسبەت ڕۆژنامەنووسانی کوردەوە هەیە، ئەمە لە حاڵێکدایە ڕۆژنامەنووسانی کورد لە هەموو ڕووداوەکانی ئێراندا پێشەنگی حەقبێژی و بەرهەڵستکاریی دژی دەسەڵاتێکی ستەمکار و نادادپەروەر بوونە. بەڵام بە هەموو ئەم تێچووانەشەوە کە ڕۆژنامەنووسی کورد لە ڕؤژهەڵات و ئێران داویەتی میدیای زەبەلاحی ئێرانیی لە دەرەوە بە گومان و دڕدۆنگییەوە چاو لە ڕۆژنامەنووس و میدیاکاری کورد دەکات و وەکوو مەرج و ڕیکەوتنێکی نەنووسراو میدیاکار و ڕۆژنامەنووسی کورد پێویست هەر لە سەرەتاوە سوێندی پیرۆزی پابەندبوونی بە وڵاتی ئێرانی دایک و پشتکردنە خەونی نەتەوەخوازیی بکات.
بێگومان ئەمە تەنها یەکێک له و باسانەیە کە کورد لە ئاستی ڕؤژنامەنووسی و میدیاییدا وەکوو پیشەی ڕووبەڕووی دەبێتەوە. ئەزموونی کارکردنی دەیان ڕۆژنامەنووسی کورد لەگەڵ ئه و میدیا و کەناڵ و ماڵپەڕە فارسییانەی دەرەوە بە ڕوونی دەیان حیکایەتی ئاڵۆز و خەمناکمان لە دۆخی کوردبوون بۆ دەگێڕنەوە. بە سەرنجدان بەم هاوکێشە پڕقەیران و مەترسیدارە بۆ ڕۆژنامەنووسانی کورد دەبێت ئێمە هەم لە ئاستی دامودەزگایی (چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە) و هەم لە ئاستی لۆبی و ڕایەڵەی پەیوەندی و پەروەردەکردنی ڕۆژنامەنووسیی کوردی ئازاد و نەتەوەخواز پلان و ستراتیژمان هەبێت. کاتێک ئەمە دەڵێم مەبەستم لە ناوخۆ ئه و پارچەیە لە کوردستانە کە نیمچە سەربەخۆیی و ئازادییەکی هەیە. بمانەوێ و نەمانەوێت باشووری کوردستان وەکوو شوێنی بەدیهاتنی بەشێک لە خەونی حەفتا بۆ هەشتا ملیۆن کورد چاوێکی زۆری پشتگیریی و پشتیوانی کوردانی هەموو جیهانی لە سەرەوە. بەدڵنیاییەوە ئەم پشتگیری و پشتیوانییە هەم لە ئاستی ناوخۆیی باشووری کوردستان و هەمیش لە دەرەوە دەتوانێت کاریگەر و چارەنووسساز بێت. ئەزموونی حوکمڕانیی لە باشووری کوردستان تا ئێرە بە نیسبەت بێسنوورکردنی گوتاری ڕؤژنامەنووسی کوردی و پەرەپێدانی لە ئاستێکی بەربڵاوی دەرەوەی باشووری کوردستان ئەگەر نەڵێین درەوشاوە ئەوا جێگەی بەرگری و دەسخۆشییە، ئەمە خزمەت بە دۆزی ڕەوای کورد و پاراستنی گوتاری یەکشوناسی و نەتەوەسازیی دەکات، بەڵام به و حاڵەش کۆمەلیک لەمپەر و خەسارمان لەبەردەمە کە من لە درێژەدا تیشک دەخەمە سەر هەندێکیان.
“ڕۆژنامەنووسان لە نێوان زەختی دەسەڵاتەکان و خواستی حەقبێژیدا”
ڕۆژنامەنووسیی پێشەیەکی پیرۆز و هاوکات پڕ لە مەترسی بووە لە هەموو سەردەمەکاندا، لە بنەڕەتدا پیشەی ڕۆژنامەنووسی هاوشانی پێشکەوتنی ژیار و شارستانییەتی نوێ پەیوەندییەکی ئاڵۆز و لە هەمانکاتدا نەپساوەی لەگەڵ ڕاستیی و حەقیقەتدا هەبووە، بێگومان بە بارە پێچەوانەکەشیدا دەشێت ڕاست بێت و نموونەی ڕۆژنامەنووس ببینینەوە کە ئەرکی ڕاسپێردراوی شێواندنی حەقیقەت و ڕاستییەکان و سازدانی درۆ و ساختەکاری بێت. بەڵام ئەمە بابەتێک نییە کە ڕۆژنامەنووس بەشێوەیەکی بکەرانە دەستی بۆ ببات و بیەوێت ئاسایشی کۆمەڵگا تێک بدات و یاریی بە ڕای جەماوەر بکات، بەڵکوو لە هەموو سەردەمەکاندا دەسەڵات و هێزە کۆن و نوێکان بە شێوەی جۆراوجۆری تۆقاندن و کڕین و چەواشەکردن و فریودان و دەیان فێڵ و تاکتیکی دیکەوە هەوڵیان داوە ڕۆژنامەنووسان بگرنە خزمەتی خۆیان و بە ئاڕاستەی بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا (کە لە زرۆبەی کاتەکانیشدا هیچ پەیوەندییەکی بە ڕاستبێژی و حەق و حەقیقەتەوە نییە) بەکاریان بهێنن. ئەمە لە حاڵێکدایە کە ڕۆژنامەنووس لە زۆربەی وڵاتاندا و بە تایبەتی لە وڵاتە پێشنەکەوتووەکاندا تەنها پشت و پەنای خۆیەتی و سێبەرەکەی، خۆی و کامێرا یان قەڵەم و مۆبایل و ئه و ئامێرە سەرەتاییەیەی کە بە شێوەی وێنە یان نووسین دەیەوێت ڕاستییەکان بگوازێتەوە بۆ خەڵک، بەڵام تەنانەت سەربازێکی چەک بە دەستی ئاسایی دەتوانێت پیلانگێڕیی بۆ بکات و تەنانەت لێی بدات و ئامراز و کەلوپەلەکانی لێ وەرگرێت.
لەم سەردەمەی ئێستاماندا کە میدیا و کامێرا جۆراوجۆرە گشتگیرەکان بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر پەرەیان سەندووە، پیشەی ڕۆژنامەنووسیی هێشتا لە فۆرمی نوێ و بە کاژخستنێکەوە هەر لە هەوڵی گواستنەوەی ڕاستییەکان و دەرچوونە له و تۆڕ و داوانەی کە دەسەڵات و جاڵجاڵۆکەی هێز بۆی تەنیوە، دۆخی ڕۆژنامەنووسان هیچ کات لە کەشێکی ئەمین و ئاشتییانەدا نەبووه، تەنانەت له و ڕۆژگارانەش کە شەڕ و گرژیی نێوان وڵاتان لە ئارادا نییە، ڕۆژنامەنووس پێشەنگی هەڵدانەوەی ئه و ڕاز و نهێنیانەیە کە دەسەڵاتەکان یان کارئەکەتەرە گەندەڵەکانیان شاردوویانەتەوە. وەکوو لە جیهاندا باوە میدیا و ڕۆژنامەنووسیی ئازاد کۆڵەکەی چوارەمی دیموکراسییه.
بەڵام ئایا لە وڵاتانی پێشنەکەوتوو کۆڵەکەی یەکەم و دووەم و سێیەمی دیموکراسی هەنە تاکوو هی چوارەمیش هەبێت و ڕۆژنامەنووسان سینگی خۆیان بکەن بە قەلغان بۆ بەرگریی لە مافی خەڵک و خزمەتکردن بە حەقیقەت! بۆیە لە ڕاستیدا ئەم گوزارە سواو و چەندپاتەکییەی کە لە وڵاتانی پێشنەکەوتوودا دەوترێت “میدیا و ڕۆژنامەنووسیی ئازاد کۆڵەکەی چوارەمی دیموکراسییە” و بە شیوەیەک دەریدەبڕن وەکوو بڵێین لە ڕێگەی کۆڵەکەی چوارەمەوە بە ئاسانی کۆڵەکە پێشینییەکانی دیکەش لە سەر خاکێکی ئەمین و پته و ڕۆدەچن و کۆشکی ئازادی و دادپەروەری و دیموکراسی لە سەر پێکانی خۆی ڕادەوەستێت، نەخێر ئەمە تەنها ئه و گوزارە وەهمبەخشە جوانکیلانەیە کە تەنها لە خەونەکانماندا حەزمان دەکرد ئێمەش دۆخێکی وامان هەبێت، حەزمان دەکرد بە ڕاستیی هێندە بەها بۆ مرۆڤبوون و هەوڵەکانمان لە پێناوی ڕاستبێژی و حەقیقەت و پووچەڵکردنەوەی نادادپەرەوەری و گەندەڵی هەبایە کە ئەگەریش تووشی مەترسی و هەڕەشە بینەوە خۆمانی لێ با نەدەینەوە و کەیفمان پێی بێت کە ئێمەی مرۆڤ بە تاقی تەنیا وەکوو ڕۆژنامەنووس دڵی زاڵم و ستمەکار و سەردەممان داخورپاندووە و پەیوەندییەکمان لەم گەردوونەدا لەگەڵ چەمکی ڕێژەیی حەقیقەت و ڕاستبێژی هەیە!
لە ئاوەها دۆخێکدا ڕۆژنامەنووس جگە لە بێ دەسەڵاتی و مەزڵوومییەت چ پێناسەیەکی دیکەی بە باڵادا دەبڕێت؟ سەرباری ئەوەش ڕۆژنامەنووسان لە زۆر وڵاتی ناوچەکەدا لە بچووکترین پێداویستییەکان کار و ژیان بێبەشن، سەیر لەوەدایە هەر ئەم ڕۆژنامەنووسانەش دەبن بە قەلغانی بەرگریی لە دژی دەسەڵاتە خونکارەکاندا و باجەکەشی بە سامناکترین شێوە دەدەن. لە پلەی یەکەمدا بۆ کورد ڕۆژنامەنووسی لە ژێر دەسەڵاتی داگیرکەراندا چەند قات سەختتر و کوشندەتر دەبێتەوە، چەند قات دڵەڕاوکێ و مەترسییەکانی زیاتر دەبێتەوە، هەر زوو بە زوو لە بابەتێکی ئەخلاقی و مۆراڵی ئینسانییەوە دەیگوازنەوە بۆ بابەتێکی ئەمنی و پاساو و قەفەسە ئاسنینە ئایدۆلۆژییەکە بۆ ئەشکەنجە و زیندان و کوشتنیان تەیار دەکەن!. پێم وایە سەرجەمی ئەم دۆخانە و دۆزی گشتیی کورد کە چوارچێوەیەکی پڕ لە تەنگەژە و سامناکی بۆ ڕۆژنامەنووسان و پیشەی ڕۆژنامەنووسیی کە هەموو کوردستان بەگشتیی هێناوەتە ئاراوە بووەتە هۆی ئەوەی کە کورد لە ئاستە گشتییەکەیدا و دەسەڵاتی کوردی چ لە سەردەمی شاخ و چ پاش دامەزراندنی حوکمڕانیی کوردی بە شێوەیەکی نەرم و نیانتر چاو لە ڕؤژنامەنووسان و ئازادی ڕادەربڕین بکات، بێگومان بە نیسبەتی وڵاتانی دراوسێوە چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب و، ڕۆژنامە و توانایی پرسیار و وەڵام و قسە و،نووسینی ڕۆژنامەنووسان لە کوردستان لە ئاستێکی باشتر و پێشەنگتردا بووە، بەڵام ئەمە به و واتایە نییە گۆڕانە نەرێنییەکانیش نەبینین و چاو بە سەر ئەم ڕاستییەدا داخەین کە ڕۆژنامەنووسان و پیشەکەیان لە نێوان ململانێی سیاسی و حیزبی و تەنانەت کەوانەی بازرگانی و مافیا هێزدارەکانەوە گیریان خواردووە.
ئێمە لە ساڵانی ڕابردووەوە دەیان گرتەی دەنگی و ڤیدیۆییمان بیستووە و بینیوە کە بەرپرسێکی حیزبی هەڕەشەی لە ڕۆژنامەنووسێک کردووە، ئێستە و لە کاتێکدا کە من خەریکم ئەم دێڕانە دەنووسم چەندین ڕۆژنامەنووسی کچ لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی ڕووماڵکردنی ڕووداوەکانی سەردەمی شۆڕشی ژینا و ئه و ڕووداوانەی پەیوەستن بە پیشەی ڕۆژنامەنووسی و رەخنەکردنی دەسەڵات حوکم و بڕیاری قورسیان بەسەردا سەپێنراوە و هەموو دونیاش هاوار بکات هیچ تۆفیرێک بۆ دۆخی ئەوان ناکات، بێگومان لەگەڵ ئازادییەکی ڕیژەیی و دیاری پیشەی ڕۆژنامەنووسی لە باشووری کوردستان هەمدیس تەنگژە و ئاریشەی تایبەت بە ڕۆژنامەنووسان لەئارادیه، کە ئەمە خۆی خەم و دڵەخورپەی ڕۆژنامەنووسان لە کوردستان زیاد دەکات، ڕەنگە گرتنی ڕۆژنامەنووسان بەپێی یاسا و لە ژێر لێکۆڵینەوەی تایبەت بە ئاسایشی نیشتمانی ئاسایی بێت بەڵام ئەوانەی کە گیراون جگە لەوەی کە لە ناو کەوانە و بەرداشی ململانێی حیزبیدا گیریان خواردووە و بوونەتە قوربانی هیچ مانا و خوێندنەوەیەکی دیکەی بۆ گیرانیان ناکرێت.
[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!