ناونیشانی بابەت: نەورۆز؛ ڕەمز و شوناسی کوردی
ناوی نووسەر:
سپێدە ساڵحیسپێدە ساڵحی
پێشەکی:
نەورۆز بۆ کورد تەنها بۆنە و جێژنێکی تێپەڕ و ڕاگوزار نییە، تەنانەت جێژنێکیش نییە تەنها کە خەرمانەی ئایین و باوەڕی میتافیزیکی دەوری تەنیبێت، بەڵکوو بە تەواوەتی جێژن و بۆنەیەکی سیاسی و نەتەوەییە. هەر کام لە گێرانەوەکان لەبارەی نەورۆز بکەین بە پێوەر ئەم حەقیقەتە دەبینینەوە کە نەورۆز چرکەساتی ڕابوون و کڵپەی ئاگری سەربەستی و ئازادییە دژی تاریکستانی زوڵم و ستەم! دەرکەوتنەوەی پڕڕەنگ و ئاڵاوئالای نەورۆز لە هەموو پارچەکانی کوردستان بەشێوەیەکە کە بەراورد ناکرێت بە هیچ کام له و وڵاتانەی کە ئەوانیش لە ژێر تیشکی ئیلهام و پەیامی نەورۆز ئەم بۆنەیە دەگێڕن و بەرز ڕایدەگرن. نەورۆز لە ناو کورددا وەکوو کڵپەیەکی بەرزی ئاگر دەروون و هەناوی هەموو کوردستانیان دەتەنێتەوە، ئاڵقەی هەڵپەڕکێ و سووڕانەوەی پیرۆز بە دەوری ئاگری نەورۆزدا قووڵایی ئەم بۆنە و ڕەمزە لە خەیاڵدان و یادگەی نەتەوەیی و جەمعی ئێمەدا دەردەخات. شتی هەرە سەرنجڕاکیشیش ئامادەیی و سەرپشکیی ژنان بەشیوەیەکی بەربڵاو و بێوێنەیە، نەورۆز و ژن و ژیان و ئازادی لێک دەئاڵێن و بەشیوەیەکی رەمزی پەیامی ئازادیخوازیی کورد و کوردستان لەگەڵ ئاگر و مەشخەڵانی تیشکدا بەرز دەفڕێت. نەورۆز فۆرمی شوناسی سیاسی و دەکرێت بڵێین جەوهەری خواستی سیاسیی کورد دەخاتە ڕوو، خواستێک کە بە درێژایی ساڵانێکی زۆر لە ڕیگای سیستەم و ڕژێمە داگیرکار و تاریکپەرستەکانەوە سەرکوت کراوە، بۆیە نابێت بە هیچ شێوەیەک نەورۆز بۆ بۆنەیەکی ڕاگوزار و تێپەڕ دابەزێنین و ڕەهەندی سیاسیی و شوناسمەندانەی ئەم بۆنە نەتەوەییەیمان لەبر چاوبێت، لەمەش گرینگتر ناسین و ناساندنی هەمە لایەنەی نەورۆزە وەکوو جێژن و بۆنەیەکی ڕەمزی و هێمایی کورد لە ڕێگەی پسپۆڕان و ناوەندە ستراتیژە کەلتوورییەکانی کوردستان، کە بەداخەوە ئەگەرچی کار و چالاکی بەم ئاڕاستەیەدا کراوە، بەڵام لە هەمبەر میدیای زەبەلاح و پڕوپاگەندەی وڵاتانێکی وەکوو تورکیا و ئێران کورد زۆر لاوازە و دەبێت حەتمەن ژوورێکی تایبەت بۆ ئەم ڕەهەندە شوناسساز و ڕەمزییانە دابمەزرێت و کەسانی کوردپەروەر و زانستمەند تێیدا ڕۆڵی یەکلاکەرەوە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ گێرانەوەی ئەویدییەکانی کورد بگێڕن. بۆ نموونە تۆمارکردنی نەورۆز لە لایەن تورکیاوە لە ڕێکخراوی جیهانیی یونسکۆ بەناوی جێژنێکی نەتەوەیی خۆی چەواشەکاریی و غەدرێکی گەورەیە لە کورد و بۆنەکەی، هەروەها ئەمە بە نیسبەت ئێرانیشەوە ڕاستە، بۆیە گرینگی ژوورێکی پسپۆڕانەی شوناسخواز لە ناو کورددا بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر ئاوەها بابەتانێک دەورێکی چارەنووسساز دەگێڕێت.
نەورۆز؛ گێڕانەوە مێژووەکان و کورد:
نەورۆز ڕەنگە کۆنترین و دیرۆکیترین جەژن بێت لە دونیادا، ئەم جەژنە لە ناوچەیەکی جوگرافیایی بەرین لە تورکیاوە تاکوو هیندوستان و هەندێ وڵاتی ئەورووپیش دەگرێتە خۆی، بەڵام ئاخێزگە و سەرهەڵدانی نەورۆز بەپێی زۆرێک لە نیشانە مێژووییەکان و دەرکەوتە زمانییەکان کوردستان و وڵاتی کوردان بووە، ئەمەی کە هەر وڵاتێک بەپێی بەرژەوەندی و گوتاری سیاسی-کەلتووریی خۆی نەورۆز بەرهەم دەهێنێتەوە لە ڕاستیدا نابێ بە لای ئێمەی کوردەوە شتێکی سەیر بێت، ئەوانیش ساڵانێکە لەگەڵ نەورۆز دەژین و بووە بە بەشێک لە کەلتوور و یادەوەرییان، بەڵام ئێمە وەکوو کورد و خاوەنی ڕەسەنی ئه و ڕۆژە دەبێ لە ئاستی جیاجیادا هەوڵی ئەوە بدەین کە ماهییەت و شوێنگەی ڕاستەقینەی نەورۆز ون نەبێت، دەبێ بەپێی ئه و سەرچاوە مێژووییانەی کە تیشکێکی سادەشیان خستووتە سەر نەورۆز و بەپێی ئه و نەریت و دابانەی کە ئەمڕۆ لە فۆرمگەلی جۆراوجۆری کۆمەڵایەتی، جلوبەرگ، زمان و خواردن و هەموو دیاردە کۆمەڵایەتی و کەلتوورییەکانی ناو کۆمەڵگا هەنە شوێنپێ و ئاسەواری ڕاستەقینەی نەورۆز لە هەناوی یادەوەری و خەیاڵدانی گشتیی کورددا بدۆزینەوە. مامۆستا سۆران حەمە ڕەش لێکۆڵەری جیاوزی بواری مێژوو لە وتارێکدا لە ژێر ناوی ” کاتی ئەوە نەهاتووە کە هەندێک لە نووسەرانی کورد دەست لە نەورۆز هەڵبگرن؟”دەڵێت:
“نەورۆز لە فەرهەنگماندا ڕەگێکی قووڵ و دێرینی هەیە، کۆنترین سەرچاوەی کوردی کە بە وردی باسی ئەو جەژنەی کردبێت، ئەحمەدی خانیە. ئەحمەدی خانی زیاتر لە سێ سەد ساڵ لەمەوبەر لە مەم و زیندا باسی نەورۆز و خۆشی و شادی ئەو ڕۆژە لە ناو کورددا دەکات. ئەم جەژنە بە شێوەیەک لە ناو کورددا ڕەگی داکوتیوە، کە هەتاوەکو نزیکی چوار سەد ساڵ لەمەوبەر شارۆچکەیەک لە شارەزوور ناوی (مێرکاوە)بووە و هەر بە ناوی کاوەی ئاسنگەرەوە ناونرابوو.
هەروەها لە یەکێک لە ئەفسانەکاندا کە سەبارەت بە بنەچەی کورد باسکراوە، تێیدا کورد بەستراوەتەوە بە چیرۆکی کاوە و زوحاکەوە. زانا و مێژوونوسی گەورەی جیهانیی، ئەبوحەنیفەی دینەوەری، کە خەڵکی نزیک کرماشان بووە و یەکەم کەس بووە کە نزیکی هەزار و دوو سەد ساڵ لەمەوبەر کتێبی تایبەتی لەسەر مێژووی کورد نووسیوە و کتێبەکەی بزرە، لە کتێبێکی تریدا کە ماوە سەبارەت بە مێژووی جیهان نووسیویەتی بە ناوی (الاخبار الطوال)، باس لە بنەچەی کورد دەکات. دینەوەری هاتووە چیرۆکی زوحاک دەگێڕێتەوە و ئەویش دەڵێت کە ئەو کەسانەی کە لە دەست زوحاک دەرباز دەکران و ڕوویان دەکردە چیاکان، نەتەوەی کوردیان لێ پێکهات و ئەم ئەفسانەیە لای مەسعودیش دووبارە بووەتەوە. لە کەلامی یارسانیشدا دیسان ئەو خۆبەستنەوە بە کاوە و ئەفسانەی زوحاکەوە دەردەکەوێت. شاوەیس قولی کە لە نزیکی ساڵی 1407ز لەدایکبووە، دەبینرێت کورد بوون و گوزارشکردنی لە کاوەدا بە شێوەکی زۆر سەرنجڕاکێش دەخاتە ڕوو کاتێک کە بە هەورامی یێژێت:
ئەسڵمەن جە کورد، ئەسڵمەن جە کورد
بابۆم کوردەنان، ئەسڵمەن جە کورد
من ئەو شێرەنان چەنی دەستەی گورد
سلسلەی سپای زەحاک کەردم ھورد
واتە “من بنەچەم کوردە و باوباپیرانم کوردە و لە ڕەگەزی کوردم، من ئەو شێرەم کە لەگەڵ کۆمەڵێکدا سوپای زوحاکمان ورد کرد”. لێرەدا شاوەیس قولی زۆر بەڕوونی ناسنامەی کوردبوونی بەستۆتەوە بە کاوەی ئاسنگەرەوە.”
شتێک کە دەبێت لێرەدا سەرنجی بدەین ئەوەیە کە نەورۆز ڕەگێکی قووڵی لە زاکیرە و خەیاڵدانمان هەیە و نابێ بوار بە هەر کەسێک کە شتێکی کەم و کورت لە مێژوو دەزانێت یان چەند کتێبی سەرەتایی لەبارەی مێژووە خوێندووەتەوە، هەڵسێت بە ڕەتکردنەوەی هەندێ لایەن لە مێژوو یان ڕووداوێک کە مێژوویەکی هەیە و هەر بەم بۆنەیەشەوە لێرەدا مامۆستا سۆران ئەم پرسیارەی کردووە کە بۆ هەندێک لە نووسەرانی کورد واز لە نەورۆز ناهێنن واتە واز لە شێواندنی ناهێنن. ڕەنگە یەکەمجار ئەم شێواندنەی نەورۆز بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە بەپێی هەندێ تێڕوانینی ئایدۆلۆژیک دەست لە مێژوو وەردرا و کاوە وەکوو خائین ناوزەد کرا و زوحاکیش وەکوو قارەمان کە ئەمە دوورە لە ڕاستیی ئه و گێڕانەوانەی کە لە بەردەستدان. بۆیە لە درێژەدا دەخوێنینەوە:
لە ڕاستیدا زۆربەی سەرچاوە مێژووییەکان بە هیچ جۆرێک کاوە و زوحاک وەک خەڵکانی سەر بە دوو نەتەوەی جیاواز باس ناکەن و وەک یەک دەیانبینن. ئەوە ئەمڕۆ هەندێ نووسەری کوردە کە بۆ مەبەستی ئایدیۆلۆجی خۆی خەریکە ئەو مانایەی پێ دەدەن. مێژوونوسی سەردەم نابێت بەو جۆرە سادەیە مامەڵە لەگەڵ مێژوودا بکات. ئەمڕۆ کریستیانەکان سێ جەژنی سەرەکی دەکەن، جەژنی کریسمس، جەژنی سەری ساڵ و جەژنی ئیستەر. ئەو سێ جەژنە هەرسێکیان پێش ئاینی کریستیان لە ناو ڕۆمەکاندا کراون. ئەمڕۆ مێژوونوسانی ئەوروپی هەوڵ دەدەن لە بنەچەی ئەو سێ جەژنە بگەن، بەڵام سەرەڕای بەڵگەی یەکلاکەرەوەی مێژوویی سەبارەت بەو سێ جەژنە، ئەوان نایەن بە خەڵک بڵێن ئەو جەژنە جەژنی کریستیانی نین و نابێت ئاهەنگ بگێڕین. کەچی مێژوونووسی کورد زۆر بە سادەیی و بە بێ بەڵگە داستانێکی هەزاران ساڵە کە وەک ڕوونکرایەوە بۆچوونی چەندین نەتەوە و فەرهەنگی چووەتە سەر، سەرەڕای ئەوە بە زۆر دێت و ئەیەوێت بۆ مەبەستی ئایدیۆلۆجی خۆی، ڕەتیبکاتەوە، خەریکە بە ئەبوحەنیفەی دینەوەری کورد دەڵێت، نە ئەبوو تۆ نزیکی هەزار و دوو سەد ساڵ لەمەوبەر بنەچەی کورد ببەسیتەوە بە ئەفسانەی زوحاک و کاوەوە و بە ئەحمەدی خانی دەڵێت کە نزیکی سێ سەد ساڵ لەمەوبەر نەئەبوو لە مەم و زیندا باسی خۆشی جەژنی نەورۆز بکەیت و بە شاوەیس قوڵی دەڵێت تۆ هەڵە بوویت کە کاوەت بە کورد لە قەڵەم دا و بە شارەزووریەکان دەڵێت ئێوە نەئەبوو شارۆچکەیەک بە ناوی کاوەوە ناوبنێن “مێرکاوە”. ئەمە نەک مێژوونوسین نیە، بەڵکو تاوانە بەرامبەر بە فەرهەنگ و مێژووی نەتەوەیەک. دیارە ئەرکی مێژوونوسە کە هەمیشە لە دابونەریتە کۆمەڵایەتی و ئاینییەکان بکۆڵێتەوە، بەڵام لێکۆڵینەوە لە دابونەریت نابێت وامان لێبکات کە توندڕەوانە مامەڵە لەگەڵ فەرهەنگ و مێژووی سەدان و هەزاران ساڵەمان بکەین و بە نوکە قەڵەمێک ئەو جەژنە گرنگە هەڵبوەشێنینەوە.
من پێم وایە ئەوەی وەکوو ڕاستییەکی ڕوون لەم خوێندنەوە و شیکارییەی نەورۆزدا دەیبینینەوە ئەمەیە کە نەورۆز هەل و دەرفەتێکە بۆ باڵاکردنی نەتەوەکان و کێ لە هەموو ئه و نەتەوانە پێشەنگتر و شایستەتر کە خاوەندارێتی لە ڕێوڕەسمێکی پیرۆز و مەعنەویی وابکات جگە لە کورد، جگە لە نەتەوەیەک کە ئێستا ژنان و کچانی لە ڕۆژهەڵات پێشەنگایەتیی ڕچەشکێنترین و جیاوازترین ڕابوون دژی یەکێک لە سیستەمە سیاسییە کۆنباو و توولیتارەکان دەکات، ئایا ڕابوونی کاوە دژی زوحاک بە فرۆمێکی دیکەدا و لە سیاقێکی ژنانەدا شتێکی لەمە زیاتر بوو؟ ئێستا لە باتی کاوە ژینا و ژیناکان لە گۆڕەپانن، بەڵام پەیام و ئامانج هەر یەک شتە ئازادی بۆ نەتەوەکان لە دەستی خوێنڕێژ و ستەمکار!
[1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!