ناونیشانی بابەت: لەبارەی فرەژنیی و ئایدۆلۆژیاوە
ناوی نووسەر:
سپێدە ساڵحیسپێدە ساڵحی
چەند ساڵ لەمەوبەر ئامارێک لە ئێراق بڵاو کرایەوە کە تێیدا هاتووە لە ماوەی سێ مانگدا
1896 پیاو لە ئێراق ژنی دووهەمیان هێناوە، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی ئێراق دەڵێت: یەکێک لە هۆکارەکان ئارەزووی پیاوانە بۆ ژنهێنان بە تایبەت لە دوای باشبوونی دۆخی ئابوورییان. ئاخێزگەی ئەم کردەوەیە یەک ڕەهەندی نییه، بەڵام بە گشتی لە ناو پێکهاتێکی کۆمەڵایەتی و کولتووریدا ڕوو دەدات کە نەرێتی و کۆنباوە و ژن وەکوو ئامراز و ئوبژە پێناسە دەکات و ڕۆحی ئەم جۆرە تێڕوانینەش لە قودسییەت تەوەری و پیرۆزاندنی ئه و بەهایانە دایە کە ژن خۆی هیچ ڕۆڵێکی لە بەرهەمهێنانیدا نەبووە و نییه، بەڵکوو تەنها لە سۆنگە و ڕێگەی ئەوەوە خەرمانە و ناوەندێکی قودسی و پیرۆز پێناسە کراوە و ژن دەبێت بە جۆرێک لە جۆرەکان باج و تێچووەکەی بدات. ڕاستییەکی تاڵ کە لە کۆمەڵگا نەریتی و کۆنباوەکاندا هەیە جۆە نەخوێندەوارییەکی ئاڵۆزە کە جیاوازە لە شارەزایی لە نووسین و خوێندنەوە و خیتابدان و هەڵوێست دەربڕین، ئەم نەخوێندەوارییە بەر لە هەر شتێک پەیوەندی بە تێفکرین و تێنەفکرین یان بیرکردنەوە و بیرنەکردنەوەوە هەیە، لە سەردەمی پێش مۆدێڕنەی نیو و ناتەواو و خوار و خێچی کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتدا خوێندەواری زیاتر و بە مانا گشتییەکەی ئه و کەسەی دەگرتەوە کە بتوانێت نوسینی سەر کاغەزێکی ئیداری یان تابلۆیەکی ناو شار بخوێنێتەوە و بە مانا تایبەتییەکەشی به و مەلا و شێخ و میرزایانە دەگوترا کە کاروباری ئایینی و میریی لە ڕێگەی نووسین و خوێندنەوەوە ڕادەپەڕێنن ئەمە ئەگەرچی ئاستێک لە خوێنەوارییە، بەڵام خوێنەوارییەکی کاربەڕێکەر و نابەرهەمهێنەره.
خوێنەواری کاتێک مانای ڕاستەقینەی خۆی وەردەگرێت کە بکەوێتە ململانێی گومان و پرسیار و تێفکرینەوە و کەسی خوێنەر لەگەڵ ئه و گوزارە و حوکم و بڕیارانەی کە لەسەر کۆمەڵگا و بەهۆی کتێبە ئایینی یان غەیری ئایینییەکانەوە تەتبیق دەکرێت بکەوێتە کێشمەکێشێکی فیکری و دەروونییەوە تاکوو لە ئاستی کەسێکی بەرکار و ئۆبژە دەربچێت و ببێتە بە سووژە و بکەرێکی خاوەن پرسیار و بتوانێت پرسیاری بۆچی لە هەمبەر ئه و بڕیار و کردە و هەڵسوکەوتانە دانێت کە پەیوەستن بە چارەنووسی ئەوەوە. خوێندنەوەی بنیاتنەرانە و بەرهەمهێنەرانە بنەما و ڕێڕەوی وشیاری و تێفکرین و تێگەیشتنە له و یاسا و بڕیار و حوکمانەی کە بە سەر تاکەکانی کۆمەڵگادا پراکتیزە دەکرێت، لە قۆناغی ئێستەی کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی موسڵماندا و لەوانەش کۆمەڵگای کوردی دیاردەی فرەژنی پاڵپشتییەکی ئایینی و شەرعی هەیە و ئەمەش بەر لە هەر شتێک خوێندنەوەیەکی نابەرهەمهێن دێنێتییە کایەوە، جومگەکانی خوێندنەوەی نسوس و دەقە دینییە پیرۆزەکان بە ئاڕاستەیەکی پیاوسالارانە و کۆنباودا دەڕۆن کە خواست و دونیای سەربەخۆ و جیاواز و سایکۆلۆژییەتی ژن نەدیو دەگرن و بە کۆمەڵێک پاساوی شەرعی و کۆمەڵایەتیی نەرێتی و مێژوویی دەبەستنەوه، ئەمە لە کاتێکدایە خودی ئەم پرۆسەی داگیرکردنەی ژن و بە ئامرازکردنی بۆ پیاو بەشێکی لە ناو هاوکێشەیەکی ئابوورییەوە هەڵدەخێزێت. واتە ئەگەر ژن لە ناو هاوکێشەیەکی ئابووریدا بێت کە بتوانێت سەربەخۆیی خۆی لە بەڕێوەبردنی ژیاندا وەرگرێت و بژاردە و ڕێبازی ژیانی خۆی دیاری بکات، نابێت بە ئۆبژە و ئامرازی دونیای پیاوسالارانە بەڵام ئەمە بە تەنها گەرەنتیکەری ئەوە نییە کە نەکەوێتە ئه و داوەوە، بەڵکوو لەپاڵ ئەوەشدا وشیاری و تێگەیشتن و خوێندەواری بەرهەمهێنەرانە پێویستە، یەکێک له و ڕووبەر و دەق و پانتایانەی کە دەبێ سەرنجی بدرێتێ دەق و نسووسە پیرۆزەکانە کە دەشێت لەم ڕێڕەوە بچینە ناویان کە هەڵگری ڕاڤە و تەفسیری جوداوازن. بەتایبەتی ئەوەی کە له سەردەمێکی زۆر دوور لە ئێستا و جیاوازتر لەم جیهانەی ئێستادا بەرهەم هاتوون.
مەکینەی بەرهەمهێنانی شەرح و تەفسیری دەقە دینییەکان وەکوو زۆرێک لە جومگەکانی ناو کۆمەڵگا و پێکهاتی کەلتووریی ئێمە بە ڕەق و تەقی ئیش دەکات و ئەوەی بەرهەمی دێنێت ماوەی بەسەر چووە و بۆ سەردەمی ئێستە ناشێت و گونجاو نییە، ئێمە لێرەدا باسی خوێندنەوە و تەفسیر و ڕاڤە و شەرحێک دەکەین کە هەندێک تریبۆن و لایەن لە گوتاری ئایینیدا بەرهەمی دێنن و جگە له و شەرح و تەفسیرەی خۆیان ئەوانی دیکە ڕەت دەکەنەوە، تاکوو کۆمەڵگای کوردی و گوتاری نەرێتیی ئایینی کوردی نەگات بەم قەناعەتە کە جیهان تەنها لە یەک گۆشەوە نابینرێت و گوڵ تەنها یەک ڕەنگ و بۆنی نییە و دڕکیش بە هەمان شێوە ئەوا ئێمە لە ناو هەندێ بڕیار و هەڵسوکەوت و کردەی کۆمەڵایەتیدا دەژین کە بەر لەوەی مایەی تێڕامان بن زیاتر تراژیک و کارەساتبارن لە عەینی ئەوەی کە هەڵگری لایەنی کۆمیک و پێکەنیناویشن. بەپێی ئامارە بەردەستەکان ڕێژەی پیاوان لە ژنان لە وڵاتێکی وەکوو ئێراقدا زیاترە ئەگەر پیاوەکان لە ناو نەریتی پیاوسالاری و خێڵەکیدا هەر یەکه و چەند ژن بهێنن (دیارە زیاتر پیاوانی ئایینی و خێڵ و دەستڕۆیشتوو دەگرێتەوە) ئەوا بەشێکی زۆر لە گەنجان لە ڕووی ئامار و ژمارەوە ژنیان بۆ نامێنێتەوە و هەر ئەمە دەتوانێت ئاڕاستەیەک بەره و بێئەخلاقی و خەیانەتی خێزانی و بەدڕەوشتی بکاتەوە و لە کۆمەڵگاشدا ئەمانە شتانێکی سەیر و سەمەرە نین و وەکوو دیاردە لە کۆمەڵناسیدا چاویان لێ دەکرێت کە دەشێت هۆکارەکانی سەرهەڵدانیان دیاری بکرێت و پێشیان پێ بگیرێت. ئه و ئایەتانەی کە پەیوەستن بەم باسەوە و گوتاریی دینیی نەرێتی و پیاوسالار و کۆنباو لەسەری هەڵوێستە ناکات ئایەتەکانی سوڕەتی نیساء وەکوو ئایەتی 3 و 129ی هەمان سوڕەت و ئایەتی 3-4ی سوڕەتی ئەلماعوونە. یوونس ڕاوی وەکوو توێژەری فەلسەفە و بیری دینی ئەمە بە لەتکردن و قرتاندنی ئایەتەکان ناو دەبات و دەڵێت فرەژنی لە ئیسلامدا ڕێگەپێدراو نییە ئەم بیرمەندە نوێیەی نێو گوتاری مۆدێڕنی دینی دەڵێت:
قورئان دەفەرمووێت “و ان خفتم الا تقسطوا فی الیتامی فانکحوا ما طاب لکم من النساء مثنی و ثلاث و رباع فان خفتم الا تعدلوا فواحدة” سوڕەتی النساء ئایەتی 3. واتە گەر ترسان دادپەروەریی نەنوێنن لە نێو هەتیواندا ئەوا دەتوانن ژن بێنن دووان و سیان و چوار، وەلێ ئەگەر ترسان دادپەرەوەر نابن ئەوا تەنها یەک ژن بهێنن”. کەواتە بەپێی ئەم ئایەتە بێت فرەژنیی بەستراوەتە بە مەرج و چەمکێکی سەخت و ئاڵۆزەوە کە ئەویش دادپەروەرییە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا دادپەرەوەریی لە هەموو ڕوو و ڕەهەند و ئاستەکانییەوە بە ڕاستی دەکرێت؟ ئەگەر “و مثقال ذرة خیر یرە و مثقال دڕة شرە یرە” شمان لەبەرچاو بێت ئه و پیاوەی کە بە ئاوەها نیاز و پاساوێکەوە ژن دێنێت لە تۆزێک لادان له و دادپەروەرییە کە بە مسقاڵ حسابی بۆ دەکرێت و پێوانە دەکرێت ناترسێت؟! بۆیە وەکوو ڕاوی لە شیکارییەکەیدا دەیڵێت قورئان لە هەمان سوڕەتی النساء و لە ئایەتی 129دا دەفەرمووێت ” ولن تستطیعوا ان تعدلوا بین النساء و لو عرصتم” واتە قەت ناتوانن دادپەرەوەر بن لە نێو ژناندا ئەگەر خۆ مکوڕیش بن. کەوایە قورئان ئه و مەرجەی بۆ فرەژنی دایناوە پووچەڵی دەکاتەوە بەوەی کە پیاو قەت ناتوانێت دادپەروەر بێت. سا گرفتی گەورەی موفەسیر و موحەدیس و کاهینەکان ئەوەیە تەنیا ئایەتی یەکەم دەهێننەوە ئەی ئایەتی دووهەم چی لێ بکەین؟ بۆیە لەبەر شەهوەتی خۆیان و گوتاری پیاوسالارانە تەنها ئایەت لەت دەکەن، سزای خودا بۆ ئەم کارەیان دەبێت چی بێت؟
ئەم تەفسیر و ڕاڤە پیاوسالار و پیرۆزتەوەر و نەرێتییە لە دەقەکان جیاواز لە فرەژنی بەرهەمهێنەری دیاردەی کوشتن و قەتڵە نامووسییەکانیشە کە بەداخەوە لە کوردستاندا ئامارێکی سامناکی لێ تۆمار کراوە. تاکوو ئەم خوێندنەوە نەرێتی و تەفسیرە کۆنباوە لە دەق و نەسە دینییەکان لە ئارادا بن ڕووداوانی هاوشێوە و دیاردەکانی فرەژنی و قەتڵ و کوشتنەکان لە سەر شەرەف بەردەوام دەبن. و ئەمەش تەنها لایەنێکی هاوکێشەکەیە کە شوناس و کەسایەتی ژن دەکات بە ئامراز و دەیپلیشێنێتەوە. لایەنی ئەودیوی ئەم دیاردە کۆنباو و پیاوسالارانەیە بەکاڵاکردن و بە بازاڕکردنی جەستەی ژنە کە لەگەڵ شەپۆلی سەرمایەداریدا دێت و ژن وەکوو ئامرازی سێکسی و ئامێری گەرمکردن و تینخستنە ناو بازاڕ بەکار دەهێنێت و بەهۆی ئەوەی کە جومگە سەرەکییەکانی هاوکێشەکانی سەرمایە و بازاڕیش لە دەستی پیاواندان ژنان بە ئاسانی دەکرێنە قوربانی و بە داخەوە ئەمەش دیاردەیەکی جیهانی و گشگیره، بەڵام لە کوردستاندا گۆڕمەنی و لایەنی دژوازی خۆی هەیە لە عەینی ئەوەی کە کوردستان بە گشتی وڵاتێکی موسڵمانە و ڕوانینی بۆ جەستەی ژن بە باوەڕە شەرعی و سونەتییەکان گەمارۆ دراوه، بەڵام ڕێژەیەکی زۆر لە بەئامرازکردن و بە بازاڕیکردنی جەستەی ژن و بەرهەمهێنانی خەیاڵە سیکسییەکان هەیە کە ئەمەش مەترسییەکانی سەر تەندروستیی گشتیی کۆمەڵگامان زیاتر پیشان دەدەن و دەبێت بە پلان و ئەندازیاریی کۆمەڵایەتی و چالاکیی کەلتووری و دروستکردنی هەلی کار بە شێوەی تەندروست بۆ ژنان و ڕێزگرتن لە فەزای تاکەکەسییان تێپەڕێنرێت ئەگینا کەسایەتی و بوون و سووژەی ژن لە ناو کایە و شەهوەتی پیاوسالارانە لە ڕێگەی تەفسیری کۆنباو و نەرێتی دەقەکان و بازرگانییەکی ڕەشۆداماڵراو و مافیاییانەدا وردوخاش دەبێت و ئەوەی لەناو دەچێت گەورەترین سەرمایەی مەعنەویی مرۆڤ واتە خۆشەویستی و ڕێز و کەرامەتی ژن و یار و دایک و نەوەکانی داهاتووە.
[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!