ناونیشانی بابەت: کوردستان؛ وڵاتی هەزار و یەک ڕەنگی پێکەوە ژیان
ناوی نووسەر:
سپێدە ساڵحیسپێدە ساڵحی
“بە بۆنەی جەژنی سەری ساڵی ئێزیدییەکان”
“پێشەکی”
کورد لە ئاستە گەورە و بەرینەکەیدا واتا لە هەموو جوگرافیای کوردستانی گەورەدا نەتەوەیەکی فرەئایین و، فرەزارە و دەتوانین بڵێین پێکهاتێکی هێندە نیگارین و نەخشێنراوی هەیه، کە باشترین ماتریاڵ و ماکەکانی نەتەوەسازیی و درەوشانەوەی بەها مرۆییەکانی لە گەڵ خۆیدا هەڵگرتووە. ئەگەرچی وەکوو لە درێژەدا دێمە سەری ئەم فرەڕەنگی و فرەدەنگییە کە بە تایبەتی لە ئایین و زاردا ڕەنگی داوەتەوە دەتوانێت هەم هەڕەشە بێت وهەمیش هەل و دەرفەتێک و، ئەمەی کە ئێمە لە دواجاردا ڕووبەڕووی کامیان ببینەوە دەگەڕیتەوە بۆ پلان و بەرنامەی بیرمەندانی نەتەوەیی ئێمە و کەلتوورسازان و ڕؤشنبیرانمان. بەڵام من وەکوو تاکێکی کورد هەمیشە ئەمەم بەلاوە جێگەی سەرنج بووە کە ئەم فرەدەنگی و فرەڕەنگییەی کوردستان وەکوو هەلپەڕکێی نەورۆزی کوردەواریی وایە کە هەزاران ڕەنگ بەناو یەکدا دێن و دەچن و هیچیان تۆخایی ئەوی دیکەیان کاڵ ناکاتەوە و لە تەنیشت یەکەوە و بە سەما و هەڵپەڕینەوە لە سەرچۆپی تا گاوانی ئاوازی وڵات و نەتەوەیەکی کەونینە و ئەهوارییمان بە گوێدا دەدەنەوە.
بۆ من ئەم فرەدەنگی و فرەڕەنگییە جیا نییە له و دیمەنە هەمەڕەنگ و هەمەچەشنەی کە پێکەوە هەڵدەکەن و ئاوازی جیاوازییەکی یەکگرتوو دەهۆننەوە، ئەم دیمەنە تەواو لەگەڵ ڕۆحی دیموکراسیانە و پلۆرالیزمی سەردەمدا گونجا و تەبایە، واتە بەر لەوەی ئێمە لە هەمبەر جیاوازییەکانی یەکدییەوە بخاتە وێزە و سەنگەرەوە ئێمە دەخاتە سۆنگەی تێڕامان و لێوردبوونەوەوە، واتە وەکوو یەکەم هەڵوێست و هەڵوەستەکردن دەشێت منی موسڵمان لە باوەڕی ئەوی ئیزێدی و لە دونیابینی ئەوەی مەسیحۆی وردببمەوە و چەندە خۆس و چێژبەخشیشە کە دەتوانن جیهان و بۆنە و باوەڕەکان لە دیدگای ئەوانیشەوە ببینم لەگەڵ ئەوەی کە دەتوانم دونیابینیی ئایینی و مەعنەوەیی خۆشمی پێ دەوڵەمەند بکەم. جیاوازیی ئایینی و فرەدەنگیی لە کوردستان تەنها ئەوە نییە کە دەرکەوتەیەکی لە هەل و دیموکراسیی دەنگ و ڕەنگەکان بۆ تێرامان و زەمینەسازیی پێکەوە هەڵکردنێکی سەردەمییانە هەبێت بەڵکوو هەر کامن لەم ئایینانە بۆ خۆیان وردە کولتوورێکن لە ناو کولتووری مەزنی وڵاتی دایک کە ئەویش کوردستانە.
هەر کام لەم وردە کولتوورانە دابونەریت و ڕیوڕەسم و بەها و بەرزییەکانی خۆی هەیە، تەنانەت هەر کامەیان بۆنەی خۆش و ناخۆش و یادکرنەوەی شیرین و تاڵ و کۆست و کارەساتی خۆیان هەیە و هەموو ئەومانە دەتوانن دەروازە و دەرگایەکی هاتنەژوورەوەی ئەم دەنگ و نەوا کۆن و کەونینانەی کوردستان بێت بۆ دروستکردنی سەمفۆنیی نەمریی نەتەوەیەکی دابەشکراو و بێدەوڵەت، بەڵام زیندوو و زەنگین لە ڕۆح و مانا و مەعنەوییەت دا، هەر ئەوەی کە شێخی ئێزیدییەکان دووعا بۆ کۆتاییهاتن بە شەری نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا دەکات ئاماژەیەکی گرنگ و ڕوونە بۆ هەستی ژیاندۆستی و ئاشتیخوازیی لە ناخی کولتووریی ئایینی ئێمەدا و دەشێت ئێمە بە کەڵکوەرگرتن لەم پوتانشێل و وزە هێزەکییانە فەلسەفەی پێکەوە ژیان زیاتر پەرە پی بدەین و تا ئێستەش ئەم فەلسەفەیە لە باشووری کوردستان تا ئاستێکی باش وەڵامدەرەوە بووە و ئەمە بۆ داهاتووی پارچەکانی دیکەش دەشێت ئەزموونێکی باش و پشتپێبەستوو بێت.
“کورد و مێژووی ڕەنگاڵەیی”
وەکوو لە سەرەوەش تیشکم خستە سەری یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگای کوردی هەر لە دێرزەمانەوە تاکوو ئێستە فرەڕەنگی و جۆراوجۆریی ئایین و زاراوە و بنزاراوەکان بووە. لە ڕاستیدا ئەم تایبەتمەندییە کە پێدەچێت لەناو کورددا زۆر زەق و زۆر و بەرچاو بێت، دەتوانێت هەم مەترسی بێت و هەم هەل و دەرفەتیش. هەمیشە لە کۆمەڵگا فرەڕەنگەکاندا ترسی زاڵبوونی ئایدۆلۆژیایەکی یەک بەهاییانەی بەرتەسکبین دەبێتە زەمینەخۆشکەری مەترسییەک (جا چ لە ناوخۆوە بێت چ لە دەرەوە) کە دەنگ ڕەنگەکانی دیکە سەرکوت بکات و هەموو جومگە و هێزەکانی دیکە لە بەرژەوەندیی ئایدۆلۆژیی خۆی مۆنۆپۆل و قۆرخ بکات و بەم شێوەیە کۆمەڵگا بەره و جۆرێک لە تاکرەهەندی و دیکتاتۆرییەت بەرێت. بۆیە باشترین پوتانشێل و شیمانە هەر ئەم فرەدەنگی و فرەڕەنگییەیەی کە دەبێت لە هەرەشەوە بیکەن بە هەل و دەرفەت. واتە ئەگەر بۆ نموونە لە ناو نوسەران و ڕۆشنبیران و چالاکانی ژن و خەڵکی کۆمەڵگا بە گشتی و لە وانەی خوێندنگە و زانکۆکاندا ئەم ڕەنگاوڕەنگی و دەوڵەمەندییەی کولتووری کورد لە هەموو پارچەکاندا فێرکاریی بۆ نەکرێت و وەکوو بڕەند و مۆرکێکی جیاواز و تۆکمەی نەتەوەیی نەخوێنرێتەوە، ئەوا بێگومان ئەم وردە کولتوور و وردەپێکهاتە جیاوازانە لە ناو پێکهاتێکی یەکانگیر کە کۆمەڵگەی کوردستان بێت ناگونجێن و دەتوانن دژ بە یەک خوتبە و خیتاب بدەن، ئەگەر ئەم تایبەتمەندییە وەکوو هەل نەبینین ئەوا دەبێت بە هەڕەشە، لێرە من لایەنە ناوخۆییەکەیم باسکرد بەڵام لایەنە دەرەکییەکەی لە ڕاستیدا هەڕەشەەی گەورەتر دروست دەکات، لە دێرزەمانەوە بەهۆی پێکهاتی خانخانی و خێڵەکییانەی کۆمەڵگای کوردی، زۆربەی کات ڕەوت و بزاڤە کوردییەکان لە لایەن داگیرکەرانەوە فۆرموولە و دایاگنۆستیک کراون واتە دووبەرەکیی و ناکۆکی لە نێوان خێڵێکی سەروەر و دەسەڵاتدار و، دژەکەی یان لە ڕۆژگاری مۆدێڕندا لە نێوان لایەنێکی حوکمڕان و لایەنی دژبەر دروست کراوە و زۆربەی هەرە زۆریش لەم تایبەتمەندییە لە لایەن داگیرکەرانەوە کەڵک وەرگیراوە.
پرسیاری سەرەکیی ئەمەیە چۆن ئەم هەڕەشە مومکین و هێزەکییانە بکەین بە هەلی زێڕین و بیقۆزینەوە؟ بێگومان وەڵامی ئەم پرسیارە لە نیگای یەکەمدا سادە دەنوێنیت بەڵام سەرەڕای ئەوەی چ وەڵامێکی بۆ دەبینینەوە، دەبێت بیر لە پلاندانان و پەرەپێدانی ئه و ئایدیا و فیکرەیەش بکرێت کە لە وەڵامەکەدا دەگونجێت. گۆڕینی ئەم هەڕەشەیە بۆ هەل و دەرفەت بەر لە هەر شت وشیارییەکی نەتەوەیی گشتیی دەوێت، ئەوەش هەر وەکوو تیشکم خستە سەری نەک تەنها لە ئاستی باشووری کوردستان بەڵکوو لە ئاستی هەر چوار پارچەدا، لە بیرمان نەچێت ئێمە لە سەردەمی گوندی جیهانیدا دەژین و ئێستە کە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی لە باشوور و دەرەوەی وڵات ڕووماڵی هەموو بۆنە و ڕێوڕەسمە جیاوازەکانی وردە پێکهات و وردەکولتوورانی وەکوو ئێزیدی، مەسیحی و موسڵمانانی پێکهاتەی تاقانە و وڵاتی دایک واتە کوردستان دەکەن، بەشێکی زۆری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پارچەکانی دیکەش بینەری دەبن و دەیکەن بە نموونە و سەرچەشنێک بۆ هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ ورده کولتوور و کەمەئاینییەکانی هەبوو لە کوردستاندا.
بۆ نموونە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئایینزاکانی قەڵخانی، شیعە و سوننەمان هەیە و ئەگەر واقیعبینانە چاوی لێ بکەین بەهۆی سیاسەتی دینی و کەلاتووری و پلانی ئەمنیی کۆماری ئیسلامییەوە، ڕوانگەی هیچ کامەیان بۆ ئەویدی تا ئەم ساڵانەی دوایی باش نەبووە، ئەگەرچی شیعە و سونەکان بەهۆی ئەوەی کە لە ئەنجامدا خۆیان وەکوو یەک سەرچاوە زانیوە باشتر پێکەوە هەڵیان کردووه، بەڵام قەڵخانییەکان لە ڕۆژهەڵات بەهۆی ئەوەی کە باسم کرد وەکوو نەفرەتکراو و غەوارە و نامۆ بینراون و بەداخەوە ئەم پلانە تا ساڵانێک لەمه و پێش هەر سەرکەوتوو بووە و دواتر وردەوردە بەهۆی پەرەسەندنی میدیا گشتییەکان و بڵاوبوونەوەی زانیاری و فراوانبوونی پەیوەندییەکان و مومارەسەی پێکەوەژیانیان ئه و تێڕوانینە دۆگماییە کاڵ بووەتەوە و ئێستە وەکوو پارچەیەکی مەعنەوی و ڕۆحی و قەواەرەیەک لە کوردستان چاو لەیەکدی دەکەن و لانیکەم ئەم ئایین ئەوی دیکەیان ناداتە بەر هێرش و سووکایەتی. لە باشووری کوردستان بەهۆی ئه و کەشە ئازادەی لە پاش 91ەوە هاتە ئاراوە ژیانی پێکەوە هەڵکردن و سەقامگیریی سەربوردە و پێشینەیەکی دوور و درێژتری هەیە و بەروبوومەکەی دیارە، هەر بۆیەشە دەڵێم باشوور سەرچەشن و نموونەیە بۆ ڕای گشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پارچەکانی دیکەش.
بە دیوێکی دیکەشدا هەبوونی ئێزیدی، مەسیحی و جوولەکە و موسڵمان(شیعە و سوننە) لە ناو کورددا دەتوانێت لە پلەی نوسین و گێڕانەوە و بە گشتی بیرکردنەوەی کورد وەکوو مرۆڤ، ڕەنگاڵەیی زیاتر و مانادارتر دروست بکات، بۆ نموونە بوونی جوولەکەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و باشوور کاتی خۆی مایەی دەوڵەمەندکردن و ڕەنگاڵەتربوونی کولتووری زارەکی و زمانی کوردی بووە، تەنانەت لە ڕووی شوێنپێیان لەسەر ڕوخساری شار و بازاڕ و کۆی سیستەمی ئابووری جێگەی سەرنج و بایەخ بوون، ئێستەش لە ڕۆژهەڵات بازاڕی مووساییەکان یان جوولەکەکان لە شارێکی وەکوو سنە گەشتیاری تایبەتی خۆی هەیە و هێندە سەرنجڕاکێش و تایبەتە کە چاو بیرەوەرییە کۆنە کوردییەکان لە بنمیچەکانیاندا بە هێزی خەیاڵ و نۆستالۆژیا هەڵدەکڕێنێت، ئەمە بۆ ئێزیدییەکان کە یەکێک لە ئایینە کۆنەکانی نەک تەنها کورد بەڵکوو جیهان و ناوچەکەشە تەوا ڕاستە و مەعبەدی لالەش و هێماکانی خۆی سەرچاوەیەکی ئیلهامبەخش و جوانن بۆ مەعنەوییەت و ماناخوازیی دیدگا ئایینییەکانی دیکەش. خودی ئەم فرەئایینی و فرەڕەنگییە هەڵبژاردەیەکی درەوشاوە و شاز دەخاتە بەردەمی ئێمە، ئەویش باوەڕ بە چەنددەنگی و فەزای پلۆڕاڵ و بە گشتی کەشێکی دیموکراسییە.
پێم وایە ئێمە وەکوو هەل و دەرفەتی کۆمەڵایەتی و کولتووری و ئایینی و زمانییەکان مادەی خاو و هەوێنی ئامادەی وڵات و پێکهاتێکی دیموکراتیکمان دەبێت لە داهاتوودا، ئەویش لەڕێگەی پەرەپێدانی کولتووری قبووڵکردنی یەکتر و پەسندکردنی فرەڕەنگی و جۆراوجۆربوونی ئایینی، کە ژیانێکی پێکەوەیی و پڕ لە سینگفراوانیمان بۆ بەدیاری دێنیت، هەر بۆیە لەسەرمانە ڕێکخراو و لایەنە پەیوەندیدارەکان (چ باڵە حکوومییەکان و چ ناحکوومییەکان) و بە تایبەتیش پێشەوایانی ئایینە جۆراوجۆرەکانی کوردستان لەسەر ئەم تەوەرە ئیش بکەن و مانۆڕ بدەن و بەتایبەتی مەلاکانی ئێمە بەهۆی ئەوەی ئایینەکانی دیکەی جگە لە ئیسلام لە کوردستاندا کەمینەن بە خیتابێکی تووندڕەوانە و ڕادیکاڵەوە جەماوەری موسڵمان لەهەمبەر و دژ بە ئێزیدی، مەسیحی و جوولەکە ئاڕاستە نەکەن تا هەموومان پێکەوە بە هێمنی و لە ئاسایشدا بژین، ئەگەر باوەڕمان بەم تێڕوانینە هەبێت ئەوا دەبێ موسڵمانانیش بە دڵێکی پاک و بێگەردەوە پیرۆزبایی ئەم ڕۆژە لە برا و خوشکە مەسیحییەکانیان بکەن و ڕێز بۆ ڕێوڕەسم و بەها ئایینییەکانیان دانێن.
خۆشبەختانە لە باشووری کوردستان لە ژێر چەتری فەلسەفەی پێکەوەژیان ئەم کەشە تا ڕادەیەکی زۆر بە تایبەتی لە هەولێر و دهۆک و زاخۆ کە کەمینەی ئایینی زۆرترە، سەرکەوتووتر بووە. من وەکوو کوردێک پیرۆزبایی ئەم ڕۆژە لە هەموو برا و خوشکە ئێزیدییەکان دەکەم و هیوادارم ئەم ڕۆژە ببێت بە هەوێنی دەرەوەستبوونی زیاتری هەموومان بە ئەرکەکانمان لە هەمبەر مرۆڤایەتی بە گشتی و کورد وکوردستان بەتایبەتی.
[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!